سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » چه‌ند شیعرێكی یانیس ریتسۆس

چه‌ند شیعرێكی یانیس ریتسۆس

وه‌رگێڕانی: ئازاد به‌رزنجی

كه‌ لای په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ستی

كه‌ لای په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ستی
شانه‌كانت
په‌نجه‌ره‌ و ده‌ریا و به‌له‌می ماسیگره‌كان دائه‌پۆشێ
كه‌ لای په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ستی
ماڵه‌كه‌مان له‌ سێبه‌ری تۆ پڕ ئه‌بێ
وه‌كو سایه‌ی په‌یكه‌رێكی باڵابه‌رزی فریشته‌یێ
خونچه‌ی تابانی ئه‌ستێره‌كان
له‌سه‌ر نوێنی گوێیه‌كانی تۆ ئه‌پشكوێن
په‌نجه‌ره‌كه‌مان ئه‌بێته‌ ده‌روازه‌یێ
به‌ ڕووی ته‌واوی دونیادا
وه‌كو ڕاڕه‌وێكی لێ دێ
به‌ ڕووی به‌هه‌شتا و
تۆش ئه‌بیته‌ كانیاوی تیشك
هه‌ر له‌ په‌نا په‌نجه‌ره‌كه‌
ئه‌ستێره‌كان له‌و تیشكه‌ی تۆ
تووره‌كه‌كانیان پڕ ئه‌كه‌ن
كه‌ لای په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ستی و
چاو ئه‌بڕیته‌ دووراییه‌كانی خۆرنشین
له‌ ژووره‌كه‌ی خۆتا
ئه‌بیته‌ ناخودای هه‌موو كه‌شتییه‌كان

له‌ ئه‌نگۆرا
تۆ به‌ كه‌شتییه‌كه‌ی خۆت
ابۆ ئه‌و سه‌فه‌رانه‌م ئه‌به‌ی كه‌ ناكۆتان
وه‌لێ ئێستا ئه‌و كه‌شتییه‌
ئه‌وه‌تا له‌نگه‌ری گرتووه‌ و
له‌ناو قوڕاودا نیشتووه‌
ئێستا
له‌ ناو قووڵایی ئه‌م ئۆقیانووسه‌
له‌ بنی یاده‌وه‌رییه‌كانا
به‌ته‌نیا ئه‌و كه‌شتییه‌ ده‌ئاژووم
به‌بێ ئه‌و كه‌شتییه‌وانه‌ی
كه‌ بێ له‌ تۆ كه‌س نه‌بووه‌.

ڕووناكی

له‌مدیو په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ سه‌یر ئه‌كه‌م
لقی بچووكی دارباده‌مێ
نیوه‌ی شاره‌كه‌ی داپۆشیوه‌
نیوه‌كه‌ی تریشی، خۆشه‌ویستی
به‌ له‌پی ده‌سته‌كانی
له‌ چاو ونی كردووه‌

ئه‌مێستاكه‌
ئه‌وه‌ی له‌م ژووره‌دا ماوه‌
ته‌نها ڕووناكییه‌كه‌ و به‌س.

یاده‌وه‌ری

هێشتا بنباڵه‌كانی پاڵتۆكه‌ی
بۆنی عه‌تریان پێوه‌ ماوه‌
ئه‌و پاڵتۆیه‌ی هه‌روه‌كو په‌رده‌یه‌كی كۆن
له‌ ڕاڕه‌وی خانووه‌كه‌دا
به‌ مێخێكدا هه‌ڵواسراوه‌
ئه‌وه‌ی ئێستاكه‌ ڕووئه‌دا
له‌ ڕۆژ و ساتێكی تریشدا هه‌ر ڕووی داوه‌
ڕووناكییه‌كه‌ ڕوخساره‌كانی گۆڕیوه‌
كه‌س ناناسم و هه‌موویان غه‌ریبه‌ن به‌ من
ئه‌گه‌ر كه‌سێ بیه‌وێ بێته‌ ماڵه‌كه‌
پاڵتۆ ته‌نیاكه‌ كاوه‌خۆ
به‌ دڵته‌نگی
به‌ بێده‌نگی
ده‌ستی به‌رز ئه‌كاته‌وه‌
تا سه‌رله‌نوێ
ده‌رگاكه‌ دابخاته‌وه‌.

هه‌ناسه‌ سه‌حه‌رییه‌كان

فڕه‌فڕی چۆله‌كه‌كان
ڕۆژیان ئاوه‌دان كردبۆوه‌
په‌نجه‌ره‌كان
وه‌ك كه‌شتی ئه‌بریسكانه‌وه‌
هه‌نگێك له‌سه‌ر گه‌ڵایه‌ك سه‌رخه‌وی ئه‌شكاند
ژنه‌كه‌ ماڵه‌كه‌ی جێنه‌هێشت
لێ سۆله‌كانی
له‌ دوێنێوه‌ تاكو ئێستا
له‌ كه‌ناری ده‌ریاكه‌دا به‌جێماون
سۆله‌كان ئارام هه‌ناسه‌یان ئه‌دا و
په‌پووله‌یه‌كی ڕه‌نگزه‌ردیش
له‌ناو تیشكێكی شینباوا سه‌مای ئه‌كرد.

نهێنی

شه‌و بوو چرامان داگیرساند
كه‌وتینه‌ ڕێ
وتمان كراسه‌كه‌ی به‌ری
ڕه‌نگی له‌ ڕه‌نگی خه‌ون ئه‌چێ
گواره‌ی شینی كردبووه‌ گوێ
نه‌تاندیوه‌؟
ئه‌فسووس
كه‌س ئه‌وی نه‌دیبوو
پیرێژنێ
له‌ كۆختێكی كۆتایی لادێكه‌ په‌نجه‌ی
بۆ ڕووباره‌كه‌ی
ئه‌ودیو داره‌كان درێژ كرد
له‌ویا كه‌ دوو ئه‌ستێره‌ی شین
له‌ قووڵایی ئاوه‌كه‌
ئه‌دره‌وشانه‌وه‌.

ته‌نیایی بچووك

له‌ كونجێكی حه‌وشه‌كه‌دا
له‌به‌ر نمه‌ی بارانه‌كه‌
چه‌ند چڵێك گوڵه‌باخی جوان
له‌ژێر باری به‌رامه‌ی خۆشی خۆیانا
نوشتابوونه‌وه‌ و كووڕ بووبوون
هه‌مان ئه‌و گوڵه‌باخانه‌ی
هیچكه‌س بۆنی نه‌كردبوون

له‌به‌رئه‌وه‌
هیچ ته‌نیاییه‌ك بچووك نییه‌.

ده‌ پێم بڵێ

ده‌ پێم بڵێ
دایكێك ئه‌توانێ چی بكا و
چیی لێ ئه‌وه‌شێته‌وه‌
به‌ چرایه‌كه‌وه‌
له‌ ده‌ستیا كوژاوه‌ته‌وه‌
به‌ دوو كوڕی كوژراوه‌وه‌ له‌ جه‌نگدا و
سێیه‌میشی
كه‌ هێشتا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

به‌یانی

ژنه‌كه‌ په‌نجه‌ره‌كه‌ی كرده‌وه‌
جله‌كانی به‌ ته‌نافه‌كه‌دا هه‌ڵواسی
ڕووناكیی ئه‌و ڕۆژه‌ی بینی

باڵنده‌یه‌ك چاوی بڕییه‌ ناو چاوی
ژنه‌كه‌ له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ وتی:
«من ته‌نیام، لێ هێشتا زیندووم»
ئینجا چووه‌وه‌ ژووره‌كه‌ی

ئاوێنه‌ش په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌
ئه‌گه‌ر باز بده‌مه‌ ناوی
ئه‌وا خۆم له‌ ئامێز ئه‌گرم.

*یانیس ڕیتسۆس شاعیرێكی یۆنانییه‌ (1909-1990). یه‌كه‌م دیوانی ساڵی (1934)
به‌ ناوی(تراكتۆره‌كان) بڵاوكردۆته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌:

Yannis Ritsos: Selected Poems
Translated by Nikos Stangos,
with an introduction by Peter Bien
Penguin Books 1974, UK.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

چیرۆكی عیراقی داڕوخاو

مه‌حمود نه‌جمه‌دین له‌نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی عیراقی دوای پرۆسه‌ی ئازادی و سه‌ره‌تای ...