سەرەکی » وتار » (33) ساڵ لەمەو پێش

(33) ساڵ لەمەو پێش

فەرهاد مستەفا

دوای تێكچوونەوەی مفاوەزاتەكەی ساڵی ١٩٨٥، حكومەت لێرە و لەوێ كەوتنە گرتنی كەسوكاری پێشمەرگە (خوا هەڵناگرێت لەمەشدا هەر كوردە حەیاتەكە چاوساغی ئەكرد).ماڵی ئێمەش وەك چەندین ماڵی تر ڕامانكرد و چووینە ئەو شوێنانەی بە ناوچە ئازادكراوەكان لە قەڵەم ئەدرا و لە گوندی «دێلێژە» گیرساینەوە و داڵدە دراین، هەندێك ماڵ پێش ئێمە هاتبوون، هەندێكی دی دواتر.
ماڵێك لەو ماڵانە لە «كەركوك»ەوە هاتبوون، ماڵی مام كەریم بوو، خانەوادەی مام كەریم هەر بەتەواوی كەوتبوونە ناو كورەی شۆڕشەوە، پێش هاتنیان چەندانجار زیندانی كرابوون، مام كەریم یادی بەخێر باوكی چوار كوڕە پێشمەرگە بوو.. كاك عادل، كاك عەدنان، كاك پۆڵا، كاك ئیحسان.
هەموو ئەوانەی لە زێد و شوێنی خۆیان هەڵئەكەنرێن و لە جێگەیەكی كە بەیەك ئاشنا ئەبن، دۆستایەتی و خۆشەویستییەكی سەیر و لە پڕیان لا دروست ئەبێت، بەو كلۆجە باوكم و مام كەریم( كە هەردووكیان بە ڕەحمەت چوون) برادەرایەتی و نێوانیان گەلێك خۆش بوو.
ئێوارەیەكی درەنگی مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٨٥ هەواڵێك گەیشتە «دێلێژه‌» كە كاك عادلی مام كەریم لە تۆپ بارانكردنەكەی «سەرگەڵو» شەهید بووە.
كاك عادل لێپرسراوی كۆمەڵایەتی كەرتی ٢ی بازیان بوو، خێزاندار بوو، هەر لەو حەوشەیەی ماڵی مام كەریمی باوكی بوو، خاوەنی چوار كیژی خنجێلانە و وردیلە بوو.

كێ ئەم هەواڵە بە مالی مام كەریم بگەیەنێت؟
مام كەریم هاتە ماڵی ئێمە و لە كۆبوونەوەی ئەو حەشاماتە ئەیزانی شتێك ڕوویداوە، بەڵام چۆنێتی ڕووداوەكەی نەئەزانی، بیستی.
تەنانەت تكای ئەوە بوو تەرمەكەی كاك عادل هەر لە «سەرگەڵوو» ئەسپاردە بكرێ، بە قەولی ئەو لە كاتی هێنانەوە و پەڕینەوەی جەنازەكەیدا ( هەڵبەت زۆرتر لەسەر پشتی وڵاغ ئەنجام ئەدرا) كوڕی هیچ كەسێك تووشی چوورتم نەبێ، ئەوەی مكوڕبوو لە هێنانەوەی، دایكی شەهید عادل (یاسەمین خان) بوو.
شەهید عادل هێنرایەوە و لە»دێلێژه‌»بە خاك سپێردرا، تا ئێستاش ئارامگاكەی لەوێیە.
بەیانییەكی زۆر زووی سەرەتای مانگی دووەمی ساڵی ١٩٨٦، لە دەرگای ماڵمان درا، دەبوو بمانزانیبا بێ مەڵامەت نییە، داچڵەكاین، باوكم وتی:یا حافظ.
دوو پێشمەرگەی ناوچەی گەرمیان بوون، فەرموومان لێكردن، وتیان:- مام مستەفا، ئیحسانی كوڕی مام كەریم شەهید بووە و جەنازەكەیمان هێناوەتەوە، ئەوەتا لە مزگەوتەكەیە، بەڵكو بە مام كەریم بڵێیت!.
باوكم بە دڵی پڕ و بە حیرسەوە وتی: وەڵا خەبەرەكەتان ئەوەنە خۆشە، هەر ئێستا بچم لە خەو هەڵیسێنم ئەو مژدەیەی بەمێ!.
لەسەروەختی شۆردنی تەرمەكەی، كەوتنە هەڵكەندنی گۆڕێك لە پەنای ئارامگاكەی شەهید عادلی برای.
خەبەر گەیشتە ماڵی مام كەریم كە گۆڕ لە پەنای شەهید عادل هەڵدەكەنن.
دایكی وتبووی:ئەو جێگەیەم بۆ خۆم داناوە، نا هێڵم كەسی تری لێ بنێژرێت، ئەو لە كوێ ئەیزانی كە ئیحسانی كوڕی، پاش (٥٥)ڕۆژ بەسەر شەهیدبوونی عادلی برایدا، لەو شوێنەدا ئەنێژرێت!.

*وێنەكەم لە واڵی كاك پۆڵای مام كەریم وەرگرتووە.

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*