ئیرەیی!

نەخۆشیە دەروونیەکان تا ئێستاش لای ئێمە بەباشی نەناسراون و پۆلین نەکراون، تەنانەت زۆر لە خاوەن پێداویستی تایبەت یا نەخۆشانی دەروونی بە شێت ناو ئەبەن.
ئەگینا خاوەنی کۆمەڵێک هەستی تری وەک دڵپیسی یا ئیرەیی( حەسوودی و غیرە)ش لەو نەخۆشانەن کە لە ڕووی دەروونیەوە نەخۆشن، بە ڕاددەیەک ژیانی خۆیان و کەسانی دەوروبەریش ئەکەنە دۆزەخ.
زۆرجار لەو تۆڕە کۆمەڵایەتیە ئەو نەخۆشانە لە چات و کۆمێنتیان لەژێر پۆستی کەسانی تر دەرئەکەون، هەر ڕەگەزەش بە ڕەگەزی خۆی تاقیئەکرێتەوە، پیاو هەوڵی شکاندنی پیاوی تر ئەدا بۆ لەبەرچاوخستنی لای ژنانی تر، پیاو بابەتی باشی پیاو نانرخێنێ.
کۆمێنتی وا ڕەقی پیاوان ئەبینم بۆ یەکتری ئەنووسن، لە نوکی خەنجەر تیژترە، بۆ ژنێکیش کە لە دانانی وێنەی خۆی زیاتر ڕۆژێک وشەیەکیشی نەنووسیوە، وا جوان ژنە ئەلاوێنێتەوە، ئەڵێی وەلی دێوانەیە بۆ شەم ئەنووسێ.
ژنیش هەمان شت ئەکەن دژی ژنانی تر، کەم ژن هەیە هەڵسەنگاندنی باش یا کۆمێنتی شیاو بۆ ژن بنووسێ، تاک و تەرا نەبێ، کەسیشمان هەست بەو نەخۆشیە ناکەین کە هۆی سەرەکیشی لە متمانە نەبوونە بە خودی خۆمان و هەستکردنە بە کەم و کوڕی لە توانای ڕاکێشانی سەرنج و متمانە و بایەخی بەرانبەر.
با توانا و لێهاتووی بەهرەوەرەکان باشتر دەرخەین چونکە تا زیاتر و باشتر کەسە سەرکەوتووەکان بناسێنین، لایەنێکی نادیاری باشی ئەوکەسە دەرئەخەین کە مایەی سوودئەبێ بۆ کەسانی تر و کەسەکە خۆشی، بێ ئەوەی هیچیشمان لێ کەم بێتەوە و ناشچێتە چوارچێوەی ماستاو و بەشان و باڵ هەڵدان، (بێگومان ئەگەر بێ بەرژەوەندی بێ)!
ماوەیەک بەرلە ئێستا بیرەوەریەکانی (هیلاری کلنتۆن)م کڕی کە باس لە ئەزموونی ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و دەرنەچوونی خۆی ئەکا، دووشت لەو کتێبە نایابە زۆر سەرنجیان ڕاکێشام:
یەک:
زۆر ڕاستگۆیانە باس لە ئیرەیی خۆی ئەکا کاتێک ترامپ لە یەکەم دەرکەوتنی سوپاسی خەڵک ئەکا، بێ شاردنەوە دڵتوندی خۆی دەرئەبڕێ.
دووەم:
ئەو هەموو ژنەی بەشداربوونە لە هەڵمەتی ئیشکردن بۆ هیلاری، هەندێک نامەی ژنەکانیشی داناوە پێش و پاش هەڵبژاردنیش، چەند و چۆن سەرەتا هانی ئەدەن و دواییش دڵی ئەدەنەوە کە سارد نەبێتەوە!
ژنانی کۆمەڵگای خۆمانیشم هاتەوەبیر چەند دژی یەکن و چۆن خەریکی ملشکاندنی یەکتری و هەڵدانەوەی دامێنی یەکترین بۆ دەرخستنی کەم و کوڕی یەکتر!
ئاخر ئەوەش هەر پەیوەندی بەو ژینگە سەقەتەی پەروەردە و سیستمی حوکمڕانیی و ناتێگەیشتنەی خۆمانەوە هەیە، لە سیاسەت و دین و ڕۆحی هاوکارییمان بۆ یەکتر!

print

 47 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*