سەرەکی » وتار » سه‌لاح ره‌نجده‌ر » گرێی (بەڵێن‌ و بەڵێن شكاندن) لە دانوستانەكانی كورد‌ و لایەنە عیراقیەكاندا

گرێی (بەڵێن‌ و بەڵێن شكاندن) لە دانوستانەكانی كورد‌ و لایەنە عیراقیەكاندا

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 3 مانگ بە سەر هەڵبژاردنە گشتیەكانی پەرلەمانی عیراقدا، هێشتا پرۆسەی سیاسی لە بەغدا پێی نەناوەتە قۆناغی دەستپێكردنەوە، تەم‌ومژی ئاڵۆزیی نێوماڵی شیعە لە دوای خۆپێشاندانەكانی باشوور‌و ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانیش نەڕەواوەتەوە. ئەڵبەتە لێكەوتەكانی دابەشبوونی هاوپەیمانێتیەكان بە سەر دوو جەمسەردا كە هەر یەكە لە حەیدەر عیبادی‌و نوری مالیكی نوێنەرایەتی دەكەن‌و لە ژێر كاریگەری ململانێكانی نێوان ئەمریكا‌و ئێراندا بە دوو ئاراستەی جیاواز كاردەكەن بە سەر هەڵوێستی چاوەڕوانكراوی لایەنی كوردیدا بار‌ودۆخێكی ئەوتۆیان خوڵقاندوە كە بڕیارە قورسەكە دەخاتە ئەستۆی پارتی‌و یەكێتی ئەو دوو هێزەی خاوەن زۆرترین كورسیەكانی كوردن لە بەغدا، ئەمەش وەك تەوەرێك فراوانترین باس‌و خواسی نێو میدیاكانی كوردستان‌و عیراقی لە خۆ گرتوە‌و ڕۆژ نیە چەندین بەرنامە‌و بابەتی لە سەر ئامادە نەكرێت، بەر لە هاتنی شاندە چاوەڕوانكراوەكانی هەردوو جەمسەرەكە ئەو پرسەی زۆرترین قسە‌و باسی لە سەر دەكرێت هەڵوێستی لایەنەكانی بەغدایە لە مەڕ داخوازیەكانی كورد كە لە ئێستادا پارتی‌و یەكێتی كردویانەتە بنەما بۆ پرۆژەكەیان كە دەوترێ‌ بۆ دانوستان لە گەڵ لایەنە عیراقیەكاندا ئامادەیان كردوە، تا ئێستا جگە لە دوو لێدوانی عەزیز عگێلی پەرلەمانتاری ئیتلافی نیشتمانی‌و قەیس خەزعەلی سەركردەی عەسایب بەولاوە هیچ ئاماژەیەك بۆ نیازی جەمسەرەكان لە گەڵ كوردا دەرنەكەوتوە كە یەكەمیان باس لە ئامادەیی نوری مالیكی دەكات بۆ چارەسەر كردنی كێشەی كەركوك ‌و دوەمیشیان داوادەكات كوردەكان سەقفی داواكاریەكانیان بەرز نەكەنەوە. لە ساڵی 2005دا ڕەوانشاد مام جەلال چوار مەرجی بۆ پەسەند كردنی پۆستی سەركۆماری عیراق خستە روو كە پرسەكانی ( نەوت‌و بۆدجە‌و كەركوك‌و پێشمەرگە )ی لە خۆ دەگرت، ئەو دەمە هیچكام لە لایەنە عیراقیەكان لارییان لە مەرجەكانی سەرۆك نەبوو، ئەو لایەنانە بەڵێنیاندا كار بۆ جێ‌ بەجێ‌ كردنی ئەم خواستانەی كورد بكەن ، بەڵام بە تێپەر بوونی كات لە بەڵێنەكانیان پاشگەز بوونەوە، لەو كاتەوە بەڵێنی دەركردنی یاسای نەوت‌و غاز‌و بەڵێنی جێبەجێ‌ كردنی مادەی 140‌و بەڵێنی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی پێشمەرگە وەك بە شێك لە سیستەمی ئەمنیی عیراق بوونە بڵقی سەر ئاوو بۆ هەر یەكەیان چەندین بیانووی نادەستوورییان دەهێنایەوە ، لە دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2014 شەوە هەموو ئەو بەڵێنانە ی حەیدەر عیبادی دەربارەی چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە سەركردایەتی كوردی دابوو نەچوونە بواری جێبەجێ‌ كرنەوە ، لە راستیدا كێشەی بەڵێن‌و پەیمانشكێنی لە گەڵ كوردا ڕەگ‌و ڕیشەی مێژوویی هەیە‌و كورد لەم ڕوەوە توركی عوسمانی‌و ئەتاتورك‌و فارس‌و روسەكان‌و ئینگلیز‌و عەرەب‌و تەنانەت ئەمریكاییەكانیشی تاقی كردوەتەوە كە لە كاتی پێویستیدا چەندین بەڵێنیان بە كورد داوە‌و دوای گەیشتنیان بە مەرامەكانیان لەو بەڵێنانە پاشگەز بوونەتەوە ، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی بێمتمانەیی بە بەلێنە سیاسیەكان گرێیەكی گەورە لە دەروونی تاكی كوردا دروست بكات، هەر بۆیە بە چاوی گومان‌و نیگەرانیەوە دەڕوانێتە ئاییندەی پرۆسەی سیاسی عیراق‌و بەر لە پێشكەش كردنی هە ر پرۆژەیەكی پارتی‌و یەكێتی بۆ دان‌وستان دەپرسێت : ئەگەر بەشداری كورد مەرجێكی بنچینەیی بێت بۆ پێكهێنانی گەورەترین كتلەی پەرلەمانی‌و دواتریش پێكهێنانی حكومەت دەبێ‌ ئەو گرەنتیانە چی بن كە بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكانی كورد دەدرێن ؟ لە كاتێكدا گرێی بەڵێن‌و بەڵێن شكاندنەكانی ڕابوردوو هیچ بوارێكی بۆ متمانە نەهێشتوەتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*