سەرەکی » زانست » دڕندنەترین تاقیكردنەوە پزیشكییەكانپەڕە 19

دڕندنەترین تاقیكردنەوە پزیشكییەكان

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا پێشكەوتنەكانی بواری پزیشكی بە قۆناغی مەترسیداردا گوزەریان كردووە و لە هەندێك قۆناغدا هەزاران خەڵك كراونەتە قوربانی بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێكی زانستی یان دۆزینەوەی چارەسەرێك.
سوپای ئیمپراتۆری ژاپۆن لە سییەكانی سەدەی رابردوودا ژمارەیەك توێژینەوە و تاقیكردنەوەی بایلۆژی لەسەر هاووڵاتیان ئەنجامدا، كە زۆربەیان لە چین بووە.
ئەو توێژینەوە و تاقیكردنەوانە بوونە هۆی كوژرانی هەزاران كەس، وەك ئەوەی لە راپۆرتێكدا رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە ساڵی 1995 ئەو قوربانیانەی بە 200 هەزار كەس خەمڵاندووە.
تاقیكردنەوەكان تایبەت بوون بە كوتانی ئەو كەسانە بە دەرزی نەخۆشییەكانی كۆلێرا و تیفۆئید و تاعون. هەندێك لەو كەسانەش ناچار دەكران لە سەرمایەكی كوشندە بە پێ بڕۆن بۆ ئەوەی هەندێك چارەسەری تایبەت بە نەخۆشییەكانی سەرمایان لەسەر تاقی بكرێتەوە.
دواتر ئەندامانی یەكەی 731 بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن هەندێك زانیاریان خستەڕوو. باسیان لەوەشكرد، كە بەشێكیان بە غازی كوشندە كوژراون.
ئەو كەسانە راشیانگەیاندبوو، كۆمەڵ كۆمەڵ خەڵك خراوەتە ناو ژووری تایبەتەوە و فشارێكی ئەوەندە بەهێزیان خراوەتە سەر، تا ئەو رادەیەی چاویان دەپەڕیوە. هەندێكیشیان پەلیان پەڕاندون بۆ ئەوەی بزانن چۆن دەژین بە بێ دەست و پێ.
ژمارەیەك لە زانایانی گۆكردن لە زانكۆی لوا لە ئەمریكا ساڵی 1939 هەوڵیان دا بزانن زمانقورسی لای منداڵ و زمانگرتنی رەفتارێكە منداڵ بە هۆی ترس و دڵەڕاوكێوە تووشی دەبێت یان نا.
بۆ سەلماندنی گریمانەكەیان، ئەو زانایانە بڕیاریاندا تاقیكردنەوەكانیان لەسەر منداڵانی بێ باوك ئەنجام بدەن و وایان دانابوو ئەو منداڵانە لە داهاتوو زمانیان قورس دەبێت و چەند جارێك وشە دووپات دەكەنەوە تا گۆی بكەن بە تەواوی.
تاقیكردنەوەكە لە ئۆهایۆ ئەنجامدرا و خانەی منداڵە بێسەرپەرشتەكانیش تایبەت بوو بە منداڵی سەرباز و دەریاوانەكان. منداڵەكان ناچار دەكران، ئاماژەی ئەو حاڵەتە پیشان بدەن. ئەوان ناچار دەكران زمانیان بگرن، لە كاتێكدا دڵنیابوون دەتوانن بە دروستی قسە بكەن. ئەو منداڵانە هەرگیز زمانیان قورس نەبوو، بەڵكو بە دەست دڵەڕاوكێی و شەكەتبوون و بێدەنگییەوە دەیان ناڵاند.
دكتۆری نەخۆشییەكانی ژنان ماریسۆن سمیس دوای ئەوەی چەندین تاقیكردنەوەی لە سەر ژنانی كۆیلە ئەنجامدا ناوبانگی دەركرد. ئەو دكتۆرە نەشتەرگەری بۆ ژنان ئەنجامدەدا بە بێ ئەوەی سڕیان بكات. ئەو بڕوای وابوو ئەو ئازارەی كە بە هۆی نەشتەرگەرییەكەوە هەیە هێندە نییە پێویست سڕیان بكات و بەنج بەكاربهێنێت. وەك ئەوەی خۆی لە 1857 باسیكرد.
تاقیكردنەوەی نازییەكان لە زیندانی ئوشفیتز
دكتۆر جۆزێڤ مینگیل، ژمارەیەك تاقیكردنەوەی لەسەر دوانەكانی زیندانی ئوشفیتز ئەنجامدا. ئەو گریمانەیەكی هەبوو سەبارەت بە ژەهراویبوونی رەگەزی ئەوروپایی و دەیویست بە ئەنجام بگات.
بەڵگە مێژووییەكان باس لەوە دەكەن زۆرێك بە هۆی تاقیكردنەوەكانییەوە گیانیان لەدەستداوە و هەندێك لەو گیراوانە چاویان بە زیندوێتی هەڵدەكۆڵرا و دەردەهێنرا.
هەروەها پزیشكە ئەڵمانییەكان دیلەكانیان وەك مشكی تاقیگە بەكاردەهێنا و داو و دەرمانی جۆراوجۆریان لەسەر تاقیدەكردنەوە.
هەرچەندە زۆرێك لەو پزیشكانە دواتر وەك تاوانباری جەنگ سزا دران، بەڵام مینگیل توانی رابكات و خۆی بگەیەنێتە ئەمریكای باشوور و لەوێ مایەوە تا ساڵی 1979 كۆچی دوایی كرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*