سەرەکی » وتار » مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌ » كاكه‌ دكتۆر .. هه‌زار حه‌یف!

كاكه‌ دكتۆر .. هه‌زار حه‌یف!

له‌ سه‌ردانێكما بۆ ئه‌ڵمانیا بۆ چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشی‌ ڕۆژێك به‌ڕێز مه‌تین ئه‌نجیسۆ لێپرسراوی‌ ئه‌نیستیتۆی‌ كوردیی‌ له‌ (بۆن) بانگهێشتی‌ كردبووم بۆ نیوه‌ڕۆ خوانێك، له‌میانه‌ی‌ قسه‌كردنمانا زانیم دكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ر كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ نه‌خۆشه‌، ئێستا له‌م شاره‌دا چاره‌سه‌ر ده‌كرێ‌، به‌په‌له‌ ته‌له‌فۆنم بۆ خاتوو شه‌هلای‌ هاوسه‌ری‌ د.كه‌مال كرد ته‌له‌فونیانم ده‌زانی‌ چونكه‌ له‌وه‌و پێش زوو زوو به‌ ته‌له‌فۆن هه‌واڵپرسی‌ كاكه‌ كه‌مال بووم. ئاگادارم كرد كه‌ له‌شاری‌ بۆنم و سه‌ردانیان ده‌كه‌م.
* ئێواره‌ی‌ 11/2/2017 له‌گه‌ڵ ئامانجی‌ كوڕمدا چوینه‌ شوققه‌كه‌یان، شه‌هلا خان به‌گه‌رمی‌ پێشوازیی‌ كردین و به‌ بینینی‌ دكتۆر كه‌مال له‌و حاڵه‌ته‌یدا زۆر خه‌مبار بووم. به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ دڵخۆشی‌ كردم له‌و خه‌مه‌ خه‌سته‌مدا ئه‌وه‌بوو كه‌ دكتۆر ناسیمیه‌وه‌و ناومی‌ هێناو وتی‌: ((كاكه‌ مسته‌فای‌ خۆمانه‌)).
* ئیتر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌شدا ناوبه‌ناو له‌ڕێی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ هه‌واڵیم له‌ شه‌هلا خان و له‌ نه‌جات خانی‌ خوشكی‌ ده‌پرسی كه‌ ئه‌میشیان له‌ مانشیسته‌ره‌وه‌ مانگانه‌ ده‌چێته‌ ئه‌ڵمانیا بۆ بینینی‌ برا ئازیزه‌كه‌ی‌. ئه‌مساڵیش چوومه‌وه‌ بۆ (بۆن) بۆ سه‌ردانی‌ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی‌ جاری‌ پێشوو تێیدا فه‌حس كرابووم و چاره‌سه‌ریان بۆ نوسیبووم، ته‌له‌فۆنم له‌گه‌ڵ شه‌هلا خان كرد زۆری‌ پێ‌ خۆش بوو كه‌ وتم: لێره‌م و سه‌ردانیان ده‌كه‌م، به‌ڵام تكای‌ كرد كه‌ پێش وه‌خت ئاگاداری‌ بكه‌م، نه‌وه‌ك له‌ خه‌سته‌خانه‌ و عیلاج بن.
ئێواره‌ی‌ 1/9/2018 له‌گه‌ڵ كاك جه‌مالی‌ حاجی‌ عه‌لی‌ و وه‌ستا مه‌جید كه‌ ساڵانێكه‌ له‌ ئه‌ڵمانیایه‌و ناسیاوی‌ دكتۆره‌، هه‌روه‌ها هه‌ردی‌ برازام چووین بۆ شوققه‌كه‌یان به‌ڵام له‌ماڵ نه‌بوون. دیاره‌ هه‌ڵه‌ی‌ من بوو كه‌ ده‌بوایه‌ به‌ته‌له‌فۆن ئاگادارم بكردنایه‌، له‌وه‌ودوا زانیم كه‌ ئه‌و ئێواره‌یه‌ شه‌هلا خان به‌ گالیسكه‌ی‌ تایبه‌ت دكتۆری‌ بردوه‌ بۆ گه‌ڕان و وه‌رگرتنی‌ هه‌وای‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ژووره‌كان.
* ئێواره‌ی‌ 3/9/2018 له‌گه‌ڵ میرانی‌ كوڕه‌زامدا چووینه‌ سه‌ردانی‌، داخم ناچێ‌ ئه‌م جاره‌ هه‌رچه‌نده‌ خاتوو شه‌هلا هه‌وڵی‌ له‌گه‌ڵ دكتۆر دا به‌ڵام نه‌یناسیمه‌وه‌، به‌ڕاستی‌ زۆر خه‌فه‌تم خوارد، زۆرم پێ‌ ناخۆش بوو كه‌ دكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ری‌ گه‌وره‌ مێژوونووسی‌ كورد ئاوا له‌و حاڵه‌ته‌دا ببینم. ئیتر ئه‌مه‌ دنیایه‌و ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ چاره‌نووسی‌ مرۆڤ، لێره‌دا ده‌مه‌وێ‌ پڕ به‌دڵ سوپاسی‌ خاتوو شه‌هلا تایه‌ر حه‌یده‌ریی‌ هاوسه‌ری‌ دكتۆر كه‌مال بكه‌م و هه‌زاران جار ده‌ستخۆشی‌ لێ‌ بكه‌م بۆ ئه‌و دڵسۆزیه‌ی‌ و ئه‌و خۆڕاگری‌ و خۆبه‌خت كاریه‌ی‌ به‌رانبه‌ر به‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌، به‌ هاوڕێی‌ ژیانی‌ به‌ كاكه‌ كه‌مالی‌ زانای‌ كوردی‌ ده‌كات، به‌ڕاستی‌ ڕۆژگار ده‌ری‌ خست كه‌ نموونه‌ی‌ ژنه‌ كوردی‌ به‌وه‌فایه‌ وا پتر له‌ دوو ساڵه‌ له‌ شوققه‌یه‌كدا له‌ غه‌ریبایه‌تی‌ و به‌و شێوه‌یه‌ی‌ من بینیم خزمه‌تی‌ دكتۆر كه‌مال ده‌كات. هه‌روه‌ها سڵاوو ڕێزم بۆ خاتوو نه‌جات مه‌زهه‌ری‌ خوشكی‌ د.كه‌مال كه‌ ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ درێغی‌ نه‌كردوه‌و پێی‌ لێ‌ نه‌بڕیون، ئه‌وه‌نده‌ی‌ بۆی‌ كرابێ‌ ده‌چێته‌ ئه‌ڵمانیاو له‌ شاری‌ بۆن له‌گه‌ڵ خاتوو شه‌هلای‌ براژنیا به‌ جووته‌ ده‌كه‌ونه‌ خزمه‌تی‌ ئه‌و پیاوه‌ گه‌وره‌یه‌. ئه‌م جاره‌ش ده‌ستخۆشی‌ له‌ هه‌ردوو خانمی‌ به‌ڕێز ده‌كه‌م، شه‌هلا خان و نه‌جات خان. هیوام وایه‌ نمونه‌یان زۆر بێ‌.
له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم: چه‌ند ناخۆشه‌ د.كه‌مال له‌ كتێب دابڕێ‌ و چه‌ند سته‌مه‌ قه‌ڵه‌می‌ به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بێ‌، چه‌ند جێی‌ داخه‌ دوور بێ‌ له‌ مه‌جلیسی‌ هاوڕێیانی‌ و له‌ كتێبخانه‌ پڕ گه‌وهه‌ره‌كه‌ی‌! چی‌ بڵێم و چی‌ بكه‌م؟ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێ‌ كه‌ دێڕه‌ شیعره‌كه‌ی‌ شێخ سه‌عیدی‌ حه‌فید بڵێمه‌وه‌ كه‌ بۆ شیوه‌نی‌ شێخ مسته‌فای‌ نه‌قیبی‌ وتوه‌و هونه‌رمه‌ند ڕه‌فیق چالاك به‌ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كه‌ی‌ ده‌یوته‌وه‌: ((چی‌ بكه‌م؟ حوكمی‌ قه‌ده‌ر وای‌ كردوه‌!))

print

 93 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*