سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » رۆمانی‌ (كه‌شتیی تاریك)ی‌ شێركۆ فه‌تاح به‌ ئه‌ڵمانی‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌

رۆمانی‌ (كه‌شتیی تاریك)ی‌ شێركۆ فه‌تاح به‌ ئه‌ڵمانی‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌

رۆمانی‌ (كه‌شتیی تاریك)ی‌ شێركۆ فه‌تاح، كه‌ له‌لایه‌ن  پێشه‌وا فه‌تاح-ه‌وه‌ له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌ كراوه‌  به‌ كوردی و له‌لایه‌ن ناوه‌ندی‌ غه‌زه‌لنووسه‌وه‌ چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، یه‌كێكه‌ له‌و رۆمانانه‌ی‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ كورده‌ به‌زمانی‌ ئه‌ڵمانی‌ نووسیویه‌تی‌ و له‌باره‌ی‌ رۆمانه‌كه‌یه‌وه‌ شێركۆ فه‌تاح ده‌ڵێت: من ئه‌م كتێبه‌م به‌ زمانی ئه‌ڵمانی نووسیوه‌ و ساڵی ٢٠٠٨ له‌ ئه‌ڵمانیا بڵاو بووه‌ته‌وه‌. خوێنه‌ری كورد ده‌توانێت به‌ ئاسانی درك به‌ زۆرێك له‌ ڕووداوه‌كانی نیوه‌ی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌ بكات، به‌ڵام من نه‌مویست له‌ناو كاراكته‌ری كه‌ریمدا- كه‌ شاكه‌سی ڕۆمانه‌كه‌مه‌- كوردێكی نموونه‌یی نمایش بكه‌م، هاوكات توندڕه‌وێكی دینیی نموونه‌یییش نا. بۆ من مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌ بوو، وه‌سفی مرۆڤێك بكه‌م، كه‌ هه‌وڵ ده‌دات له‌ژێر هه‌لومه‌رجی دژواردا به‌خته‌وه‌ری بدۆزێته‌وه‌. مه‌به‌ستم بووه‌ هه‌ڵه‌كانی ڕوون ده‌ربكه‌ون، به‌بێ ئه‌وه‌ی مرۆڤ بتوانێت به‌ ئاسانی له‌ ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه‌ مه‌حكوومیان بكات. ویستوومه‌ كه‌ریم كاراكته‌رێكی ناخناكۆك بێت، به‌ جۆرێك كه‌ خوێنه‌ر ناچار بێت بیر له‌ چاره‌نووسی بكاته‌وه‌.
نیوه‌ی دووه‌می ڕۆمانه‌كه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌گوزه‌رێت، له‌ شاری به‌رلین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش به‌سه‌رهاته‌كانی پاڵه‌وانه‌كه‌م له‌وێ هێنده‌ به‌ وردی وه‌سف ده‌كه‌م، چونكه‌ له‌ كوردستان هێنده‌م كوڕی گه‌نج بینیون، كه‌ خه‌ونیان ئه‌وه‌ بووه‌ بڕۆن بۆ ئه‌ڵمانیا. منیش له‌ خۆمم ده‌پرسی، ئاخۆ چی ڕوو بدات، گه‌ر به‌ڕاستی بگه‌نه‌ ئه‌وێ؟ خه‌ونه‌كه‌یان دێته‌ دی؟
كه‌ریم كێشه‌ی خۆی هه‌یه‌، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانیش ئه‌وه‌یه‌، ناتوانێت خۆی له‌ ڕابردوو ڕزگار بكات. ئه‌م تاكه‌ چاره‌نووسه‌ بێگومان ترشوخوێی ئه‌ده‌بیی كراوه‌، لێره‌دا باس باسی ڕۆمانێكه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی ئه‌و لێشاوه‌ په‌ناهه‌نده‌یییه‌وه‌، كه‌ ئێستا ڕووی له‌ ئه‌ورووپا كردووه‌، سه‌رنجڕاكێش ده‌مێنێته‌وه‌، كێشه‌ی خۆگونجاندنه‌. باوكی من خۆی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر هاتووه‌ و زۆر جار باسی كردووه‌: مرۆڤ شتێك له‌ داوی خۆی به‌جێ ده‌هێڵێت، ژیان هه‌رگیز وه‌ك پێشووی لێ نایه‌ته‌وه‌ و له‌وانه‌شه‌ ئه‌زموونی غه‌ریبایه‌تی زۆر له‌وه‌ به‌هێزتر بێت، كه‌ مرۆڤ چاوه‌ڕوانی كردووه‌. منداڵه‌كانت له‌ كولتوور و زمانێكی نامۆدا گه‌وره‌ ده‌بن و له‌ دایكوباوكانیان دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌، دابونه‌ریته‌كانیش ده‌خرێنه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. هه‌موو ئه‌م شتانه‌ سه‌ر به‌و گه‌شته‌ گه‌وره‌یه‌ن، كه‌ ئه‌و كوڕه‌ گه‌نجانه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینن.
ئه‌م ڕۆمانه‌ شتێكی له‌سه‌ر كوردستان بۆ زۆرێك له‌ خوێنه‌رانی ئه‌ڵمانیزمان گێڕاوه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكدا هیوادارم بۆ خوێنه‌رانی كوردستانیش شتێك له‌سه‌ر ئه‌ڵمانیا باس بكات، كه‌ هێشتا نه‌یانبیستووه‌.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دواین ئه‌فسانه‌ی دونیا

فاروق هومه‌ر رۆژێك لای هاوڕێیه‌كم ئاره‌زوویه‌كی دێرینی خۆمم دركاند، ئه‌و ...