سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » لەپێناو چی و بۆ چی؟!

لەپێناو چی و بۆ چی؟!

ساڵ نیە ئەو ئیجەیە وەک نەهەنگ هەندێک پەنابەر هەڵنەلووشێ و دواتریش بەخۆیان ناگرێ و فڕێیان ئەداتە دەرەوە.
ساڵ نیە هەندێک خێزان مناڵی ورد ئەکەنە قوربانی خەونێک کە نازانن دێتەدی یا لە نیوەی ڕێگا لێی بەئاگادێن یا کە گەیشتنە دوا وێستگە تووشی بێ ئومێدی ئەبن!
لە 2005 ەوە من لەگەڵ پەنابەران کارمکردووە، کەم پەنابەری کورد هەبووە هەر لەگەڵ گەیشتنی بۆ لای ئێمە یەکسەر ئەو پرسیارەی نەکردبێ..
(ئەرێ ئەگەر بمەوێ داوای گەڕانەوە بکەم، ئەبێ لەکێ و لە کوێ و چۆن داوابکەم و خێراترین ڕێگا چیە بۆ ناردنەوەم، پێمبڵێ)؟
بێگومان ئێمە بۆمان نیە بپرسین ئەدی بۆ ئەو مناڵە وردانەتان تووشی ئەو هەموو دەردەسەری و ترس و ماندووبوونی مانەوەی جەنگڵ و ترسی ئاو و دەستی دەستی قاچاخچیە چەتەکان و پاڵەپەستۆی ئاخنینی ناو لۆری کرد ئەوە جگە لەو هەموو مەسرەفەش کە کردووتانە، بەڵام هەیانە خۆی ئەڵێ..
لە هیچم کەم نەبوو، کێشەی سیاسی و دینی و عەشایەریم نەبوو، ژیانم خۆش و مسۆگەر بوو، دوکان و خانووم فرۆشت و لەدەستی قاچاخچیمان کرد ئێستاش هەفتەیەکە گەیشتووین و خەریکە دڵمان ئەتەقێ، تکایە بماننێرنەوە!
ئەزانم زۆری وائەزانێ دەرەوەی کوردستان ژیان و جیهانێکی ترە، بەهەشتێکی ئامادەکراوە بەڵام لەگەڵ گەیشتنیان لەوە تێ ئەگەن کە خەون بووە و ئیتر بەئاگادێن.
من مەبەستم نە گلەییە لە هاتنی کەس، نە ساردکردنەوەشە چونکە ئەزانم بێتاقەتی خەڵک لە دەسەڵات و سیستمی حوکمڕانی و بەشێکیشی خراپی بژێو و گوزەران ئەوا جگە لە فشاری دەروونی و سیاسیش هانیان ئەدا بۆ دەرچوون لە وڵات.
بەڵام ئەوەتا چارەنووسیشیان ئەبینین یا خۆراکی دەریان یا لێرە زوو داوای ناردنەوە ئەکەن، بەتایبەتی خێزانەکان.
رۆحی قوربانیانی رێی هەندەران شاد…

 204 جار بینراوە