سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » مەترسی گەڕانەوەی داعش

مەترسی گەڕانەوەی داعش

لە كۆتایی ساڵی 2017، عیراق سەركەوتنی سەربازی بەسەر رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش)دا راگەیاند، سەركەوتنی سەربازی مانەی بنبڕكردنی تەواوەتی رێكخراوەكە ناگەیەنێت كە لە دوای ساڵی 2003وە فكر و ئایدۆلۆژیای توندڕەوانەی لە كۆمەڵگە سونییەكاندا چاند.
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق، لە 12ی كانوونی دووەمی 2017، سەركەوتنی هێزە چەكدارەكانی بەسەر داعشدا راگەیاند كە لە دوای حوزەیرانی ساڵی 2014 پارێزگاكانی نەینەوا و سەڵاحەدین و ئەنبار و ناوچەیەكی زۆری لە پارێزگانی دیالە و كەركوك داگیركردبوو، ئەم سەركەوتنە كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش بوو، لە هەمان كاتدا زاڵبوون بوو بەسەر خواستی ئەو بەناو خەلافەتەی كە دەیانگوت «باقیە و یتمدد»، بەڵام سەركەوتن نەبوو بەسەر هۆكارەكانی چەكەرەكردن و سەرهەڵدان و دەركەوتنی رێكخراوەكە لە وڵاتدا.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێك بەسەر تێكشكاندنی داعش، لە پارێزگاكانی نەینەوا و دیالە و هەندێك ناوچەی تر، مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش هاتۆتەوە ئارا، مەترسییەكە گەر لە دەركەوتنەوەی مەفرە سنوردارەكانیشدا بێت، لە سایەی ئەم دۆخە سیاسییە رەخساوەی عیراقدا كە سەقامگیریی بەخۆوە نابینێت و بۆتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان،ئەگەری هەیە گەورە ببێت و دیسانەوە هەڕەشەی ئەمنی لەسەر عیراق دروست بكات.
ئەوی پێیوایە «گورگە دابڕاوەكان» ناتوانن كاریگەریی لەسەر رەوشەكە دروست بكەن بە هەڵەداچووە، چونكە هەر ئەو ژمارە كەمە بوون كە لە سەرەتاوە شاری موسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوایان كۆنترۆڵ كرد و دواتر بەرەو سەڵاحەدین و ناوچەكانی تر بەڕێكەوتن، كەواتە چارەسەرەكە زۆر لەوە زیاتر دەهێنێت كە بەشێوەیەكی سەرپێی تەماشا بكرێت و خوێندنەوەی ڕواڵەتی بۆ بكرێت.
لەباربردنی خەونی زیندبوونەوكردنەوەی داعش، راستە لەڕێی بەهێزكردنی هەوڵە سەربازی و هەواڵگرییەكانەوە دەبێت، بەڵام لەمانەش گرنگتر بایەخدانی حكومەتە بە گەیاندنی خزمەتگوزاریی و ئاوڕدانەوە لە ناوچە سونییەكان و دۆزینەوەی هەلی كاریی شیاوە بۆ دانیشتوانیان، لەگەڵ ڕێگرتن لەو مینبەرانەی فكری توندڕەوی لەنێو كۆمەڵگەدا بڵاودەكەنەوە.
سەرەكیترین لایەنیش كە ناكرێت فەرامۆش بكرێت، راگرتنی هاوسەنگی سیاسەتكردنی حكومەتە لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و بوارنەدانە بەو لایەنانەی دەیانەوێت گروپە توندڕەوەكان بۆ هێنانەدی ئەجێنداكانی خۆیان لە وڵاتدا بەكاربهێنن.

 321 جار بینراوە