کابینەی 1+8

لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991ی باشووری کوردستانەوەو دواتر بەڕێوەبەری خۆسەری لەباشووری کوردستان تاکو نها هەشت کابینەی یەک لەدوای یەکی حکومەت پێکهێنراوە، کابینە لەدوای کابینە دەگوترا کابینەی نوێ! بەڵام لەڕاستیداو لەسەر ئەرزی واقیع تاکو هەنوکە هیچ کابینەیەکیان نوێ نەبووە بەمانای نوێخوازو خەونی نوێ و دنیابینی نوێ و پرۆژەی نوێ لەپێناو خزمەتمەتکردنی هاوڵاتیاندا. بەمانایەکیتریش هیچ کابینەیەک لەم هەشت کابینەیە بازدانی گەورەی بەسەر کابینەکەی پێش خۆیدا نەکرد کە خزمەت بێت بەهاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، جگە لەدوو ساڵی کابینەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە (د. بەرهەم ساڵح) سەرۆکی‌ بوو. هەشت کابینەی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچی لەلۆژیکی بەڕێوەبەری و عەقڵی دەوڵەتداری بەرهەمنەهێنا، هەشت کابینەی ڕابردوو خولانەوەیەک بوو لەناو بازنەیەکی دووبارەی بەریەککەوتووداو هەموو هەنگاوەکانی لەسەر ڕێگایەک دەنا.
لەسەرەتای هەر کابینەیەکەوە دەرگای کۆمەڵێک خەونی جوان جوان لادەدراو دروشمی خوڵقاندنی سەرزەمینێکیتر دەدرا بەهاوڵاتیان، بەڵام زۆری پێنەدەچوو ئەو دەرگایانە دادەخران و هیچ ئاسۆیەک نەدەمایەوە بۆئەوەی کابینەیەکی نوێ بەخەون و پرۆژەو دونیابینی نوێوە بێتەبوون و بەپێکهاتەو بەکردارو بەعەقڵی بەڕێوەبردنیش کابینەیەکی نوێ بێت و خەونی پێکهێنەرانی بێت سەردەمێکی نوێ لەژیانی هاوڵاتیاندا لەسایەی ئەو کابینە نوێیەدا دروست ببێت. لەسەرەتای کابینەی هەشتیشدا کاتێک هێزی نوێ هاتەناو حکومەت و پرۆژەو بەرنامەی قەبەو گەورە ئامادەکرا بۆ چوار ساڵی ئایندەی حکومەت، زۆری پێنەچوو هەموو خەونەکان لەبارچوون و شتێک نەما بەناوی کابینەی نوێی بنکەفراوان و خەونی تازەو پرۆژەی چوار ساڵی پڕ خزمەت!و ئارام. ئەوەبوو بەهۆی کێشەی پارتی و بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئەو شوناسەی کە جیاواز لەجاران حکومەتی پێدەناسێنراو حکومەت لەدووهێڵی تەریبی یەکێتی و پارتییەوە بووە سێ هێڵ بۆ بەڕێوەبردن، بەریەککەوتن تێیدا ڕوویداو هەرزوو ئاراستەکان نەگەشتنەجێ و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەرگی نوێخوازی لەبەر داکەند و گەڕایەوە دۆخی جارانی خۆی.
لەهەر بوارێکدابێت، کاتێک بەشتێک دەوترێت نوێ کە جیاوازبێت لەوەی بینراوەو هەبووە، هیچ شتێک نوێ نییە ئەگەر جیاواز نەبێت لەمارکەو وجوودەکانی پێش خۆی. ئەم هەڵسەنگاندنەی سەرەوە بۆ کایەی دەوڵەتداری و حکومەتیش هەمان شتە، هیچ حکومەتێکی هەرێمی کوردستان نوێ نەبووە بەو پێوەرەی کابینە دوای کابینە جگە لەهوتاف و قسەی بێکردار شتێکی نوێی پێ نەبووە پێشکەشی بکات و جودابێت لەکابینەکانی پێش خۆی. زەمەنێکی زۆریش لەکوردستان بەو لۆژیکە وەڵامی ڕەخنەکان لەحکومەت دەدرایەوە کە حکومەتی هەرێم تازەو ساوایەو ناکرێت کەس ڕەخنە لەکارەکانی بگرێت و دژی کارەکانی بجوڵێتەوە. بەڵام ئەم حکومەتە یەک لەدوای یەکانە تەمەنیان گەیشتە هەشت کابینە و 27 ساڵی تێپەڕاند هێشتا گەورە نەبووەو مناڵی و گەورەیی هەر یەک شێوەیە.
لەهەشت کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمدا، نەک هەر نەتوانرا هاوڵاتیانی باشووری کوردستان بگەیەنرێت بەو ڕاستییەی کە حکومەت خەمیان دەخوات و لەسوودی ئەوان کاردەکات؛ بەڵکو هەموو شانازیی هاوڵاتیانیان کوشت بەحکومەتەکەیان و ئێستا لەهەر کاتێکیتر زیاتر نێوانی هاوڵاتیان و حکومەت لەدوورترین مەودادایەو متمانەی هاوڵاتی بەحکومەت لەئاستێکی نزم و کەمدایە، هەموو ئەمانەیش واتە گەڕانەوە بۆ ئەو هۆکارە کە حکومەت و پیاوانی دەسەڵاتداری ناوحکومەت لەئاست چاوەڕوانی و تموحی هاوڵاتیاندا نەبوون. هەشت کابینەی ڕابردوو نەک لەکردارو پەراوێزخستنی مافی هاوڵاتیاندا وەک یەک بوون و جیاوازیان نەبووە، لێکچونی ئەو هەشت کابینەیش وایکرد توڕەیی هاوڵاتیان کابینە دوای کابینە زیادبکات و بەردەوام بێت، تەنانەت پێکهاتەو ڕوخسارو هەیکەلی کابینەکانیش لەماوەی 27 ساڵی ڕابردوودا هەمان هەیکەلی سیاسی و حیزبی و کەسی بن. ئەمەش خاڵێکیتر بووە کە وایکردووە هەموو ئەو کەسە نوێیانەی لەکابینەکاندا دەبوونە وەجهی نوێی حکومەت لای هاوڵاتیان مایەی دڵخۆشی و بڕواو متمانە نەبن.
ئێستا لەبەردەم دەروازەکانی کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێمداین. ئەوەی وەک شتێکی پێش وەختە لەم کابینە نۆهەمەش دەخوێنرێتەوە، ڕەشبینی هاوڵاتیانە بەوەی هیچ لەدۆخی هاوڵاتیان ناگۆڕێت، بەڵکو ئەوەی دەگۆڕێت ڕوخساری کەسەکانەو ناوو ژمارەی کابینەکانی حکومەتە. هاوڵاتیانی کوردستان ئەوەی لەکابینەی یەکەم تاکو حەوتەم و هەشتەم بینیویانە هەمان چاوەڕوانیشیان بۆ کابینەی نۆهەم هەیەو خاڵی جیاوازی نێوان ئەم کابینانە لەدیدی هاوڵاتیانەوە تەنها ساڵ و کەسی پێکهێنەری حکومەت و هێزە بەشداربووەکانی ناو کایەکەیە، ئەگینا هەر لەدیدی هاوڵاتیانەوە ئەم حکومەتانەی ڕابردووو ئێستایش لەسەر بنەماو دنیابینی کارو پرۆژەی گرنگ و پێویست بۆ هاوڵاتیان بنیاد نانرێت و پێکناهێنرێ
ئەم کابینە نوێیە کە پێش هەرشتێک سەرۆکێکی نوێی دەبێت و دوای ماوەیەکی زۆر لە(نێچیرڤان بارزانی)یەوە ڕادەستی (مەسرور بارزانی) کراوە، لەتێگەشتنێکی سادەداو پێش هەر مەبەستێکی شاراوە هەڵگری سێ پەیام و ئاراستەو مەبەستی ڕوونی کارکردنە، ئەوانیش ئاراستەی ناوخۆی پارتی، ئاراستەی ناوخۆی هەرێم و ئاراستەی دەرەوەی هەرێم.
یەکەم / ئاراستەی ناوخۆی پارتی:
پێدەچێت ئەم کابینە نوێیەی حکومەت (کابینەی نۆهەم) هێڵی جیاکاری نێوان هەشت کابینەی ڕابردووبێت لەگەڵ کابینەکانی داهاتووی حکومەتی هەرێمدا!. گۆڕینی نێچیرڤان بارزانی بە مەسرور بارزانی هەڵگری مانایەکی ڕوونە بۆ بەهێزترین هێڵەکانی ناو پارتی کە ئەم هێڵە سیاسییە ــ ئەمنییەی ئەمجارە کە حکومەت دەگرێتە دەست دەیەوێت کابینەکەیی و کارەکانی لەتەواوی مێژووی کابینەکانی پێش خۆی جیاوازبێت و خاڵی دابڕان بێت لەمێژووی پێش خۆی. کابینەی نۆهەم پێش لەدایکبوونی، هەموو ئامادەکارییەکی بۆ کراوەو زەمانەتی کابینەیەکی سەرکەوتوو بە بەربژێرەکە دراوە بەبەراورد بەکابینەکانی پێشوو. لەپێناو کابینەیەکی سەرکەوتوویش کە ببێتە شانازی سەرۆکەکەی هەموو ڕەگەکانی دژایەتی بۆ ئەم کابینەیە لەناوخۆی‌ پارتیدا بچڕاوەو هیچ بەربەستێک نەهێڵراوەتەوە بتوانێت خەونەکانی سەرۆکە نوێیەکەی حکومەت لەناوببات.
لەناوخۆی پارتیدا پێش هەر کەسێک سەرۆکی پارتی کە هاوکات باوکی مەسرور بارزانیشە لەجوڵەی تەواوو گەرموگوڕدایە بۆ ئەوەی کوڕەکەی بخاتەسەر سەڵتەنەتێکی بێکێشە، تەنانەت پێش ئەوەی پارتی ناوی مەسرور بارزانی وەک کاندیدی نوێیان بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕابسپێرێت، کەسێکی ئاگادار لەبەغداد پێیوتم کە مەسعود بارزانی لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدادو دیداری لەگەڵ (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆک وەزیرانی عێراق مەسرور بارزانی وەک کاندیدی ئەوان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ناساندووەو وەک هاوتایەکی خۆی ناوی هێناوە لەئایندەی هەرێمدا. یەکێکیتر لەو هەوڵانەی لەئێستادا دەدرێت لەناوخۆی پارتیدا بۆ جوان نیشاندان و بەهێزی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی ئەوەیە نابێت هیچ بەشداربوویەکی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی ڕەخنە لەحکومەت و کارەکانی بگرێت. بەقسەی هەموو لایەنگرانی ئەم هێڵە بێت ناکرێت هێزو لایەنەکان بەشداری حکومەت بکەن و ڕەخنەیشی لێبگرن و ناڕازیبن لەکارەکانی حکومەت، هەر بەقسەی لایەنگرانی ڕاسپێردراوەکەی پێکهێنەری حکومەت ناکرێت ئەم حیزبانە بەڕۆژ لەکابینەی نۆهەم بەشداربن و بەشەو لەسەر شاشەی تیڤییەکانەوە ڕەخنە لەحکومەت بگرن و دژی بن. هەموو ئەم بەرگریانە بۆ ئەوەیە کابینە نوێکەی مەسرور بارزانی توشی دۆخێکی خراپتر نەبێتەوە هاوشێوەی کابینەکەی نێچێرڤان بارزانی.

دووەم / ئاراستەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان:
ئەم ئاراستەیەیان لەلای پارتی زۆر گرنگە. چەندە پارتی بەهۆی ڕێکخستنی هێڵەکانی ناوخۆیەوە سەرقاڵبوو، دواکەوتنی حکومەتی دواخست، لەئاراستە ناوخۆییەکەیشدا هێندەیتر دەترسێت سەرۆکە نوێکەی حکومەت نەتوانێت لەناوخۆی هەرێمدا ئاو بەدەم خاکەنازیەوە بێت!. لەئاراستە ناوخۆییەکەی پارتیدا هەرچۆن هەبوو پارتی دۆخی ناوخۆی خۆیی پێ پەردەپۆشکرد، بەڵام هەرچی دەکات ناتوانێت بەو ئاسانییە نوێنەرەکەیان بخەنەسەر کورسی دەسەڵات، چونکە پارتی دیموکرات هەست بەبەربەستێکی تازە دەکات لەبەردەم جوڵەکانی مەسرور بارزانیدا ئەویش هەستانەوەو بەهێزبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە بەپێگەیەکی نوێوەو بەسیاسەتێکی جیاوازتر لەکابینەی پێشوو دەیەوێت هاوبەشێکی ڕاستەقینەی حکومەتی هەرێم بێت. پارتی لەم کابینەیەدا کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، مەبەستێکی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداربێت و یەکێتیش لاری نییە ئەگەر نەک گۆڕان تەنانەت هێزە ئیسلامییەکانیش بەشداری حکومەت بکەن، یەکێتی پێگەی خۆیی لاگرنکەو نایەوێت شەریکێکی لاوازبێت بۆیە هەمیشە لەکۆبوونەوەکاندا دەڵێت «شەراکەتی ڕاستەقینە»، بەڵام بەشداری گۆڕان لەبەرامبەر پێداگرییەکانی یەکێتیدا بۆ بەشداری لەم کابینە نوێیەدا بەبەشدارییەکی ڕاستەقینە، مایەی دڵخۆشی پارتی نییەو لای پارتی گرنگە لەئەگەرێکدا هیچ هێزێکیش بەشداری نەکات بەڵام یەکێتی بەشداری بکات و داواکانی جێبەجێ بکرێت. چونکە هیچ هێزو لایەنێکیتر هێندەی پارتی لەگرنگی و توانای یەکێتی تێناگات بۆ بەشداری لەحکومەت.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 100 ڕۆژ لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئێستا کاتێک پارتی دیموکرات پێداگری و جدییەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبینێت لەوەرگرتنی پۆست و ڕەدکردنەوەی گفتوگۆ لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمە لای پارتی جێگای هەڵوەستە لەسەرکردن و بەخۆدا چوونەوەیە، چونکە پارتی و بەتایبەت بارزانی باوک لەخەیاڵیدا وێنایەکی تایبەتی بۆ کابینەی کوڕەکەی دانابوو کە سەرکەوتووتربێت لەکابینەی برازاکەی.
بەو کەمە مەشهەدەی لەسەر تەختی شانۆی هەرێم ڕوونبووەتەوە، ئەوە دەردەکەوێت ئێستا کابینەی نۆهەم لەنێوان دوو تموحی گەورەدایە، ئەویش تموحی بارزانی باوک و کوڕە بۆئەوەی حکومەتێکی جیاواز لەحکومەتەکانی نێچیرڤان بارزانی و هێڵی بۆینباخ زەردەکانی ! ناو پارتی پێکبهێنن، تموحی دووەمیش تموحی گەورەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، تموحی یەکێتی ئەوەیە کە شەراکەتی ئەم جارەیان بەو شێوەیە نەبێت تەنها پرسیان پێبکەن و بەقسەیان نەکەن. ئەگەر پارتی بییەوێت تموحەکەی تێربکات و کابینەکەی ئەمجارەیان سەرکەوتربێت لەوانیتر! ئەوا دەبێت تموحەکانی یەکێتی تێربکات و داواکانی یەکێتی جێبەجێ بکات، ئەگەر نا پارتی خۆی ئەوە باش دەزانێت کە بەبێ یەکێتی هیچ حکومەتێک و هیچ پرۆسەیەک لەکوردستان سەرکەوتوو نابێت بەکابینە نوێیەکەی مەسرور بارزانیشەوە.

سێیەم / ئاراستەی دەرەوەی هەرێم:
ئاراستەی سێیەم ئاراستەی شکانەوەیە بۆ ناوخۆی عێراق، یان بەمانایەکیتر وەرچەرخانی پارتییە بەڕووی عێراقێکدا کە لەرێفراندۆمدا پارتی پێی دەگوت «بای بای عێراق». ئەم ئاراستەیە ئێستا لەهەمووکات گرنگترە بەلای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، چونکە ئیدی پارتی لەوە دڵنیابووه ڕووکردن لەتورکیا هیچی نوێی لێ بەرهەم نایەت، تەنانەت خوڵقاندنی کەتنێکی وەک ڕیفراندۆم و بچوککردنەوەی پێگەی حکومەتی هەرێم، دەرئەنجامی پیلانەکانی تورکیا بوو. بۆیە بۆئەوەی کابینەی نۆهەمیش بەهەمان دەرد نەچێت دەبێت مەسرور بارزانی لەتورکیاوە بکشێتەوەو وەرچەرخان بکات بەرەو بەغداد، تەنانەت ئەم وەرچەرخانەیش بەمیدیای سەرۆکە نوێیەکەی کابینەی نۆهەمەوە دیارە. کرانەوەو دۆستایەتی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بەڕووی هەندێک وڵات و لایەن و هێزدا ئاسانەو بەڕووی هەندێکیتریشدا قورس و ئاسان نابێت. لەهەردوو حاڵەتەکەدا ئەم ئاراستەی سێیەمە پەیوەندی بەدۆخی ناوخۆی هەرێمەوە هەیە، ئەگەر ناوخۆی هەرێم وەک لەخاڵی دووەمدا باسمانکرد تموحەکانی پارتی تێربێت و یەکێتی وەک کابینەکانیتر هاوکاری مەسرور بارزانی بێت ئەوا بەڕووی دەرەوەیشدا دەتوانێت هەنگاوی گەورەبنێت و کرانەوەیەکی گەورە ڕووبدات، ئەگەریش یەکێتی بەشێک نەبێت لەم حکومەتە بەو شێوەیەی کە خۆی دەڵێت شەراکەتی ڕاستەقینە، ئەوا پێش هەمووی ئەم حکومەتە لەگەڵ بەغداد ناکۆک و تێکشکاو دەبێت و یەکێتی نایەوێت ئیدی ئاگای لەکاروبارەکانی کابینەی نۆهەم نەبێت و نەزانێت لەپشت پەردەوە چی دەگوزەرێت، چونکە تاکو ئێستا یەکێتی پێیوایە هەرگیز پیلانی 16ی ئۆکتۆبەری بیرناچێت کە چۆن پیلانە هەرێمیەکەی تورکیاو ناوخۆی هەرێم ویستی هەموو شتێک لەژێرچنگی یەکێتی دەربهێنن و باشووری کوردستان بکاتە بەشێک لەدەوڵەتی تورکیا.
لەئاراستەی دەرەوەدا پێش هەموان بەغداد گرنگە. بەڵام ئەگەر لەناوخۆی هەرێمدا یەکێتی نەبێتە ئەو شەریکە ڕاستەقینەیەی خۆی دەیەوێت و یەک گوتاری کوردیانە دروست نەبێت و مەسرور بارزانی ئەو یەک گوتارییە پێشکەش نەکات و یەکێتی وەک حیزبێکی خاوەن پێگە و دەسەڵات لەهەرێم و لەبەغدادیش پشتگیری ئەم یەک گوتارییە نەکات، مەسرور بارزانی ناتوانێت شتێکی نوێ لەکاری حکومەتداری بکات و هەنگاوی گەورە بەڕووی دەرەوەی هەرێمدا بنێت و کابینەکانی پێشووش تێناپەڕێنێت.
مەبەستی ناوونیشانی ئەم وتارەیش بە (کابینەی 8 + 1) مەبەستێکی ژمارەیی نییە هێندەی مەبەستە مێژوویی و کاریگەرییەکەیەتی لەشەقامی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ بەغداددا. کاتێک دەڵێین (کابینەی 8 + 1) دوو مەبەستی تایبەتمان هەیە:
یەکەم/ ئەگەر کابینەکەی مەسرور بارزانیش وەک کابینەکانیتر بێت کە پارتی پێکیانیهێناوە، تەنها کابینەی زۆنی زەرد بێت و کابینەی دەوڵەمەندکردنی ژمارەیەک کەس بێت لەبەرامبەر برسیبوونی هاوڵاتیاندا، ئەگەر کابینەی بێکاری گەنجان و بێ پرۆژەیی حکومەت و کابینەی خوڵقاندنی قەیران بێت، کابینەی تاک بڕیاری پارتی بێت و هێزەکانیتر هیچ، ئەوا قسەیەکی ڕاستە پێیبگوترێت «کابینەی نۆهەم» و تەنها لەڕوانگەی ژمارەی کابینەکانەوە بژمێردرێت.
دووەم / ئەگەر ئەم کابینەی نۆهەمە پێش هەر شتێک دابڕانی مێژوویی لەکابینەکانی پێشووی حکومەت کرد و جیاوازبوو، ئەگەر دابڕانی لەژیانی هاوڵاتیاندا دروست کرد لەنێوان هەشت کابینەی پێشووی حکومەت لەگەڵ کابینەی نۆهەم کە کارەکتەرێکی جیاواز لەوانیتر پێکیدەهێنێت. ئەگەر سەرۆکی حکومەت لەزاخۆوە بۆخانەقین لەخەمی پرۆژەو نۆژەنکردنەوەی وڵاتدابوو، ئەگەر هاوڵاتیان هەستیان بەباشبوونی بارودۆخی مادی و ژیانیان کرد، ئەگەر هاوڵاتیان هەستیان بەوەکرد دەنگدانیان بەحیزبەکان لەڕێگەی کابینەی نوێی حکومەتەوە بەرهەمەکەی دەچننەوە، بەکورتی ئەگەر حکومەتی داهاتوو بەڕاستی حکومەتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بوو، ئەوا هەق نییە ئەم کابینەیەیش لەڕیزی کابینەکانیتری حکومەتدا هەژماربکەین کە هیچ کابینەیەکیان لەخزمەتی هاوڵاتیاندا نەبووە، ئەوکات بۆ جیاکاریش لەنێوان هەشت کابینەی پێشووی حکومەت لەگەڵ ئەم کابینە نوێیەدا دەبێت بڵێین (کابینەی 8 + 1)

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ سنووری‌ لمینه‌وه‌ بۆ سنووری‌ پڕ مین!

ره‌نگه‌ بۆ یه‌كه‌مجار نووسه‌ری‌ دیاری‌ عه‌ره‌بی‌و ئه‌مریكی فوئاد عه‌جمی بووبێت ...