سەرەکی » زانست » كنگر،خواردنێكی به‌تام و ته‌ندروست

كنگر،خواردنێكی به‌تام و ته‌ندروست

گوندستانی‌ نوێ _ ڕه‌وا محه‌مه‌د

كه‌م كه‌س هه‌یه‌ ناوی‌ «كنگر _ قنگر» ی نه‌بیستبێت یان بۆ ژه‌مێك و دوان نه‌یخواردبێت. كنگر ؛ یه‌كێكه‌ له‌ گیا به‌هارییه‌كان و په‌لێكی دڕكاوی‌ هه‌یه‌ و له‌و ناوچانه‌دا زۆره‌ كه‌ خاكێكی نه‌رم و باشی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر گه‌وره‌ و ئه‌ستور بێت. قه‌دی كنگر له‌خاكدا ده‌مێنێته‌وه‌ و ته‌نها به‌شی په‌له‌ دڕكاوییه‌كه‌ی‌ ده‌چێته‌سه‌ره‌وه‌ی زه‌وی.
كنگر یه‌كێكه‌ له‌ خواردنه‌ خۆش و تامداره‌كان و له‌ كورده‌واریدا به‌ چه‌ندان شێوه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت بۆ خواردن، وه‌ك خانمانی‌ شاره‌زا ده‌ڵێن كنگر به‌ كوڵاوی سودی زۆرتره‌ و ته‌نانه‌ت ئاوه‌كه‌یشی شتێكی باشه‌ بخورێته‌وه‌.
له‌سه‌ر ڕێگای‌ سلێمانی‌ _ ده‌ربه‌ندیخان كاتێك به‌ گوندی (بیركێ) و (قاشتی) دا تێپه‌ڕیت ، ژماره‌یه‌ك زۆر ژن و پیاو به‌ كه‌نار ڕێگاكه‌وه‌ دانیشتوون به‌ دیار گنگره‌كانیانه‌وه‌ تاكو شۆڤێرێك داببه‌زێت و كیلۆیه‌ك كنگر یان دوو كیلۆیان لێبكڕێت. له‌وێ له‌گه‌ڵ كنگر فرۆشه‌كان قسه‌مان كرد و ئه‌وانیش ئه‌گه‌ر چی نه‌یانده‌ویست كه‌ ناوی‌ خۆیان بۆ «گوندستانی‌ نوێ» بڵێن ، به‌ڵام قسه‌ی‌ گشتیان بۆ كردین له‌سه‌ر كنگر و باسی ماندووبوون و به‌رهه‌می ڕۆژێك كاركردنی‌ خۆیانیان بۆ كردین.
یه‌كێكه‌ له‌و ژنانه‌ی‌ كه‌ له‌وێ بوو به‌ده‌م پاككردنی‌ كنگره‌كه‌یه‌وه‌ قسه‌ی‌ ده‌كرد بۆ گوندستانی‌ نوێ ، وتی : به‌یانیان له‌ ماڵ زوو دێینه‌ ده‌ره‌وه‌ تاكو ئێواره‌ یان كاتی‌ نوێژی عه‌سر، ئه‌وكات كۆڵه‌كانمان ده‌پێچینه‌وه‌ و دێینه‌ ئێره‌ بۆ فرۆشتنی كنگره‌كانمان. ئیدی خۆمان و شانسمان .
ئه‌و خاتونه‌ وتیشی : باشی و خراپی به‌رهه‌می ماندووبوونه‌كه‌مان كه‌وتۆته‌سه‌ر ئه‌و كڕیارانه‌ی‌ كه‌ لاده‌ده‌ن و كنگر ده‌كڕن، هه‌ندێكجار با له‌و ڕۆژه‌دا كنگریشمان زۆر كردبێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك لێمان نه‌كڕێت سودی نییه‌ و ناچارین بیبه‌ینه‌وه‌ خۆمان له‌ماڵ بیخۆین، خۆیشمان ئه‌وه‌نده‌مان خواردووه‌ مناڵ نایخوات و ده‌ڵێن خواردنی‌ دووباره‌یه‌.
ئه‌و ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد : هه‌ركاتێك دراوسێكانمان یان ناسیاوێكمان داوامان لێبكات كه‌ ئێواره‌ كنگریان بۆ ببه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌و ڕۆژه‌ كڕیاره‌كانمان دیاره‌ و خه‌می ئه‌وه‌مان نییه‌ كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ بترسین له‌وه‌ی‌ كه‌سێك نه‌بێت كنگره‌كه‌مان بكڕێت و ماندوبونمان ده‌ربچێت. چونكه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ كڕیاره‌كه‌مان دیاره‌ كێیه‌ و حازره‌ .
یه‌كێكیتر له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ دانیشتووه‌ و كنگره‌كه‌یشی كردۆته‌ عولاگه‌وه‌ و ئاماده‌ی‌ كردووه‌ بۆ فرۆشتن ، بۆ گوندستانی‌ نوێ دوا و وتی : ئه‌م ئیشه‌ی‌ ئێمه‌ كاتییه‌ ، كه‌ كنگر نه‌ما ئێمه‌یش ده‌چینه‌وه‌ ماڵ و لێیداده‌نیشین به‌بێ ئیش. كنگر ئه‌وه‌ی‌ باشه‌ خۆراكێكی سودبه‌خشه‌ و تاكو لێی بخۆم لێی بێزار نابم ، له‌ماڵیشه‌وه‌ زه‌ردی! ده‌كه‌ین و هه‌ڵیده‌گرین بۆ كاتی زستان یان ڕه‌مه‌زانان.
ئه‌و وتیشی : ئێمه‌ كاسپی ده‌كه‌ین و شه‌رم له‌ كاره‌كه‌مان ناكه‌ین به‌ڵام كاتێك شۆڤێرێك دێت و له‌به‌ر نرخه‌كه‌ی‌ ڕێكناكه‌وین ، قسه‌ی‌ هه‌ڵه‌ و نه‌شیاو ده‌كات و ده‌ربه‌سی دڵی ئه‌م ژن و پیاوانه‌ نایه‌ت كه‌ ڕۆژ تاكو ئێواره‌ ماندوو ده‌بن و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن كه‌سێك بێت و كنگره‌كه‌یان لێبسێنێت و دینارێك بباته‌وه‌ بۆ منداڵه‌كانی‌ .
ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد : پاره‌ی‌ ئه‌و كنگره‌ كه‌ له‌ ڕۆژێكدا ده‌ستمان ده‌كه‌وێت زۆر كه‌متره‌ له‌و ماندووبوونه‌ی‌ كه‌ له‌هه‌مان ڕۆژدا ده‌یبینین بۆ كنگركردن. ئێمه‌ لێره‌ عه‌لاگه‌یه‌ك كنگر ده‌ده‌ینه‌ پێنج یان چوار هه‌زار دینار، له‌كاتێكدا ئێمه‌ ده‌بێت ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ خۆمان خواردن بێنین بۆ كه‌ژ و كێو و كرێی سه‌یاره‌یش بده‌ین كه‌ به‌یانیان له‌ماڵه‌وه‌ ده‌مانهێنێت. زۆرجاریش كه‌ ده‌چینه‌وه‌ ماڵ ده‌بێت دیسان كرێ بده‌ین.
یه‌كێكیتر له‌و فرۆشیارانه‌ی كنگر وتی : كنگر وه‌ك خواردن گه‌لێك خۆشه‌ و یه‌كێكه‌ له‌و خواردنانه‌ی‌ كه‌ زۆر به‌ كه‌می خه‌ڵكانێك هه‌یه‌ ڕقیان لێی بێته‌وه‌ و نه‌یخۆن، سودی زۆره‌ و به‌رهه‌مێكی سروشتی خواییه‌ و هه‌ندێكجار گه‌ڕان به‌ شوێن كنگردا وه‌ك سه‌فره‌ و پیاسه‌ی كه‌ژوكێو وایه‌. كنگر ئه‌گه‌ر بیكوڵێنیت و ئینجا بیخۆیت سودی زۆر زۆره‌، پاشان ئاوه‌كه‌یشی ئه‌گه‌ر كه‌مێك خوێی تێبكرێت به‌هه‌مان شێوه‌ سودی بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه‌ و له‌ هه‌موو چاره‌سه‌رێك باشتره‌.
وتیشی : ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌بێت كنگره‌كه‌مان لێوه‌بگڕێت و نه‌مێنێته‌وه‌ ناچار بین بیبه‌ینه‌وه‌ بۆ ماڵ ، ئه‌وا ماندووبوونه‌كه‌یشمان زۆر كاریگه‌ری‌ نابێت له‌سه‌رمان، به‌ڵام زۆرجار وامان لێهاتووه‌ نیوه‌ی ئه‌و كنگره‌ی‌ به‌ڕۆژ كردوومانه‌ بردوومانه‌ته‌وه‌ و یان به‌خشیبومانه‌ته‌ دراوسێكانمان یان له‌بازاڕدا به‌هه‌ر نرخێك هه‌بووبێت فرۆشتومانه‌ و كرێی سه‌یاره‌كه‌مانی‌ بۆ ده‌ركردووه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*