سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » تێپەڕاندنی هەڵە گەورەكە

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

تێپەڕاندنی هەڵە گەورەكە

هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی دژوار و ئاڵۆز و سەختدایە، بەتایبەت لەدوای پەلاماری سوپای عیراق بۆ سەر كەركوك و ناوچە كوردستانییە جێناكۆكەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا.
ئەم رووداوانە چاوەڕوانكراوبوون، بەڵام «كات و دەرفەتی گونجاو» بۆ عیراق لەبەردەست نەبوون، بەڵام لەدوای ریفراندۆم و هەروەها چارەسەرنەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بیانووی بەهێزی دایە دەست بەغداو كارتە بەهێزەكەی بەكارهێنا كە «جوڵاندنی هێز و لەشكركێشی بوو» بۆسەر ئەوناوچانەی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا كۆنترۆڵی كردبوون.
پێشبینیی و خوێندنەوەی ئەگەرەكان لەبەرژەوەندی هەرێمدا نییە، وەكچۆن بەرلە ریفراندۆم دەستەبژێرێكی سیاسیی بزوێنەری پرسەكە «خوێندنەوە و پێشبینی هەڵەیان» كرد، كەوابوو ئەنجامی هەڵەشیان بەردەستكەوت.
هەرچۆنێك بێت ئێستا «شۆك»ی رووداوەكان زاڵە و لەو دۆخەشدا كاردانەوەكان پێویستی بە بیركردنەوە و خوێندنەوەی وردی واقعیتر هەیە، بەتایبەتی دەستگرتن بە پاراستنی یەكڕیزی و یەكهێزی لایەنە سیاسییەكان و  كۆبوونەوە لەدەوری مێزی چارەسەر و رزگاركەر.
ئەم رووداوانە، یەكەمجار نییە بەسەر كورد دا دێت و مێژووی رابردووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد چەندان كارەسات و كەوتنی تێدایە، بەڵام كۆلی نەداوە، هەرچەند راستییە تاڵەكە دووبارە دەبێتەوە كە «وانە و پەند»ی لێوەرنەگرتوون.
گرنگترین خاڵی دەربازبوونی قەیران و كارەساتەكان، دەستنیشانكردنی هۆكار و دواتریش دانانی رێگەچارەیە، بۆیە ئەگەر هێزەكان لە جیاتی سەرقاڵبوون بە « هۆكار و چارەسەر»، خەریكی تەخوینكردن و باسكردنی شكست و تۆمەتبەخشینەوە و یەكترشكاندن بن، دەبێت چاوەڕوانی زۆر لەمەی ئێستا خراپتریشبن كە رووبەرووی هەرێمی كوردستان بۆتەوە.
هەركاتێك هێزە سیاسییەكان بەتایبەتریش «سەركردایەتی سیاسیی كورد» نەتوانن لە ئەم قۆناغ و دۆخە دا بوێرانە دان بەشكستی بیر و هەنگاوەكانیدا بنێن، ئەوا ناتوانن رێگەی دەربازبوونیش بدۆزنەوە، بەڵكو خەڵك و خاك و نەتەوەش دەخەنە دۆخێكەوە، كە ئەوكات بەرپرس دەبن لەو رووداو كارەساتانەی ئەگەری روودانی خراپرتریان دەكرێت.
هەرێمی كوردستان، لە رووی واقعییەوە زۆرترین رووبەری خاكی لەدەستداوە كە لە دەرفەتی شەڕی داعشدا بەخوێنی پێشمەرگە ئازادكران، بەڵام بەهۆی هەڵە و كەموكورتییە زۆرەكانییەوە، نەیتوانی لە دەرفەتی دوای شەڕی داعش بیانپارێزێت، كە كارتی ریفراندۆمی بەكارهێنا لەكات و قۆناغێكی هەڵەدا سەرباری رەخنە و نارەزاییە نێودەوڵەتییەكان و هەروەها رێكردنی هەرێم لەسەر سیاسیەتێكی لاواز و پاشخانێكی ئابووری داتەپیو، هێزێكی پێشمەرگەی دوولەت و جیاكارییەكی زۆر لە پێدانی چەك و تەقەمەنی و هەروەها خزمەتكردنی پێشمەرگە بە كامپینی «هاوكاری خەڵك»، نیشانە دیارەكانی بێمشووریی  و شكستبوون!!.
هێشتا هەرێم دەرفەتی هەستانەوە و پاراستنی دەستكەوت و ئەزموونەكەی لەبەردەمدا ماوە ئەویش تەنیا بەوە دەبێت، كە بەرلەتەواوبوونی ماوەی پەرلەمانی كوردستان بەپەلە هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی (1/11) ئەنجام بدرێت، یان كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت، وادەی دەستنیشانكردنی ماوەیەكی كەمتر لە دوومانگ دیاری بكرێت، ئەگەر ئەمە نەكرا، ئەوا پێویستە حكومەتێكی كاتی نیشتمانی پێكبهێنرێت و دەسەڵاتەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم كە بەسەردەچن، هەڵبوەشێندرێنەوە، كارەكان لە ئەستۆبگرێت و لە نزیكترین كاتدا دەرفەت و زەمینە بۆ هەڵبژاردنێكی بێگەرد برەخسێنێ،  لە ئەركە بەپەلەكانیشیدا دیاریكردنی تیمێكی كارا بێت، بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و لایەنە سیاسییەكانی عیراق و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی چەندساڵی رابردووی نێوان هەولێر و بەغدا.
ئەم رووداوانەش كۆتایی رێگاكە نییە، بەڵام كاتێك رێگا سەختتر دەبێت، ئەگەر درێژە بە عینادی سیاسیی و هەڵەكان بدرێت، دیسانەوە بەهەمان كارەكتەری سیاسیی كورتبینەوە، لەسەرەتاوە دەستپێبكرێتەوە، ئەوا هەموو دەرفەت و قۆناغەكە دەخرێتە بەردەم هەڵە گەورەكەوە.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەڵەبجە شەڕێكی دەوێت

هەڵەبجە قەزا بوو، بەعس لە ساڵی 1988 دا كیمیابارانی كرد، ...