سۆهه‌یلا مه‌یهه‌می-سنه
ئه‌گه‌رچی به وته‌ی (ناتالی ساروت) به‌شكردنی ئه‌ده‌بیات به ئه‌ده‌بیاتی پیاوانه و ژنانه ره‌نگه زۆر پێویست نه‌بێت، به‌ڵام روانگهیشمان هه‌یه كه ره‌گه‌زی نووسه‌ر له پێكهێنانی جیهانی تایبه‌تی ئه‌ودا گرنگه. ئه‌ده‌بیات دیارده‌یه‌كه كه ژن و پیاوی بۆ نییه، به‌ڵام له باكگراوندی مێشكی خۆماندا ئه‌و به‌شكردنه له به‌رچاو ده‌گرین و ده‌بێته هۆكاری روانگه‌ی دووئالیستی. باسی ئێمه لێره‌دا نه‌بوون و قاقڕی شیعری ژنانه‌یه له كۆمه‌ڵگای كورده‌وارییدا كه خاڵێكی نێگه‌تیڤه.
له چه‌ند ساڵی رابردوودا ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج بده‌ین، بزاڤێكی شیعری به‌ڕێوه‌یه له لایه‌ن ژنانی ئه‌دیبه‌وه كه ده‌یانهه‌وێت ئه‌م كه‌م و كووڕییه قه‌ره‌بوو كه‌نه‌وه. هۆنینه‌وه‌ی شیعری ژنان له كوردستانی رۆژهه‌ڵاتدا مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه، به پێی ئه‌و به‌ڵگه مێژووییانه‌ی به ده‌سته‌وه‌ن، ژنانی كورد له سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچی مانگییه‌وه (واته سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می زاین) نه‌مامی شیعریان چرۆ ده‌كات، ئه‌و كات كه‌سگه‌لێك وه‌كو (جه‌لاله خانمی لوڕستانی)، (دایه ته‌ورێزی هه‌ورامی)، (رێحانه خانمی لوڕستانی)، (فاتمه لوڕه‌ی گۆران) و (خاتوومهی زه‌رد) ماوه‌ی دوو سه‌ده به‌رهه‌می به‌رچاو پێشكه‌شی قوتابخانه‌ی كوردی ده‌كه‌ن. به‌ڵام به شێوازی پیاوانه كه هۆكاره‌كانی روونن. له سه‌ده‌ی سێزده‌هه‌می كۆچی مانگی‌دا (سه‌ده‌ی نۆزده) خاتوونێكی به هه‌ستی ناسكی ژنانه‌وه به دوو شێوازی كوردی و فارسی دێته گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌ب، بێگومان (مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵان) یه‌كێكه له ئه‌و ژنانه‌یه كه جێگه‌ی شانازی ئه‌ده‌بی كوردییه، دیسان به‌داخه‌وه كولتوور و نه‌ریتی داسه‌پاو رێگه‌ی نه‌داوه ئه‌و هه‌نگاوی ژنانه بهاوێژێت، كه‌واته ئه‌م ته‌نگ و چه‌ڵه‌مانه ده‌بێته گه‌شه نه‌سه‌ندنی ده‌نگی ژنانه.
ئه‌ده‌بیات له هه‌موو وڵاتێكدا یه‌كه‌مین گۆڕه‌پانێكه ژنان هه‌وڵیان داوه خۆیان بنوێنن و باسی كێشه تایبه‌ته‌كانی ژنان و كۆمه‌ڵگا و ئه‌و خاڵه ناكۆكانه‌ی ژیان باس بكه‌ن وه‌كو نووسه‌ر. بێگومان ژنی كورد له كۆمه‌ڵگای كوردیدا رۆڵی گرنگ و تۆخی هه‌میشه هه‌بووه و به شێوازگه‌لێك خۆی له بواره‌كانی ئابووری، رامیاری، كۆمه‌ڵایه‌تی و هتد… ده‌رخستووه، ته‌نانه‌ت له كاتی شه‌ڕه‌كاندا رۆڵی گرنگی هه‌بووه، له سه‌رده‌می نوێ‌دا ژنانی خوێنده‌وار له هه‌ر بوارێكدا ده‌رده‌كه‌ون ده‌بێ ئه‌وه‌یش له به‌رچاو بگرین بزاڤی ئێستای ئه‌ده‌بیاتی ژنان پێوه‌ندی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ شارستانییه‌تی كۆمه‌ڵگادا هه‌یه، بێگومان هه‌ر سیسته‌مێكی زاڵ به سهركۆمهڵگادا پێناسه‌ی ژن ده‌كات واته له هێندێ كۆمه‌ڵگادا ژن له سه‌ر بیری پیاوانه پێناسه‌ده‌كرێ و سنووری بۆ دانراوه. ئه‌م شێوازه ده‌بێته هۆكاری نزم بوونی رۆڵی ژن كه وه‌كو خۆی ده‌رنه‌كه‌وێت تا وه‌كو شێوه‌زاری خۆی بنووسێت، ئه‌گه‌ریش قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست بووه له خزمه‌تی تاقمێكدا بووه كه ئه‌م شێوازه له مێژووی ژنانی ئه‌دیبدا به‌رچاوه و به‌تایبه‌ت ئه‌و ژنانه‌ی كه له بنه‌ماڵه دهرهبهگییهكاندا هاتنه گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌به‌وه وه‌كو پیاوان له نووسین ده‌ركه‌وتن، له سه‌ده‌ی نوێ‌دا ژنانێك كه له چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگادا وه‌كو هه‌ژار هاتنه ئه‌م گۆڕه‌پانه باشتر توانیویانه كه‌م و كورتییه‌كانی كۆمه‌ڵگا و كێشه‌كانی ژنان باس بكه‌ن كه به پێست و ئێسقان هه‌ستیان پێكردووه.
سنووره‌كانی به‌رده‌می ژنانی شاعیر
به گشتی ژنان له به‌ر هه‌ندێ سنوور نه‌یانتوانیوه ئه‌ده‌بیاتێكی ژنانه‌ی به‌رچاو بنیات بنێن، وه‌كو كێشه‌ی خێزان و كۆمه‌ڵایه‌تی و هتد. به ڕای من به هۆی دووپات بوونه‌وه‌ی مێژووی كۆسپ و به‌ربه‌سته‌كانی ژنان به تایبه‌ت ژنانی ئه‌دیب، ده‌بێته كه‌م كاركردنیان و كێشه‌كانی نووسینیان سنووردارتر ده‌بێته‌وه.
ئاشكرایه ئه‌ده‌بی سه‌ربه‌خۆ ده‌بێته گه‌شه‌سه‌ندنی قه‌ڵه‌می ژنان كه ده‌توانین بڵین شێوازێكی نوێ و ژنانه ده‌رده‌خه‌ن و ژنی ئه‌دیب له لاسایی كردنه‌وه‌ی پیاو ده‌ربازی ده‌بێت. به‌هێزترین لایه‌نی ئه‌ده‌بیاتی ژنانه له‌وه‌دایه ده‌نگه كپكراوه‌كان هه‌وڵی خۆی وه‌گه‌ڕ خستوه تاكوو ببیسترێت و تێكنهشكێت.
به گشتی مێژووی شیعری نوێی ژنان و وه‌گه‌ڕ خستنی بیر و هزری خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخی جیهاندا نوێه و ژنانێك جمۆجۆڵێكی تازه‌یان خستۆته مێژووی شیعری كوردییه‌وه، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو بارودۆخه نه‌شیاوه‌یه كه بۆ ژن له كۆمه‌ڵگادا هه‌یه.
ڤێرجینیا وۆڵف له باره‌ی یه‌كه‌مین ژنانی فیمینیستی ئه‌وروپاوه ده‌ڵێت: «ژنانی شاعیر له هه‌رزانترین و ساكارترین رێگاوه، واته شیعر توانییان خۆیان بنوێنن و وه‌كو یه‌كه‌مین فیمینیسته سه‌ره‌تاییه‌كانی مێژوو خۆیان وه‌ده‌ر بخه‌ن». شیعر سه‌رمایه‌كی ناوازه‌یه‌ی نیشتمانه كه له كولتورسازییدا ده‌توانێت رۆڵی سه‌ره‌كی و گرینكی هه‌بێت. ژنانی شاعیر به وه‌گه‌ڕ خستنی چه‌مكی شیعریان ده‌توانن له به‌هێزكردنی دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا له زمانی شیعره‌وه ئامانجی سه‌ره‌كی بگێڕن.
هه‌نووكه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ئاڵۆگۆڕانه‌ی نێو ژیانی كورده‌وارییدا كولتووری شارستانییه‌ت و مۆدێرنیزم كاریگه‌ری هه‌بووه له سه‌ر ژیانی تاك و تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاو ژنی كورد و به تایبه‌ت ژنی ئه‌دیبی كورد توانیویه له ساڵی (2000) به‌ره‌و ئه‌ملاوه ببێته خاوه‌ن ده‌نگێكی ژنی روناكبیر و ئازا و سه‌ربه‌خۆ. به ڕای من شیعر به‌ربڵاوترین ئامرازێكه كه ژنی ئه‌دیبی نوێ كورد ده‌توانێت له‌و ره‌هه‌نده‌وه باسی كێشه‌كانی بكات تا راده‌یه‌ك له شۆڕشی ئه‌ده‌بی خۆیدا پێشكه‌وتوویی هه‌بووه كه خۆی له سێبه‌ری پیاو ده‌ربازبكات و تا دێت بێ تهحلیلێكی پیاوانه گه‌شه به هزر و هه‌ستی ژنانه‌ی
خۆی ده‌دات.
به‌های كولتوری هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك پێوه‌ندی به ئازادی و ئازای و چاوكراوه‌یی ژنانه‌وه هه‌یه، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه ئه‌ده‌بیاتی ژنان به‌شێك له زیندوویی هه‌ر كولتوورێك ده‌ناسرێت، ئه‌ده‌بیات گوزارشتكردنی بیركردنه‌وه‌ی هه‌ر تاكێكی ئه‌دیبه، له خه‌می مرۆڤایه‌تی كه له پیاو و ژن‌دا پۆلێن به‌ندی ناكرێت، ژنی ئه‌دیب دیاره كه به‌ربه‌ستی زۆری له پێشه‌وه‌یه وه‌كو كێشه‌ی خێزانی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هتد، كه هێندێكیان هه‌ر زوو بێده‌نگ ده‌بن به ئه‌م هۆكارانه‌وه و به‌ڵام ئه‌و مرۆڤه‌ی كه بیهه‌وێت ده‌نگی ببیسرێت ده‌بێ هیچ به‌ربه‌ستێك تێكی نه‌شكێنێت و نه‌وه‌ستێ. به‌شی زۆری پێشكه‌وتنی ژنانی گه‌وره نووسه‌ر، پێوه‌ندی به كۆمه‌ڵگا و په‌روه‌رده‌كردنی بنه‌ماڵه‌كانه‌وه هه‌یه، سنوور شتێك نییه جگه له‌وه‌ی بیركردنه‌وه داگیر بكات وزه‌ی یاخی بوونی ژنی ئه‌دیب تاكه كه‌ره‌سته‌ی داهێنه‌رانه‌یه.
ژنانی ئه‌دیب ده‌بێ یه‌كگرتوو بن
دیاره ژنانی ئه‌دیب ده‌بێ یه‌كگرتوو بن، له‌و په‌رته‌وازه‌یی و شپرزه‌ی دوور بكه‌ونه‌وه و پێكه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵێنن بۆ گه‌شه دانی بزاڤی ئه‌ده‌بیاتی كوردی، گه‌شه سه‌ندنی ئه‌ده‌بیات پێویستی به یهكگرتنهوهدایه. خاڵێكی گرنگتر بۆ پێنووسێكی سه‌ربه‌خۆ ئه‌وه‌یه ده‌بێ ژن چیتر له كامێرای پیاوانه‌وه به ژیاندا نه‌ڕوانێ. هه‌ركات له خه‌مێكی خۆی و كۆمه‌ڵگاكه‌ی گوزارشتی شیعری كرد، بوێرانه ده‌ركه‌وتووه و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنی ئه‌دیب دیكه ئه‌سته‌م ده‌بێت.
هه‌رچه‌ند له‌مپه‌ر زۆره له سه‌ر ڕێگا، بۆ نموونه ژنی ئه‌دیب ره‌نگه كێشه‌ی خێزانیان بێت و له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كاندا هاوسه‌ر نه‌هێڵێ به شێوه‌ی جیدی و پێویست چالاكی هه‌بێت، یاخود كێشه‌ی دایكایه‌تی هه‌بێت یا تووشی كێشه ده‌بن له لایه‌ن ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ریانه‌وه وه‌كو ئهدهبیاتچییه پیاوه‌كان.
به گشتی ژنانی ئه‌دیبی كوردستانی رۆژهه‌ڵات كه ده‌بنه خاوه‌ن قه‌ڵه‌م، تووشی سه‌دان كێشه و له‌مپه‌ری كۆمه‌ڵگا ده‌بن. ئه‌ده‌بیات و جیهانی راسته‌قینه پێكه‌وه تێكه‌ڵاوبوونێكی لێكدانه‌بڕاون، ژنی ئه‌دیب ده‌توانێ له ئه‌و هارموونییهدا، شوێنی خۆی له كۆمه‌ڵگادا بنوێنێ. له ئه‌ده‌بیاتی رابردوودا كه ئه‌ده‌بیاتێكی پیاوانه بوو ژن هه‌ر وه‌كوو مهعشووقهیهك ده‌ركه‌وتوو و به چاو و برۆ و لێو ناسراوه كه كاریگه‌ری هه‌بوو له سه‌ر ده‌قی ژنه ئهدیبهكانیش، به‌ڵام به ئاڵۆگۆڕی ره‌وتی هاوچه‌رخ، ژنیش هه‌وڵی داوه له چاوی سوننه‌تی و كه‌ره‌سته بوون خۆی ده‌رباز بكات و له چه‌مكه‌كانی گرنگی مرۆیی پێناسه‌ی خۆی بكات، داهێنانی شیعری ژنان بۆ وزه‌ی فیكری كۆمه‌ڵگا زۆر پێویسته، كۆمه‌ڵگا كه به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ژنانی له روانگه‌ی فیكری و زانستییدا، ئاستی نزم ده‌بێت، كۆمه‌ڵگا تووشی قه‌یران ده‌بێ و ناتوانێت له روانگه‌ی فیكریه‌وه گه‌شه بكات و ته‌نانه‌ت له لایه‌نی بنه‌ماڵه و كۆمه‌ڵگادا تووشیاری كێشه‌ی پێكهاته‌یی ده‌بێ. ئه‌ده‌بیاتی ژنان ، ژنی كۆمه‌ڵگا فێر ده‌كات چۆن شه‌رڤانێك بێت له نێو له‌مپه‌ره‌كانی ژیاندا و بێ ئه‌وه‌ی له ژن بوونی خۆی له كۆمه‌ڵگادا شه‌رم بكات خۆی خۆش بووێ به هزری ژنانه‌وه به هزری مرۆڤایه‌تی بگات.
219 جار بینراوە