سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » روانین لە فڕینی تەوارێک، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باشوور

گفتوگۆی نەرمین عوسمان لەگەڵ خاتوو ناهید حوسێنی

روانین لە فڕینی تەوارێک، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باشوور

چەند ژنە کەسایەتییەکی ناسراو لە مێژووی کورددا هەن کە لەبواری جیاجیادا کەسانی لێوەشاوەو چالاک بوون، بەڵام هەرگیز ئەو چالاکییانەیان نەکردووەتە بانگەشەو کایەیەک بۆ خۆناساندن، لەوبارەیەوە لە ماوەی رابردوودا خاتوو نەرمین عوسمان کە بۆ خۆشی ژنێکی چالاکی بواری پەروەردەو تێکۆشەرێکی کایەی سیاسیشە زنجیرەیەک سەردان و بەسەرکردنەوەی دەستپێکردووە بۆ گفتوگۆو هەڵدانەوەی لاپەڕە پرشنگدارەکانی ژیان و کارو چالاکیی ئەو خانمانەی کوردستان کە وەک سەربازی ون خزمەتێکی زۆریان بە چەند نەوەیەک کردووە لە بواری جیاجیادا، بەڵام نەوەی نوێ وەک پێویست ئاشنا نییە بە بەخشش و کۆششە مرۆڤدۆستامەکانیان، بۆیە بەسوپاسەوە خاتوو نەرمین پوختەی ئەو گفتوگۆیانە و ئەرشیفی وێنەو بیرەوەرییەکانی ئەو خانمە چالاکوانانە دەنووسێتەوەو بۆ دەربازکرنیشیان لە فەوتان و لەبیرچوونەوە، پێشکەشی کوردستانی نوێ-ی دەکات و کوردستانی نوێش ناوبەناو وێنەکان و چیرۆکی ژیانی پڕ بەخششی ئەو کەسایەتییانە بڵاودەکاتەوە.

بە زاراوەیەکی تێکەڵ لەوشەی ڕۆژهەڵات و باشوور، لاپەڕەکانی مێژووی ژیانی بۆ هەڵئەدامەوە، شەپۆلە شینەکانی دەریای بیرەوەری ئەیدا لەبەردە رەقەکانی سەختی ژیان، ئەیویست ڕەشەبای ناخی هاواربکا، بەڵام هێور دەبۆە و دەیکرد بەشنەبای وشەو سەرگوزشتەی ژیانی بەزمانێکی شیرین بۆ دەگێڕامەوە، ئارەزووم بوو هێور نەبێتەوە و بەردەوام بێت، ئەو خاتوونە شیرین گوتارە خاتو ناهیدە میهران حسام الدین بوو (ناهید حوسێنی‌)لە ١٧/٨/١٩٦٧ لەگوندی دۆزەغەرەی سەربەشاری سەقز چاوی بە دونیا هەڵهاتووە، لەبنەماڵەی شێخ عبدالقادری دۆزەغەرەیە، خزمایەتییان لەگەڵ بنەماڵەی حەفیدەکانی کوردستانی باشوور هەیە، لەونامانەی کە لەم لاپەڕانە بڵاوی دەکەمەوە، شێخ محمودی نەمر بەخاڵە شێخ عبدالقادر ناوی بردووە، بنەماڵەیەکی ئاینین، دایک و باوکی ئەو خاتوونە نزیکن لەبنەماڵەی قازی محەمەدی نەمر، باوکی دادوەر بووە، کەسێکی دیموکرات خواز و کراوە بووە، کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر هەموویانەوە هەبووە، لەدوورکەوتنەوە لەو نەریتانەی کەدەست و پێی کچان دەبەستنەوە.
گێڕایەوە وتی: منداڵیم لە گوندەکانی کوردستانەوە دەستی پێکرد دونیایەک بیرەوەریی خۆش لە یاریی و سەربزێویی و ڕەهایی ڕۆحێکی پاکی منداڵانەم لە شاخ و دەرودەشتی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ ماوەتەوە، هەر لە ماڵەباجێنە لەگەڵ کچانەوە هەتا هەڵگەڕان بە دار و بەرد و شاخدا. هەڵسوکەوتم زیاتر لە کوڕان دەچوو هەتا کچێکی نیان و گوێڕایەڵ، زیاتر لە دە جار دەست و سەرم شکاوە. بەشێک لەو دونیای منداڵییەمبە هۆی خوێندنی باوکمەوە لە تاران تێپەڕاند. لەوێ بە خێزانێکی نۆ کەسی (خۆمان ٤ منداڵ بووین دواتر کوروشی برایشم لەوێ لەدایک بوو و مامم و کوڕی پووریشم لەگەڵ ئێمە دەژیان) و باوکێکی خوێندکارەوە ژیانێکی هەژارانەمان ئەزموون کرد. بەڵام منداڵی کۆمەڵێک هەست و تایبەتمەندیی خۆی هەیە کە ناهێڵێت هێندەی گەورەترەکانی خێزانەکەت کەموکووڕییەکان بەربینگت پێ بگرن. پۆلی یەکی سەرەتاییم لە تاران خوێند و دواتر بە هۆی کۆتایی هاتنی خوێندنی باوکمەوە گەڕاینەوە بۆ کوردستان. سەرەتا لە بانە نیشتەجێ بووین، پۆلی دوو و سێ و چوارم لە بانە خوێند، پۆلی پێنجەمم لە شاری کامیاران خوێند. ئەو ساڵەی خوێندنم هاوکات بوو لەگەڵ سەرەتاکانی هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی ڕێژیمی «پەهلەوی». باوکم نەقڵی شاری مەریوان کرا و پۆلەکانی یەک و دووی ناوەندییم لە مەریوان خوێند. ئەو دوو ساڵە هاوکات گەرمەی شۆڕشی گەلانی ئێران بوو، باوکم «دادستان»ی (سەردۆزگەر)مەریوان بوو، دەستێکی باڵای هەبوو لە شۆڕشدا، گیراوە سیاسییەکانی مەریوان بە هەوڵ و پێداگریی باوکم ئازاد کران، هەرگیز ئەو ڕۆژەم لەیاد ناچێتەوە، خەڵک ئەڵقەی گوڵیان خستبووە ملی زیندانییەکان و سەدان سەیارە بە هۆڕن لێدان و بەدەم چەپڵەڕێزانی خەڵکەوە بەنێو شاردا دەسووڕانەوە و کارناڤالێک لە شادی و هەستی ئازادی شاری مەریوانی خرۆشاندبوو، دواتر هەموو ئەو حەشیمەتە هاتنە بەردەم بینای مەحکەمە کە ڕێک بەرانبەر ماڵی خۆمان بوو، خەڵکەکە هەموو درووشمیان دەدا «دروود بۆ دادستان» و باوکیشم لە بەرهەیوانەکەی مەحکەمەوە لێدوانی بۆ خەڵکەکە دەدا. مانگرتنی خەڵک لە نێو مەحکەمەدا بە سەرپەرەشتیی باوکم بەڕێوە دەچوو و زۆر بیرەوەریی دیکە لەو چەشنە…. بەڵام هێشتا کەف وکوڵی شۆڕش دانەمرکابوو، دەسەڵاتی نوێ هەر بە پێڕەوکەیی کەوتە وزەی خەڵک و شەپۆلێک لە گرتن و کوشتن لە کوردستان و زۆربەی شار و پارێزگاکانی ئێران دەستی پێکرد. باوکم ئەمری گرتن و لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، سەرۆکی شارەوانیی مەریوان فریای باوکم کەوت و بە ئۆتۆمبیلی شارەوانی بە شەو بنەماڵەکەمانی لە مەریوان دوور خستەوە. پێویستە ئەوەش بگێڕمەوە کە هەر ئەو سەرۆکی شارەوانییە پێشتر کەوتە بەر شەپۆلی تووڕەیی خەڵک و هێندەی نەمابوو بەدەستی خەڵک بکوژرێت، ژنەکەی بە سەروپێی پەتی خۆی گەیاندە ماڵی ئێمە. باوکم خۆی گەیاندە شارەوانیی و ئەو پیاوەی لەگەڵ خۆی هێنایە دەرەوە، خەڵک باوکمیان خۆشدەویست و ڕێزیان لێ دەگرت و هەر بۆیەش وازیان لێ هێنا. واتە ئەویش گیانێک بە باوکم قەرزدار بوو و لە ڕۆژی خۆیدا قەرەبووی کردەوە. ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە تاران ژیانێکی نهێنیمان هەبوو. دواتر دۆخەکە هێمنتر بوویەوە و ئەمری گرتنی باوکم هەڵوەشایەوە و گەڕاینەوە بۆ کوردستان. بەڵام هەتا دواساتەکانی ژیانیشی باوکم حاکمێکی خۆشەویست و جێی متمانە نەبوو لای دەسەڵات. ماوەی ساڵێک لە شاری سەقزماینەوە و من پۆلی سێی ناوەندیم لە سەقز خوێند.
دواتر باوکم نەقڵی شاری سنە کرا و من پۆلەکانی دواناوەندییم لە سنە تێپەڕاند. ئەو ساڵانە بۆ چوونە زانکۆ دەبوو بە فیلتێرە ئەمنیەکاندا تێپەڕیبای، پێیان دەگوت «سنجش». دووجار لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆ بەشدارییم کرد، بەڵام سەرەڕای ئەوەی دەرەجەکەم خراپ نەبوو، ناوم نەدەهاتەوە و بە کورتی لە بێژنگی ئەمنیەتی تێنەدەپەڕیم. هەر بۆیەش نەمتوانی بچمە زانکۆ. ئەگەر بمەوێ ڕاستگۆش بم، قوتابییەکی هێند زیرەکیش نەبووم کە خەمی لێ بخۆم و زیاتر سەرم لە شێعر و شاعیری دەخورا هەتا خوێندن.
هەر لەو تەمەنەشەوە وردە وردە دەستم کرد بە نووسینی یەکەمین ئەزموونە ساکارە شیعرییەکانم.
هەر لە منداڵییەوە زیاتر ئۆگری کاری هونەری بووم. لە کاتی پشووی هاوینان کە دەگەڕاینەوە بۆ ماڵی باپیرم لە «دۆزەغەرە». منداڵانم لە خۆم کۆ دەکردەوە و کۆڕی شیعریم بۆ دەگرتن و هەموو ئەو شێعرانەی لەبەرم کردبوون، بۆم دەوتنەوە. بووکەڵەم ساز دەکرد و بە چارشێوەکەی دایکم پەردەم دەگێڕا و شانۆیی بووکەڵەکانم بۆ دەگرتن، بە خاکەسوورە و ئاو، گڵم دەگرتەوە و کەرەستەی یاریی و تەنانەت خانوومان ساز دەکرد و….هتد.
پاش بێهیوا بوونم لە خوێندنی زانکۆ، لە شاری سنە ژیانی هاوبەشییم پێکهێناو بوومە خاوەنی دوو منداڵ. ماوەی نۆ ساڵ وازم لە خولیاکانم هێنا و وەکوو کابانێکی ئاسایی ژیام. ئەو ساڵانە هاوکات بوو لەگەڵ لووتکەی چالاکیی ئەدەبیی ژیلای خوشکم. ژیلا زۆری هەوڵ دەدا بگەڕێمەوە سەر ڕێچکەی ئەدەبی و دواجاریش هەر بەهۆی پێداگریی ژیلاوە بوو کە لە بەهار و هاوینی ساڵی ١٩٩٦ەوە وردە وردە دەستم کردەوە بە نووسینی شیعری کورت و ئەویش خێرا بەڕێی دەکردن بۆ گۆڤارەکان بۆ ئەوەی زیاتر هانم بدات بنووسم. لەوانە وابزانم دوو شێعرم لە گۆڤاری «سرووە» و دوو شیعریشم لە گۆڤاری»گزینگ» لە سوید چاپ بوو. سەرەتای پاییزی هەمان ساڵ، مامۆستا شێرکۆ بێکەس سەفەری کرد بۆ ئێران و چووە تاران، ژیلای شەیدای شیعر و وشەی کوردی بەرەو تاران بەڕێکەوت بۆ ئەوەی کاک شێرکۆ ببینێت، مەخابن لە ڕێگادا ئۆتۆمبیلەکەیان وەرگەڕا و ژیلا و کۆرپە دە مانگانەکەی «ژینا» گیانیان بەخت کرد.
وەکوو باسم کرد باوکم کۆڵەکەی ماڵمان بوو، پشت و پەنا و هاندەرمان بوو، کەم کەسم پێ شک دێت وەکوو باوکم خوێندەوار و پڕ لە زانست بێت، ڕووناکبیر و دێموکرات بوو. بە مەرگی باوکم لە تەمەنێکی کەمدا(٥٢ ساڵ)، خەسارێکی گەورەمان بەرکەوت، بەلام مەرگی ژیلا و کچەکەی بڕستبڕ بوو، تاقەتپڕووکێن بوو، برینی ساڕێژ نەبووی مەرگی باوکیشمانی هێنایەوە سۆ. من و ژیلا شوومان بە دوو برا کردبوو، ئەوەش ببووە دەردی سەرباری دەردانم.
لە تاو ژان و ئازاری مەرگی ناوەختی ژیلا (٣٢ ساڵ) پەنام بردە بەر خوێندنەوە و نووسینی کوردی. پەنام دەبردە بەر کۆڕە ئەدەبییەکان و چالاکیی هونەری و ئیتر لەوساوە بە جیدیی و شێلگیر دەستم کرد بە نووسین و بڵاو کردنەوەی نووسینەکانم.
لە کوردستانی باشوورەوە شاعیران و نووسەران و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان نامەیان بۆ دەناردم و دڵیان دەدامەوە و هانیان دەدام ڕێچکەی ژیلا بەرنەدەم. نامەکانی هەموویانم لا ماوە، پڕن لە هەستی جوان و سۆز. بەم شێوەیە و لەو سۆنگەیەوە پەیوەندییم لەگەڵ ئەدیبانی باشووری کوردستان زیاتر و گەرم و گوڕتر بوویەوە. «گۆران»ی کوڕی مامۆستا «ئەژی گۆران»، نەوەی گۆرانی مەزن ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لەو پەیوەندییەدا، نامەی دەهێنا و وەڵامی دەبردەوە و ببووە پردێکی پەیوەندیی زۆر باش.
ساڵی ١٩٩٨ دایکم لەگەڵ کۆمەڵێک دەروێش هات بۆ سلێمانی، بە تۆپزی خۆم خزاندە گرووپەکەیان و بۆ یەکەمجار هاتمە سلێمانی، بینینی ژنان بە پرچی ئازاد و تەنوورەەوە هەستێکی سەیری پێدەبخشیم، پۆلێک کیژۆلەی قوتابییم بینی لە مەکتەب دەهاتنەوە، پرچە ئازادەکانیان خەیاڵیان دەبردمەوە بۆلای سەرپۆش و مەقنەعەی کچانی ڕۆژهەڵات و ڕۆحم ژانی دەکرد.
لەو سەفەرەمدا بە هاوکاریی کاک شێخ داراحەفید توانییم گەشتێکی باش بە ناوەندە ڕووناکبیریی و ڕۆژنامەنووسییەکانی باشووردا بکەم. کاک شێرکۆ بێکەس و کەژاڵ ئەحمەد و ئەحلام مەنسوور و زۆر هاوڕێی ئازیزی دیکەم بینی. سەفەرێکی پڕ دەسکەوت و ئەزموون بوو بۆ من.
لە ماوەی نۆ ساڵی پاش مەرگی ژیلا و هاتنە دەرەوەم لە کوردستانی رۆژهەڵات بەرەو باشوور، کۆمەڵێک چالاکیی و ئەزموونی جۆراوجۆرم هەبوو.
– پاشماوەی شێعرەکانی ژیلا بە کوردی و فارسییەوە و هەروەها چیرۆکەکانیم کۆ کردەوە و بە هاوکاریی کاک فاروق بۆرەکەیی لە تاران چاپمان کرد بە ناوی «قەڵای ڕاز».(١٩٩٨)
– لە ڕادیۆو تەلەفزیۆنی «کورد» لە سنە هەندێ چالاکییم هەبوو، وەکوو نووسین و بەڕێوەبردنی بەرنامەیەکی ڕادیۆیی بە ناوی «بەیت و باوی کوردەواری». بەرنامەیەکی هەمەڕەنگ بوو لە لێکدانەوەی بەیتە کوردییەکان و ئاوڕدانەوە لە هەندێ داب و نەریتی جوانی کوردەواری کە لە ڕەوتی زەمەندا تۆزی فەرامۆشییان لێ نیشتووە. بەرنامەکەم ئۆگرێکی زۆری هەبوو و خەڵک بە بەردەوامی پەیوەندییان بە ناوەندی ڕادیۆوە دەکرد و دەسخۆشییان لێ دەکردین. بەڵام لە پڕێکدا ئەمری ڕاگرتنی بەرنامەکە هات و چیتر نەمانتوانی بڵاوی بکەینەوە.
– لە بەشی دۆبلاژی تەلەفزیۆنی «کورد» کە ئەوسا هاوڕێی ئازیزم کاک عەباسی کەمەندی سەرپەرەشتیاریی دەکرد کۆمەڵێکی زۆر فیلممان دۆبلاژ کرد و بەڕاستی کەشێکی هاوڕێیانە و چێژبەخشی هەبوو. سەرەڕای ئەوەی داهاتێکی ئەوتۆی بۆ هیچکاممان نەبوو، بەڵام شێلگیرانە کارمان دەکرد.
– لە ڕۆژنامەی «ئاسۆ» لە شاری سنە دەستم بە کار کرد و ئەوە یەکەمین ئەزموونی کاری ڕۆژنامەوانیی من بوو. کاک جەلیل ئازادیخا سەرنووسەری ڕۆژنامەکە بوو. لەو ڕۆژنامەیەدا هەندێجار بابەتم لەسەر ژنان دەنووسی و هەندێجاریش بابەتی ئەدەبی و شێعر.
– لە ڕۆژنامەی «ندای دانشجو» وەکوو دەستەی نووسەران دەستبەکار بووم و لەو ڕۆژنامەشدا گۆشەیەکم هەبوو و هاوکات بابەتی ژنان و ئەدەبییشم دەنووسی.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە لەو سەدەمەدا کە سەردەمی سەرۆککۆماریی «خاتەمی» بوو، بە ڕواڵەت کەشێکی کراوە بۆ کاری رۆژنامەوانیی کوردی ڕەخسابوو کە دواتر دەرکەوت مەبەستێکی دیکەی لەپشتەوەبوو و بەو دۆخە بەڕواڵەت کراوەیە کۆمەڵێک کەسی چالاک دەرکەوتن کە دواتر هەموویان یان دەستبەسەر کران یان پەڕیوەی هەندەران بوون و زۆربەی ئەو ڕۆژنامانەش کە هەوڵی سەربەخۆیی و پاراستنی پرەنسیپەکانی ڕۆژنامەوانییان دەدا داخران.
– ئەگەر هەڵە نەبم هاوینی ٢٠٠٢ بوو، مامۆستا شەریف حوسێن پەناهی کە بە شاعیری «ملوانکەی شین» بەناوبانگە، ڕێنووسێکی زانستیی کوردیی داڕشت و من و کۆمەڵێک هاوڕێی دیکە یەکەمین قوتابییەکانی بووین. دواتر هەموو ئەوانەی ئەو خولەمان بینیبوو بووینە مامۆستا و لەسەر بنەمای هەمان رێنووس بە شیوەی فەرمی لە زۆربەی قوتابخانە و ناوەند و ئەنجومەنە ئەدەبییەکان وانەی ڕێنووسی کوردیمان وتەوە. یەکەمەکان دەبوونە مامۆستا و ئەو هاوینە نزیکەی ٢٠٠٠کەس لە شاری سنە بەشدارییان لە پۆلەکانی خولەکانی فێربوونی ڕێنووسی کوردیدا کرد کە هەر بەو هۆیەشەوە ئەو هاوینە بە «هاوینی زێڕین» ناوبانگی دەرکرد. من شانازیی ئەوەم هەبوو کە یەکەمین مامۆستای ژن بم لەو هەوڵە نیشتمانییەدا.
پێویستە ئەوەش ڕوون بکەمەوە کە پێشتر ژیلای خوشکم لە ماڵی خۆی دوو خوڵی فێرکاریی ڕێنووسی کوردیی بۆ ژنان کردەوە و لەو خولانەدا ئەوەی خۆی دەیزانی و لێی شارەزابوو بە ژنانی فێر دەکرد و ئەو هەوڵەی ژیلا بە چەند ساڵێک پێش هاوینی زێڕین بوو.
– بەهاری ساڵی ٢٠٠١، شانۆنامەیەم نووسی بە ناوی «قربۆقی ناوی ئاوێ». ئەو شانۆنامەیە لە ٣١٦ دێڕ شێعردا بوو کە بۆ منداڵان نووسیبووم. خاتوو کوبرا مەلیکی دەرهێنەریی بۆ کرد و ماوەی ١٠ ڕۆژ لە شاری سنە شانۆکەمان بەڕێوەچوو. خەڵک و بەتایبەت منداڵان پێشوازییەکی زۆریان لە شانۆکەمان کرد و ڕۆژی وا هەبوو ٤ جار شانۆکە دووبارە دەکرایەوە.
– جگە لەو چالاکییانە لە هەموو ئەو ساڵانەدا بە بەردەوامیی لە کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبییەکاندا چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە باشوور بەشدارییم دەکرد و بە شێعر و چیرۆک چالاکییم دەکرد و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بابەت و شێعرم بڵاو دەکردەوە. لە بڵاوکراوەکانی باشوور پەیوەندییم لەگەڵ گۆڤارەکانی ڕامن، ئایندە، ئێستا و پەیڤدا هەبوو و لە ڕۆژهەڵاتیش تەنیا گۆڤارێک کە بابەتی کوردیی بڵاو دەکردەوە سروە بوو.
ساڵی ٢٠٠٢ بۆ دووهەمینجار هاتمە سلێمانی و لە شەشەمین فستیڤاڵی گەلاوێژدا بەشدارییم کرد. بۆ من و هاوڕێکانم کە قاچاخەڕێمان بڕیبوو بۆ ئەو بەشدارییە، سات بە ساتی ئەو فستیڤاڵە لە خەونێکی خۆش دەچوو کە حەزمان نەدەکرد کۆتایی پێ بێت.
کۆتاییەکانی هاوینی ٢٠٠٣ کەژاڵ ئەحمەد و سۆران عەبدوڵڵا و مەریوان عەلی و نەشمیل عەلی بەرزنجی بۆ بەشداری کردن لە کۆڕێکی زمانەوانی هاتنە ئێران و من لە تاران چاوم پێیان کەوت. دواتر هاتن بۆ سنە و میوانی من بوون. لەو ماوەدا کۆری شێعریمان بۆ کەژاڵ دەگرت و هەر لە هاتوچۆدا بووین، دواجار بەیانییەک کە بڕیار بوو بۆ گرتنی کۆڕی شیعری بۆ کەژاڵ سەفەری کرماشان بکەین، هەر پێنجمان دەستبەسەر کراین و کەوتینە ژێر گازوبگیر. زۆریان ئازار داین و تۆمەتی سیخوڕی و تێکدانی تەناهیی نیشتمانییان خستە ئەستۆمان. تۆمەتەکان قورس بوون و سزاکەشیەن بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی زۆر قورس بوو. دواجار پاش نێوەنگیریی بەڕێز مام جەلال و د. بەرهەم کە لەوکاتەدا سەرۆکی حکومەت بوو، هەر پێنجمان ئازاد کراین. ئەو ڕۆژەی ئازاد کراین هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەسەر کرانی سەدام حوسێین.
هەمان ڕۆژ بە دوو سەربازەوە بەرەو سنوورمان بردن و ئاوەدیومان کردن. من گەڕامەوە و لەو ڕووداوە بەولا کەوتمە ژێر کۆنتڕۆڵ و چاوەدێرییەوە و چیدیکە ژیانی ئاساییم بۆ نەمابووەوە. بەردەوام بانگ دەکرام و لە بیانوویەک دەگەڕان دەستبەسەرم بکەنەوە.
ساڵی ٢٠٠١ لە ڕێی هاوڕێیەکەوە پەیوەندیم بە ڕێکخستنی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کرد و بە فەرمی بووم بە ئەندامی ڕێکخستنی نهێنیی ئەو حیزبە.
لە دوایین بانگ کردنەکانم بۆ ئیدارەی ئیتلاعات زیاترین پرسیارەکانیان لەسەر حیزب لێ دەکردم و هەستم دەکرد کەشف بووم بەڵام بەڵگەی پێویستیان نییە بۆ دەستبەسەر کردنم. چەند جارێک بە قاچاخەڕێ و بە نهێنی سەردانی کۆیەم کردبوو. دواجار ئاگادار کرامەوە کە مەلەفێکی پڕوپوختم بۆ ساز کراوە و بە زوویی لە مەترسیی دەستبەسەرکردندام. ئیتر ئاوا بوو کە بڕیارم دا ڕۆژهەڵات بەجێ‌بهێڵم و بێمە باشووری کوردستان.
بڕیارێکی قورس بوو، منداڵەکانم لە بەر خوێندندا بوون، کچەکەم هێشتا منداڵ بوو و کوڕەکەشم تازە پێدەگەیی. هاوسەرەکەم تاجرێکی زەنگین و ناسراو بوو. لە هەردوو بنەماڵەی باوان و خەزوورانمدا کەسی سیاسییمان نەبوو بەتایبەتی وەکوو ژن. دەبوو پێ لە زۆر شت بنێم. ئەو بەیانییەی بە تەنیا بەڕێکەوتم هەرگیز فەرامۆش ناکەم. ڕۆژێکی مابوو بۆ نەورۆز، ئاوڕم دایەوە منداڵەکانم نووستبوون، هاوسەرەکەم بێدەنگ سەیری دەکردم و نیگەرانییەکی قووڵ لە چاویدا بەدی دەکرا و ماڵەکەم نوقمی بێدەنگییەکی تاڵ بوو. گریانێکی خەست بەربینگی گرتبووم، دوا دیمەنم لە چاومدا هەڵگرت و بەڕێکەوتم. نەورۆزی ٢٠٠٥ بوو کە گەییشتمە سلێمانی.
پاش دوو مانگ کە ماڵم دانا و جێگیر بووم، لە ڕۆژنامەی چاودێر وەکوو ستافی کارا و بەرپرسی دوو لاپەڕە بە ناوی «لە ڕۆژهەڵاتەوە» دەستم بە کار کرد. لاپەڕەکانم ئاوێنەی هەواڵ و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون. زۆری نەخایاند لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانیش وەکوو بەرپرسی یەکەی دۆبلاژ دەستم بە کار کرد. لە کوردساتیش هاوکاریی بەشی فارسییم دەکرد و لە عەراقییەی دوویش بەرنامەی ئەدەبییم بەڕێوە دەبرد. هەموو ڕۆژێک لە ٨ی بەیانییەوە تا درەنگانی شەو کارم دەکرد. بۆ ئەوەی بتوانم ئەرکەکانم درووست بەڕێوەبەرم. پاش ساڵێک کچەکەم گەییشتە لام و دوو ساڵێکی پێچوو هەتا کوڕەکەم و هاوسەرەکەییشم هاتن بۆ لام.
لە ٢٠٠٥ەوە هەتا ٢٠٠٨ لە سلێمانی مامەوە. کۆنگرەی ١٤هەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆتایی هاوینی ٢٠٠٨دا گیرا و منیش وەکوو ئەندامی کۆنگرە بەشدارییم تێدا کرد. لە کۆنگرە خۆم کاندید کرد بۆ کۆمیتەی ناوەندیی و ڕێژەیەکی باش دەنگم هێنایەوە و بوومە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی.
جارێکی دیکەش دەبوو ماڵئاوایی لە منداڵەکان و هاوسەرەکەم و ماڵ و حاڵم بکەم. ئەوجارەشیان گەلێ بۆم قورس بوو، چوونکە هەموویان لەبەر من کەوتبوونە ئەو ژیانەوە و دەبوو جارێکی دیکەش بەجێیان بهێڵم. دیسان بە تەنیا ڕۆشتم و ئەوانم لە سلێمانی هێشتەوە.
من لە فێرگەی حیزبەوە و لە پەلەکانی پێشمەرگایەتییەوە نەهاتبووم و ئەو قۆناغانەم نەبڕیبوو، لە دنیای ئەدەبیات و شێعر و چیرۆک و ڕاگەیاندنی ئازاد و ژیانێکی جیاوازەوە چبوومە کۆیە، زۆری خایاند هەتا خۆم رێکخست لەگەڵ ئەو شێوازە ژیان و کار کردنە. حیزبی دێموکرات حیزبێکی بەدیسیپلینە و دەبوو خۆم لەگەڵ دیسیپلینەکان بگونجێنم. دەبوو لەگەڵ سەختییەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی ڕابێم. هەموو هەوڵی خۆم دا و ئەوەی پێم دەکرا درێغییم نەدەکرد. ژیانێکی قورس بەڵام چێژبەخش بوو. سات بە ساتیم خۆشدەوێ و شانازیی پێوە دەکەم. گەورەترین و پڕبایەخترین ئەزموونەکانی ژیانم لەو ماوەدا تێپەڕاند.
لە کۆنگرەی ١٥ی حیزبیشدا خۆم کاندید کردەوە و دووبارە دەنگی پێویستم هێنایەوە و بوومەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی. لە کۆنگرەی ١٦ دا خۆم لە کاندیداتۆری کشاندەوە و دواتریش هیچ بەرپرسایەتییەکم وەرنەگرت. بڕیارم دابوو بگەڕێمەوە و گەڕامەوە. ئەگەر ڕۆژێک بڕیار بدەم ژیانی خۆم بنووسمەوە، بەدڵنیاییەوە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەی کە لەنێوان ئەو سێ کۆنگرەدا وەکوو پێشمەرگەیەک خزمەتم بە خاک و نیشتمانی خۆم کردووە، بە ئاوی زێڕ دەنووسمەوە. گەلێک هاوڕێی ئازیزم لەو ماوەدا شەهید بوون کە یاد و ناویان بۆ هەمیشە لە دڵمدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. هەمیشە گوتوومە هەتا لە نزیکەوە دەستت بە پشکۆی شەهید بوونی ئازیزەکانتا نەچزێ هەست بەو ئازارە قووڵە ناکەیت کە وشەی شەهید بەدوای خۆیدا دەیهێنێت.
بڕیاڕم دا بگەڕێمەوە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەستم دەکرد پاش تێپەڕاندنی ٥٠ ساڵەی تەمەنم پێویستە وەکوو دایک و وەکوو شاعیرێک ئاوڕێک لە ژیان و منداڵەکانم و کاری ئەدەبیی خۆم بدەمەوە. لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا کۆمەڵێکی بەرچاو کچان و ژنانی ئازا و لێهاتوو و خوێندەوار پێگەییشتبوون و وەکوو خۆم نیگەرانی بۆشایی ئامادەبوونی ژنان لە ڕیزەکانی سەرکردایەتی و ناوەندەکانی بڕیاردا نەبووم. ئەوەش بەو مانایە نیە کە لەو حیزبە دابڕاوم، ئێستاش هەر ئەندامی حیزبی دێموکراتم و هەست دەکەم لەم قۆناغەشدا دەتوانم وەکوو شاعیرێک خزمەت بە نەتەوەکەم بکەم.
بەرپرسایەتییەکانم لە حیزبدا ئەمانە بوون؛ سەرەتا بوومە جێگری کۆمیسیۆنی چاپەمەنی و پاش ٨ مانگ بوومە بەرپرسی چاپەمەنی و بۆ ماوەی ٧ ساڵ ئەو بەرپرسایەتییەم لە ئەستۆ بوو.
دواتر کە هەموو بەشەکانی ڕاگەیاندنی حیزب لێکدران و بوو بە یەک کۆیسیۆن، من پۆستی جێگری کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنم هەبوو بۆ ماوەی یەک ساڵ. دواتر بوومە بەرپرسی ڕێکخستنی ئاشکرای حیزب و هاوکات جێگری کۆمیسیۆنی سیاسی – نیزامییش بووم. بۆ من جێگەی شانازییە کە هەموو ئەو پۆستانەی لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا وەرمگرت، یەکەمجار بوو ژنێک لە حیزبدا هەیبێت.
ماوەی نزیک بە ٥ ساڵ لە فێرگەی سەرەتایی حیزب و دەوری کادریی‌دا مامۆستای وانەی «فمێنیزم» بووم.
ئەندامی لێژنەی کۆمەڵایەتی حیزب بووم کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و پێڕاگەییشتن لە کێشەی کۆمەڵایەتی ئەندامان و بنەماڵەکان دانرابوو.
وەکوو هاوکارییەکلەگەڵ TISHK TVزنجیرە بەرنامەیەکی داکیۆمێنتارییم ئامادە کرد بە ناوی «چهرە‌ها و اندیشە‌ها» واتە کەسایەتییەکان و هزرەکانیان. لەو بەرنامەدا کەسایەتییە ئەدەبی و سیاسی و چالاکەکانی کوردم بە کۆمەڵگای فارس دەناساند و بەرنامەکەم بە زمانی فارسی ئامادە دەکرد. کە ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو.
لە ٢٠٠٥ەوە هەتا ئێستا کە نیشتەجێی باشووری کوردستان بووم، جگە لە کار و خەبات لە چالاکییە ئەدەبییەکانیشم تا ڕادەیەک بەردەوام بووم و ئەو بەرهەمانەم هەبووە.
هەر لەو ماوەدا ٢٥٠ شێعری کلاسیکم بە دەنگی خۆم لە نالی و مەحوی و وەفایی بۆ رادیۆی وەزارەتی ناوخۆ تۆمار کرد.
لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان کۆڕی شێعریم هەبووە و لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبی و سیاسییەکاندا بەشدار بووم.
ساڵی ٢٠٠٧ بژاردەیەک لە شێعرەکانم لە لایەن خاتوو دڵشا یووسفەوە کرا بە شێوەزاری کورمانجی و لە چوارچێوەی پرۆژەیەکدا بە ناوی «شاه ماران»، بە بۆنەی ٨ی مارسەوە لە لایەن وەشانخانەی «ئاڤێستا»وە لە دیاربەکر کە خاوەنەکەی کاک عەبدوڵڵا کەسکین بوو، چاپ کرا. یەکەمین کتێب هی ژیلای خوشکم بوو و هەشتەمین کتێبیش کتێبەکەی من بوو بە ناوی «شەوێک بە شەیتان رە». دواتر بانگهێشتی تورکیە کراین و لە دیاربەکر و ئیستامبول کۆڕمان کرد و کتێبەکانمان ڕوونوێنی کران.لەو سەفەرەدا من و کەژاڵ ئەحمەد پێکەوە بەشدار بووین و کتێبی ئەویش لەو ٨ کتێبەدا بوو. سێ شاعیری دیکەش لە ڕۆژئاوا و باکوورەوە بەشدار بوون. بە کورتی پرۆژەی شاه ماران بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان بوو. ئێستا ئەو پرۆژە زۆر پەرەی سەندووە و کتێبێکی زۆر لەو چوارچێوەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
ساڵی ٢٠٠٨ لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ١٢هەمین فستیڤاڵی گەلاوێژدا، کتێبێکی منیش چاپ کرا بە ناوی «هێڵکاری لەسەر شەو»، کە وەرگێڕانی دیوانە شێعرێکی خاتوو «گراناز مووسەوی» شاعیری ناسراو و خامە ڕەنگینی فارسە.
ساڵی ٢٠٠١٤ کتێبی «ئورووپاییەک لە وڵاتی کورداندا»م لە نووسینی خاتوو نەسرین قاسملوو، هاوسەری نەمر دوکتور قاسملوو وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی و لەسەر ئەرکی حیزبی دێموکرات چاپ کرا. ئەو کتێبە لە لایەن دوکتور خۆسرۆ عەبدوڵڵاهییەوە لە فەڕانسەوییەوە کرابووە فارسی و من کەڵکم لە وەرگێڕانە فارسییەکەی وەرگرت.
دوایین بەرهەمی چاپ کراویشم کۆی شێعرەکانمە لە دیوانێکدا بە ناوی «باڵندەکانی گیرفانی تاڤگە» کە ساڵی ٢٠١٨ چاپم کرد.
هەتا ئێستاش ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامە نووسانم
بڕوانامەی «پرێس ناو»ی هۆڵەندام هەیە لە بواری ڕۆژنامەوانی
هەتا ئێستاش ڕاوێژکاری دەزگای چاپ و پەخشی «موکوریانی»م بۆ چاپی کتێب.
ئەندامی ڕێکخراوی ی (PEN)ی جیهانیم
دەستەی دامەزرێنەری (PEN)ی ڕۆژهەڵاتم
بەرپرسی ڕێکخراوی ناحکومیی «شەبەنگی ڕۆژهەڵات»م کە لە بواری ژێموکرسی و مافی مرۆڤدا چالاکی دەکات.
ماوەیەکی کورت بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕێکخراوی «کتاب بلاحدود» بووم بۆ هەموو وڵاتی ئێران لە سلێمانی، بەڵام بەهۆی بوونم بە کادرێکی باڵای سیاسی لە حیزبدا، لەو بەرپرسایەتییە کشامەوە. چوونکە یەکێک لە مەرجەکانی ئەو رێکخراوە سەربەخۆ بوون بوو.
خاوەنی دەیان خەڵات و ڕێزلێنانی ئەدەبیم. لەوانە؛
خەڵاتی «سەید برایم» بۆ ئەدەب و هونەر و کەسایەتیی ساڵی ٢٠٠٩ی شاری کۆیە و خەڵاتی «نازم حیکمەت» لە فستیڤاڵی شێعر ئیستامبول لە وڵاتی تورکیە و زۆری دیکە کە ڕەنگە ناوهێنانیان زۆر بخایەنێت وتەنیا دەتوانم بڵێم هەموویانم خۆشدەوێ و هەرکامەیان یادگاری چالاکییەکی خۆمن لە بڕگەیەکی زەمەنیی دیاریکراودا و ڕێزیان هەیە لە لام.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مــه‌ره‌كــه‌بی ئاســمانی

حسب الله یحیی‌ پێشكه‌شه‌ به‌ رۆحی شاعیر عه‌باس به‌دری له‌ ...