سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » بۆ یەکەمجار نەتانیاهۆ سەردانی سەڵتەنەی عومان دەکات

بۆ یەکەمجار نەتانیاهۆ سەردانی سەڵتەنەی عومان دەکات

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، رۆژی هەینی 26.10.2018 تەلەفزیۆنی فەرمی عومانی، وێنەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سوڵتان قابوس بن سەلمان سوڵتانی عومانی بڵاوکردەوە، ئەمەش رووداوێکی چاوەڕواننەکراو بوو لەناو میدییای عەرەبی و جیهانیدا دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتەوە. میدیاکانیش باس لە پەیوەندی کۆنتر و سەفقەی ژێربەژێر هەردوولا دەکەن.

بەرژەوەندی هاوبەش
مەکتەبی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیانێکدا باسی لە سەردانی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ عومان و کۆبونەوەی لەگەڵ سوڵتان قابوس کرد و راشیگەیاند: نەتانیاهۆ لەگەڵ سوڵتان قابوس کۆبۆوەو باسی پرۆسەی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناڤین کراوەو چۆنێتی کارکردنیش بۆ بەرەو پێشچوونی دانوستانەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلیەکان کراوە. لە درێژەی بەیانەکشدا هاتووە: باسی کۆمەڵێک مەسەلەی تر کراوە، کە بە لای هەردوولاوە گرنگ و پڕ بایەخن و خزمەتی بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا دەکات. دەشڵێت: ئەم سەردانەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی هەردوو وڵاتە بە تایبەتی لە رووی ئەمنی و ئابووریی و تەکنەلۆژییەوە.

بە بانگهێشتی فەرمی سەردانی کردوون
لە لایەکی ترەوە میدیای ئیسرائیلیی و عومانیش رایانگەیاند: ئەم سەردانەی نەتانیاهۆ بە بانگهێشتی فەرمی سوڵتان قابوس بن سەلمان بووە، کە پێش ماوەیەک بۆی ناردووە.

شاندێکی گەورەی حکومی بووە
جگە لە نەتانیاهۆ و ژنەکەی، شاندێکی گەورەی حکومەتی ئیسرائیلی بەشداربوون کە پێکهاتوو لە : یوسی کۆهین سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی « موساد» مائیر بن شبات سەرۆکی دەزگای ئەمنی نیشتمانی و راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی بۆ کاروباری ئەمنی نیشتمانی، یواف هوروفیتس سەرۆکی دیوانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.

یەکەم سەردانە
جێگەی ئاماژەیە ئەمە یەکەمین سەردانی بنیامین نەتانیاهۆ و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیشە، بۆ سەڵتەنی عومان. هەربۆیە زۆرێک لە میدیا و ناوەندە سیاسییەکان بە هەنگاوێکی مێژوویی و گرنگ باس دەکەن.

پەیوەندیی ژێر بە ژێر
ئەم سەردانەی نەتانیاهۆ بۆ عومان بۆتە مایەی گرنگی پێدانی میدیای عەرەبی و جیهانیش، زۆرێک لە میدیا عەرەبییەکانیش باس لەوە دەکەن، پەیوەندی نێوان عومان و ئیسرائیل زۆر کۆنە و ژێربەژێرە، بەڵام پێشتر بە هیچ شێوەیەک باسی لێوە نەکراوە، هەربۆیە ئەم سەردانە شتێکی ئاسایی نییە و بگرە دەرئەنجامی پەیوەندییەکی مێژووییە. هەندێکی تریش باس لە سەفقەی ژێر بە ژێری هەردوولا دەکەن.

سەرچاوە:ئاژانسەکان

 109 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*