سەرەکی » وەرزش » به‌بێ ده‌نگی ئه‌نجامدران

به‌بێ ده‌نگی ئه‌نجامدران

مۆندیالی روسیا وه‌ك چادرێكی ره‌ش باڵی به‌سه‌ر وه‌رزشی جیهاندا كێشابوو، هه‌وادارانی وه‌رزش به‌گشتی ته‌نیا ئاگایان له‌م رووداوه‌ گرنگه‌ی جیهان بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م رووداوه‌دا چه‌ندین پاڵه‌وانێتیی گرنگی تری جیهانی ئه‌نجامدران، به‌ڵام به‌بێ ده‌نگی به‌ڕێوه‌چوون.
پاڵه‌وانێتییه‌كان زۆریان گرنگ و له‌سه‌ر ئاستی جیهان بوون، چ له‌ كاناڵه‌ ناوخۆییه‌كان و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش گرنگییه‌كی ئه‌وتۆیان پێ نه‌دراو زۆر باسیان لێوه‌ نه‌كرا.
نه‌یشن لیگی باله‌
یه‌كێك له‌و پاڵه‌وانێتییه‌ جیهانییانه‌ نه‌یشن لیگی باله‌ی كوڕان و كچان بوو، رۆژی 8/7/2018 واته‌ چه‌ند رۆژێك به‌رله‌ کۆتاییهاتنی مۆندیال ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ جیهانییه‌ی باله‌ش كۆتاییهات و له‌ كوڕاندا روسیا و له‌ كچانیشدا ئه‌مریكا پاڵه‌وانی جیهان بوون.
یاریی كۆتایی كچان رۆژی 1/7/2018 به‌بردنه‌وه‌ی كچانی ئه‌مریكا 3-2 له‌ كچانی توركیا كۆتاییهات و رۆژی 8/7/2018-ه‌ش یاریی كۆتایی كوڕانیش كراو روسیا 3-0 له‌ فه‌ره‌نسای برده‌وه‌و پاڵه‌وانی ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ گرنگه‌ی جیهان بوو.
مۆندیالی گۆڕه‌پان و مه‌یدان
دووه‌م پاڵه‌وانێتیی مۆندیالی گۆڕه‌پان و مه‌یدانی كوڕان و كچان بوو، ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ له‌ 10/7/2018-ه‌وه‌ له‌ فینله‌ندا ده‌ستیپێكردوو 15/7/2018 كۆتاییهات و ئه‌و كوڕو كچانه‌ به‌شدارییان تیادا كرد كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 20 ساڵ كه‌متر بوو.
كوڕو كچه‌ كینییه‌كان به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 11 میدال له‌ نێویاندا 6 زێڕ یه‌كه‌م و جامایكا به‌كۆكردنه‌وه‌ی 12 میدال له‌نێویاندا 4 زێڕ دووه‌م و ئه‌مریكا به‌كۆكردنه‌وه‌ی 18 میدال كه‌ ته‌نیا 3 یان زێڕ بوو یه‌كه‌م تاسێیه‌می ریزبه‌ندیی گشتی ئه‌م مۆندیاله‌ بوون.
فۆرمۆلا وه‌ن
له‌م پاڵه‌وانێتییه‌ گرنگه‌ی ئۆتۆمبێلیشدا و له‌كاتی گه‌رمه‌ی یارییه‌كانی مۆندیالدا قۆناغی به‌ریتانیا‌ رۆژی 8/7/2018 كرا، سیباستیان ڤیتیڵ-ی ئه‌ڵمانی و شۆفێری تیپی فیراری پله‌ی یه‌كه‌می ئه‌م قۆناغه‌ی گرت و لویس هامیڵتۆنی به‌ریتانی و شۆفێری تیپی مارسیدیس دووه‌م و كیمی رایكۆننی ئوستورالی و شۆفێری تیپی فیراری سێیه‌می ئه‌م قۆناغه‌ بوون.
مۆتۆ جی پی
رۆژی یاریی كۆتایی مۆندیالیش 15/7/2018 نۆیه‌مین قۆناغی پاڵه‌وانێتیی ماتۆڕ سواریی مۆتۆ جی پی له‌ ئه‌ڵمانیا كراو مارك ماركیزی ئیسپانی و ماتۆڕسواری تیپی هۆندا بووبه‌پاڵه‌وانی ئه‌م قۆناغه‌و ڤالانتینۆ رۆسی ئیتالی و ماتۆڕسواری تیپی یاماها دووه‌م و مافریك فینالیسی ئیسپانی و شۆفێری تیپی یاماهاش سێیه‌م بوو.
گراند سلامی ویمبڵدۆن
ئه‌م گراند سلامه‌ سێیه‌مین گراند سلامی ئه‌مساڵ بوو كرا، رۆژی 14/7/2018 واته‌ رۆژی یاریی سێیه‌م و چواره‌می مۆندیال یاریی كۆتایی خولی كچان كراو ئه‌نجیلیكا كیربیری ئه‌ڵمانی له‌ یاریی كۆتاییدا 2-0 له‌ سیرینا ولیامزی ئه‌مریكی برده‌وه‌.
رۆژی 15/7/2018 واته‌ رۆژی یاریی كۆتایی مۆندیال، یاریی كۆتایی خولی كوڕانیش كراو نۆڤاك دیۆكۆڤیچی سربی 3-0 له‌ كیڤن ئه‌ندرسۆنی ئه‌فریقای باشووری برده‌وه‌.

 40 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*