سەرەکی » وەرزش » مێژوویه‌كی سه‌ره‌تایی ئێن بی ئه‌ی

مێژوویه‌كی سه‌ره‌تایی ئێن بی ئه‌ی

وه‌رزێكی نوێی خولی باسكه‌ی تیپه‌ موحته‌ریفه‌كانی ئه‌مریكا له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو 16/10/2018 -ه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌و تا رۆژی 10/4/2019 به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئه‌م خوله‌ خۆی بۆ خۆی گرنگترین و به‌هێز ترین خوله‌كانی باسكه‌یه‌ له‌جیهاندا، ناوو ناوبانگێكی زۆری هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، گرنگترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دیارترین و به‌تواناترین یاریزانانی جیهان به‌تایبه‌تیش ئه‌مریكییه‌كان یاریی تیادا ده‌كه‌ن.
چیرۆكی ده‌ستپێكردن و سه‌رتای خوله‌كه‌ له‌وه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كاتێك ساڵی 1946 خاوه‌نی هۆڵه‌كانی هۆكی سه‌رسه‌هۆڵ له‌ باكوور و خۆرهه‌ڵات و ناوه‌ند و خۆر ئاوای ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و كه‌نه‌داش رابیته‌ی باسكه‌ی ئه‌مریكایان دامه‌زراند.
رۆژی 1/11 ی هه‌مان ساڵیش شاری تۆرینتۆی كه‌نه‌دیش یه‌كه‌مین یاریی له‌مێژووی خولی باسكه‌ی ئه‌مریكای له‌ ئامێز گرت، یارییه‌كه‌ش له‌ نێوان تیپی خاوه‌ن هۆڵ و جه‌ماوه‌ر (تۆرینتۆ هۆسكیس) و (نیو یۆرك نیكه‌ر به‌یكه‌رز) دا له‌ مابل لیف كرا.
یه‌كه‌م دوو خاڵی یارییه‌كه‌ش ئۆسی شیتمانی یاریزانی ئه‌مریكی تۆماریكرد و به‌ناوی ئه‌مه‌وه‌ نووسرا، ئه‌وكاته‌ش خوله‌كه‌ ناوی (بی بی ئه‌ی) بوو دواتر ناوه‌كه‌ی گۆڕدرا بۆ (ئێن بی ئه‌ی).
وه‌رزی 1947-1948، وه‌رزێكی تایبه‌تی ئه‌م خوله‌ بوو به‌وه‌ی یارزیانانی غه‌یری ئه‌مریك به‌شداریی خوله‌كه‌ بكه‌ن، یه‌كه‌م یاریزان واترۆ میساكا كه‌ ژاپۆنییه‌كی ئه‌مریكی بوو بۆ تیپی نیو یۆرك نیكس یاریی كرد، دووه‌م یاریزان هارۆڵد هانته‌ر بوو كه‌ ئه‌فریقییه‌كی ئه‌مریكی بوو كاتێك ساڵی 1950 بۆندی له‌گه‌ڵ تیپی واشنگتۆن كاپیتۆڵس مۆركرد.
به‌تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌م خوله‌دا، تیپی بۆستۆن سێڵتیكس له‌كۆتایی ساڵانی په‌نجاكاندا كۆنترۆڵی ئه‌م خوله‌ی كرد به‌وه‌ی زۆرترین نازناوی پاڵه‌وانی برده‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ چه‌ندین یاریزانی به‌تواناو لێهاتوو له‌ڕیزه‌كاندیدا یارییان ده‌كرد له‌نموونه‌ی(بۆب كوزی و بیل رۆسێل).
هه‌ر ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ركابه‌رییه‌كه‌ی بۆستۆن له‌لایه‌ن تیپی وریه‌رزه‌وه‌ بوو، ئه‌م تیپه‌ش چه‌ندین یاریزانی ئه‌فسانه‌یی وه‌ك ویڵت چامبه‌رلین یاریی بۆ ده‌كرد كه‌ ئه‌م خاوه‌نی ریكۆردی تۆماركردنی 100 خاڵ بووه‌ له‌ یه‌ك یاریدا.
ساڵی 1967 ئه‌م خوله‌ گرنگه‌ رووبه‌ڕوی مه‌ترسی بووه‌وه‌ به‌وه‌ی كاتێك رابیته‌ی باسكه‌ی ئه‌مریكا (ئه‌ی بی ئه‌ی) دامه‌زرا، به‌ڵام (ئێن بی ئه‌ی) سودی زۆری له‌وه‌بینی كه‌ دیارترین ئه‌ستێره‌ كه‌ كه‌ریم عه‌بدولجه‌بار بوو یاریی بۆ ئه‌م خوله‌ده‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی وه‌ك ریكی باری چوونه‌ خولی به‌رامبه‌ر.
(ئه‌ی بی ئه‌ی) ساڵانی حه‌فتاكان توانی بۆند له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی وه‌ك یۆلیۆس ئارفینگ مۆر بكات، هه‌روه‌ها خولی ئه‌مریكیش گه‌شه‌یه‌كی زۆری كرد، بۆیه‌ ساڵی 1976 هه‌ردوولا رێككه‌وتنێكیان مۆركردو (ئه‌ی بی ئه‌ی) تێكه‌ڵاوی (ئێن بی ئه‌ی) بوو به‌وه‌ش تیپه‌ به‌شداره‌كانی خوله‌كه‌ بوون به‌ 22 تیپ.
ئیتر ساڵانی هه‌شتاكان (ئه‌ی بی ئه‌ی) بوو به‌و خوله‌ی كه‌ ئێستا ئه‌م ناوو ناوبانگه‌ی هه‌بێت، هه‌ر ئه‌و ساڵانه‌ زۆربه‌ی ئه‌ستێره‌ ناوداره‌كانی جیهانیش له‌م خوله‌ كۆبوونه‌وه‌، تیپه‌كان زۆر به‌هێزبوون، ئه‌وساڵانه‌ ململانێی بردنه‌وه‌ی نازناوی كه‌وته‌ نێوان دوو تیپ، یه‌كه‌میان لۆس ئه‌نجلس له‌یكه‌رز بوو كه‌ساڵانی 1980 و 1982 و 1985 و 1987 و 1988 بووبه‌پاڵه‌وانی خوله‌كه‌، دووه‌میشیان بۆستۆن سێڵتیكس بوو كه‌ ساڵانی 1981 و 1984 و 1989 پاڵه‌وانی خوله‌كه‌ بووه‌و دوو خوله‌كه‌ی تریش بۆ فلادلفیاو دیترۆیت پستۆنس بووه‌.
ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانیش هه‌ردوو تیپی ناوبراو ئه‌و ره‌ونه‌ق و ناوبانگه‌ی جارانیان نه‌ما، هه‌ردووكیان له‌به‌رامبه‌ر شیكاگۆ بۆڵز چۆكیان دادا به‌وه‌ی ئه‌م تیپه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی وه‌ك مایكڵ جۆردان یاریی بۆ ده‌كردن و ئه‌م تیپه‌ كه‌ ئارمه‌كه‌ی سه‌ری گایه‌كه‌، شه‌ش جار نازناوی پاڵه‌وانی بردۆته‌وه‌، دوانی تریشیان بۆ هیوستن رۆكێتس و سان ئه‌نتۆنیۆ سپێرز و دیترۆیت پستۆنزیش هه‌ریه‌كه‌و جامی پاڵه‌وانێكیان به‌رز كرده‌وه‌.
له‌سه‌ره‌تای ساڵانی -2000 یشه‌وه‌ لۆس ئه‌نجلس له‌یكه‌رز باڵاده‌ستی خۆی به‌سه‌ر ئه‌م خوله‌دا سه‌پاندو زۆرترین نازناوی برده‌وه‌و ئه‌م باڵا ده‌ستییه‌ش تائێستا به‌رده‌وامه‌، ئه‌م سه‌روه‌رییه‌ی له‌یكه‌رز بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌فسانه‌كانی وه‌ك كوبی بریانت و ستیڤ ناش و دیریك فیشه‌ر و چه‌ندانی تر له‌م تیپه‌دا یارییان كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌م تیپه‌ له‌ سه‌رتای 2000 -ه‌كانه‌وه‌ تا كۆتایی 2010 پێنج نازناوی بردۆته‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ریدا میامی هیت 3 نازناوی برده‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ شاكیل ئۆنێل و دواتریش لیبرۆن جه‌یمس یارییان بۆ ده‌كرد.
هه‌رچی ئه‌م ساڵانه‌ی دواییه‌ و له‌دوای ساڵی 2010-ه‌وه‌ ركابه‌رییه‌كان له‌نێوان كلیڤلاند كافالیێرز و گۆڵدن سته‌یت وریه‌رزدا بووه، ئه‌می دواییان 2015 و 2017 و 2018 بووبه‌پاڵه‌وان و ساڵی 2016-ه‌ش كافالیێرز نازناوی پاڵه‌وانی بردۆته‌وه‌.
به‌درێژایی مێژووی هه‌ردوو خوله‌كه‌ (ئه‌ی بی ئه‌ی) و (ئێن بی ئه‌ی) جگه‌له‌ بردنه‌وه‌ی نازناوی پاڵه‌وان كه‌ ساڵانه‌ گرنگی زۆری هه‌یه‌، له‌و گرنگتر گۆڵكه‌رانی خوله‌كان.
له‌م رووه‌شه‌وه‌ كه‌ریم عه‌بدولجه‌بار له‌لووتكه‌دایه‌و به‌تۆماركردنی 37387 خاڵ له‌پله‌ی یه‌كه‌مدایه‌، كارڵ مالۆنی دووه‌مه‌ كه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی تیپی یۆتا جاز بووه‌و توانیویه‌تی 36938 خاڵ تۆمار بكات.
یاریزانه‌كانی تریش یه‌ك له‌دوای یه‌ك ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
-3كوبی بریانت (33643 خاڵ).
-4مایكڵ جۆردان (32292 خاڵ).
-5ویڵت چامپه‌رلین (31419 خاڵ).
-6دیریك نۆڤتسكی (31187 خاڵ).
-7لیبرۆن جه‌یمس (31038 خاڵ).

 32 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*