سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » گۆڤارێکی ئەمریکی: چین بە هێمنی هاتۆتە ناوچەکە

چین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

گۆڤارێکی ئەمریکی: چین بە هێمنی هاتۆتە ناوچەکە

نێوانی ئەمریکا و چین ڕۆژ بە ڕۆژ گرژتر دەبێ و شەڕی ئابوری و بازرگانی گەیشتۆتە ڕادەیەکی بێسنور، ئەم بارە کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر هەموو جیهان بە گشتی، لەسەر ئەم بابەتە « ئۆین دانیالز» توێژەری سیاسی ئەمریکی لە گۆڤاری» ناشیوناڵ ئێنتەر ست» ووتارێکی نوسیوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات کە ململانێی نێوان ئەو دوو هێزە گەورەیە لە بواری ئابوری و سەربازیدا باشتر خۆی نمایش دەکا و ئاماژەکان وای نیشان دەدەن کە چین لە دەروازەی بازرگانیدا دەیەوێت بچێتە ناو پانتایی سەربازی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو وڵاتە بەهۆی بازرگانیکردن لەگەڵ وڵاتانی ئەو ناوچە و نمایشکردنی توانا سەربازیەکانی، دەیەوێت لە سێ دەرگاوە بچێتە ناوەوە.

ئێران
نوسەر لە بابەتەکەیدا وایدەبینێ کە نەوتی خاو بۆ چین کاڵایەکی ستراتیژیە و ئەو وڵاتە گەورەترین وڵاتی بەکارهێنەری پەترۆڵە لەسەر ئاستی هەموو جیهان، لە دوای ڕوسیا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست باشترین سەرچاوەی ئەو ووزەیەن بۆی، بەهۆی عەمبارکردن و هەڵگرتنی نەوتەوە، چین دەیەوێت کاریگەریەکانی گۆڕانکاری و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت کەمبکاتەوە، کاتێک ئەمریکا بەرهەمهێنانی نەوت لە ئیران قەدەغە بکات، بەو پێیەی چین گەورەترین وڵاتی هاوردەی نەوتی ئێرانە ئەوکاتە کاریگەری نەرێنی دەکاتە ستراتیژیەتی هەڵگرتنی ئەو نەوتە، بەڵام بەردەوام دەبێ و ئێرانیش دەخوازێت چین ڕچەشکێنی بڕیارەکانی ئەمریکا بێت،چونکە ئەو دوو وڵاتە هاوبەشی گەورەی ئابوری یەکترن و کوژمەی بەرهەمهێنانی چین لەژێرخانی ئابوری ئێراندا لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٨.٥ ملیار دۆلاربوە.

شەڕەکە گەرمتر دەبێت
نوسەر وایدەبینێت کە لەگەڵ سەپاندنی سزا مامناوەندیەکانی سەر نەوت کە لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەستپێدەکات، ئێران ببێتە خاڵی گەرمتربونی ناکۆکیەکانی نێوان ئەو دوو زلهێزە و ئێرانیش ڕۆڵی خۆی دەبینێت بەوەی لە بازرگانی لەگەڵ چیندا بەردەوام دەبێ و لە بەرامبەریشدا ئەمریکا هەنگاوی خێراتر لە دژی چین دەهاوێژێت، ئەو سزایانەی سەر ئێران دەرفەتێکی باشە بۆ چین لە پێناو گەورەکردنی هەژمون و قایمکردنی پێگەی خۆی لەو ناوچەیەدا.

کەنداو
بواری ئەمنی و ئابوری دوو لایەنی سەرەکی پەیوەندیەکانی چینن لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی فارسی، چین دەیەوێت بواری بازرگانی بکاتە پارسەنگی هێز و خاوکردنەوەی گرژی نێوان سعودیە و ئێران، چین بۆ ساڵی ڕابردوو گەورەترین هاوبەشی ئابوری سعودیە بوە، شاسەلمان بایی ٦٥ ملیار دۆلار گرێبەست ورێککەوتننامەی لەگەڵ پەکین کردووە، جگە لەوەش چەندین ڕێکەوتنیان لە بواری پترۆکیمیاویات و تەکنەلۆژیا و کەرتی تر کردووە. نوسەر دەڵێت: چین نایەوێت ئەو دوو وڵاتە لە خۆی بوروژێنێت بۆیە هەرگیز لە هەردووکیان زۆر نزیک نابێتەوەو وەک یەک سەیریان دەکات.

ئیمارات زۆر گرنگە بۆی
لە لایەکی تریش بۆ باشکردنی پەیوەندی بازرگانی و چۆنیەتی پێشخستنی ، مانگی ڕابردوو سەرۆکی چین سەردانی ئیماراتی عەرەبی کرد و بڕیایدا ٢٣ ملیار یارمەتی بۆ گەشەپێدانی کەنداو تەرخان بکات، بەو پێیەی ئیمارات خاڵێکی ستراتیژی گرنگە بۆ چین و٦٠٪ ی بازرگانیەکەی لەگەڵ ئەوروپا و ئەفریقا لە ڕێی ئەو وڵاتەوەیە و ڕۆژ بە ڕۆژیش کاڵای چینی و بەرهەمەکانی لەو ناوچەیە ڕەواجیان زیاتر دەبێت بۆیە کەنداو پانتاییەکی گەورەی هەژمونی چینیەکانە و بە بایەخەوە سەیری ئەو وڵاتە دەکەن.

بنکەیەک لەجیبۆتی
لە ڕووی سەربازیشەوە لەم دوادوایانەدا چین دەوریە سەربازیەکانی خۆی لە کەنداوی عومان و عەدەن زیاتر کردوە، هەروەها بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیە بازرگانیەکانی خۆی و ڕێگرتن لە قاچاغ و کاری نایاسایی، لە جیبۆتیش بنکەیەکی سەربازی درێژخایەنی داناوە و ئەمریکاش لە دوورەوە چاودێری دەکات، دەروازەی دووەمی چینیەکان کە وڵاتانی کەنداون پێگەی باشتری بۆ دروست کردوە.

ڕوسیا و چین
نوسەر ڕای وایە کە ڕۆڵی ڕوسیا وەک هێزێکی دەرەکی لە ناوچەکەدا،هەڵوەستەی دەوێ ، ئەو وڵاتە ئێستا لەو ناوچەیە هەژمونی گەورەی هەیە، لە سوریا جێگەیەکی شایستە و سەرکردایەتی وڵاتەکەی بە دەستەوەیە،چەند جارێک هەوڵیداوە گرژیەکانی نێوان ئیسرائیل وئێران و ڕژێمی ئەسەد خاوبکاتەوە و بەردەوامیشە لەو هەوڵانەی، پکینیش هاوڕێ لەگەڵ کرێملن پشتیوانی لە ئەسەد کردوەو هاوسەنگەری یەکترن، لەگەڵ تارانیش بەهەمان شێوە هەم دۆست و هەم هاوخەباتی یەکترن لە سوریا، بەڵام هەردووکیان ئێران وەک کارتێکی فشار لە دژی واشنتۆن بەکاردەهێنن و بەرژوەندیەکانین وادەخوازێت کە تاماوەیەک دۆستایەتی بکەن، دۆستایەتی چین لەگەڵ ڕوسیا و وەستانەوەی لە دژی جەمسەری ئەمریکا دیسان ئەمەش بۆ چینیەکان دەرفەتێکی نایابە و توانیویانە سودی لێ وەرگرن.

سەرچاوە: سایتی عەرەبی ٢١

 347 جار بینراوە