سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » جومپا لاهیری: من حه‌ز ده‌كه‌م ساده‌ بنووسم

جومپا لاهیری: من حه‌ز ده‌كه‌م ساده‌ بنووسم

جومپا لاهیری چیرۆكنووس و رۆماننووسی هیندی-ئه‌مریكایی
(11-7-1967) له‌ له‌نده‌ن له‌ دایك بووه‌، سێ ماسته‌ری هه‌یه‌ له‌ زمانی ئینگلیزی و نووسینی داهێنه‌رانه‌ و ئه‌ده‌بی به‌راوردكارییدا، دكتۆراشی هه‌یه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی سه‌رده‌می رێنیسانسدا، هه‌تا ئێستا خاوه‌نی دوو كۆمه‌ڵه‌چیرۆك و دوو رۆمانه‌. كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی یه‌كه‌می بۆ (29) زمان ته‌رجه‌مه‌ كراوه‌ و كتێبی یه‌كه‌م تا سێیه‌می كراوه‌ به‌ فارسی، كتێبی چواره‌می رۆمانێكه‌ به‌ناوی (زه‌وییه‌ نزمه‌كان-2013 )، بێجگه‌ له‌ خه‌ڵاتی پۆلیتزه‌ر ده‌یان خه‌ڵاتی تری له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی وه‌رگرتووه‌، له‌ (2012)ه‌وه‌ له‌ ئیتالیا ده‌ژی. لێره‌دا قسه‌ و باس ته‌نیا له‌سه‌ر كتێبی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌مێتی.
لە فارسییەوە: محەمەد کەریم
ئه‌مڕۆ ئیتر نووسه‌رانی ئاسیا له‌ جیهاندا جێگای خۆیان دۆزیوه‌ته‌وه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ نۆبڵی (2012) درا به‌ نووسه‌رێكی چینی نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قاره‌ی گه‌وره‌ی ئاسیا توانیویه‌تی كه‌لتوور و شارستانیه‌تی كۆنی خۆی له‌ رێگه‌ی شیعر و ئه‌ده‌به‌وه‌ به‌سه‌ر جیهاندا بسه‌پێنێ. هه‌ڵبه‌ته‌ له‌م نێوانه‌دا هه‌میشه‌ به‌شی ژنان له‌ هی پیاوان كه‌متر بووه‌.
یه‌كێك له‌و نووسه‌ره‌ ژنه‌ ئاسیاییانه‌ی كه‌ به‌ كتێبه‌كانی به‌خێرایی له‌ هه‌موو جیهاندا ناوبانگی په‌یداكرد، جومپا لاهیری-یه‌  كه‌ خه‌ڵاتی گرنگی پۆلیتزه‌ری له‌سه‌ر كتێبی یەکەمی وه‌رگرتووه‌. لاهیری به‌ ره‌گه‌ز هیندییه‌ و له‌ له‌نده‌ن له‌ دایكبووه‌، كاتێ ته‌مه‌نی دوو ساڵ بووه‌ خێزانه‌كه‌ی كۆچیان كردووه‌ بۆ ئه‌مریكا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ نیشتمانی دایكیدا پاراستوه‌. پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كانی هیندین و ناوه‌ڕۆكی سه‌ره‌كی زۆربه‌یان غوربه‌ت و كۆچه‌. له‌م گفتوگۆیه‌دا كه‌ له‌گه‌ڵ گۆڤاری (ئه‌تڵانتیك)دا كردوێتی، باسی قۆناغه‌كانی نووسین و ئه‌و خه‌مانه‌ ده‌كات كه‌ حه‌ز ده‌كات له‌ باره‌یانه‌وه‌ بنووسێت.
*یه‌كه‌م كتێبی تۆ كه‌ خه‌ڵاتی پۆڵیتزه‌ری وه‌رگرت كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی (وه‌رگێڕی ئازاره‌كان-1999) بوو. پاش ئه‌ویش (2003) رۆمانی (هاوناو)ت نووسی و به‌رهه‌می دوای ئه‌میش كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێكه‌. چۆن بڕیارت دا دووباره‌ بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ مه‌یدانی كورته‌چیرۆك؟
-له‌ راستیدا هیچ كاتێ به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی ئه‌م بڕیاره‌م نه‌داوه‌. ئه‌وه‌ خۆی روویدا. زیاتر له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ پاش نووسینی رۆمانی هاوناو، بیرۆكه‌ی چه‌ند چیرۆكێكی ترم هه‌بوو. ده‌ستمكرد به‌ نووسینی بیرۆكه‌كانم و یه‌كسه‌ر بینیم تیایاندا نغرۆ بووم. راستییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بیرۆكه‌ی زۆربه‌ی ئه‌م چیرۆكانه‌، په‌یوه‌ندی به‌ ساڵانی رابردووه‌وه‌ هه‌بوو، زۆر كۆن بوون. هه‌ندێ له‌و بیرۆكانه‌ هه‌ر ئه‌وانه‌ بوون كه‌ دواجار بوونه‌ هۆی نووسینی رۆمانی هاوناو. له‌ راستیدا ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ من به‌ دوای شتێكی نوێدا بگەڕێم.
*ئایا قۆناغه‌كانی نووسینی كورته‌چیرۆك و رۆمان جیاوازن؟ خودی خۆت مامه‌ڵه‌ی جیاواز له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو گۆته‌یه‌دا ده‌كه‌ی یان نا؟
-به‌مانایه‌ك، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان پێویستیان به‌ چییه‌، به‌ زۆر جیاوازی نێوانیان قایل نیم. چونكه‌ به‌ رای من بیرۆكه‌یه‌ك یان باش كاری خۆی ده‌كات یان نایكات. ئه‌وه‌ی كار ده‌كات یان نا، هه‌ندێ جار بۆ چیرۆكه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ كورت بێت یان درێژ. هه‌موو شتێك په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و چیرۆكه‌ی ده‌مه‌وێ بیگێڕمه‌وه‌ پێویستی به‌ چ شتێك هه‌یه‌. من هه‌میشه‌ یه‌كه‌م شت بیر له‌ سروشتی چیرۆكه‌كه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌. كاتێ بیرۆكه‌ی هاوناو هاته‌ مێشكمه‌وه‌، هه‌ستمكرد ده‌بێت ببێت به‌ رۆمان. وه‌كو كورته‌چیرۆكێك كاریگه‌ریی نابێت و بیرۆكه‌كه‌م باش ده‌رناچێت. له‌ كتێبی دوای ئه‌وه‌دا كه‌ كورته‌چیرۆكه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی یه‌كه‌مه‌وه‌، چه‌ندین ساڵ ئیشم له‌سه‌ر زۆر چیرۆك كردووه‌. ئه‌و بیرۆكانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵما ژیابوون و ماوه‌یه‌كی زۆر یه‌خه‌یان گرتبووم. له‌وانه‌یه‌ تاكه‌ جیاوازییان ئه‌وه‌ بووبێت كه‌ له‌ رۆمانه‌كه‌مدا هه‌ر به‌شێك له‌ رووداوه‌كان ئه‌وه‌نده‌ درێژ بووه‌وە كاتێ پێكه‌وه‌ لكان بوون به‌ رۆمان.
*زۆر له‌ چیرۆكه‌كانی تۆ سه‌باره‌ت به‌ كۆچه‌ یان سه‌باره‌ت به‌ جوانیی و دره‌وشاوه‌یی ماڵه‌ له‌ نیشتمان. واته‌ ئه‌وانه‌ی ماڵی كۆنی خۆیان به‌جێده‌هێڵن و پێ ده‌خه‌نه‌ ماڵی نوێوه‌. له‌ كتێبی یه‌كه‌متا زیاتر ته‌ركیزت له‌سه‌ر ئه‌و هیندیانه‌ كردبوو كه‌ كۆچ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌مریكا. به‌ڵام له‌ (خاكی غه‌ریب-2008) دا كه‌ دووه‌م كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی تۆیه‌، كاره‌كته‌ره‌كان زیاتر له‌ وڵاتی غوربه‌تدا دێن و ده‌چن و بۆ نموونه‌ ماڵ یان شاره‌كه‌یان ده‌گۆڕێت. چ شتێك له‌و ئایدیایه‌دا هه‌یه‌ كه‌ مرۆڤه‌كان بخه‌یته‌ ناو هه‌ل و مه‌رج و ژینگه‌یه‌كی فیزیكی نوێوه‌، ئه‌مه‌ به‌لاته‌وه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌؟
-ئه‌وه‌ی كه‌ وێنای كاره‌كته‌ره‌كانم بكه‌م له‌ جێگایه‌كه‌وه‌ ده‌چن بۆ جێگایه‌كی دیكه‌ و ده‌كه‌ونه‌ ناو هه‌لومه‌رجێكی نوێوه‌، خۆی له‌ خۆیدا به‌لامه‌وه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌. له‌ یه‌كه‌م كتێبمدا هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كان كه‌م و زۆر له‌به‌ر هۆكارێك بڕیاری كۆچیان دابوو، (كه‌ دایك و باوكی خۆم له‌و كه‌سانه‌ بوون)، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌رفه‌تی نوێ یان كار. له‌ كتێبی سێیه‌مدا نموونه‌یه‌كی هاوشێوه‌ هه‌یه‌ بۆ گۆڕینی شوێنی ژیان، به‌ڵام ره‌نگه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بگوترێت كه‌ هۆكاره‌كان تایبه‌تی ترن. له‌وانه‌یه‌ هۆكاره‌كه‌ی هه‌لومه‌رجی خێزانیی بێت یان مردنی ئه‌ندامێكی خێزانه‌كه‌ یان هه‌ر شتێكی دیكه‌. له‌ خاكی غه‌ریب-دا من زیاتر ته‌ركیزم له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌یه‌ كه‌ خۆیان كۆچیان نه‌كردووه‌، به‌ڵام وه‌كو مناڵی كۆچ حسابیان بۆ ده‌كرێت. به‌لامه‌وه‌ سه‌رنجراكێش بوو، چونكه‌ كاتێ تۆ وه‌كو مناڵێكی كۆچ حسابت بۆ ده‌كرێت، به‌نیسبه‌ت ئه‌وه‌وه‌ كه‌ ره‌گ و ریشه‌ت له‌ كوێیه‌، هه‌ڵكه‌ندنی ئه‌و ره‌گ و ریشه‌یه‌ زۆر هه‌ستیار و وردتر ده‌بێت، به‌لای كه‌مه‌وه‌ بۆ خودی خۆم كه‌ هه‌لومه‌رجه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بوو. له‌وانه‌یه‌ كه‌سێك هه‌میشه‌ به‌و ره‌گ و ریشه‌یه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌ كه‌ هی دایكێتی. ده‌زانم چونكه‌ خێزانه‌كه‌ی خۆم به‌و قۆناغه‌دا تێپه‌ڕیون. هیچ كاتێ هه‌ستیان به‌وه‌ نه‌كرد كه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ وڵاتی دایكیان پچڕاوه‌. هه‌میشه‌ ماڵه‌كه‌یان ماڵه‌ هیندستانییه‌كه‌ بوو.
*یه‌كێك له‌و شتانه‌ی وایكرد وه‌رگێڕی ئازاره‌كان سه‌رنجم رابكێشێ شێوازی روانینت بوو بۆ زه‌ماوه‌ندكردن و ژیانی مرۆڤه‌كانی نه‌وه‌ی دایك و باوكت. چیرۆكی سه‌ره‌كیش له‌باره‌ی كچێكه‌وه‌ بوو كه‌ ئێستا گه‌وره‌ بووه‌ و تێده‌گات باوكی ده‌یه‌وێ دووباره‌ ژن بهێنێته‌وه‌. ئایا ئه‌م وشه‌ی (گه‌وره‌بوون)ه‌ سه‌رسامی كردووی؟ پێت وایه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ مایه‌ی سه‌رسامییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ كه‌لتوورێكی دیكه‌دا گه‌وره‌ بووی كه‌ جیاوازبووه‌ له‌ كه‌لتووری خێزانه‌كه‌ت؟
-نازانم، بۆچی به‌ڵام هه‌تا ته‌مه‌نم زیاتر هه‌ڵده‌كشێ زیاتر عاشقی زه‌ماوه‌ندكردنی دایك و باوكم ده‌بم. به‌تایبه‌تی كه‌ خۆشم شووم كردووه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ سه‌رنجڕاكێشتر بووه‌، چونكه‌ به‌راوردێك دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ قابیلی خۆلێلادان نییه‌. پێم وایه‌ ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ كه‌ پێش نووسینی هه‌ر كتێبێك یه‌خه‌م ده‌گرێت. زه‌ماوه‌ندكردنی دایك و باوكی من له‌ پێشدا دیاریكرابوو وه‌كو زۆر كه‌سی تر كه‌ به‌ مناڵی ده‌مناسین. باوكم كه‌ له‌ هیندستان هاته‌ ده‌ره‌وه‌ ژیانێكی جیاوازی ده‌ستپێكرد به‌ڵام به‌لای دایكمه‌وه‌ وه‌زعه‌كه‌ زۆر جیاوازبوو، منیش سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌لانه‌ هه‌میشه‌ هۆشیار بووم و زۆر هه‌ستیار بووم. له‌م باره‌یه‌وه‌ درێژه‌م به‌ گه‌ڕان و پكشنین دا و دیسانیش له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌نووسم.
*سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ره‌ كۆنه‌كان به‌رهه‌می كامیانت پێخۆشه‌ زیاتر بیانخوێنیته‌وه‌ یان ته‌نانه‌ت چه‌ندین جار بیانخوێنیته‌وه‌؟
-له‌م دواییانه‌دا گه‌لێ رۆمانی سه‌ده‌ی نۆزده‌م خوێندۆته‌وه‌. هه‌میشه‌ عاشقی چیخۆف و تۆڵستۆی بووم، به‌ڵام تازه‌كی تۆم هاردی هاتۆته‌ ناو لیستی ئه‌و نووسه‌رانه‌وه‌ كه‌ زۆرم خۆش ده‌وێن. هاردی یه‌كێكه‌ له‌و رۆماننووسانه‌ی هه‌میشه‌ ده‌چمه‌وه‌ سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی. قه‌ت له‌ خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كانی ماندوو نابم. ئه‌و جیهانه‌ كامڵه‌ی ئه‌و ده‌یخوڵقێنێ، زۆر قه‌ناعه‌تت پێده‌كات و زۆر چڕ و پڕه‌. له‌ راستیدا پێم وانییه‌ خۆشم بزانم چۆن ده‌توانم سوود له‌ شێوازی نووسینی وه‌ربگرم، به‌هه‌ربار به‌رهه‌مه‌كانی به‌لامه‌وه‌ ئیلهام به‌خشن. ده‌مخه‌نه‌ ناو جیهانێكی كامڵ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه‌ و پاش خوێندنه‌وه‌یان هه‌ست ده‌كه‌م مێشكم به‌ باشی ئارام بۆته‌وه‌. له‌ناو چیرۆكی رۆمانه‌كانیدا هاوسه‌نگییه‌ك له‌ نێوان رووداوی ئینسانی و جیهانی ده‌وروبه‌ردا هه‌یه‌ و ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی تۆم هاردی دا به‌جوانی ده‌بینرێ. خاڵی دوای ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ حه‌زده‌كه‌م له‌و كتێبانه‌وه‌ شتی جیاواز فێربم: بۆ نموونه‌ سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌ڵگای كشتوكاڵیی و كێڵگه‌. ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه‌ هه‌تا پیرتر ده‌بم به‌لامه‌وه‌ سه‌رنجڕاكێشتر ده‌بێت. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ خاك و زه‌وی و ئه‌وه‌ی مرۆڤ چۆن ره‌گ و ریشه‌ داده‌كوتێ. بێگومان زۆربه‌ی بیرۆكه‌كانی من به‌هۆی خوێندنه‌وه‌ی كتێبی نووسه‌رانی تره‌وه‌ دروستبوون.
*له‌ نووسه‌رانی هاوچه‌رخ كێت خۆش ده‌وێ؟
-ویلیام تریڤۆر و ئه‌لیس مۆنرۆ-م خوێندۆته‌وه‌ و خۆشم ده‌وێن.
*یه‌كێك له‌ ره‌خنه‌گران هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بۆ كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی وه‌رگێڕی ئازاره‌كان كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی شێوازی داڕشتنی تۆ له‌خۆوه‌یه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك زۆر له‌خۆكردنی تیا نییه‌. تۆ قسه‌كه‌ی به‌ راست ده‌زانیت؟
-من حه‌زده‌كه‌م ساده‌ بنووسم. به‌لامه‌وه‌ ساده‌یی له‌ نووسیندا سه‌رنجڕاكێشه‌. ئێمه‌ یه‌ك فۆرم و یه‌ك ناوه‌ڕۆكمان هه‌یه‌. من هیچ كاتێ به‌ ته‌نیا بایه‌خم به‌ فۆرم نه‌داوه‌. من و مێرده‌كه‌م هه‌ركاتێ ده‌چین بۆ شت كڕین تووشی ئه‌م كێشه‌یه ده‌بین. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر كورسی بكڕین ئه‌و وا سه‌یری كورسییه‌كه‌ ده‌كات كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت دروستكرابێت و جیاواز و جوان بێت. به‌ڵام من هیچ كاتێ ناچم به‌لای كورسییه‌كدا كه‌ دانیشتن له‌سه‌ری ئیسراحه‌ت نه‌بێت. به‌لای منه‌وه‌ مه‌رجی یه‌كه‌م ره‌وانییه‌. من نامه‌وێ نووسینه‌كه‌م ته‌نیا جوان بێت. ئه‌گه‌ر تۆ به‌رهه‌مه‌كانی نابۆكۆف بخوێنیته‌وه‌، كه‌ من عاشقیم، هه‌م زمانێكی جوانی هه‌یه‌ و هه‌م سه‌ركه‌وتووه‌ له‌ خوڵقاندنی ده‌قه‌كه‌یدا. واته‌ پێكه‌وه‌ گونجاندنی شێوه‌ و ناوه‌ڕۆك. ته‌نانه‌ت له‌ كاره‌كانی داهاتوومدا بڕیارم داوه‌ ساده‌تر بنووسم. له‌ كاتی پیاچوونه‌وه‌دا هه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌شێ هه‌موو هه‌وڵی خۆم ده‌خه‌مه‌گه‌ڕ  بۆ ئه‌وه‌ی نووسینه‌كانم ساده‌تر بكه‌مه‌وه‌.
*حه‌ز به‌ نووسینی رۆمانێكی گه‌وره‌ ناكه‌ی؟
-پێم وانییه‌ من له‌و نووسه‌رانه‌ بم كه‌ به‌ گه‌رم و گوڕییه‌وه‌ و به‌خێرایی و به‌رده‌وام ده‌نووسن. بڕیار نییه‌ نووسینه‌كانی من له‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ فراوانتر بن، به‌ڵام ده‌بێ باشتر پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ست بن. ئه‌گه‌ر من له‌ جیاتی رۆمانێكی گه‌وره‌، رۆمانی زیاتر بنووسم، به‌ڕای من ساده‌تر و كاریگه‌رتر ده‌بێ و ده‌توانم له‌گه‌ڵ خوێنه‌ره‌كانمدا په‌یوه‌ندییه‌كی زیاتر دروست بكه‌م.
*هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م شێوازی بیركردنه‌وه‌یه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ سه‌باره‌ت به‌ داڕشتن و شێوازی نووسینت وتت گونجاوه‌.
– پێم وایه‌، وایه‌، حه‌زم له‌ زیاده‌ڕه‌وی نییه‌. ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ ده‌قێك گه‌وره‌ بێت، بێگومان ئه‌و شته‌ی ده‌بێته‌ هۆی گه‌وره‌یی ده‌قه‌كه‌ میانڕه‌وییه‌.
سه‌رچاوه‌: persianpersia.com
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دواین ئه‌فسانه‌ی دونیا

فاروق هومه‌ر رۆژێك لای هاوڕێیه‌كم ئاره‌زوویه‌كی دێرینی خۆمم دركاند، ئه‌و ...