ئه‌م كونجه‌ش

ناوی كوردی

كورد ده‌ڵێن: (قسه‌ قسه‌ ڕاده‌كێشێ). منیش (كونج) ێكم له‌ باره‌ی (له‌قه‌بی توركی) یه‌وه‌ نووسی. وا هه‌ر ئه‌و نووسینه‌ قسه‌یتری ڕاكێشا، كه‌ ده‌كرێ به‌ كه‌ره‌سه‌ی نووسینی كونجێك. ڕه‌نگه‌ به‌شێكیشی گاڵته‌ و قسه‌ی خۆش بێ. وه‌ك جارێك نووسیم – هاوڕێ و برای زۆر خۆشه‌ویستم دوكتۆر ڕه‌ووف عوسمان ده‌ڵێ: نابێ كونجه‌كانت هه‌موو قسه‌ی (جدی) بن. ناڵێ: ووشك. خۆ ده‌بێ هه‌ندێ گاڵته‌شی تێدا بێ. دیاره‌ پێشمخۆشه‌ ئه‌و برایه‌ حه‌ز له‌ گاڵته‌ش بكات.
وا لێره‌دا: به‌ دووای ئه‌و كونجه‌ی پێشوودا شتێك ده‌نووسم، كه‌ هه‌ندێكی (جدی‌) و هه‌ندێكی گاڵته‌ بێ. باوه‌ڕم پێ بكه‌ن ئێستا ووشه‌یه‌كی كوردیم له‌ بیردا نی یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ووشه‌ی (جدی‌) – چونكه‌ ووشه‌ی (گاڵته‌) – به‌رامبه‌ر به‌ (جدی‌) نی یه‌. خۆزگه‌ كه‌سێك له‌ هه‌ر ڕێگه‌یه‌كه‌وه‌ بێت ئاگاداری (ووشه‌) یه‌كم بكات. لاتان گاڵته‌ نه‌بێ.
ده‌ی باسی ناوی كوردی ئه‌كه‌م – كه‌سێكی خۆم له‌ قسه‌دا هه‌ڵیدایه‌ و ووتی: ناوه‌كه‌ی خۆت عه‌ره‌بی یه‌- به‌ڵێ: باوكم كاتێ من له‌ دایك بووم زۆر خه‌ریكی (ته‌سه‌وف) بووه‌ و (عز بن عبدالسلام) ی زۆر لا به‌رز و نموونه‌ بووه‌ و منیش ئه‌و ناوه‌ی ئه‌وم لێنراوه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ر من نیم – هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ئیسلامه‌وه‌ ناوی ئیسلامی (ناڵێم عه‌ره‌بی) باوبوون. هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌رچاوه‌كاندا ده‌ڵێن: یه‌كه‌م كورد كه‌ چۆته‌ سه‌ر ئاینی ئیسلام – كوردێك بووه‌ كه‌ یه‌كه‌م سه‌حابه‌یه‌ و چۆته‌ (مه‌دینه‌ی منه‌وه‌ره‌) خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر و موسوڵمان بووه‌ و ناوی (جابان- یا – گاڤان كوڕی مه‌یموون) بووه‌ – ئیتر كه‌س باسی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ كه‌ (مه‌یموون) ناوی ئه‌و حه‌یوانه‌یه‌ كه‌ پاش ئاده‌میزاد زیره‌كترین گیان له‌به‌ره‌ یا هه‌ر (میمون) ی عه‌ره‌بی یه‌كه‌ مانای پیرۆزه‌.
كه‌ باسی پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌ ده‌كرێ شاعیرێك ووتوویه‌تی: (محه‌مه‌د و ئه‌حمه‌د و مسته‌فا و مه‌حموود)ه‌ ئیتر ئه‌م ناوانه‌ش له‌ناو كورددا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناوی عه‌ره‌بی هه‌ر له‌ناو كوردی موسوڵماندا نی یه‌. به‌ڵكو: ده‌یان ناوی كوردی كاكه‌یی و مه‌سیحی و یه‌زیدیم له‌به‌رده‌مدایه‌ كه‌ ناوه‌كانیان عه‌ره‌بین. ئه‌مه‌ش بیانوو نییه‌ بۆ ناوه‌كه‌ی خۆم – چونكه‌ من ناوی كچه‌كانمم به‌ ناوی كوردی ناو ناوه‌ و ناوه‌كانیشیان – بڵاوبوونه‌وه‌ و كه‌سانیتریش ئه‌و ناوانه‌یان له‌ منداڵه‌كانیان ناوه‌.
به‌ گشتی ناوی كوردی له‌ سه‌رده‌می حیزبی هیواوه‌ بڵاوبۆوه‌ – هه‌رچه‌نده‌ ناوی كچ و كوڕی ڕه‌فیق حیلمی سه‌ركرده‌ و تێكۆشه‌ری گه‌وره‌ی كورد زۆرتریان عه‌ره‌بین. مه‌به‌س ئه‌وه‌ نی یه‌ ناوی هه‌موو سه‌ركرده‌ گه‌وره‌كانی كورد بێنم كه‌ ناوی كچ و كوڕیان عه‌ره‌بین.
ئێمه‌ پاش سه‌ربه‌خۆ بوونیش – كه‌ به‌لای منه‌وه‌ نزیكه‌، عه‌ره‌ب هه‌ر نزیكترین دراوسێمانن و پێوه‌ندیی ئیسلامیشمان هه‌ر ده‌مێنێ. به‌ڵام من ئێستا له‌گه‌ڵ ناوی كوردیدام به‌ڵام به‌مجۆره‌ سه‌یره‌ی ئێستا نا. ئه‌وه‌تا ناوی سه‌یر له‌ منداڵه‌كانیان ده‌نێن. به‌دووای ناوێكدا ده‌گه‌ڕێن، كه‌ (نه‌بێ و سه‌یر بێ) وه‌ك (كه‌شفی مه‌ریخیان كردبێ) كه‌ ده‌پرسی ئه‌مه‌ مانای چی – پێت ئه‌ڵێ: ئه‌مه‌ له‌ زمانی (میدیاییه‌كاندا ئه‌وه‌یه‌) – قورئان به‌ هه‌قت كابرا نه‌ ئاگای له‌ (میدیا) یه‌ و نه‌ (هه‌ڕی له‌ بڕی ده‌كاته‌وه‌).
تا ئێستا دوو سه‌رچاوه‌ی باشی ناوی كوردیمان هه‌یه‌. یه‌كه‌م له‌ (سیپاره‌ی هه‌ق په‌رستی) ی مامۆستا به‌شیردا فه‌سڵێك هه‌یه‌ به‌ ناوی (ناوی كوردی) یه‌وه‌ – ها مامۆستا خۆی نووسیوێتی – قسه‌ نه‌كه‌ن، نه‌ڵێن: فڵان یاریده‌ی داوه‌ یا بۆی نووسیوه‌. دووه‌م مامۆستا گیوی موكریانی نامیلكه‌یه‌كی هه‌یه‌ به‌ ناوی (ناوی كوردی) یه‌وه‌، خۆزگه‌ خوشكی شیرینم د.كوردستان موكریانی چاپی ده‌كرده‌وه‌ و هه‌ندێ ناوی تازه‌ی جوانتری ده‌خسته‌ سه‌ر. خۆ مامۆستای نه‌مر (گیوی موكریانی) ش – باوكی ناوی ناوه‌ (عه‌بدوڕه‌حمان) به‌ڵام خۆی كردوویه‌تی به‌ (گیو) كه‌ ناوی یه‌كێكه‌ له‌ قاره‌مانه‌كانی (شانامه‌) – خۆ كاتێ كه‌ ئه‌ویش زۆر زانا و كورد بوو هه‌ر (حسێن حوزنیی موكریانی) ی ده‌نووسی – به‌ڵام به‌ هه‌موو حاڵ من ئێستا هه‌ر له‌گه‌ڵ ناوی كوردیدام.
بژی كورد – بژی كوردستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شه‌هید دارا تۆفیق

كه‌سێكی زۆر نزیكی خۆم پێی ووتم: سه‌یری ئه‌م هه‌موو كه‌ناڵانه‌ی ...