سەرەکی » راپۆرت » قوباد تاڵەبانی: كۆتاییهێنان بەپشت بەستن بە یەك سەرچاوەی داهات

قوباد تاڵەبانی: كۆتاییهێنان بەپشت بەستن بە یەك سەرچاوەی داهات

رۆژی 18/2/2019، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كونسوڵی گشتیی هۆڵەنداو ژمارەیەك كەسایەتیی ئەكادیمی ئەو وڵاتە‌و چەند وەزیرو بەرپرسێكی حكومی‌و وەبەرهێنی ناوخۆییدا، تاوتوێی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر چۆنێتیی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان كراو لەمبارەیەوە كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا خواستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی كاری هاوبەش لەگەڵ هەرێمی كوردستان خستەڕوو بەتایبەت لەبواری گواستنەوەی شارەزایی‌و ئەزموونی هۆڵەنداو سوودبینین لە كێڵگە كشتوكاڵییەكانی هەرێم.
هەر لەكۆبونەوەكەدا مامۆستایانی زانكۆكانی هۆڵەندا چۆنێتیی مامەڵەكردنی تەندروستیان لەگەڵ كەرتی كشتوكاڵ خستەڕوو، بەتایبەت ئیدارەدانی زانستییانەی سامانی ئاو كە پایەی سەرەكیی كشتوكاڵكردنە.
لای خۆیەوە جێگری سەرۆك وەزیران ئاشكرایكرد كە «بڕیاریان ئەوەیە بۆ داهاتوو كەرتی كشتوكاڵ بخەنە كارە لەپێشینەكانیان لەپێناوی پاراستنی ئاسایشی خۆراك‌و نەتەوەیی، رەخساندنی هەلی كارو كۆتاییهێنان بەپشت بەستن بەیەك سەرچاوەی داهات كە سامانی سروشتییە».
״با قۆناغی داهاتوو بكەینە قۆناغی بووژانەوەی كشتوكاڵ״
هەمان رۆژ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە هەولێر بەشداریی لە دیداری هەماهەنگیی هۆڵەنداو هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كەرتی كشتوكاڵ‌و پیشەسازیی خۆراك كرد، كە بە چاودێریی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەنداو لەژێر ناونیشانی (لە كێڵگەوە بۆ سەر خوان) ئەنجامدرا.
لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا باسی لە چۆنێتیی بەرەوپێشچوونی كەرتی كشتوكاڵی‌و گرنگیی بووژانەوەی ئەو كەرتە کرد بە مەبەستی بنیاتنانی ئابوورییەكی بەهێز، هەروەها ئامادەیی هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستانی لە بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵیدا دەربڕی.
دواتر فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم ئاماژەی بەپەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان هۆڵەنداو گرنگیی پتەوكردنی ئەو پەیوەندییە كرد.
پاشان جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا ئاماژەی بە گرنگیی كەرتی كشتوكاڵ بۆ بنیاتنانی ئابوورییەكی بەهێزو هەنگاوەكانی برەودان بەو كەرتە كردو جەختیكردەوە كە «كەرتێكی بەهێزی كشتوكاڵ تەنها خواردن ناخاتە سەر سفرەكانمان، بەڵكو پێداویستیی بازاڕ دابین دەكات، پیشەسازیی بەهێز دەكات، ئابووریی كوردستان هەمەجۆر دەكات، هەزارەها هەلی كار دەڕەخسێنێت‌و ئەمنیی قەومیمان دەپارێزێت». وتیشی: نابێت هیچ دوو دڵ بین لە وتنی ئەو راستییە كە سەرەڕای ئەوەی ئێمە لەسەر خاكێكی بەپیت دەژین، كەچی لەبری ئەوەی سەرچاوەو نموونەیەكی باشی دەوروبەر بین، خۆمان گەورەترین هاوردەكارو بەكارهێنەری بەرهەمی دەرو دراوسێین، ئەمەش تەحەدایەكی گەورەی بەردەممانە لەئێستاداو پێویست دەكات لە سەرمان ئەم دۆخە بگۆڕین.
سەبارەت بە هەمەجۆركردنی داهاتی هەرێم، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا كە «نابێت تەنها پشت بە نەوت ببەستین»و وتیشی: راستە ئێمە لەپەنا كشتوكاڵدا خاوەن سامانی نەوت‌و گازو چەندین كانزای تری بەنرخین، بەڵام شتێكی شاراوە نییە كە هەموو ئەو ئابوورییانەی تەنیا پشتیان بە سامانە سروشتییەكان بەستووە، ئابوورییەكی نەخۆش‌و لاوازن‌و بەرگەی قەیرانەكان ناگرن. راشیگەیاند: دەبێت سەرمایەدار هان بدرێت بۆ وەبەرهێنانیان لە كێڵگەی كشتوكاڵ، نەك تەنها لە كێڵگەی نەوت. كشتوكاڵ بۆ ئێمە تەنها سەرچاوەی دابینكردنی خۆراك‌و كەمكردنەوەی هاوردەكردن نییە، بەڵكو زەمینەو فاكتەری پێشكەوتنی پیشەسازیشە. ئەگەر نەتوانین كەرتی كشتوكاڵ پێشبخەین، ئەوا ناتوانین كەرتی پیشەسازییش پێشبخەین، لەو حاڵەتەشدا ناتوانین ببینە خاوەن ئابوورییەكی بەهێز. «دەبێت قۆناغی داهاتوو بكەینە قۆناغی بووژانەوەی كشتوكاڵ كە دەكاتە گەشەپێدانی ئابووری». وتیشی: هەرچەندە لە كابینەی هەشتەمدا سەرەڕای قەیرانەكان‌و شەڕی داعش، هەنگاومان بۆ پاراستنی بەروبوومی خۆماڵی ناوەو بەرهەمی خۆماڵی بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادیكرد، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانیماندا نەبوو.
جێگری سەرۆك وەزیران سوپاسی حكومەتی هۆڵەنداو كۆنسوڵخانەی هۆڵەندای لە هەرێمی كوردستان كرد كە خەمخۆرانە گرنگیی بە كەرتی كشتوكاڵ‌و پیشەسازیی خۆراك لە هەرێم دەدەن، هەروەها سوپاسی زانكۆی ڤاخنینگنی كردو وتی: پێموایە توێژینەوەكانی ئەو زانكۆیە بناغەیەكی پتەوە بۆ بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان‌و داوایان لێدەكەم لە داهاتووشدا بەردەوام بن لە یارمەتیدانی حكومەتی هەرێم‌و خەڵكی كوردستان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

تەقەكردن لە کارمەندانی کونسوڵخانەی تورکیا کاردانەوەی لێکەوتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئەوەی خستەڕوو «دوێنێ لە رێستۆرانتێكی ...