سەرەکی » وتار » چرۆ شه‌هاب » پەخشی سەتەلایت بە ناوەڕۆك و پەیامی لۆكاڵیپەڕە 2

فۆكەس پۆینت

پەخشی سەتەلایت بە ناوەڕۆك و پەیامی لۆكاڵی

میدیا لەم سەردەمەی ئەمڕۆماندا لەگەڵ گەشەكردنی بواری تەكنەلۆجیا توانیویەتی خۆی لە قەرەی گەورە و بچوكی پەیوەندییە نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان بدات، لە كاتێكدا میدیا سنور و پانتایی جوگرافی و ئاسمانی تێپەڕاندووە و هیچ شتێك نەماوەتەوە بە ناوی سنوری دیاریكراو ئەمەش بێگومان بەهۆی ئەو گەشەسەندنە گەورەو بەرچاوەوەیە كە لە تەكنەلۆجیا روویداوە و میدیا زۆر بە ئاسانی توانیویەتی سودی گەورەی لێببینێت، ئەمەش بە كاریگەری بونی تۆڕی پەیوەندیكردنی ئینتەرنێت و مانگە دەستكردەكان لە دونیادا.
لە بوونی ئەم گەشەسەندنە گەورەیەدا میدیا بوەتە بەشێكی سەرەكی لە دروستكردنی ڕای گشتی و كاریگەریكردنە سەر كۆمەڵگەی نێوخۆیی و دەرەكی، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئاماژەیەكی سەرەتایی پێبدەم ئەوەیە كە لە بوونی مانگی دەستكرد و بڵاوكردنەوەی ژانرە میدیاییەكان لەسەر كەناڵەكانی تەلەفزیۆن بەتایبەتی ئەوەیە كە لەم سەردەمە و لەبونی پسپۆڕی جیا جیای میدیایی و بونی میدیای تایبەتمەند هێشتا كەناڵە تەلەفزیۆنیەكانی كوردستان و عیراق لەژێر هەژمونی پراكتیزەی كاركردنی لۆكاڵین لەچوارچێوەی پەخشی نێودەوڵەتی كاردەكەن و نەیانتوانیوە لە نێوخۆیی بچنە دەرەوە، هەرچەندە هەندێك جار هەندێك كەناڵی سەتەلایت دەبینین جارجار دەیەوێت هەژمونی لۆكاڵی و نێوخۆیی لە پرۆگرامەكانی تێپەڕێنێت بەڵام دواجار هەنگاوێكی نەرێنی بۆ دواوە دەنێتەوە و دەچێتەوە چوارچێوەی نێوخۆیی و لۆكاڵی و بە پەخش و پرۆگرامی زۆر لۆكاڵیەوە بابەتەكانی پەخش دەكات.
تاوەكو ئێستا بروسكەی سەرەخۆشی و پیرۆزبایی و كردنەوەی باخچەیەك و سەردان و پێشوازی بەڕیوەبەرێك و وەزیرێك وسەردانی لیژنەی پەرلەمان بۆ لای فڵان بەرپرس یاخود دەزگا و دامەزراوە و سەردانی جێگری سەرۆك كۆمار بۆلای سەرۆك كۆمار و سەردانی بەڕیوەبەرێك بۆلای وەزیرێك بونەتە سەردێڕی هەواڵەكان ،ئەمە جگە لەوەی كەناڵی سەتەلایت هەیە تا ئێستاش بە دوای تاسە و چاڵ و شكانی بۆریەكەوەیە لەناو كۆڵانەكانن ،هەموو ئەمانەی باسمكردن لەخۆیدا هەواڵی لۆكاڵین و پێویست ناكات لە كەناڵێكی سەتەلایتەوە باسی لێوەبكرێت، چونكە لە ڕاستیدا ئەوە كاری ڕۆژانەی خۆیانە و هیچ ئیزافەیەكی بۆ ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی نییە.
ئەوەی مەبەستمە لێرە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە، لە زۆرێك لە وڵاتانی دونیا كەناڵی تەلەفزیۆنی لۆكاڵی لۆكاڵیە و تەلەفزیۆنی سەتەلایت تەلەفزیۆنێكی پرۆفیشناڵی نێودەوڵەتیە، ئەوەی كە باسی دەكەم لە هەستكردنە بە بەرپرسیارێتی لە رووی میدیاوە، چونكە پەیامە لۆكاڵی و نێودەوڵەتیەكان بەجۆرێك تێكەڵكراون لەڕاستیدا بینەر و وەرگر لە ئاست بوونی لۆكاڵی و سەتەلایت دوچاری سەرلێشێوان بووە، لەكاتێكدا دەبێت كەناڵە لۆكاڵیەكان پەیامەكانیان جیاوازتر بێت لە كەناڵە سەتەلایتەكان،چونكە كەناڵی لۆكاڵی تایبەتە بە ناوخۆی وڵات و كەناڵی سەتەلایت پەیامەكانی جیاوازە و لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی كاردەكات، لە دونیای دەرەوە و لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا كەناڵی فەرمی و لۆكاڵی بونەتە ئیجباری لە بەردەم وەرگر و بە شێوازی كێبڵ بە هاونیشتمانیانیان دراوە لە بەرامبەریشدا پارەیەكی مانگانە وەردەگیرێت، لەم سەردەمەی ئێستا لە هەندێك لەو وڵاتانەی دونیا بوونی ئامێری تەلەفزیۆن بوەتە بڕیار، واتە تەلەفزیۆنت هەبێت یاخود نەتبێت حكومەت پارەی بەكارهێنانی تەلەفزیۆن لە هاووڵاتیانی وەردەگرێت و هەموو ڕێگاكانیان لێگرتوون، چونكە لە پێشدا ئەگەر تەلەفزیۆنت هەبوایە ئەوسا پارەی بەكارهێنانی وەردەگیرا بەڵام لە پێناو ئەوەی هاووڵاتیانی خۆیان ئیجبار بكەن بەبەكارهێنانی كەناڵە تایبەتە كێبڵیەكانیان وایان كردووە كە دەبێت تەلەفزیۆنیان هەبێت، بێگومان ئەم سیستمە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی كە ڕەنگە جیاوازتربێت.
لە ماوەی ڕابردودا زۆر باس لە كاریگەری بونی دراماو زنجیرە تەلەفزیۆنیە بیانیەكان كرا كە بونەتە هۆكاری زۆربونی توندوتیژی لەناو خێزان، بێگومان ئەمەش بەشێكی سەرەكیە لە تێكەڵكردن و گواستنەوەی كولتوری نەتەوەكانی كە بە كولتور و داب و نەریتی كوردەواری، جگە لەمانەش بونەتە تەرویج و بە بازاڕكردنی گەشت وگوزراربۆ ئەو وڵاتانەی كە دراماكانیان بەبەردەوامی لەكەناڵە سەتەلایتەكانی كوردستان پەخش دەكرێت بەبێ ڕەچاوكردنی جیاوازی جۆری ژیان و ئایدیا و بۆچون و كلتور.
كەواتە لەمڕۆدا پێویست دەكات لایەنی پەیوەندیدار بە پێدانی مۆڵەت بەكردنەوەی كەناڵە تەلەفزیۆنیەكان چاوێك بە بڕیار و مەرجەكانی كردنەوەی ئەو كەناڵانەدا بخشێنێتەوە و ڕیزبەندیەك بكات بۆ ئەو كەناڵانەی كە لۆكاڵین و كامەیان شایەنی سەتەلایت بونن، پێویست دەكات ئەرك و وەزیفەكانی كەناڵە لۆكاڵی و ئاسمانیەكان دیاریبكەن،بۆئەوەی هەر كەناڵێك لەسەر سیستمی دیاریكراوی خۆی بڕوات و هەركەناڵێكی لۆكاڵیش مەرجی بە سەتەلایت بونی هەبوو ئەوكات مۆڵەتی تایبەت بەخۆیی پێبدەن، لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە گەڕان و بەدواداچون بۆ سەرجەمی ئەو كەناڵانە هەبێت و باش و خراپیان دیاریبكرێت.
هەموو ئەمانەی باسمكرد بەمانای بونی سانسور نایەت لەسەر كەناڵە تەلەفزیۆنیەكان بەڵكو گەڕانەوەی بەهایە بۆ ئەرك وگرنگی و بەڕیوەبردن و ئەدای كاری تەلەفزیۆنی چ لە لۆكاڵیەكان یاخود سەتەلایتی و ئاسمانیەكان، بەپەیڕەوكردنی ئەمانەش بێگومان بەهای حەقیقی دەگەڕێنینەوە بۆ بینەر.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*