سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » رێکخراوی شەنگهای نموونەیەکـی نـوێی کـاری ئیقلیمی و جیهانی

رێکخراوی شەنگهای نموونەیەکـی نـوێی کـاری ئیقلیمی و جیهانی

لە 9 و 10 ئەم مانگە لە شاری چینگداو لە باشوری چین، سەرانی رێکخراوی شەنگهای کۆبونەوەو تێێدا کۆمەڵێک مەسەلەی سیاسی و ئابورویی جیهانیان باسکرد، لە بەیانی کۆتاییشدا هاتووە، ئەم رێکخراوە کار دەکات بۆئەوەی ببێتە نموونەیەکی باش بۆ هاوکاریی و کارکردنی نێوان دەوڵەتانی ئیقلمی و جیهان. زۆرێک لەچاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، چین بە سەرۆکایەتی شی جین پینگ، خەونی گەورەی لەسەر ئەم رێكخراوە داڕشتووەو دەیەوێت هاوشێوەی یەکێتی ئەوروپا ، پێگەو قورسایییەکی جیهانی پێببەخشێت و چینیش رۆڵی رابەرێتی ئەم رێکخراوە ببینێت.

مەسەلە گرنگەکانی ناوکۆبوونەوەکە
کۆبونوەوەی 18 ی سەرانی رێکخراوی شەنگهای کە پێکهاتبوو لە سەرانی : چین، روسیا، کازاخستان، هیندستان، پاکستان،تاجیکستان، ئۆزبەکستان، قرقیزستان، کۆبوونەوەو تێیدا کۆمەڵێک پرسی سیاسیی و ئابووری جیهانیان باسکرد. لە رووی سیاسییەوە مەسەلەی کێشەی سوریا و رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران،بابەتی سەرەکی بوو، لەپاش ئەویش کێشەی کۆریا و کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و کۆریای باکوور ، بابەتێکی تری کۆبوونەوەکە بوو، لە رووی ئابووریشەوە بازرگانی جیهانی و هاوکاریکردنی یەکتری بەتایبەتی لە رووی ئەمنیەوە، هەموو ئەمانە بوونە ماددەی سەرەکی کۆبونەوەی سەرانی رێکخراوەکە.

کێشەی سوریا
جەنگی ناوخۆی سوریا یەکێک بوو لە تەوەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە، بە پێی بەیانی کۆتاییی کۆبوونەوەکە بێت، سەرانی ئەو دەوڵەتانە داوایانکرد، لە رێگەی دانوستان و دیالۆگەوە کێشەی سوریا چارەسەر بکرێت، لەهەمانکاتیشدا داوایانکرد ، کە ئەم دانوستانە رێکخراوە تیرۆریستییەکان نەگرێتەوە.

رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران
تەوەرێکی تری سیاسی گرنگ ، مەسەلەی رێکەوتنامەکەی ئێران و دەوڵەتانی 5+1 بوو، کە لەماوەی پێشوودا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تاکلایەنانە لەو رێکەوتنە دەرچوو. سەرانی ئەو رێکخراوە پشتگیری رێکەوتنەکەیان کرد و لە هەمانکاتیشدا داوایان لە ئێران کرد، کە پابەندبێت بە مەرجەکانی رێکەوتنەکەوە.

کێشەی کۆریای باکوور
لە بارەی کێشەی کۆریای باکووریشەوە، سەرانی ئەو رێکخراوە داوایانکرد کە لە رێگەی ئاشتییەوە کێشەکە چارەسەر بکرێت و داواشیان لە ئەندامانی رێکخراوەکە کرد، کە پشتگیری ئەو دانوستانە نوێیە بکەن، کە لە نێوان سەرۆکی ئەمریکا و کۆریای باکوور ئەنجام دەدرێت.

دژی گومرگ وەستانەوە
لە بارەی سیاسەتی بازرگانی جیهانیشەوە، لە بەیانی کۆتاییدا هاتووە؛ سەرانی ئەم رێکخراوە داوایانکردووە کە نابێت ئارامی ئابووری جیهانی بشێوێنرێت ، پێشیان وایە دانانی گومرگی زیاتر ، دەبێتە هۆی شێواندنی رەوشی بازرگانی جیهانی. لەمەشدا زیاتر مەبەستیان دژایەتیکردنی ئەو تاریفە گومرگە نویێە بوو کە سەرۆک ترەمپ لەدژی کاڵا بیانییەکان دایناوە.

دانانی سندوقێکی بە چوار ملیارد دۆلار
خاڵێکی گرنگی تر کە لەم کۆبوونەوەیە بڕیاریدا ، دانانی سندوقێکی هاوکارییە بە بڕی 4.7 ملیارد دۆلار، کە ئامانج لێی یارمەتیدانی ئەندامانی رێکخراوەکەیە. پارەی ئەم سندوقەش لەلایەن چینەوە دابین دەکرێت.

چوار داواکاری سەرۆک شی جین پینگ
لە وتەیەکیدا شی جین پینگ سەرۆکی چین چوار داواکاری سەرەکی لە ئامادەبوان کرد، کە ئەوانیش بریتین لە :
یەکەم: پێویستە ئەم رێکخراوە پشت بە بڕوابوون بە یەکتری و سوودی هاوبەش و عەدالەت و رێزگرتن لە شارستانییەکان و بەهێزکردنی هاوکاری نێوان وڵاتان بەهێزتر بکات.
دووەم: پێویستە لەرووی ئەمنییەوە هاوکاری نێوان وڵاتانی ئەندام بەهێزتر بکرێت، بۆئەوەی بەسەر سێ مەیلە شەڕەنگێزییەکەی ئەمڕۆدا سەرکەوتووبین، کە ئەوانیش بریتین لە : تیرۆر، توندڕەویی، جوداخوازی.
سێیەم: پێویستە برەوی زیاتر بە بازرگانی ئازاد و پاراستنی سیستەمی بازرگانی نێودەوڵەتیی بددەن و هەنگاوی گەورە بنرێت بۆ هاوکاریی یەکتری بە تایبەتی لە بواری پیشەشازی و تەکنەلۆژیا و پێکهێنانی بازاڕی هاوبەش.
چوارەم: پێویستە ئەم رێكخراوە رۆڵی باش بگێرێت لە کێشە نێودەوڵەتییەکان و جۆرێک لە شێوازی نوێ لە بواری پەیوەندی نێودەوڵەتییەکاندا دروست بکات، کە پشت ببەستێت بە رێزگرتن لە عەدالەت و سەرەوەری دەوڵەتان و سوودی هاوبەش.

خەونی شی جین پینگ
شی جین پینگ سەرۆکی چین لەوەتەی هاتۆتە سەر کار لە هەوڵی ئەوەدایە کە چین رۆڵی گەورەتر لە جیهاندا ببینێت، یەکێکیش لەو هەوڵانەی لە رێگەی بەهێزکردنی رێکخراوی شەنگهاوەیە دەبێت، کە دەیەوێت ئەم ریكخراوە بکاتە، رێکخراوێکی گەورەی جیهانی، کەسەنگ و پێگەی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەهێزبێت.

رێکخراوێکی جیهانی
جێگەی ئاماژەیە رێکخراوی شەنگهای بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی، لەساڵی 2001 ەوە دامەزراوە، یەکێکە لەرێکخراوە گەورەکانی جیهان و رێژەی 20% بازرگانی جیهانی پێکدەهێنێت و، لە رووی ژمارەی دانیشتوانیشەوە، ¼ دانیشتوانی جیهانیش پێکدەهێنێت. لەبەرئەوە زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابووری جیهان، پێیان وایە کە لەچەند ساڵی داهاتوودا، ئەگەری ئەوەی هەیە، کە ئەم رێکخراوە ببێتە رێکخراوێکی گەورەی جیهانی، کە پێگە و قوورسایی زۆری هەبێت بەسەر رووداوە سیاسیی و ئابوورییەکانی جیهانەوە.

سەرچاوە:رۆژنامەی گەلی چینی. ئاژانسی شینخوا

 351 جار بینراوە