سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » پاشەكشەی نەتەوە یەكگرتووەكان

راستییەکەی

پاشەكشەی نەتەوە یەكگرتووەكان

لە سەروبەندی جەنگی جیهانی یەكەم وڵاتانی هاوپەیمان بە تایبەت ئەمەریكا و بەریتانیا گەڵالەی پڕۆژەی رێكخراوێكی كاریگەری جیهانیان كرد، كەوا لە كۆمەڵەی گەلان كاریگەرتر بێت بۆ چارەسەری كێشە و قەیرانەكان و رێگر بێت لەبەردەم كۆمەڵێك رووداو،هەروەها سیستەمی نێودەوڵەتی رێك بخات،واتە نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر كاری رێكخستنی جیهان بێت،وڵاتانی خاوەن سەروەریش ئەندام بن تێیدا و ملكەچی بڕیارەكانی بن.
لە 25/6/1945 بە رەسمی دامەزراندنی نەتەوە یەكگرتووەكان راگەێنراو پەنجا دەوڵەت بەشدار بوون لە دامەزراندنی وڵاتانی سەركەوتوو لە جەنگی جیهانی دووەم رۆلی دیاریان هەبوو لە دامەزراندنی، ئەم رێكخراوە تاكو ئەمڕۆ كاریگەرترین رێكخراوی جیهانیە، لەسەرەتادا چەند كێشەیەكی دوای جەنگی چارەسەر كرد، هەروەها سەرپەرشتی چەندین پڕۆسەی جودابوونەوە و دامەزراندنی وڵاتانی تازەی كرد .
دوای سەرهەڵدانی شەڕی سارد لە ناوەڕاستی پەنجاكانی سەدەی رابردوو لە نێوان یەكێتی سۆڤیەت و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەم رێكخراوەش رۆڵی كز بوو هەتا رادەیەكی زۆر، چونكە زۆر لە ولاتانی دابەش بووی سەر ئەم دوو جەمسەرە جیهانیە بڕیارەكان ئەگەر لەبەرژەوەندیان نەبایە جێ بەجێیان نەدەكرد .
لە دوای هەڵوەشانەی یەكێتی سۆڤیەت ساڵی 1991 نەتەوە یەكگرتووەكان رۆڵی چالاكانەی هاتەوە بەر و كاریگەر بوو لە بڕیارەكانی سەبارەت بە دەركردنی عیراق لە خاكی كوێت و كۆتایی هێنان بە چەكی كۆمەڵكوژ لە عیراق و هەروەها چارەسەركردنی كێشەكانی وڵاتانی بەلقان و زۆر لە ولاتانی تازە جودا بۆوەی یەكێتی سۆڤیەت .هەروەها سەركەوتوو بوو لە سەرپەرشتی كردنی پڕۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی تەیموری خۆرهەڵات و باشوری سودان
لە دوای بەهێز بوونەوەی روسیا و سەرهەڵدانی چەندین كێشە و قەیرانی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەتەوە یەكگرتووەكان هەتا رادەیەكی زۆر رۆڵی لاواز بوو كەوتە پاشەكشە،چونكە دەتوانین بڵێین ئێستا دونیا هەتا رادەیەك بۆتەوە دوو جەمسەر و بڕیارەكانی نەتەوەیەكگرتوەكانیش بەشێوەیەكی هەمەلایەن و گشتگیر دەرناچن كەوا زۆرینەی وڵاتان پشتیوانی لێبكەن،یاخود زۆربەی جار دەبینین هەر لە كاتی خستنە دەنگی بڕیارەكان پاشەكشەی پێدەكرێ‌ بە بەرزكردنەوەی مافی ڤیتۆ لە لایەن وڵاتە زڵهێزەكانی ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایش .
بۆیە ئێستا زۆرینەی خەڵك نازانێ ناوی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان چیە و كێ یە،بەڵام سەردەمانێك خەڵك زۆری دەیزانی (پێرێز دوكویلار و پوترس غالی و كۆفی ئەنان و بان كیمۆن )كێ یە و چ كارەن و رووخساریان چۆنە و خەڵكی كام وڵاتن . لەزەمەنی هەریەكەیان چەندین كێشە بە ئاڕاستەی چارەسەردا بران،بەڵام لە ئێستادا نەتەوە یەكگرتووەكان و سكرتێرەكەی لە هیچ ناوچەیەكی گەرم رۆڵی دیاریان نیە و كاریگەریشیان لەسەر سیاسەتی جیهانی نییە . ئەوەندی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا و ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی روسیا رۆڵیان هەیە لە ڕەوتی رووداوەكان.

print

 83 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*