سەرەکی » زانست » ئایا ژینگه‌ی ناو مزگه‌وته‌كان ته‌ندروسته‌

فه‌ره‌یدون غه‌ریب حەسەن به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌وقاف

ئایا ژینگه‌ی ناو مزگه‌وته‌كان ته‌ندروسته‌

فه‌ره‌یدون غه‌ریب حەسەن

كاتێك كه‌ ده‌ڵێین ژینگه‌ی درووسست و خاوێن ، مه‌به‌ست له‌وه‌یه‌ خۆمان بپارێزین له‌و ئازارو مه‌ینه‌تیانه‌ی كه‌ به‌هۆی تێكچوون و پیس بونی ژینگه‌وه‌ ، ده‌چێته‌ ناو جه‌سته‌مان و توشی نه‌خۆشیمان ده‌كه‌ن و هه‌ندێ جاریش به‌مه‌رگ كۆتایی به‌ ژیانی خه‌ڵك دێنێ .
دیاره‌ هه‌ر نه‌خۆشكه‌وتنێك جگه ‌له‌وه‌ی مایه‌ی ئازاره‌ بۆ كه‌سه‌كه‌ و له‌كاره‌كانی دوای ده‌خات ، ئه‌رك و كێشه‌یه‌ بۆ هاوماڵه‌كانی و خه‌رجی ده‌وێت ، له‌هه‌مانكاتدا ده‌بێته‌ هۆی زیادكردنی ئه‌ركی دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كان . جا ئه‌گه‌ر ئه‌ونه‌خۆش كه‌وتنه‌ گه‌ربه‌هۆی ئه‌نقه‌ست ، یان كه‌مته‌رخه‌میه‌وه‌ بێت ، بێگومان تاوانه‌و دینیش به‌ گوناهی داده‌نێت .
شاره‌كانی كوردوستان به‌رده‌وام فراوان ده‌بێت ، ژماره‌ی دانیشتوانیش ڕووله‌ زیاد بوونه‌ ، به‌هۆی هه‌ل ومه‌رجی كوردوستان و ئاسانی هاتوچۆ، خه‌ڵكێكی زۆری ده‌ره‌وه‌ش بۆ كار و گه‌شت وگوزار ڕووله‌ شاره‌كان ده‌كه‌ن . جا له‌و شوێنانه‌دا كه‌ خه‌ڵك تێكه‌ڵ ده‌بن ، گه‌ر نه‌خۆشیه‌كی گوێزراوه‌ هه‌بێت به‌خیرایی به‌ناو خه‌ڵكدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و به‌زیان ده‌بێت .
دیاره‌ مزگه‌وت شوێنێكه‌ خه‌ڵكێكی زۆر تییا كۆ ده‌بێته‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌ ئاینیه‌كانیان ، هه‌رچۆن له‌ كۆنه‌وه‌ له‌ كورده‌واریدا زۆر مه‌راسیمی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ مزگه‌وتدا ئه‌نجامدراوه‌و ده‌درێ . وه‌ جێی حه‌سانه‌وه‌ بووه‌ بۆ ڕێبوار و دوره‌ نشینگه‌ .
له‌م ساڵانه‌ی دوایدا ، به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی بژێوی خه‌ڵك ودرووست بونی خه‌ڵكانێك كه‌ خاوه‌ن ئاستێكی دارایی به‌رزن ، بۆیه‌ ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی بنیاد ده‌نرێن زۆر لایه‌نی ئه‌ندازیاری گونجاویان تیایه‌ ، به‌تایبه‌ت له‌ ناو شاره‌كاندا ، بێگومان فراوانی هۆڵه‌كان واده‌كات ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك تیا كۆ ببێته‌وه‌ .
له‌ هه‌مان كاتدا زۆرێك له‌ مزگه‌وته‌ كۆنه‌كان فراوان ده‌كرێن ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی كه‌ له‌ ناوه‌ندی شاردان له‌ ناو بازاڕ و گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كاندا كه‌ ڕێكخستنێكی ئه‌ندازیاری ئه‌وتۆیان نییه‌ ، بۆیه‌ زۆربه‌ی فراوان كردنه‌كان مه‌رجه‌ ئه‌ندازیاری و ژینگه‌یه‌كانیان تیا نی یه‌ .كاتی خۆی ئه‌و مزگه‌وتانه‌ حه‌وشه‌و باخیان هه‌بوو دره‌ختی گه‌وره‌ له‌ حه‌وشه‌كانیاندا ژینگه‌یه‌كی ته‌ندرووست و له‌ باری دابین ده‌كرد . به‌ڵام به‌ بیانوی فراوانكردنی شوێنی نوێژكردن ، دره‌خته‌كان بڕدانه‌وه‌ وحه‌وشه‌و باخه‌كان كران به‌ كاشی و سه‌قفی بۆدرووستكراو درایه‌ ده‌م ژوری مزگه‌وت . دیاره‌ ئه‌مانه‌ ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌یان له‌ یه‌ك ئاڕاسته‌وه‌ ده‌بێت ، وه‌ هیچ جۆره‌ ته‌وژمێكی هه‌وا گۆڕكێی تیا ڕونادات . وه‌ زۆرترین خه‌ڵكیش له‌م مزگه‌وتانه‌دا كۆ ده‌بنه‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ ڕۆژدا .
بێگومان كاتێ كه‌سێك ده‌چێته‌ ژورێكه‌وه‌ هینده‌ی قه‌باره‌ی خۆی هه‌وا ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ واته‌ هه‌وای ژوره‌كه‌ كه‌م ده‌كات ، هه‌ر مرۆڤێك له‌كاتی هێمنیدا له‌ ‌ده‌قیقه‌یه‌كدا نزیكه‌ی 12 لیتر هه‌وا ده‌چێته‌ ناو سیه‌كانیه‌وه‌ و پاش كه‌مكردنی ئۆكسجینه‌كه‌ی و زیاد بوونی دوانه‌ ئۆكسیدی كاربۆن تیایدا ده‌یكاته‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌و هه‌وایه‌ ی گه‌رم بووه‌ تا 37پله‌ی سه‌دی . ئه‌مه‌ش واده‌كات هه‌وای ژوره‌كه‌ گه‌رم ببێت وه‌ ڕێژه‌ی دوانه‌ ئۆكسیدی كاربۆن زیاد بكات و ئۆكسجین كه‌م بكات . جا گه‌ر ئه‌و ژوره‌ هۆڵێكی مزگه‌وت بێ كه‌ 500 كه‌سێك له‌خۆ بگرێ .ئه‌و ڕێژه‌یه‌ چه‌ند ده‌كات ؟
جاران له‌ هۆڵی مزگه‌وتا زۆپای دار دواتر نه‌وت داده‌نرا كه‌ دوكه‌ڵكێشی هه‌بوو هه‌رچی ئه‌و گازه‌ ژه‌هراویانه‌ی له‌ ئه‌نجامی سوتانی ئه‌و سوته‌مه‌نیانه‌ درووست ده‌بوو ده‌چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ته‌وژمێك هه‌وا درووست ده‌بوو كه‌ هه‌وای پاك ده‌هاته‌ ژوره‌وه‌و هه‌وای پیس ده‌چوه‌ ده‌ره‌وه‌.
ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر سپلیت وه‌ك ئامێرێكی مۆدێرن هاته‌ كوردوستانه‌وه‌ ،هه‌روه‌ك له‌ ژماره‌یه‌كی پێشوی ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌دا بڵاومانكرده‌وه‌ سپلیت هه‌مان هه‌و‌ای ناو ژوره‌كه‌ سارد یان گه‌رم ده‌كات . بێگومان هه‌رزوو زۆرێك له‌م سپلیتانه‌ له‌ مزگه‌وته‌كاندا دانران ، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌كارهێنانیان ئاسان بوو . ئێمه‌ ئه‌وه‌ماندا به‌گوێی خه‌ڵكدا كه‌ سپلیت ئامیرێكی باش نیه‌ و ژینگه‌ یه‌كی ناله‌بار درووست ده‌كات به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغانه‌ نابێت چونكه‌ هه‌واگۆڕكێ ناكات . به‌ڵام به‌ده‌مه‌وه‌هاتن نه‌بوو تا سپلیت و هاوه‌ڵه‌كه‌ی بۆیله‌ر كه‌ ئاوی گه‌رم دابین ده‌كات به‌ئاسانی ، كه‌تنی خۆیان كرد ئه‌ویش په‌ك خستنی تۆڕه‌كانی كاره‌با بوو . وه‌وایكرد كه‌ كاره‌بای به‌رهه‌م هاتوو هه‌رچه‌نده‌ له‌چاو جارانا چه‌ند به‌رامبه‌ر زیادی كردووه‌ له‌ ئاست پێویستی ئه‌و ئامێرانه‌دا نه‌بێت كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌هێندی گڵۆپ و ڕوناكی 20ماڵ كاره‌با ی ده‌وێت . تاوای لێهات محاویله‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان به‌رگه‌ نه‌گرێ ناچار محاویله‌ی تایبه‌ت بۆ هه‌ندێك له‌ مزگه‌وته‌كان دانران .
ئێستا زستانه‌و كاره‌باش به‌ش ناكات به‌رده‌وام هه‌بێت ، جا كاتێك كاره‌با هه‌بێت ، له‌ هۆڵی مزگه‌وتا ئه‌گه‌ر چه‌ند كه‌سێكیشی لێبێت ، ئه‌وا سپلیته‌كان دائه‌گیرسێنن ، به‌مه‌ش بارگرانیه‌كی زۆر ده‌خه‌نه‌سه‌ر ئه‌م ووزه‌ گرنگه‌ ، كه‌ كاره‌باش نابێت ، ئه‌وا ژماره‌ یه‌ك زۆپای نه‌وت یان له‌ هه‌ندێك له‌ مزگه‌وته‌كانا زۆپای غازی گه‌وره‌ دانراوه‌ بۆ گه‌رم كردن به‌بێ دوكه‌ڵ كێش ، دیاره‌ هه‌ر به‌هۆی زستانه‌وه‌ ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌كان توند داخراون و هیچ هه‌وا گۆڕكێیه‌ك ڕوونادات .
جێگه‌ی سه‌رنجه‌ كه‌ ئه‌وخه‌ڵكه‌ی دێن بۆ مزگه‌وت جلو به‌رگێكی ئه‌وتۆیان پۆشیوه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ سه‌رمایان نه‌بێت ، وه‌ سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ زۆربه‌یان پێش چونه‌ ناو مزگه‌وته‌وه‌ ماوه‌یه‌كی باش به‌ ده‌مه‌ته‌قێ له‌ به‌ر مزگه‌وته‌كا ده‌به‌نه‌ سه‌ر ، كه‌چی كه‌ هاتنه‌ ژوره‌وه‌ ئاوی گه‌رم و زۆپای گه‌رمیان ده‌وێ . له‌ كاتێكدا به‌تایبه‌ت له‌ ڕۆژانی هه‌ینیدا مزگه‌وته‌كان جمه‌یان دێت هه‌ناسه‌ی خه‌ڵك و ئه‌و زۆپایانه‌ به‌ ڕێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر ئۆكسجینی ناو هۆڵه‌كه‌ كه‌م ده‌كات و دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن زیاد ده‌كات وه‌ ده‌شێ بگاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ گازی یه‌كه‌م ئۆكسیدی كاربۆن درووست بێ كه‌ زۆر كوشنده‌یه‌ .
جا مزگه‌وته‌ نوێكان به‌هۆی به‌رزی بنمیچه‌كانین پیس بوونی هه‌وای ناو هۆڵه‌كانیان زۆركاری گه‌ر نابێت ، به‌ڵام مزگه‌وته ‌كۆنه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌یه‌ك ڕووه‌وه‌ په‌نجه‌ره‌و ده‌رگایان هه‌یه‌ و بنمیچه‌كانیان نزمه‌ ، ده‌شێ كاره‌ساتی گه‌وره‌یان تیا ڕووبدات .
بۆئه‌م بابه‌ته‌و ‌هه‌ندێك بابه‌تی ژینگه‌ی تر په‌یوه‌ست به‌ ژینگه‌ی ناو مزگه‌وته‌كان سه‌ردانی به‌ڕێز (فه‌ره‌یدون غه‌ریب حسن ) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌وقاف م كرد .
بێگومان هاوڕابوو كه‌ ده‌بێت كار بكرێت بۆ دابین كردنی هه‌وا گۆڕكێ تا ژینگه‌یه‌كی له‌ بار تر له‌ناو مزگه‌وته‌كانا بخوڵقێ .هه‌رچۆن باسمان له‌وه‌كرد كه‌ له‌ هاوینیشدا ، له‌گه‌ڵ دانانی ژماره‌یه‌ك موبه‌ریده‌ی به‌هێز كه‌ بڕێكی زۆر هه‌وا ده‌كاته‌ ژوره‌وه‌ ، ساحیبه‌ی پێویست له‌ به‌رزی هۆڵه‌كاندا نیه‌ بۆ كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌وای گه‌رم بوو . بۆیه‌ په‌نگ خواردنه‌وه‌ ڕووده‌دات ، چونكه‌ پێویسته‌ ده‌رچه‌ی ده‌رچونی هه‌وا زیاترو فراوان تر بێ له‌ شوێنی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی هه‌وای موبه‌ریده‌كان .
هه‌روا ئه‌ومان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیانا خسته‌ به‌رباس كه‌ چاكتره‌ سابونی شل هه‌رچۆن لای زۆرێك له‌ ده‌ستشۆره‌كان دامه‌زرێنراوه‌ ، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ ناو ئاوده‌ستدا هه‌بێت ، چونكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆرخه‌ڵك ده‌چنه‌ ئه‌وێ و چاكتره‌ پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست بده‌ن له‌ ده‌سكی ده‌رگاو جلوبه‌رگه‌كانی خۆشیان وسه‌ری به‌لوعه‌كان ده‌ستیان خاوێن بكه‌نه‌وه‌ ، نه‌ك دواتر.
بابه‌تێكی تر كه‌ باسمان لێوه‌كرد بابه‌تی بردنی مناڵ بوو بۆ ناو مزگه‌وت ، له‌ كاتێكدا ڕۆژانه‌ سه‌دان كه‌س پێ وده‌ست و لوتیان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ڕاخه‌ری مزگه‌وت له‌كاتی نویژدا و ده‌شێ نه‌خۆشی یان پێوه‌ بێت . درووست نیه‌ مناڵ كه‌ جه‌سته‌ی ناسكه‌ ده‌م لووتی بنێت به‌ هه‌مان شوێندا و ئه‌وهه‌وا نادرووسته‌ی ئه‌و هۆڵه‌ هه‌ڵمژێ .
ڕاخه‌ری ئێستا وه‌ك جاران نیه‌ له‌ لۆكه‌و خوری درووست بكرێ ، ‌زۆرینه‌ی له‌ ڕیشاڵی كیمیای نامۆ درووست ده‌كرێ . ئه‌م ڕاخه‌رانه‌ له‌ ناو ماڵا ئه‌ركێكی كه‌میان له‌سه‌ره‌ چونكه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌وماڵه‌دان و قورساییه‌كی كه‌می ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر،هه‌روه‌ها خه‌ڵك له‌ ناو ماڵدا ده‌مو لوتی ناخاته‌ سه‌ر ڕاخه‌ره‌كان ، خۆ ئه‌گه‌ر نوێژیش بكات ، ئه‌وا به‌رماڵ ڕاده‌خات ، كه‌له‌كاتی ڕاخستن و كۆكردنه‌وه‌شی ده‌ته‌كێنرێت ، هه‌روه‌ها به‌رماڵ پێناخرێته‌ سه‌ر شوێنی سوجده‌ بردن ،چونكه‌ نیشانه‌ ده‌كرێت ، هه‌رهه‌مان ڕاخه‌ر كه‌ له‌ مزگه‌وتا بێت ڕۆژانه‌ بڕێكی زۆری لێ ورد ده‌بێت به‌هۆی زۆری پێ پیانانیه‌وه‌ ، وه‌ به‌هۆی پێ پیانان و ده‌مو لوتی خه‌ڵكه‌وه‌ پیس ده‌بێت ، بۆیه‌ پێویسته‌ گه‌ر مزگه‌وته‌كه‌ به‌ڕواڵه‌تیش خاوێن بێت ، به‌ گسكی كاره‌بایی ئه‌و ورده‌یه‌ هه‌ڵبمژرێت تا له‌گه‌ڵ هه‌ناسه‌دا نه‌چێته‌ ناوه‌وه‌ له‌كاتی سوجده‌دا . به‌تایبه‌ت ئه‌و ماده ‌نامۆیانه‌ ده‌بنه‌ هۆی نه‌خۆشی زۆر خراپ به‌تایبه‌ت گه‌ر بگه‌نه‌ سی یه‌كان .
به‌ڕێز كاك فه‌ره‌یدون له‌وه‌ ئاگاداری كردین كه‌ له‌ سنوری سلێمانی و ده‌وروبه‌ریدا له‌ نزیكه‌ی 500 مزگه‌وتا نوێژی هه‌ینی ده‌كرێ كه‌ 150 یان له‌ ناوه‌ندی شاری سلێمانیدایه‌ هه‌روه‌ها له‌ ناوه‌ندی هه‌ولێریشدا له‌ 370 مزگه‌وتا. كۆی مزگه‌وته‌كان له‌ كوردوستاندا زیاد له‌ پێنج هه‌زاره‌ و سێ هه‌زارێكیان نوێژی هه‌ینیان تیا ده‌كرێ كه‌ نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن خه‌ڵك ئه‌گرنه‌ خۆ و ئه‌م كێشه‌ ژینگه‌یانه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ . بێگومان بۆهه‌ریه‌ك له‌و مزگه‌وتانه‌ ئیمام و وتارخوێن و كارمه‌ندی تریش هه‌ن . وە سەبارەت بە ژمارەی مزگەوتەکان و رووبەرەکانیان، ئاخۆ لەئاست پێویستیدان یان زیاترن. بەڕێزیان رایان گەیاند کە مزگەوتەکان و قەبارەیان زۆر زیاترە لەوەی کە پێویستە، بۆیە ئێمە رێنمایی خێرخوازان دەکەین کە پرۆژەی خزمەتگوزاری تر بکەنەوە.
هەروەرها رایگەیاند: کە وتار بێژه‌كان ڕۆڵی خۆیان بینیوه‌ له‌ هوشیار كردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ بواری جیاجیادا له‌وانه ‌ژینگه‌ وته‌ندرووستی . ئه‌م تێبینیانه‌ ش له‌ جێگای خۆیاندان ، هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌م زانیاریانه‌ به‌هاوكاری ئێوه‌ له‌ڕێی ڕۆژنامه‌كه‌وه‌بێت یان به‌كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا وتارخوێنه‌ به‌ڕێزه‌كانا ڕابگه‌یه‌نین تا به‌هه‌مومان هه‌وڵبده‌ین ئاستی هوشیاری ژینگه‌ی و ته‌ندرووستی خه‌ڵك والێ بكه‌ین كه‌ مترین ده‌رد و نه‌حۆشی له‌ناو كۆمه‌ڵگاكه‌مانا هه‌بێت .
هه‌روا ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند كه‌ به‌هۆی ئه‌و ئامێره‌ كاره‌بایانه‌وه‌ ئێستا شه‌ش ملیار دینار پاره‌ی كاره‌بای مزگه‌وته‌كانان قه‌رزاری حكومه‌تن به‌هۆی قه‌یرانی دارایه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بیده‌ن ، به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵك ئاماده‌ن ئامێره‌كان بكڕن و له‌ مزگه‌وته‌كانا دایگیرسێنن و مزگه‌وت درووست كه‌ن . به‌ڵام ئاماده‌نین پاره‌ی كاره‌باكه‌ی دابین كه‌ن .
شایانی باسه‌ ئێستا له‌ هه‌ندێك له‌ مزگه‌وته‌كانا ، ڕێ وشوێنی گونجاو ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ دابین كردنی خاوێنی ، كاشی كردنی زه‌وی و دیواری ئاوده‌ست وشوێنی ده‌ست نوێژ ، سیستمی دابه‌شكردنی صابونی شل لای ده‌ست شۆره‌كان و شوێنی ده‌ست نوێژ ، دانانی نه‌علی تایبه‌ت بۆ ئاوده‌سته‌كان .
دیاره‌ به‌رز بونه‌وه‌ی ئاستی ژیان وڕۆشنبیری ژینگه‌یی و ته‌ندرووستی خه‌ڵك وای كردووه‌ كه‌ گۆڕانكاری بكات له‌ شوێنی ژیان و كارو كۆبونه‌وه‌كانیدا وه‌ هه‌وڵ بدات خۆی و خه‌ڵكی تر بپارێزێ له‌ ده‌ردو نه‌خۆشیه‌كان . بێگومان هه‌ندێ هه‌ڵه‌و كه‌مو كورتیش ورده‌ ورده‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی یه‌كتر چاره‌ ده‌كریت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دارستانه‌كان گرنگن بۆ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ ژینگه‌ی‌ مرۆڤایه‌تی‌

نموونه‌ش دارستانه‌كانی‌ ئەمازۆن نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس* به‌شی‌ دووەم •مه‌ترسیه‌كانی‌ سه‌ر ئه‌م ...