سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » نه‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌شكه‌وته‌كانمان

نه‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌شكه‌وته‌كانمان

ئەحمەد حسێن ئەحمەد*

هه‌ر جارێ مرۆڤ به‌سواری ئوتۆمبێل بێت یان رۆیشتنی پیاده‌ به‌لای زنجیره‌ چیایه‌كدا تێده‌په‌ڕێت له‌ناوجه‌رگه‌ی ئه‌و چیایه‌دا به‌ شوێنێكی سه‌خت ‌و به‌رزه‌وه‌ یان نه‌ختێ نزمتر ‌و ئاسایی بێت بۆشاییه‌كی گه‌وره‌‌و به‌رفراوان ‌و به‌رچاوان یان له‌ قه‌باره‌دا بچووكتر له‌و دیمه‌نه‌ ده‌بینێت كه‌ پێیده‌ڵێن ئه‌شكه‌وت، یه‌كسه‌ر هه‌ڵوێسته‌یه‌ك ده‌كات ‌و هه‌ست به‌ هاتنی تروسكه‌یه‌ك شادی یان سه‌رسامییه‌ك ده‌كات بۆ ناو دڵ ‌و ده‌روونی.خوازیاره‌ ئه‌گه‌ر هه‌وڵی بۆ گونجاو توانای هه‌بوو بچێته‌ ناوییه‌وه‌. تاكو له‌گرنگی ئه‌وه‌ ده‌ستكرده‌ی سروشت تێبگات ‌و به‌ ئاره‌زووی خۆی چاو بگێڕێت به‌ گشت گۆشه‌ ‌و رێوشوێنه‌كانیدا.له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ هه‌ستپێده‌كات كه‌ له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی ژیانه‌وه‌ بۆته‌ بارگه‌ ‌و په‌ناگه‌وی مرۆڤ ‌و گیانله‌به‌ر ‌و باڵنده‌ ‌و دڕنده‌ ‌و زینده‌وه‌ری هه‌مه‌جۆر. دوای تێپه‌ڕبوونی هه‌زاران ساڵ ‌و گۆڕانكارییه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كان ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ ‌و ئه‌وانیتریش، هه‌ریه‌كه‌ به‌گوێره‌ی خۆی، كه‌م ‌و زۆر به‌سه‌ركراونه‌ته‌وه‌. ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ڵگیرسانی شۆڕش ‌و بزوتنه‌وه‌كاندا بوونه‌ته‌ ماڵ ‌و بارگه‌ی نیشته‌جێی به‌شێكی دیار له‌ شۆڕشگێڕان ‌و جێ كۆبوونه‌وه‌ ‌و هه‌ندێ بڕیاردان. ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌ كوردستانی خۆماندا له‌مسه‌ر تا ئه‌وسه‌ری گه‌لێك ئه‌شكه‌وتی گه‌وره‌ ‌و ناوه‌ندی ‌و بچووك هه‌یه‌، ناوو ناونیشانیان به‌ناوی پیرۆزی كوردییه‌وه‌ ناسراون. وه‌ك شوێنه‌وار به‌گوێدا دراون ‌و هه‌ندێكیان له‌لایه‌ن پسپۆڕان ‌و خه‌مخۆرانی خۆمان یان بیانیه‌وه‌ كه‌م ‌وزۆر له‌سه‌ریان نووسراوه‌. به‌ڵام هه‌رنووسین ‌و ناوهێنان به‌س نییه‌، به‌ڵكو چوونه‌ پێشه‌وه‌ بۆ خزمه‌تكردن ‌و بره‌وپێدانیان له‌رووی رێگه‌ بۆ خۆشكردن ‌و پاككردنه‌وه‌ ‌ولێكۆڵینه‌وه‌ ‌و ئاماده‌سازی تر پێویسته‌، كه‌ تا راده‌یه‌ك كانگه‌ی ته‌قه‌لاكه‌ ده‌پیكێت. به‌نده‌ ده‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ براده‌ردا چووین بۆ ئه‌شكه‌وتی هه‌ره‌ مێژوویی نزیك له‌شار (هه‌زاره‌مێرد) ی بێكه‌س كه‌وتوو، كه‌ ئه‌و دیمه‌نه‌ سه‌رنج راكێش ‌و سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌مان ده‌بینی كه‌ چه‌نده‌ لاپه‌ڕه‌ دێرینه‌ به‌په‌رۆشه‌كان باوه‌شی بۆ گرتبوونه‌وه‌ په‌ژاره‌ دایگرتین ‌و به‌زه‌ییمان به‌باری نائاسایی خۆمان ‌و نه‌ته‌وه‌ شپرزه‌كه‌ماندا ده‌هاته‌وه‌. كه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ یه‌كسه‌ر ستوونێكم له‌و باره‌وه‌ نووسی له‌ ژماره‌ (682) ی رۆژی 3/4/2008 ی رۆژنامه‌ی (ئاسۆ) ی به‌ڕێزدا بڵاو كرده‌وه‌. له‌وه‌دوا چه‌ند سه‌ردانێكی ئه‌شكه‌وتی چه‌می ره‌زان ‌و قزقاپانمانكرد كه‌ وه‌ك هه‌مان ئاڕاسته‌ی پێشوو په‌ستی به‌ خه‌ستی دایپلۆستین. ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و ریزبه‌نده‌ ئه‌شكه‌وتانه‌ لێره‌وله‌وێ له‌سه‌ره‌تای تێكڕای شۆڕشه‌كاندا به‌تایبه‌تی شۆڕشی شێخ مه‌حمودی مه‌لیك ‌و شۆڕشی ئه‌یلول ‌و شۆڕشی نوێ دا، گه‌وره‌ترین رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌به‌ره‌و پێش چوونیان ‌و ده‌نگدانه‌وه‌یان. به‌و پێیه‌یئه‌ونیوه‌نده‌ سروشتیانه‌ باشترین ‌و گونجاوترین په‌ناگه‌ی كه‌سان ‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ ‌وبارگه‌ی سه‌ره‌كی سه‌ركرده‌كانی گه‌له‌كه‌ماندا باوه‌شیان ئاوه‌ڵا بووه‌.گرنگی ‌و پیرۆزی ئه‌شكه‌وته‌كانمان له‌وه‌دایه‌ بایه‌خیان پێبدرێت. شایانی به‌رچاو خستنه‌ له‌ 28/9/2018 له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌ڕێزێكدا سه‌ردانی ئه‌شكه‌وتی (جاسه‌نه‌) مان كرد. به‌ڕێكه‌وت هاووڵاتییه‌كی ئه‌مریكش به‌ پله‌ی پرۆفیسۆر له‌ زانكۆی ئه‌نجلوس ، خاتوو (سێره‌) به‌خۆی ته‌رجومانه‌كه‌یه‌وه‌ گه‌یشته‌ لامان، به‌ڕاستی له‌گورج‌و گۆڵی ‌و چالاكی ‌و رووخۆشی ئه‌و گه‌شتیاره‌ سه‌رسام بووین. پێكه‌وه‌ ناو ئه‌شكه‌وته‌ پشت گوێ خراوه‌كه‌مان پشكنی. سه‌رده‌می شێخ مه‌حمودی نه‌مرمان كه‌وته‌وه‌ یاد ئه‌ورۆژگاره‌ سه‌خته‌ كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندرۆژنامه‌وانێكی شۆڕشگێڕ ‌و روناكبیردا له‌وێ له‌ ئازاری 1923 دا هه‌فته‌نامه‌ی-بانگی حه‌ق-یان لێده‌ركردوه‌. به‌و كار‌و هه‌ڵوێسته‌ به‌رزه‌یان وه‌ڵامی دژایه‌تیی ترسناكی هێزی له‌بن نه‌هاتووی ئینگلیز ‌وداگیركه‌رانی كوردستانیان داوه‌ته‌وه‌. به‌وشه‌كانیان ئاسوده‌ییان به‌دڵی خه‌ڵكی كوردستان به‌خشیوه‌. لێره‌شدا مرۆڤ كه‌ ئه‌و دیمه‌نه‌ جوان ‌و تۆز لێ نیشتوه‌ بێ ده‌ره‌تانه‌ ده‌بینێ، كسپه‌یه‌ك به‌درونیدا دێت. خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ستێك به‌و ئه‌شكه‌وته‌ مێژووییه‌دا بهێنرایه‌ ‌و باش بپارێزرایه‌، رواڵه‌تێكی له‌بارتری به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینی. ده‌كراو ده‌كرێت هێڵی ئاووكاره‌با ‌و پرۆژه‌ی ئاوه‌رۆ ‌و پاككردنه‌وه‌ی بۆ سازبكرایه‌. له‌هه‌مان كاتدا پاسه‌وانێكی بۆ دابنرایه‌. له‌وانه‌یه‌ به‌سه‌دانیهاووڵاتیان ده‌ستكه‌وتێكی باشیان لێ به‌رجه‌سته‌ بكرایه‌ ‌وهه‌مووئه‌شكه‌وته‌كان خۆشه‌ویستتر بوونایه‌. ئاخۆ كه‌ی بێت لایه‌نی په‌یوه‌ندی دار له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستن به‌و ئه‌ركه‌ شایسته‌‌و به‌رهه‌مداره‌. تێكڕای ئه‌شكه‌وته‌كانی كوردستان به‌سه‌ربكه‌نه‌وه‌‌و بیانكه‌ن به‌شوێنی سه‌ردانگه‌‌و هه‌وارگه‌.. دیاره‌ به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌م كورته‌ تێبینی ‌و بۆچوونانه‌ كه‌له‌پێش ئێمه‌یشدا ئاماژه‌یان پێكراوه‌… له‌وانه‌یه‌ هه‌ناسه‌یه‌ك بێته‌وه‌ به‌به‌ر هه‌ناوی وشكه‌وه‌ بووی ئه‌شكه‌وته‌كانمان ‌و به‌رگی راژه‌ ‌و بووژانه‌وه‌ بپۆشن. وتراوه‌چه‌م بێ چه‌قه‌ڵ نابێت، وه‌ك چۆن له‌سه‌رده‌می دوابڕاوی به‌عسدا..له‌ دۆزه‌خی دروستكراویدا له‌ ئه‌نفال ‌و وێرانكردنی زۆربه‌ی گوند ‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان ‌و شاڵاوی ته‌قینه‌وه‌ی كانیاو ‌و كارێز ‌و شوێنه‌ پیرۆزه‌كان ‌و وێرانكردنی چه‌ند ئه‌شكه‌وتێك دا ئه‌نجام درا… دوور نییه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی مێشك وشك ‌و خووره‌وشت تیرۆریسته‌وه‌ زیان به‌ ئه‌شكه‌وته‌كانمان بگات ‌و دیمه‌نیان بشێوێنرێت. خۆزگه‌ ئه‌م خۆزگه‌یه‌مان به‌ته‌واوی سه‌وز ببوایه‌.

*سەرنووسەری گۆڤاری سلێمانی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*