سەرەکی » ئابووری » قوباد تاڵەبانی: تەكنەلۆجیای زانیاری دەتوانێت هەلی كار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت

بەردەوامی بە چاكسازییەكان بدرێت

قوباد تاڵەبانی: تەكنەلۆجیای زانیاری دەتوانێت هەلی كار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت

یەکەی ئابووری

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی تەكنەلۆجیای زانیاری كە دوێنێ 15ی 12ی 2018 لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، باسی لەوە كرد تەكنەلۆجیای زانیاری ئایندەی هەرێمی كوردستانەو دەتوانێت هەلی كار بۆ گەنجانی هەرێمی كوردستان بڕەخسێنێت.
بەوتەی قوباد تاڵەبانی، لە ئێستادا بازاڕی كوردستان ناتوانێت وەك پێویست هەلی كار بڕەخسێنێت بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان، بەڵام لە ئایندەیەكی نزیكدا لە كوردستان، لە كەرتی تایبەت و حكومی پێویستییەكی زیاترمان بە خەڵكانێك دەبێت كە لە تەكنەلۆجیاو بواری ئایتی-دا شارەزا بن.

سوود لە دیجیتاڵ وەربگرین
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەمیانی بەشداریكردنی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی تەكنەلۆجیای زانیاری لەشاری سلێمانی، وتی: «دەستمان كردووە بە دیجیتاڵكردنی وەزارەتەكان‌و شێوازی كاركردنمان لەناو حكومەت، تا ئەو بڕیارانەی حكومەت دەیدات لەسەر بنەمای زانستی بێت نەك میزاج».
روونیشیكردەوە، بەرنامەی بایۆمەتری هەنگاوێكە بۆ دانانی ژێرخانێكی تۆكمەو لە داهاتوودا بێجگە لە مووچەخۆران، دەتوانرێت هەموو هاووڵاتیان بگرێتەوەو خزمەتگوزاری‌و بیمەی تەندروستی لە رێگای بانكەكانەوە دابین بكات، ئەم هەنگاوەش پێویستی بە كادری زیاترە لەبواری ئایتیدا و لە كاتێكدا كە پڕۆسەی باج بە دیجیتاڵ بكەین، دەبێت كەرتی تایبەت خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێت‌و دوربكەوێتەوە لە سیستمی سجلات و سوود لە دیجیتاڵ وەربگرن، ئەو كات حكومەت و كەرتی تایبەت ئاسانتر دەتوانن بەراوردی كارەكانی خۆیان بكەن و كوردستان لە كەرتی حكومەت و كەرتی تایبەتیشدا پێویستی بە سوپایەك لە كادری ئایتی هەیە.

پێویستە زۆرێك لە یاساكانمان نوێ بكەینەوە
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، ئەگەر كێشەی سیاسیمان هەبێت و نەتوانین پەیامەكانمان بگەیەنینە دەرەوە، ئەوا لە رێگای دنیای تەكنەلۆجیاوە كە هەموو جیهانی بەستووە بەیەكەوە، دەتوانین پەیامەكانمان بگەیەنین بە دەرەوە.
باسی لەوەشكرد، پێویستە زۆرێك لە یاساكانمان نوێ بكەینەوەو بیانگونجێنین لەگەڵ ئەم سەردەمەدا، لە كوردستان و عیراق یاساكان كۆنن و زیاتر لە حەفتا ساڵە كاریان پێدەكرێت و پێویستە یاساكانی عیراق هەمواربكرێنەوەو زۆرێك لە یاساكان بۆ ئەم سەردەمە ناگونجێن، پێویستیشە بیانگونجێنین لەگەڵ پێداویستیەكانی ئەم سەردەمەدا.
لە بواری تەكنەلۆجیادا
ئەوەشی وت: «پێویستە كەرتی خوێندنی باڵاو پەروەردە بە گشتی، فێرخوازەكان فێر بكەن‌و شارەزایی تەواویان لە بواری تەكنەلۆجیادا هەبێت».

بوژانەوەی بازاڕ و ژێرخانی تەكنەلۆجیا
سەبارەت بە ئایندەی حكومەتی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی وتی: «ئێستا لە قۆناغێكداین حكومەتێكی نوێ پێكدەهێنرێت، هیوادارین حكومەتی ئایندە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ حكومەتی عیراق هەبێت، گەشبینم بەوەی دەتوانین دوربكەوینەوە لە قەیرانەكان‌و حكومەتی داهاتوو هەر كەسێك بێت گرنگییەكی زیاتر بدات بە تەكنەلۆجیاو بوژانەوەی بازاڕ و ژێرخانی تەكنەلۆجیا».

بەردەوامی بەو چاكسازییانە بدات
لە پەراوێزی مەراسیمەكەشدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لەبارەی پڕۆسەی چاكسازییەوە بە كەناڵی ئاسمانی (كوردسات نیوزی)ی راگەیاند، كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم پڕ بوو لە كێشەو گرفت كە بەشێكی لە دەرەوەی ئیرادەی حكومەت بوو، بەشێكیشی بەدەستی خۆمان دروست ببوو، بۆیە قەیرانەكان وای لە حكومەت كرد كە دەست بۆ جێبەجێكردنی هەندێك چاكسازیی ریشەیی بەرێت لەوانە: (چاكسازییە داراییەكان‌و كارگێڕییەكان، جێبەجێكردنی سیستمی بایۆمەتری‌و پێداچوونەوە بە كاركردنی وەزارەتی دارایی).
وتیشی:»هیوادارم كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بەردەوامی بەو چاكسازییانە بدات و سەرلەنوێ دەستپێنەكاتەوە، چونكە پێشووتر ئەوەمان بینیوە كە لەكاتی گۆڕینی كابینەكانی حكومەتدا، بەردەوامی بەكارەكانی كابینەی رابردوو نەدراوەو سەرلەنوێ دەستپێكراوەتەوە».
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی راگەیاند، لەكابینەی هەشتدا بناغەیەك بۆ چاكسازیی دانراوە، پێویستە لەكابینەی داهاتوودا درێژە بەو بناغەیە بدرێت‌و گەشەی پێبدرێت، تا ئەو چاكسازییەی كە دەستمانپێكردوەو هێشتا دەڵەمەن، تۆكمە بكرێن.

وردبینی‌و لێكۆڵینەوە لە داتاكانی تایبەت بە نەوت
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، وتی: «گەورەترین هەنگاو لە پرسی شەفافكردنی پڕۆسەی نەوت‌و غازدا لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم ئەنجامدرا، ئەویش لەڕێگەی ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان بۆ وردبینی‌و لێكۆڵینەوە لە داتاكانی تایبەت دەرهێنان‌و دۆزینەوەو فرۆشتن و داهاتی نەوت لەهەرێم».
راشیگەیاند، ئێستا هەموو وەرزێك ئەو كۆمپانیایە راپۆرتی خۆی لەبارەی داتاكانی نەوتی هەرێمەوە بڵاودەكاتەوە، ئەو راپۆرتانەش لەلایەن حكومەتەوە راناگەیەنرێت، بەڵكو خودی كۆمپانیاكە بڵاویدەكاتەوە، بۆیە هەنگاوێكی زۆر گەورە نراوە بۆ بەهێزكردنی متمانە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ سامانە سروشتیەكاندا دەكرێت.

 324 جار بینراوە