سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌ » پەیوەندییەكانی یەكێتی و گۆڕان

پەیوەندییەكانی یەكێتی و گۆڕان

ماوەی چەند رۆژێكە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پرسێكی گەرمی نێو میدیا و كەناڵەكانی راگەیاندنە، لەبارەی پەیوەندییەكانی هەردوولاوە، كوردستانی نوێ پەیوەندیی بە دوو لێپرسراوی یەكێتی و گۆڕان-ەوە كرد و لەسەر پرسی پەیوەندییەكان بەمجۆرە دوان:

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان:
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەئكید لەسەر سیاسەتی چەپكەگوڵەكە و رێبازی سەرۆك مام جەلال دەكاتەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكاندا. بۆ پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، وەك یەكێتی هەمیشە مەبەستمان بووە پەیوەندییەكی پتەو و تەندروستمان هەبێت لەگەڵ گۆڕان، خۆشبەختانە بۆ ئەم مەبەستەش لێكتێگەیشتنی دەباشان و دوو رێكەوتنیشمان لەنێواندا هەیە. ئێستاش پێم وانییە پەیوەندییەكانی یەكێتی و گۆڕان بە ئاقارێكدا چووبێت، چارەسەر نەكرێت.
دیارە یەكێتی و بەشێكی زۆری بزووتنەوەی گۆڕان خاوەنی خەبات و مێژووی هاوبەشین، ئەزموون و مێژووی پێكەوەكاركردنیشمان زۆر دوور و درێژترە لە جیاوازییەكانی نێوانمان. بۆیە یەكێتی هەمیشە پەیوەندییەكی پتەو لەگەڵ گۆڕان و هەموو لایەنە سیاسییەكاندا بەپێویست دەزانێت. ئەگەر لێرە و لەوێش هەندێكجار حاڵەتێكی پێچەوانەی سیاسەتی رەسمیی یەكێتی، یان گۆڕان، لەم پرسەدا روویدابێت، ئەوە پێویستە چارەسەریان بكەین. چارەسەری كێشەكان بەجێنەهێڵین بۆ هەندێك رووداوی نەخوازراوی لابەلا. چونكە پتەوبوونی پەیوەندییەكانی یەكێتی و گۆڕان بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی گەلەكەماندا لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدایە. باشترین رێگەش بۆ چارەسەر، كۆبوونەوە و بیروڕا گۆڕینەوە و گفتوگۆكردنە.

جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندن و سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم:
بەداخەوە دۆخێكی نائاسایی لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هەیە، ئەم دۆخە نائاساییە پەیوەندیی بە دوو خاڵی سەرەكییەوە هەیە كە بریتین لە:
خاڵی یەكەم؛ تا ئەمڕۆ لەلایەن یەكێتییەوە سزای سیاسی هەیە بۆ سەر كادر و ئەندامەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەناو دام و دەزگاكانی حكومەت.
خاڵی دووەم؛ لە دوای هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە، بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی بەهاوبەشی حكومەتی خۆجێییمان پێكهێنا. بەپێی ئەو رێكەوتنە كۆمەڵێك ئیستحقاقاتی بزووتنەوەی گۆڕان هەبوو، دەبوو جێبەجێبكرێت لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، ئیدارەی راپەڕین، بەڵام تائێستا جێبەجێنەكراون.
بۆیە ئەم خاڵانە حاڵەتێكی خراپی دروستكردووە، هەم لە ناو كادرەكانمان، هەم لەناو بنكەی جەماوەرییمان، هەم لەناو هەموو سەركردایەتیی بزووتنەوەی گۆڕاندا.
لێرەوە دەڵێم ئەگەر یەكێتی دەیەوێت و جددییە لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و ئاساییكردنەوەی دۆخەكە، پێویستە خاڵی یەكەم وەكو خۆی لێبكاتەوە، خاڵی دووەمیش جێبەجێبكات، ئەوكات بزووتنەوەی گۆڕان لەم پرسەدا هیچ بیانوویەكی نامێنێت. «ئەگەر یەكێتی مەبەستێتی لەگەڵ گۆڕان دابنیشێت و لێك نزیكببێتەوە، با دۆخی خۆی لەگەڵ گۆڕان ئاسایی بكاتەوە».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كۆبوونەوەكەی نوێنەران دواخرا

بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە، كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ متمانەبەخشین ...