سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » سه‌ركه‌وتنێكی هیوابه‌خش

سه‌ركه‌وتنێكی هیوابه‌خش

راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر رێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌وه‌، دوای كۆتاییهێنان به‌دواچه‌كداره‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ باغۆزی سوریا، خۆشیه‌كی‌ زۆری خسته‌ دڵی هه‌موو گه‌لی كورده‌وه‌و هیوای پێ به‌خشینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م میلله‌ته‌ ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی‌ هه‌بێت، ده‌توانێت سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر زۆر نه‌یارو دوژمنی خۆیدا به‌ده‌ستبێنێت.
ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی‌ شه‌رڤانانی كورد به‌سه‌ر داعشدا به‌ده‌ستیان هێنا، دوای دوو ساڵ له‌ له‌ریفراندۆم و له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی تری كوردستان دێت، هه‌روه‌ها دوای چه‌ند ساڵێك له‌نه‌هامه‌تی و باری ئابوری خراپی هاوڵاتیان هه‌رێمی كوردستان دێت، كه‌ ئه‌وه‌ش كه‌سێتی تاكی كوردی بریندارو بێ تاقه‌ت كردبوو.
سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی خیلافه‌تدا كه‌ داعش له‌سه‌ر به‌شێكی زۆری خاكی عیراق‌و سوریا رایگه‌یاندبوو له‌ساڵی 2014، دوای شكستهێنان به‌و رێكخراوه‌ دێت له‌عیراق له‌سه‌ر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی تری عیراق‌و هه‌روه‌ها دوای نزیكه‌ی‌ چوار ساڵ شه‌ركردنی شه‌رڤانانیش دێت له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ هه‌مه‌جییه‌ كه‌ نه‌هامه‌تی‌و ماڵوێرانی بۆ زۆرێك ناوچه‌ی‌ عیراق‌و سوریا لەگەڵ خۆیدا هێنا.
شه‌رڤانان‌و هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ دوای قوربانییه‌كی زۆرو شه‌رو كوشتاری قورس‌و به‌ به‌پاڵپشتی هاوپه‌یمانان و ئه‌مریكا، دژ به‌ چه‌كدارانی داعش، توانیان ته‌پڵی سه‌ركه‌وتن له‌ دوا مۆڵگه‌ی‌ ئه‌و رێكخراوه‌، له‌ناوچه‌ی‌ باغۆزی سوریا لێبده‌ن و هه‌زاران چه‌كدارو بنه‌ماڵه‌ی‌ داعشیش به‌دیل بگرن.
سه‌ركه‌وتنی كوردو شه‌رڤانان كه‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزی دژه‌ تیرۆریی یه‌كێتیش پاڵپشتیان بوو له‌زۆرێك ویستگه‌دا، ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكاش ستایشی ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ‌و بەشێکی تری بەرپرسانی ئەو وڵاتە، لەو رووه‌وه‌ جێگری وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا له‌لێدوانێكیدا ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی‌ به‌رزنرخاندو وتی، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌مه‌یدانی جه‌نگدا بۆ ئێمه‌ ئیلهام به‌خشه‌، وتیشی، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هیزه‌كانی سوریای دیموكرات كه‌ رێبه‌رایه‌تی شه‌ڕی داعشیان كرد له‌سوریاو هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق كه‌ رابه‌رایه‌تی شه‌ڕی داعشیان كرد له‌عیراق، له‌پاڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ده‌ستخۆشیان لێبكرێت. له‌سه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ی‌ بینیان له‌و جه‌نگه‌دا.
ده‌مێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی دوای كۆتایی هاتنی شه‌ڕ دژ به‌داعش، هه‌روه‌كو سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی هه‌سه‌ده‌ش باسی ده‌كه‌ن، مه‌ترسی ئه‌و رێكخراوه‌ ماوه‌، هه‌رچه‌ند وه‌كو هێز هیچ ناوچه‌یه‌كی له‌سه‌ر زه‌وی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌، به‌ڵام چه‌ندین شانه‌ی‌ نوستووی هه‌یه‌و له‌رێگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات هێرش بكات، ئه‌مه‌ش هه‌مان بۆچوونی سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكایه‌، كه‌ جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌سوریا ده‌مێننه‌وه‌ به‌هۆی‌ بوونی مه‌ترسی داعش له‌سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانیان له‌و وڵاته‌ به‌تایبه‌ت كورده‌كان.
ئه‌گه‌ری زۆریش هه‌یه‌، شه‌ڕی تر رووبه‌رووی شه‌ڕڤانان بێته‌وه‌، دوای سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر داعشدا، وه‌ك رووبه‌رووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جه‌بهه‌ی‌ نوسڕه‌و میلشیاكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، ئه‌مه‌ چ جای رووبه‌رووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ توركیا، گریمانه‌ی شه‌ڕێكی تریش هه‌یه‌، كه‌ ئه‌ویش ده‌سته‌و یه‌خه‌بوونی شه‌رڤانان و سوپای سوریایه‌ ئه‌گه‌ر ئیداره‌ی‌ كانتۆنه‌كانی رۆژئاوای كوردستان نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوریادا، خودی دیمه‌شیقیش نه‌یشاردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێـت كۆنترۆڵی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی هه‌سه‌ده‌و باقی ناوچه‌كانی سوریا بكاته‌وه‌.. ئه‌مه‌ش واتای مانه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی ده‌گه‌یه‌نێت له‌سه‌ر كوردانی رۆژئاوا.
ئه‌گه‌ر پاڵپشتی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانانیش نه‌بێت، ئه‌وا له‌داهاتوودا بارگرانی‌و ئه‌ركێكی قورس چاوه‌ڕوانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌بێت.

 280 جار بینراوە