سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » رۆژنامەیەکی ئەڵمانی بە کوردی مانشیت دژی ئەردۆغان دەنووسێت

میدیای ئەڵمانیا دژی سەردانــەکەی ئـەردۆغان دەوەستنەوە

رۆژنامەیەکی ئەڵمانی بە کوردی مانشیت دژی ئەردۆغان دەنووسێت

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەردانە سێ رۆژەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا، کاردانەوەی گەورەی لەناو میدیا و ناوەندە سیاسیی و رۆشنبیریی و کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا لێكەوتەوە، ئەمە یەکەمجارە میدیای ئەڵمانیا بەو شێوە توندە دژی سەردانی سەرۆکێکی تورکیا بوەستێتەوە، ئەمەش گوزارشت لە بێزاری کۆمەڵگەی ئەڵمانیا دەکات، بەرامبەر بە سیاسەتەکانی تورکیا و سەرۆکەکەی ، رۆژنامەیەکی ئەڵمنیش مانشێتی رۆژنامەکەی بە کوردی نوویسوەو دەڵێت: ئەردۆغان بەخێر نەییەیت. هەروەها بەهۆی ناڕەزایی زۆرو هۆکاری ئەمنیەوە، بەشێک لە دیدارەکانی ئەردۆغان هەڵدەوەشێتەوە، لە کاتی پێشوازی کردنیشی لە لایەن سەرۆکی ئەڵمانیا، ئەردٶغان خۆی توڕە دەکات و خەریک بوو هەموو دیدارەکە تێکبچێت، ئەمەش پاشئەوەی سەرۆکی ئەڵمانیا ، باسی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا کرد.
مانشێت بەکوردی
بۆیەکەمجار لەمێژووی رۆژنامەگەری ئەڵمانیی و جیهانیشدا، رۆژنامەیەکی بیانی مانشێت بە کوردی بنووسێت، رۆژنامەی نۆیس دۆیتچڵاند کە رۆژنامەیەکی سیاسی و چەپڕەوە، بە مانشێتی گەورە بە کرمانجی نووسیبویی « نە بە خیر تە ئەردۆغان» ئەمەش یەکەمجارە رۆژنامەیەکی ئەڵمانی و جیهانی مانشێت بە کوردی بنووسێت.

ئێوە بەخێر نەیەن
رۆژنامەی بیلد تسایتوونگ کە بەربڵاوترین رۆژنامەی ئەڵمانیایە، زۆر بە توندی دژی ئەم سەردانەی ئەردۆغان وەستایەوەو کۆمەڵێک راپۆرتی لە دژی سەردانەکە نووسی. لە مانشێتێکی گەورەدا نووسی بووی: ئێوە لێرە مایەی بەخێرهاتن نین. هەروەها لە راپۆرتێکی تریدا، زۆر بە توندی دژی وتەکانی ئەردۆغان وەستایەوە، کاتێک لە دیدارەکەی لەگەڵ ڤالتەر شتیانمایەری سەرۆکی ئەڵمانیا، بەتووڕەیەوە وتی: هەزاران تیرۆریست لەئەڵمانیا بە ئازادی دەژین.
زۆرێک لە ئەڵمانەکان دژی ئەم سەردانەن
رۆژنامەی سوید دۆیتچە تسایتونگیش کە رۆژنامەیەکی گەورەی ئەڵمانیایە لە راپۆرتێکیدا باسی ئەم سەردانەی کردووەو کاردانەوە توندەکانی دەرخستووە. رۆژنامەکە دەڵێت: زۆرێک لە ئەڵمانەکان دژی ئەم سەردانە سێ رۆژەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیان بۆ ئەڵمانیا.

سەردانێکی ئاساییە
رۆژنامەی فرانکفۆرتە ئەلگەمیانە تسایتونوگیش لە راپۆرتێکیدا تیشكی خستۆتە سەر ئەم سەردانە و باسی کاردانەوە توندەکان دەکات دژی ئەردۆغان، لە هەمانکاتیشدا لێدوانێکی لە ئەندریا ناهلیسی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات وەرگرتووەو دەڵێت: ئەم سەردانە کارێکی ئاساییە چونکە ئێمە پێشوازی لەو کەسانە دەکەین کە حکومی تورکیا دەکەن.

کۆنگرەی رۆژنامەوانییەکە کێشە‌ی تێکەوت
لەمیانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی نێوان ئەنجیلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، وێنەگرێک کە تیشێرتێکی لەبەرکردبوو تێیدا بە گەورەیی نووسرا بوو: ئازادی رۆژنامەگەری لە تورکیا و بە توندی دژی ئەردۆغان قسەی کرد، بەڵام یەکسەر هێزە ئەمنییەکان ئەو کەسەیان بردە دەرەوە. ئەمەش زیاتر وەکو جۆرە ناڕەزاییەکی وابوو دژی زیندانیکردن و نەهێشتنی بواری ئازادی رۆژنامەگەری لە تورکیا.

ئەوان یاسا جێبەجێدەکەن
هەرچەندە پاشتر شتێفان زایبرت وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا لە تویتێکدیدا لەسەر واڵەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی تویتەر رایگەیاند: ئێمە لە دیوانی راوێژکاری هەمان یاسا جێبەجێدەکەین کە لە پەرلەمان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە نابێت لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکاندا، هیچ جۆرە خۆپێشاندانێک یان ناڕەزایی سیاسی دەرببڕێت.

دیدارەکانی تێکدەچن
لەل ایەکی ترەوە بەهۆی هەڕەشە‌ی ئەمنیی و ناڕەزایی زۆری خەڵکییەوە زۆرێک لە دیدارەکانی ئەردۆغان تێكچوو، بۆنموونە واب ڕیاربوو لەگەڵ ئارمین لاشیت سەرۆکی ولایەتی نۆرد راین ڤێستڤاڵن لە قەڵای « ڤان» کۆبێتەوە، بەڵام خاوەنی ئەو شوێنە رازای نەبوو پێشوازی لە ئەردۆغان بکات، ئەوەش بەهۆی سیاسەتەکانییەوە. هەروەها وابڕیار بوو ئەردۆغان کاتێک سەردانی مزگەوتە گەورەکەی کۆڵن بکات، نزیکەی 20 دەقیقیە قسە بکات، ئەمەش بە هۆی هەڕەشەی ئەمنیی و نارەزاییەوە هەڵوەشایەوە.

خۆپیشاندان لە هەموو شارەکان
جێگەی ئاماژەیە لە زۆربەی شارە گەورەکانی ئەڵمانیا دژی ئەم سەردانەی ئەردۆغان خۆپیشاندان رێکخرا، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەمجارە هەر بە تەنها کورد نەبوون، بەڵکە تورک و ئەڵمانیش بەشداربوون.
دەرئەنجام
من زۆر سەردانی سەرۆک و سەرۆک حکومەتی تورکیام بۆ ئەڵـانیا بینیوە ، ئەمە یەکەمجاریش نییە کە ئەردۆغان سەردانی ئەڵمانیا بکات، لێ ئەم سەردانەی ئەمجارەی ئەردۆغان، ناڕەزایی گەورەی لێکەوتەوەو ئەمەش خۆی لە خۆیدا گوزارشت لەو بێزارییە دەکات، کە گەلی ئەڵمانی بەرامبەر تورکیا و سەرۆکەکەی هەیەتی، دەتوانم بڵێم کوردیش دەتوانێت سوود لەم بێزارییە وەربگرێت، چونکە هەمیشە ئەڵمانیا یەکێک بووە لە دۆستە هەرە نزیکەکانی تورکیا، هەمیشەش ئەم پەیوەندییە بە زەرەر بۆ کورد گەڕاوەتەوە.
سەرچاوە :ئاژانسەکان

 39 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*