خورجە

كوردی فەیلی

1
گەرچی توشی رەنجە ڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لە دەست ئەم چەرخە سپڵە نابەزم مەردم ئەمن
من لە زنجیرو تەناف و دارو بەرد باكم نیە
لەت لەتم كەن بمكوژن هێشتا دەڵێم كوردم ئەمن
لە راستیدا نازانم شیعرەكەم بە تەواوی نوسیوە یان نا، من هەمیشە لە نوسینی ئەم شیعرانەدا پشت بە بیرەوەری خۆم دەبەستم، واتە ئەوەی كاتی خۆی لە بەرم كردووە، جارێكیان شیعرێكی پیرەمێردم بۆهیجری دەدەی نوسیوە لە نوسینێكدا دانابوو، دۆستێك كردیە هەڵا شیعرەكەم بە هەڵە نوسیوە، كەچوومەوە سەری بیرەوەری خۆم هەڵەی نەكردبوو، ئەو هەڵەبوو، خوا بكەم هەڵە نەكەم، كوردەیلی فەیلی وەك سەرجەم پێكهاتەكانی دیكەی عیراق، رووبەڕوی ستەم و نادادی و لێسەندنەوەی ناسنامەو كوشتن و بڕین بوونەتەوە، رەنگە قسە كردن لە ئازاری ئەوان بە گۆشەیەك كۆتای نەیات، لێ‌ ئەمە دەكەمە سەرەتایەك بۆ ئەوەی لە ئایندەدا قسەی ترمان هەبێت .
2
ئەوان كوردن، كوردی بەغداو بەدرەو جەسان و خانەقین و بابل و شوێنەیلی دیكە، ئەوان لە سەر كورد بون هەر چی نەشیاوە پێیان كراوە، كەم زیندان و دەزگای ستەم و لێپرسینەوەی عیراقی هەیە كوردێكی فەیلی تیا ئازار نەدرابێت، لە یەكێ‌ لە ژوەرەكانی نوگرە سەلمان كوردێكی فەیلی وەك بڵێی جەژنی بیرەوەری گرتنەكەی دەگێڕێت، مێژووی چەند ساڵێكی بەدوای یەكدا نووسیبوو، لە كۆتایشدا نووسیبووی ئەحمەد كوردی، یان ناوێكی تر گرنگ كوردیەكە پاش ناوی ئەو بوو،ئەو شوناسنامەی خۆی وەك ئەلەنگاریەك بۆ بەعسیەكان نووسیبوو، بەعسیەكان ئەوانیان بە ئێرانی لە قەڵەم دەدا، لە كاتێكا ئەوان لە ڕەسەنەكانی ئەم وڵاتەن و رۆڵی گەورەیان بە درێژای مێژوولە بەغدادا هەبوە.
3
دۆستێكی فەیلیم لە بەغدا هەس، دۆسیەیەكی دورو درێژی لە سەر خۆیان بۆ ناردوم، هەموو بڕیارەكانی بەعس، ژمارەی قوربانیەكانی خۆیان، داگیركردنی زەوی و زارو ماڵ و موڵكیان، ئەو پارێزەرە، لێ‌ تا ئێستا وەك قوربانیەكی ستەملێكراو سەیری خۆی و فەیلیەكان دەكات، لەوەشدا ناهەقی نیە، ئاخر ئەوان كوردن و كوردیش لە برین و ئازارەكانی ئەوان ناگات، من تەمەن بوار بات و پێڕاگەمەوە هەر بەوەندە لە سەر ئەوان ناوەستم، دەمی خۆیشی لە بارەی ئەوانەوە لێكۆڵینەوەیەكی كورتی دیكەم نووسی.
ئەوان لە كوردی ناكەون لام وایە كوردی شاعیرە دەوشێ‌ :
كورد ئەوەند كوردن بە سەد شەیتان لە كوردی ناكەون
ئیكە خەڵقی بۆچی بۆ خۆی دەردی سەر پەیدا ئەكات

 292 جار بینراوە