سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » گیرفانەکانم تووڕەییان لێ دەڕژێ

گیرفانەکانم تووڕەییان لێ دەڕژێ

بوخاری وشیار

من،
بۆنی شتێکم لێدێت
شتێک کە دەزانم چیە و
دەمەوێت بڵێم نازانم
شتێک لە منەوە دوور دەڕوات،
لەژێر باران پیاسەدەکات و
تا درەنگانێکی شەو نایەتەوە ماڵ
شتێک منداڵانە حەزی بە پیاسەی پاییزانە و
نەفرەتێکی تووندیش لەو مرۆڤانە دەکات
کە شاری لێ قەرەباڵەغ دەکەن
شتێک لە مندایە درزبردراو
ئەوەندە ناسک بووەتەوە
بە هەناسەیێک باییێک نیگایێک یا ماچێک
ورد و خاش دەکەوێتە خوارەوە و دەشکێت
وەک کوندە پەپوێک وام کە هەڵدەفڕم
شوێنی نیشتنەوەم نازانم
ون دەبم وەک ئەوەی نەبووبم
هەڵدەفڕم وەک ئەوەی بەند بووبم

ئەم هەناسە توندانە
مردنێکی دڕندانەی لە پشتە
لە پشت ئەم شاخانەوە
شارستانیەتێکی ڕووخاو بۆن دەکەم
وەک کیسەڵێک وام کە ناگەم
ڕۆژەکانم تاڵ تاڵ
وەک قاوە تاڵەکەی باپیرەم
خەونەکانم ڕەش ڕەش
وەک جلە کۆنەکانی نەنەم
دەمەوێت پاییزی ئێرە بخەمە ناو
سندووقێکی سوور و لە زبڵدانێکی تردا
تا دەتوانم دوور فڕێی بدەم
ڕقم لە ڕەنگی ئەو گەڵا فریودەرانەیە
ئەم ڕەنگانە بۆنی
درۆیێکی دووریان لێدێت
بەڵام حەز بە مانەوە لەم کووخە
دوور لە مرۆڤایەتیە دەکەم
دەمەوێت تێر بۆنی ڕەنگی تیوبەکانی
ژوورەکەم هەڵمژم
کێ دەزانێت لەوانەیە لە دەرەوەی ئێرە
جگە لە بۆنی بارووت بۆنێکیتر پەیدانەبێت
دەترسم پەنجەرەکە بکەمەوە و
بۆنی دەمی سیاسیەکان
ژوورەکەم ڕەش بکات
دەمەوێت هەناسەیێکی پاک هەڵمژم
بۆیە بەدیار تابلۆی
کچە سنگ و مەمک ڕووتە قژ لوولەکان ڕادەمێنم
لوولی قژیان لەو ڕێڕەوە لوول پێچانە دەچێت
کە مەرگی خۆمیان لێ دەبیستم
شتێک لەناو هەموو لوول کراوێکدا بانگم دەکات
تا بە لەزەتی ماچێک فریوم بدات و
نۆتەکان بسووتێنێت

جگەرەیێک دادەگیرسێنم و چەرخەکە
بۆ بکووژی خەیاڵەکان
تا ئەویش فریوی داوێکی تری ئەم گەردوونە
بێ ناونیشانە بخوات و
بە ئاگرێک مەرگ داوەتی خوانی ژیان

ئیترنەفرەتێکی ڕەش هەڵگەڕاویش
لە هەرچی دارستانە دەبارێنم
بیابانم خۆش دەوێت و
رقم لە سەوزایی ترسێنەری باخەکان
ئەمە ڕاسترین درۆی ژیانمە
منێک هەرچی پیرۆزی ئەوانی ترە
لەژێر پێڵاوەکانم بە شکاوی دەبینم و
درۆیێکیش شکنابەم بۆ بەهانەی
شکاندنی پیرۆزیە شکێندراوەکان
ئەمە ڕاسترین ڕووی ڕاستیەکانی
ژێر پێڵاوە دڕاوەکانمە و
لەوە زیاتر هیچ ڕاستیێک
لەسەر تابلۆکانم نادرکێنم..

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*