سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » نیشتیمانپەروەریی لەسەر تەرزی میسری

نیشتیمانپەروەریی لەسەر تەرزی میسری

ساڵی 2002 کە لە سوید بووم، ئێوارەیەک لەدەرگا درا، كه‌ ده‌رگام كرده‌وه‌ بینیم کوڕێکی میسری تەمەن نێوان 25-30 ساڵ تابلۆی جوانی هەرەم و کلیۆپاترا و فرعەونەکانی دەفرۆشت.
سەرەتا بەسویدی قسەی کرد و منیش بەو شڕە سویدیەی ئەوکات فێربووبووم هەندێک قسەم پێکرد دوایی لە شێوە و زاراوەی قسەکردنی و تابلۆکانی زانیم میسریە، مەوجەکەم گۆڕی و کردمە عەرەبی و به‌ زمانه‌كه‌ی خۆی كه‌وتینه‌ ئاخاوتن.
کورە باسی میسر و رژێم و چەوساندنەوە و هەژاریی وڵاتی خۆی بۆ دەکردم دیاربوو دڵی زۆرپڕبوو، بەڵام هەر چەند دەقەیەک جارێک دەهاتەوە سەر بەشان و باڵدا هەڵدانی وڵات و میللەت و پیرۆزیی و شانازییەکانی وڵاتەکەی، وەک هەر میسریەکی تر هیچ پێی لە میللەت و نەتەوەکەی نەنا.
من هەمیشە دەڵێم:
وەفا و نیشتمانپەروەریی میسرییەکان لەدەرەوە و ناوەوە نموونه‌یه‌كی جوانیی نیشتمانپه‌روه‌ریی بێگه‌رده‌، هیچ شتێک ڕا و هەڵوێستیان بەرامبەر وڵاته‌كه‌یان ناگۆڕێ.
هەموو رەمەزانێک تێبینیم کردووە هونەرمەند و یاریزان و کەسایەتییە دیارەکانیان گەورەترین هەڵمەتی ڕاگەیاندن دەکەن بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ نەخۆشخانەی (دڵ)ی منداڵان و شێرپەنجەی گەورە و منداڵان و دواییش رایدەگەیەنن لەو مانگەدا خەڵک چەندی بەو نەخۆشخانانە بەخشیوە، وەک هاندانێک بۆ خەڵکی تر لەبەشداریکردن. به‌ بڕوای من ئەوە گەورەترین خزمەتە راگەیاندنی میسری و ئەوانەش کە ریکلام دەکەن و ئەوانەش کە هاوکاریەکە دەبەخشن بە نەخۆشەکانی وڵاتەکەیان دەکەن.
نەمدیوە ریکلام بۆ هیچ کەلو پەلێکی بێگانە بکەن وەک کەناڵەکانی ئێمە دەیکەن.
رۆژانە لە کەناڵە کوردیەکان لە چا و برنجه‌وه‌ بگرە تا ئاوەتەماتەی تورکی وا سەدان شتی تری وا بێ مانا ریکلام دەبینم.
کچ و کوڕی کورد خەریکی فرۆشتنی کەلو پەلی تورکیە و کوردستانیان کردۆتە بازاڕی ساغکردنەوەی خواردنە كوالیتی نزم و خراپه‌كانی وڵاتان ئەویش لەسەر حسابی تەندروستی و گیان و گیرفانی خەڵکی هەژار.
با تۆزێک لە میسریەکان فێری خۆشەویستی زیاتری وڵات بین و کوردانی دەرەوەش وەک ئەوان چەندی لە دەسەڵاتی خۆمان بەگلەیی بین، بەڵام با کوردستان و میللەتەکەمان بەکەم سەیر و باس نەکەین لای خەڵکی بێگانە، دەسەڵات شتێک بێ و کورد و کوردستانیش شتێکی تر.

 351 جار بینراوە