سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » پشت له ‌شار و ڕوو له‌ گوند، پشت له‌ گوند و ڕوو له‌ شار!

وته‌ی‌ ئه‌مجاره‌

پشت له ‌شار و ڕوو له‌ گوند، پشت له‌ گوند و ڕوو له‌ شار!

(6)

سه‌رده‌مانێك گونده‌كان لانكه‌ی‌ شۆڕش و بزوتنه‌وه‌ ڕزگاریخوازه‌كانی‌ گه‌لی كورد بوو. ئه‌گه‌ر گونده‌كان و هاوكاری‌ ئه‌وان نه‌بوایه‌ بۆ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و مه‌فره‌زه‌ پارتیزانه‌كان، نه‌ پێشمه‌رگه‌كان ده‌یانتوانی‌ به‌رگه‌ی‌ هێرش و په‌لاماره‌ دڕندانه‌كه‌كانی‌ به‌عس و سوپای عێراق بگرن له‌لایه‌ك ، نه‌ ده‌یانتوانی‌ به‌باشی له‌چیاكاندا به‌رگه‌ی‌ سه‌رماو گه‌رما و برسێتی بگرن له‌لایه‌كیتره‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌ڵێت «گونده‌كان به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ شۆڕشن» هه‌ڵقوڵاوی ئه‌و واقیعه‌یه‌ گه‌ر گونده‌كان نه‌بوونایه‌ ئه‌وا باڵای‌ شۆڕش گه‌وره‌ نه‌ده‌بوو وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بینیمان كه‌ چۆن شۆڕش گه‌وره‌ بوو توانی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆری وه‌ك به‌عس له‌ناو ببات. به‌مانایه‌كیتر ئه‌گه‌ر گونده‌كان به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ شۆڕش بن ئه‌وا نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خزمه‌تكردنی‌ گونده‌كان و ئاوڕ لێنه‌دانه‌وه‌یان مانای‌ له‌جێگا نه‌مان و له‌قبوونی ئه‌و به‌رده‌یه‌.
ئه‌م پێگه‌ گرنگه‌ی‌ گونده‌كان كه‌ له‌دوێنێی خه‌باتی شاخدا پێشمه‌رگه‌كان بۆ خۆپارێزی له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌عس بۆی ده‌چوون، ئه‌مڕۆ دیسان به‌رپرسه‌كانی‌ شار له‌پێناو جه‌وی خۆشی خۆیان و كاتبه‌سه‌ربردنێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ژیانی وشكی شار و پێكدادانی‌ هێز و سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان بۆی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ئه‌و كاته‌ زیادانه‌ی‌ له‌شاردا هه‌یانه‌ له‌گونده‌كاندا به‌سه‌ری‌ ده‌به‌ن.
به‌وردبوونه‌وه‌ له‌مێژووی‌ دوێنێ و ئه‌مڕۆی گونده‌كان و هاوكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ گوندنشینان، له‌هه‌ردوو سه‌رده‌مه‌كه‌دا گونده‌كان بوونه‌ته‌ مایه‌ی‌ داڵده‌دان و پاراستنی گیانی خه‌باتكاره‌كانی‌ دوێنێ كه‌ ئه‌مڕۆ دوور له‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و مێژووه‌ پیرۆزه‌ی‌ خه‌باتیان بوونه‌ته‌ بازرگان و ئه‌وه‌ی‌ چنیویانه‌ته‌وه‌ له‌خه‌باتی شاخیان دووباره‌ ده‌یبه‌نه‌وه‌ شاخ به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان بۆ خزمه‌تكردن نا به‌گونده‌كان به‌ڵكو بۆ جه‌و و كه‌یف و سه‌فای‌ خۆیان و دروستكردنی‌ باڵه‌خانه‌و بینای‌ تایبه‌ت به‌ژیانی خۆیان.
گونده‌كان كه‌ دوێنێ ده‌رگای‌ به‌ڕووی ده‌ره‌وه‌دا داخستبوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزێكی ده‌ره‌كی نه‌یه‌ت و لانكه‌ و شوێنی پێشمه‌رگه‌و مه‌فره‌زه‌ پارتیزانییه‌كان ئاشكرا بكات ، ئه‌مڕۆ ده‌رگای‌ به‌ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆیدا كردۆته‌وه‌ تاكو ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ئه‌مڕۆی كورد بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌وارگه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ كاتی‌ خه‌بات و چه‌كداری‌ و پاریتیزانی‌ و ده‌ستی هاوكاری‌ بۆ گوند و گوندنشینان درێژ بكه‌ن و پێویستییه‌ مادی‌ و مه‌عنه‌وییه‌كانی‌ گوندنشینان دابین بكه‌ن و ئه‌وه‌ی‌ له‌توانایاندا هه‌یه‌ بیبه‌خشن و وه‌فای خۆیان بۆ گوندنشینه‌كان پیشان بده‌نه‌وه‌، به‌ڵام مه‌خابن نه‌ك ئه‌م خه‌یاڵه‌ نه‌بووه‌ته‌ كردار به‌ڵكو له‌هه‌وادا ون ده‌بێت و هیچ جێگایه‌ك ناگرێت و ته‌نها وه‌ك مه‌ره‌كه‌ب و وشه‌ی‌ سه‌ر كاغه‌ز ده‌مێنێته‌وه‌ و نابێته‌ كردار.
مه‌خابن زۆرێكی خه‌باتكاره‌كانی‌ دوێنێی شاخ كه‌ پشتی كردبووه‌ شاره‌كان و ڕووی له‌گوند نابوو له‌پێناو به‌رگری له‌نیشتمانی‌ ئه‌مڕۆ به‌ته‌واوی‌ پشتی كردووه‌ته‌ گوند و ڕووی‌ كردووه‌ته‌ شاره‌كان و له‌ناو واقیعێكدا ده‌ژی كه‌ ده‌بینێت گونده‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و هوتاف و دروشمانه‌ی‌ شاخه‌ كه‌ دوێنێ له‌سه‌ختی شاخدا به‌رزیان كردبووه‌وه‌ به‌ڵام هێشتا ده‌ربه‌ستی ئه‌م په‌یامه‌ی‌ گوندنشینه‌كان نییه‌ و هیچ پرۆژه‌ و پلانێكیان بۆ هاوكاری‌ و چاككردنی‌ بارودۆخی گونده‌كان نییه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و واقیعه‌یشیان له‌بیركردووه‌ كه‌ هه‌نوكه‌ له‌گونده‌كاندا تێده‌په‌ڕێت و له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌ گونده‌كان داته‌پیون و نیشانه‌ی‌ چۆڵبوونیان پێوه‌ دیاره‌.
هه‌موو ئه‌و به‌رپرسانه‌ی‌ كورد كه‌ تاكو ساڵی 1991 له‌شاخدا مابوونه‌وه‌ و له‌گونده‌كاندا ژیانێكی ناخۆشیان به‌سه‌ر ده‌برد، هه‌موویان چانسی به‌كاریزمابوون و به‌سه‌ركرده‌بوون و به‌ڕۆحی بونیان هه‌بوو، ده‌یانتوانی‌ هه‌موویان وه‌ك كه‌سی پیرۆز و كاریزما له‌ژیانی ئێمه‌ی‌ هاوڵاتیدا بمانایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام مه‌خابن له‌دوای‌ ڕاپه‌ڕین هه‌موویان بوون به‌بازرگان و مشه‌خۆر به‌سه‌ر ئه‌م گه‌ل و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و هوتافه‌كانی‌ سه‌رده‌می شاخیان داگرته‌ خواره‌وه‌ و ونیانكرد. له‌دوای‌ ڕاپه‌ڕینیش حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات بووه‌ ماكینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ به‌رپرسی بازرگان و بێده‌ربه‌ست له‌خزمه‌تكردن و پرۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌ بۆ گونده‌كان و خزمه‌تكردنی‌ گوندنشینان. له‌م نێوانه‌یشدا گونده‌كان هه‌م له‌كاتی‌ شۆڕشدا به‌هۆی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ وێران كرا هه‌م له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردیشدا خزمه‌تنه‌كراو ئاوڕیان لێنه‌درایه‌وه‌.

print

 121 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*