راگەیاندنی جێگری سكرتێری گشتی
راگەیاندنی سەرۆك كۆمار
كۆسرەت رەسوڵ عەلی، هاوشانی سەركردە باڵاكانی عیراق، بەشدارییكرد لەكۆبوونەوەی راوێژكاریی نیشتمانیی سەركردە باڵاكانی عیراق.
لەسەر بانگهێشتی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، لەكۆشكی سەلام لەبەغدا كۆبوونەوەی راوێژكاریی نیشتمانیی سەركردە باڵاكانی عیراق، بەڕێوەچوو.
لەكۆبوونەوەكەدا، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك تاكە سەركردەی كوردو كەسی یەكەمی حزبەكان لەكۆبوونەوەكەدا بەشداربوو، كە زۆربەی سەركردە باڵاكانی عیراقو هەریەك لەسەرۆك كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانو سەرۆكی پەرلەمانی عیراقو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانو ژمارەیەكی بەرچاو لەسەركردە عیراقییەكان، بەشداربوون.
لەمیانی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی تێروتەسەل كرا لەبارەی دۆخی عیراقو پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكانو ئایندەی عیراق، پەیوەندیی نێوان هەرێمو بەغداش گفتوگۆی لەبارەوە كرا. لەوڕووەشەوە، كۆسرەت رەسوڵ عەلی، دیدگاو بەرنامەی یەكێتی بۆ دۆخی ئەمڕۆو ئایندەی عیراقو پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكانو حوكمڕانیی تەندروستو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، خستەڕوو، جەختیشیكردەوە كە شەراكەتی راستەقینەو پابەندبوون بەدەستوورو جێبەجێكردنی بڕگەو ماددەكانیو تێگەیشتنی هاوبەش بۆ پرسەكان كلیلی چارەسەری سەرجەم كێشەكانە.
لەڕۆژی 26/2وە، وەفدێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتیی كۆسرەت رەسوڵ عەلی و ئەندامێتیی عیماد ئەحمەدو ئاسۆ مامەند ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، عەدنان حەمەی میناو خالید شوانی ئەندامانی سەركردایەتی، لاهور شێخ جەنگی و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و بەهرۆز گەڵاڵی، لەبەغدانو بڕیارە زنجیرەیەك دیدارو كۆبوونەوە ئەنجام بدەن.
شایانی باسە، لەدیدارەكەدا، جگە لەوەفدی یەكێتی، نوێنەری هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستانو بزووتنەوەی گۆڕان، بەشداربوون.
هەر لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، راگەیاندنی سەرۆك كۆمار، ئەوەی خستۆتەڕوو كە لەسەر بانگهێشتی د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، یەكەم كۆبوونەوەی راوێژكاریی نیشتمانی، لەكۆشكی سەلام، بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راگەیەنراوەكە، لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك بەرهەم ساڵح لەوتەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە «خوازیارم ئەم كۆبوونەوەیە ببێتەمایەی پتەوكردنی كاری دامەزراوە دەستوورییەكانی عیراق، هەروا ببێتە پاڵپشتێك بۆ كاری ئەو دامەزراوانە».
لەڕاگەیەنراوەكەدا، ئەوەش هاتووە: لەكۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی هەلومەرجی سیاسیی عیراقو گۆڕانكارییە ئەمنیو سیاسییەكانو دواپێشهاتەكانی جەنگی دژی تیرۆرو هەڵوێستەكانی تایبەت بەبوونی هێزی بیانی لەعیراقو جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتو گرفتو ناكۆكییەكانو كاركردن بۆ وەلانانی جیاوازییەكانی بەردەم تەواوكردنی كابینەی حكومەت، كراوە.
241 جار بینراوە