سەرەکی » ئابووری » دیداری بازرگانی نێوان سلـێمانی و كرماشان بەڕێوەچوو

كێشەیەكی مەرزی پەروێزخان چارەسەر دەكرێت

دیداری بازرگانی نێوان سلـێمانی و كرماشان بەڕێوەچوو

یەکەی ئابووری

ژمارەیەك بازرگان‌و خاوەنكاری سلێمانی سەردانی پارێزگاری كرماشانیان كردو لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كیشەو گرفتی بازرگانان‌و شۆفێرانی مەرزی پەروێزخانیان تاوتوێكرد. دواتر وەفدەكە بەشدارییان لە دیداری بازرگانی نێوان خاوەنكارانی سلێمانی و كرماشان كرد.

رێنمایی بە بەرپرسانی مەرزەكە دەدرێت
یاسین رەحیم، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی‌و سەرۆكی وەفدەكە، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی مەرزی پەروێزخان‌و سەرۆكی ژووری بازرگانی‌‌و پیشەسازیی كرماشان‌و پارێزگار و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەو پارێزگایە كۆبوونەوەو كێشەو گرفتەكانی دەروازەی پەرویزخان‌و كێشەی شۆفێران‌و بازرگانان تاوتوێكرا.
سەرۆكی وەفدی بازرگانانی سلێمانی رایگەیاند، سەرجەم ئەو كێشەو گرفتانەی لەدیوی ئێرانی مەرزی پەروێزخان هەیە دەستنیشانمان كردوەو پێشكەشی پارێزگاری كرماشانی دەكەین وەك سەرۆكی یەكەی كارگێڕی لەم شارە، هیوادارین بەدواداچون بۆ كێشەكان بكات بەزووترین كات و چارەسەریان بكات.
لەكۆبوونەوەكەدا ئەحمەد كەلاری نوێنەرەی بازرگانانی گەرمیان‌و ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی، سەرجەم كێشەكانی بازرگانی لە مەرزی پەرویزخان گەیاندە پارێزگاری كرماشان‌و محەمەد ئەمین نوێنەری شۆفێرانی مەرزی پەروێزخان سەرجەم كێشەكانی شۆفێرانی لە كۆبوونەوەكەدا باسكرد.
لای خۆیەوە، هۆشنگ بازوند رایگەیاند، «لە نزیكەوە سەردانی مەرزی پەروێزخان دەكەم‌و رێنمایی بە بەرپرسانی مەرزەكە دەدەم بۆ چارەسەركردنی ئەو كیشەو گرفتانە، هەوڵی تەواویش دەدەم كە كۆسپ‌و گرفتەكانی بەردەم گەشەكردنی بازرگانی لەنێوان ئێران‌و كوردستان لابەرم».

سەردانی سلێمانی دەكەن
دواتر وەفدەكە بەشدارییان لە دیداری بازرگانی لەنێوان خاوەنكارانی سلێمانی‌و كرماشان كرد.
یاسین رە‌حیم، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی‌‌و پیشەسازیی سلێمانی رایگەیاند، سەردانەكەمان لەسەر داوای ژووری بازرگانی‌ كرماشان بووە، بۆئەوەی وەفدێك لە بازرگانانی سلێمانی لە سەرجەم سێكتەرەكان بێنە كرماشان، بۆ ئەوەی بتوانرێت كار و بەرنامەی هاوبەش جێبەجێ بكرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، بڕیارە بازرگانان‌‌و خاوەنكارانی كرماشان لە چەند مانگی داهاتوودا سەردانی سلێمانی بكەن‌و پێشەنگایەكی هاوبەش بكەینەوە، كە ژمارەیەك سەرمایەداری ئێرانی تێیدا بەشدار دەبێت‌و پێكەوە كاری هاوبەش دەكەین.
لای خۆیەوە سەرۆكی ژووری بازرگانی كرماشان رایگەیاند، ژووری بازرگانی‌‌و پیشەسازیی سلێمانی یەكێكە لە بەهێزترین ژوورەكانی عیراق‌و لە مێژەوە پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە‌و داوامان كرد بێنە ئێرە بۆ ئەوەی هەماهەنگی‌و كاری زیاتر بكەین‌و سەرجەم كێشەو گرفتەكانی بەردەم گەشەی بازرگانی چارەسەر بكەین.

 226 جار بینراوە