ئه‌مه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێنینه‌وه دیمانه‌یه‌كی دوور و درێژی ئه‌دیب نادره به‌هاوكاری سه‌باح ره‌نجده‌ر له‌گه‌ڵ چیرۆكنووس و رۆماننووس و شێوه‌كار عه‌بدوڵڵا سه‌راج كه زیاتر له نیوه سه‌ده‌یه له‌گه‌ڵ چیرۆك و رۆمان و شێوه‌كاریدا ده‌ژی و شێوازی تایبه‌تی خۆی هه‌یه بۆ هه‌ریه‌ك له‌و سێ بواره و له رێی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانه‌وه باسی هه‌رسێ بواره‌كه ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی نووسینی و یادگارییه‌كانی ئه‌و سێ بواره‌ش به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه.
ئاماده‌كردنی: ئه‌دیب نادر
به‌شی یه‌كه‌م
له پاڵ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و فه‌همی كاكه‌ییدا عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی كه به‌گرنگییه‌كی زۆره‌وه له نه‌وه‌كه‌ی ئێمه‌ی ده‌ڕوانی، به شێوه‌یه‌كی سروشتی له‌گه‌ڵیدا پیاسه‌مان ده‌كرد، له چایخانه داده‌نیشتین، كاتێكی فره پێكه‌وه باس و خواسی خوێندنه‌وه و داهێنانمان ده‌كرد، ئه‌و له پێكهاته‌ی نه‌وه‌كه‌ی پاش خۆی رۆڵێكی پڕبایه‌خی بینیووه و هه‌میشه یه‌كێك بووه له‌و چیرۆكنووسه دانسقانه‌ی نێو ڕه‌وتی چیرۆكی مۆدێرن و هاوچه‌رخی ئێمه كه شێواز و تایبه‌تمه‌ندێتی جیای نووسینی خۆی هه‌بووه و یه‌كێكیش بووه له‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌نی فه‌زایه‌كی مه‌عریفی و رۆشنبیرییه‌كی په‌لوپۆ هاوێژ و ئینسایكلۆپیدی بووه و ئیشێكی بێڕاده‌ی له پرۆسه‌ی تیۆراندن بۆ هونه‌ری چیرۆك و رۆمان و هونه‌ری شێوه‌كاریش كردووه و خه‌ریكی زاراوه‌سازی بووه و جگه‌له‌وه هه‌ر كاتێكیشی بۆی ره‌خسابێت ئه‌وا زارهكییانهیش له‌گه‌ڵ هه‌وادارانیدا تێهه‌ڵچووه و له كایه‌كانی ئه‌ده‌ب و ته‌كنیكه‌كانی نووسین و دنیابینیی چیرۆكنووسینی خۆی دواوه و داهێنانه‌كانیشی به‌رهه‌می نه‌وه‌ی پاش خۆی ڕهنگڕێژكردووه و به‌رهه‌ستانه له فه‌زای چیرۆكی ئه‌م سه‌روبه‌نده‌دا ئاماده‌ییان هه‌یه. سه‌ڕاج پتر له نیوسه‌ده سه‌روكاری له‌گه‌ڵ هونه‌ری كورته‌چیرۆكدا هه‌بووه و مامه‌ڵه‌ی له ته‌ك هه‌موو جۆره ته‌كنیكه‌كانی ئه‌م ژانره‌دا هه‌بووه و زۆرجار كردوونی به كاراكته‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌فراندنه‌كانی و هێنده لێیان قووڵبۆته‌وه و شاره‌زایی لێیان په‌یدا كردووه، زاتی ئه‌وه ده‌كه‌ین بڵێین هه‌ندێك چیرۆكی خۆی هه‌ر ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه نووسیووه هه‌تا بیانكات به رووبه‌رێك بۆ پراكتیزه‌كردنی ته‌كنیكه‌كانی گێڕانه‌وه و پشتگوێخستنی ئه‌وه‌ی چیرۆك خۆی ته‌كنیكه تایبه‌تمه‌نده‌كانی خۆی له ژیانه‌وه هه‌ڵده‌بژێرێت و حهوهجه و پێداویستیی به كام یه‌ك له‌و تهكنیكانه بێت له‌گه‌ڵ خۆیدا په‌لكێشیان ده‌كات و پراكتیزه‌یان ده‌كات و ده‌یانكاته به‌شێك له جه‌سته‌ی هونه‌ری گێڕانه‌وه، نه‌ك ئه‌و ببێته به‌شێك له جه‌سته‌ی ئه‌وان! سیما دیاره‌كانی ئه‌ده‌به‌كه‌ی هێما، خوازه، ده‌مامك، مۆنتاجی سینه‌مایی، تێكشكاندنی كات و..جگه له‌وه، ئه‌و زمانه‌یش كه هه‌ر هیچ نه‌بێ ناسنامه ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی پێ به‌رجه‌سته‌تره و زۆرجار به میتازهمان ناوزه‌دی ده‌كات، ته‌قریبه‌ن له زمانی هه‌موو كه‌سێك تایبه‌تمه‌ندتر و تاكمهندتره و كه‌سیش به‌قه‌ده‌ر ئه‌و زمانه‌كه‌ی له فه‌رهه‌نگی زمانه گشتییه‌كه‌مان جودا نابێته‌وه و شه‌قڵ به پێكهاته‌یه‌كی زمانیی تاكڕه‌وانه نادات. چیرۆكه‌كانی عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج جیهانێك ده‌خوڵقێنن هاوكات هه‌م ریالیزمییه و هه‌م فهنتازییشه و سه‌رساممان ده‌كات و په‌یامی ئینسانییانه‌یان لێوه‌رده‌گرین. باكگراوندی راسته‌قینه‌ی كاراكتهرهكانیشی خودی ژیان خۆین. ئه‌و جورئه‌ت و بوێرییه بێهاوتایه‌ی كه له سه‌رده‌مێكدا ئه‌و بابه‌ته گه‌ورانه‌ی موتوربه‌ی ده‌ق ده‌كرد له‌لای كه‌م نووسه‌ر هه‌بوون، كێ به‌ر له‌و پاكتاوی نه‌ژادیی و ته‌عریبكردنی كه‌ركوكی كردووه به ده‌ق و ده‌می له پرسه نه‌ته‌وه‌ییه چارهنووسسازهكانهوه داوه؟ ئه‌م قه‌ڵه‌مه بێگومان جگه له خوێنی پاكیزه و بێگه‌ردی پێشمه‌رگه‌یه‌ك چی ته‌ڕ و پاراوی كردووه و ژیانی پێبه‌خشیووه تاكو ئه‌و سهبجێكتانه له تانوپۆی تێكسته‌كانیدا داڵده بدات! له‌م دیمانه‌یه‌شدا، كه له ماڵی دكتۆر كارای كوڕی مامۆستا عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج، له گوندی ئه‌ڵمانی هه‌ولێر، به ئاماده‌بوونی هاوڕێی شاعیر سه‌باح ره‌نجده‌ر كه- بێگومان به هاوبه‌شییه‌كه‌ی دیمانه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد- له رۆژی 5ی حوزه‌یرانی 2013دا سازدراوه، وه‌ڵامدانه‌وه‌كانی مامۆستا سه‌ڕاجیش به‌ڕاستی گوزارشتێكی راسته‌قینه و كاڵا به‌قه‌د باڵای ئه‌و خه‌ریكبوونه جیددییه‌ی ئه‌وه به نووسینی چیرۆك و هه‌وڵدان بۆ به‌رفراوانتركردنی ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌و هونه‌ره‌ی، كه له‌ڕاستیدا بایه‌خ و به‌هاكانی به هیچ كلۆجێك له بایه‌خ و به‌هاكانی رۆمان كه‌متر نییه.
ئه‌دیب نادر: عه‌بدولڕه‌حمان مونیف ده‌ڵێت: كورته‌چیرۆك ره‌گه‌زێكی ئۆرگانیكییه له بونیادی رۆمان‌دا، ئه‌ی ئیتر بۆچی ته‌ركیز هه‌ر له سه‌ر رۆمانه و كورته‌چیرۆك كه‌متر جێی بایه‌خی نووسه‌ره‌كانه، به خۆماڵی و بیانیشه‌وه؟
عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج: به‌ڵی، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه، هه‌ندێ كه‌س، به تایبه‌تی یه‌كه‌م رۆمانم كه ده‌رچوو- هه‌ڵكشان به‌ره‌و لووتكه- ره‌خنه‌یان لێگرت، كه پێكهاتووه له چیرۆكی كورت و چیرۆكی كورتن و لێكم داونه‌ته‌وه، بۆ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێكیانم، فیعله‌ن خۆی هه‌ر بۆ رۆمان نووسیووه، ههندێكیانیشم هه‌ر به جیاجیا بڵاوكردۆته‌وه، ئه‌وجا، راسته هه‌یه، له هه‌موو رۆمانه‌كانمدا ده‌توانم چیرۆكی كورت جیا بكه‌مه‌وه، ره‌خنه‌گرێكی ئه‌وروپیش ده‌ڵێت باشترین رۆمان ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه پێكهاتبێ له لێكدانی ده‌یان چیرۆك، یان تێهه‌ڵكێشی هونه‌رییانه‌ی كورتهچیرۆكهكان و هه‌ره شۆرت شۆرت ستۆرییهكان، یانی چیرۆكه هه‌ره هه‌ره كورته‌كان بێ، به‌ڵام هه‌ر یه‌كه ئامانجی جیایه، رۆمان ئامانجی جیایه و كورته‌چیرۆكیش لێره ئامانجی جیایه، هه‌ر یه‌كه‌یان به جۆرێك شت ده‌بینێ.
ئه‌دیب نادر: راسته. به‌ڵام بۆچی به شێوه‌یه‌كی گشتی لێره‌ش و له ئه‌وروپایش، بۆ نموونه، سه‌یر ده‌كه‌ی زیاتر ته‌ركیز ده‌خرێته سه‌ر رۆمان و رۆمان زیاتر ده‌بێته جێی بایه‌خی نووسه‌ران؟
عه‌بدڵڵا سه‌ڕاج: ئه‌وه وابزانم قسه‌یه‌كی دكتۆر جابر عهسفووره ده‌ڵی – الروایه دیوان العرب- وه‌ك چۆن جاران ده‌یانوت شیعر دیوانی عه‌ره‌به، فیعله‌ن، ئێستا رۆمان بۆته سه‌نگی مه‌حه‌كی ئه‌دیب، كه رۆمانی نووسی ده‌ڵێن موعجهبن پێی، بۆ؟ چونكه سه‌رده‌مه‌كه ئاڵۆزه و سه‌رده‌مه‌كه ته‌كنۆلۆجیای پێشكه‌وتووه و پێویستی به رۆمان هه‌یه. به‌ڵام رۆمانگه‌لێك، نه‌ك رۆمانگهله رۆمانسییه قه‌دیمه‌كان.
ئه‌دیب نادر: مه‌به‌ستت رۆمانه كۆنه‌كانی زه‌مانی فروسییهته؟
عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج: مه‌به‌ستم رۆمانه‌كانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده و هه‌ژده و نۆزده و ته‌نانه‌ت سه‌ده‌ی بیستیشه كه ئێستا كۆن بوون. ده‌توانم ئاماژه به عه‌ره‌به‌كان بكه‌م، بۆ نموونە نه‌جیب مه‌حفووز، عه‌بدولڕه‌حمان مونیف، چونكه لای ئێمه هێشتا رۆمان ته‌مه‌نی كورته.
ئه‌دیب نادر: به‌رای تۆ ئه‌مانه بوونه‌ته كلاسیك؟
عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج: به‌ڵێ، ئه‌مانه هه‌موو بوونه‌ته كلاسیكی رۆمان، ئێستا خوێنه‌ری نوێ بۆی ناخوێنرێنه‌وه، ئێستا ئیدی سینه‌ماكاران سوود له به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌رده‌گرن وه‌كو مێژووی ئه‌ده‌ب.
ئه‌دیب نادر: ره‌نگه من عه‌بدولڕه‌حمان مونیف هێشتا به كلاسیك نه‌زانم، چونكه بۆ نموونه یوسف ئهلسهباعی و…
عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج: ئه‌وان جیان، ئه‌وانه هونه‌ریین به‌ڵام سیاسین. ئه‌و هونه‌ری تره له یوسف ئهلسهباعی و حیلمی موراد و نازانم كێ و كێ و ئه‌وانه و زۆری كه‌یش هه‌یه، له مێژووی میسر و سوریا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بڵێێ هونه‌ریی و باشبن و ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وتووه، عه‌بدولڕه‌حمان مونیف و نه‌جیب مهحفووزه و بێجگه له..
ئه‌دیب نادر: ته‌یب ساڵح و ئه‌وانی تر.
عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج: نه‌وه‌ی تازه‌یش هه‌یه ئیبراهیم ئه‌سڵان و نازانم كێ …
ئه‌دیب نادر: حه‌یده‌ر حه‌یده‌ر و…
عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج: یوسف ئهلقهعید و ئه‌مانه و له لیبییهكانیش په‌یدابوون و به‌تایبه‌تیش رۆمان و چیرۆكی باشیش كه‌وته مه‌غریب.
ئه‌دیب نادر: ئه‌وه‌ی كورته چیرۆكه‌كانت بخوێنێته‌وه به‌تایبه‌تی یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكت- لاكێشه رووناكه‌كان- هه‌ستده‌كات شێوه‌یه‌كی فۆتۆگرافیانه به‌سه‌ر شێوازی نووسینی چیرۆكه‌كانتدا زاڵه، یانی له‌پای چی، بۆچی شێوه‌یه‌كی فۆتۆگرافییانه زاڵه، ئایا ده‌ته‌وێ به شێوه‌یه‌كی فۆتۆگرافییانه ژیانمان پیشانبدهیت یان چی؟
عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج: ده‌توانم ئه‌مه به‌مشێوه‌یه وه‌ڵام بده‌مه‌وه، یه‌ك، چونكه ره‌گه‌زی ده‌ربڕین خۆی وێناندهره، وێنه‌یه. دوویش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆم له هونه‌ری شێوه‌كارییدا ئه‌وه‌م، هه‌وڵده‌ده‌م وێنه دروست بكه‌م، له گۆشه‌نیگایه‌كی ژێر بینینه‌وه، یا له سه‌رووی بینینه‌وه، یان شتێك‌دا ئه‌وانه هه‌ست به‌وه ده‌كه‌یت كه وێنه‌ی تیایه، به‌ڵام هه‌ستیش ده‌كه‌یت لێچوواندنهكانم دایمه هه‌وڵم داوه نائاسایی بن، باو نه‌بن. زۆر كه‌س تێبینییان كردووه، زۆر كه‌س ره‌خنه‌شیان لێگرتووه، به‌تایبه‌تی زاهیر رۆژبه‌یانی ئاماژه‌ی به‌وانه كردووه و ره‌خنه‌ی لێ‌گرتوون، كه‌چی- دوكتۆر نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د- له سێ به‌شی رێگای كوردستان وه‌ڵامی دایه‌وه. نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د ده‌ڵێ بۆچوونه‌كانی عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج له‌وانه‌ی تۆ هونه‌ری ترن، ئه‌وانه‌ی تۆ كلاسیكن.
ئه‌دیب نادر: من ئه‌وه‌م نه‌خوێندۆته‌وه.
عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج: به‌ڵام ته‌واوم نه‌كرد، وه‌ڵامی وێنه‌كه‌م ته‌واو نه‌كرد، ده‌ربڕین، یان داڕشتنی رسته خۆی هونه‌ری ده‌ربڕینه، یانی چیرۆك هه‌واڵده‌ریی نییه وه‌كو خه‌به‌رێك بێت، یا روداو دروست بكه‌یت، یان جێكات باس بكه‌یت، یان كه‌سایه‌تی دروست بكه‌یت، پێش هه‌موو شتێك چۆنێتیی ده‌ربڕینی ئه‌و هه‌ست و شتانه‌یه كه له‌و شته‌دا ده‌ته‌وی بیڵێیت كه چیرۆكه، یان رۆمانه، یان هه‌ر شتێكی دیكه‌یه.
ئه‌دیب نادر: راسته. ئێستا پرسیارێكی زۆر گرنگ، له كۆمه‌ڵه چیرۆكی دووهمتهوه، له(مردوو خه‌ون نابینێ) وه به شێوه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ندانه شه‌پۆلی هۆشت به‌كارهێناوه، ئایا ئه‌م ته‌كنیكه زۆر به‌شێوه‌یه‌كی ئاگایانه ده‌ربڕی ئه‌وه‌یه كه مرۆڤی ئێمه، مرۆڤی كورد به ڕاده‌یه‌كی هێنده به نسكۆی 1975 كارتێكراو بوو، كه تووشی حاڵه‌تی كه‌رتبوون و پارچه‌پارچه بوون ببوو، ئایا تۆ له سایه‌ی ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌وه كه بینیت خه‌ڵكی ئێمه دوای نسكۆ وایان لێهاتووه، ئه‌و تهكنیكهت به‌كارهێنا؟
عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج: به‌ڵی، ئه‌وه‌ی تۆ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌یت ئه‌وه كاریگه‌ریی هه‌یه، دوو خوێندنه‌وه، به‌تایبه‌تی خوێندنه‌وه‌ی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكان، زۆر ئه‌ده‌بی وجوودییم ده‌خوێنده‌وه، كامۆ و سارته‌ر و ئه‌وانی تر. ئه‌وانه هه‌موو ده‌روونی ئینسانی كهرتبوو باس ده‌كه‌ن، هه‌تا دیداری دووه‌می چیرۆكی كوردی له هه‌ولێر، كه له زانكۆ گیرا، ئه‌و براده‌رانه‌ی كه ئێستایش مه‌وجوودن، حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن و ره‌ووف حه‌سه‌ن، هه‌ستان و وتیان نماینده‌ی عه‌به‌سییه‌ت و وجوودییهت عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاجه. ئاوا به‌ئاشكرا له‌ناو خه‌ڵكه‌كه. نماینده‌ی عه‌به‌سییه‌ت نه‌بووم، په‌رتبوونی ئینسان وه‌كو ئاماژه‌ت بۆ كرد، كه ئازار هاته پێشه‌وه ئه‌و خه‌ڵكه له‌و سه‌غڵه‌تیی و گوشار و بێ ئازادییه ده‌رپه‌ڕین و به‌شێوه‌یه‌كی شێتانه و نامه‌ئلووف و بێههدهفانه ده‌ستی ئازادییان گرت. وه‌كو ئێستایش ده‌یبینین له پاش ڕاپه‌ڕینه‌وه هه‌ندێ دیموكراسی هه‌یه، به‌ڵام دیموكراسییه‌كی بێ پڕۆژه و بێ به‌رنامه‌یه، ئاوها شته‌كانی ئێمه به كتوپڕیی دروست بوون، جا وه‌كو وتت، راسته من ته‌عبیرم له‌و ئینسانه داهێزراوانه كردووه، ئه‌و ئینسانانه‌ی كه هه‌ست ده‌كه‌ن مافیان خوراوه و شكستیان هێناوه.
ئه‌دیب نادر: دوای نسكۆی 1975 و هه‌ر كه‌سێك هه‌ستی به‌وه ده‌كرد ئه‌وه شكستی تاكانه‌ی خۆیه‌تی، ئه‌و نوشووستییه گه‌وره‌یه‌ی به‌سه‌ر كورددا هات.
عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج: به‌ڵی، ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت، ئاماژه‌ت به كۆمه‌ڵه چیرۆكی- لاكێشه رووناكه‌كان- كرد، كه هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه كراوه‌ته فه‌ره‌نسیی و له‌لایه‌ن كاك محه‌مه‌د ئیسماعیله‌وه له پاریسیش بڵاوكراوه‌ته‌وه.
سه‌باح ره‌نجده‌ر: مامۆستا ئه‌و شه‌پۆلی هۆشه كه له كۆمه‌ڵه چیرۆكی دووه‌مت به‌كارت هێناوه، پێشتر ئیشارهتتدا كه شه‌سته‌كان گرنگیت به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی وجوودی داوه، ئه‌وجا ئیشكردنی كۆمه‌ڵه چیرۆكی دووه‌مت- مردوو خه‌ون نابینێ- به كاریگه‌ریی، یان به روئیای خوێندنه‌وه‌ی شه‌سته‌كانی ئه‌ده‌بی وجوودی نووسیت، یان دوای نسكۆ، كه كورد داهێزرا، به كاریگه‌ریی كامه‌یان؟
عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج: هه‌ردوو باڵه‌كه كاریگه‌ریی له سه‌رم هه‌بوو، به‌ڵام وه‌كو په‌نگاوه‌ی ئه‌ده‌بی وجوودی له‌منا، ئه‌و ئه‌ده‌به وجوودییه و ئه‌و داهێزرانهی كه له كورددا دیم، هه‌موو تێكه‌ڵ بووه.
سه‌باح ره‌نجده‌ر: باشه مامۆستا مادام ئه‌وه هه‌بوو، پێشتر له شه‌سته‌كان ئه‌ده‌بی وجوودی له ژیانتدا هه‌بوو، له كۆمه‌ڵه چیرۆكی یه‌كه‌مت ئه‌و هێڵه ده‌رنه‌كه‌وتووه، له كۆمه‌ڵه چیرۆكی دووه‌مت ده‌رده‌كه‌وێ كه ده‌كه‌وێته دوای نسكۆ، كه‌واته نسكۆی شۆڕشی كورد بۆته خاڵی ده‌ستپێك بۆ نووسینه‌كه زیاتر له‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌كه باكگراوه‌ندی هه‌بێ.
عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج: هه‌ره‌س، هه‌ره‌سی ئینسانی كورد، هه‌ر وه‌كو ههرهسهكانی سارته‌ره كه له ڕشانه‌وه دا باسی ده‌كات، ئا، به‌ڵێ ئه‌وانه هه‌یه، به‌ڵام وه‌كو ئاماژه‌م پێدا، هه‌ره‌سی كورد، نائومێدیی ئینسانی كورد، كه خه‌باتی كرد و له ئاخرا كه‌وته ده‌ست چه‌ند كه‌سێك، چه‌ند لایه‌نێك، چه‌ند حزبێكه‌وه كه نه‌یانتوانی به‌ڕێوه‌ی به‌رن، به‌ره‌و نغرۆییان برد، به‌ره‌و خهرهندیان برد. ئه‌وانه روویانداوه به‌ڵام ئاماژه به شتێكی دیكه بكه‌م، كه‌م ره‌خنه‌گر ئاماژه‌ی پێداوه، كه تۆ ده‌ڵێی كۆمه‌ڵه چیرۆكی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م، مومكینه چیرۆك هه‌بێ له كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌مدایه و هی زه‌مانی یه‌كه‌مه و یه‌كه‌می تێدایه هی زه‌مانی سێیه‌مه، به‌گوێره‌ی كاته‌كه من چاپم كرد.
114 جار بینراوە