سەرەکی » وتار » هاژه‌ باست حه‌مه‌غه‌ریب » ناتوانن خەویشی پێوە ببینن

ناتوانن خەویشی پێوە ببینن

عەجەب ئێمەی کورد چ میلەتێکی سەیرین، ئەوەنەی خۆمان بەو شتانەوە سەرقاڵ کردوە کە هی ئێمە نین و لەوانەشە هیچ کاتێک نەبنە هی ئێمە، بیر لەوە ناکەینە باشە ئێمە چیمان هەیە کە کەسانی تر نیانەو ڕەنگە هیچ کاتێکیش نەیانبێت.
هەموو یەکێک لە ئێمە شت گەلێمان هەیە کە کەسانی تر نیانە و هەرچی هەوڵیشی بۆ بەن نایانبێت، ئەمە سروشتی ژیانە، بەڵام هەمیشە ئەو شتەی هەتە هەوڵ بۆ مانەوەی نایەیت، چونکە وا ئەزانیت هەرگیز لەدەستت ناچێت، بەڵام لە نەبونیا ئەوجا دەزانی چیت هەبووەو چیت لەدەست داوە، بەنموونە تەندروستی باش و لەشساغی، هەتا کێشەیەکی تەندروستیمان بۆ دروست نەبێت نازانین کە چ نیعمتێکە ساغ بوون، بەڵام کە نەخۆش دەبین یان توشی کارەساتێک دەبین دنیا ئەڕوخێ بەسەرمانا.
لەگەڵ هەموو ئەمانە هەمیشە بیرمان لای ئەو شتانەیە کە نیمانە، هەزاران جار بینیومەو بیستومە کەسێ ئاواتی بەهەبوونی ماڵ و سەروەت و سامان خواستوە، لەکاتێکا خۆی خاوەنی ماڵ بوە، بەڵام بیری لەوە نەکردۆتەوە کە کەسانێک هەن نەک ماڵیان نیە، بەڵکو تەنها یەک مەتر ڕاخەر شک نابەن لەسەری بخەون، ئەوە باسی ئەوە ناکەم ناتوانن هەر بیر لە تێرکردنی یەک ژەمی سکیشیان بکەنەوە، بیریشی لێبکەنەوە نیە.
دەی ئەگەر هەمیشە لە جیاتی سەر بەرز کردنەوەو بۆ ئاسمان ڕوانین، کەمێک سەیری خوار خۆمان بکەین، ئینجا ئەزانین ئێمە خاوەنی شت گەلێکین کە کەسانی تر ناتوانن خەویشی پێوە ببینن.

 44 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*