سەرەکی » ساڵۆنی کوردستانی نوێ » پێنج کتێب لە ساڵۆنەوە بوونە دیاریی بەهارانە

ساڵۆنی کوردستانی نوێ

پێنج کتێب لە ساڵۆنەوە بوونە دیاریی بەهارانە

لەم دووتوێیە دا

کۆڕی ئەمجارەی سالۆنی کوردستانی نوێ، جیاواز لە کۆڕەکانی دیکە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی چەند کتێبێکی نەبینراوە کە د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی لە مشووری چاپکردنی کتێبە دەستنووسەکانی مەلا محەمەد عەلیاوەیی باوکیدا هەوڵیداوە تێڕوانینی مەلایەکی ناوەڕاست تا کۆتاییەکانی (مەلایەکی دوانزە عیلم) بۆ نەوەی نوێی ئەم سەردەمەمان بگوێزێتەوە.
ئەم کۆڕەی ساڵۆن ئەگەرچی خستنەڕووی شەش بەرهەمی چاپکراوە، بەڵام پێنج بەرهەمیان نووسەرەکەی میراتگرێکی بە ئەمەکی هەیە کە تەپوتۆزی رۆژگاری لێ تەکاندوون و بە چاپێکی شایستە خستوویەتییە بەردەستی خوێنەران.
جگە لە ناوەڕۆکی کتێبەکانی مەلا محەمەدی باوکی ، د. عەبدوڵڵا رۆشناییش دەخاتە سەر چەند زانیارییەکی نوێی قۆناگەکانی مەلایەتی و فەقێیایەتی و جیاوازییان لە دینداریی ئەم رۆژگارە دەخاتەڕوو.
ئەو قسەوباس و مشتومڕەش لە چوارچێوەی کۆڕێکی ساڵۆنی کوردستانی نوێ-دا هات کە رۆژی سێشەممە رێکەوتی 2/4/2019 بەڕێوەچوو.

ساڵۆنی کوردستانی نوێ

جەواد حەیدەری:
خوشك و برایانی ئازیز بەخێربێن، من وەك دۆستێكی ساڵۆنی كوردستانی راسپێردراوم ساڵۆنەكە بەڕێوەبەرم، ساڵۆنی ئەمڕۆمان كۆڕی ناساندن و واژۆكردنی پێنچ بەرهەمی د. عەبدوڵڵا عەلیاوەییە.
د.عەبدوڵڵا عەلیاوەیی ساڵی 1957 لە هەولێر لەدایكبووە، بەكالۆریۆسی هەیە لە بواری مێژوو لە زانكۆی موسڵ و ماستەری لە مێژووی كورددا هەیەو دكتۆراکەشی لەسەر كوردستانە لە سەردەمی عوسمانیدا.
پۆستەكانیشی بریتی تائێستا بووە لەوەی کە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بووەو ئەندام بووە لە گۆڤاری سیاسەتی دەولی و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بووە لە 2006 بۆ 2010 دواتر بووەتە راوێژكاری سەرۆك كۆماری عیراق لە 2014 وە بۆ 2018.
دۆستایەنی من دەگەڕێتەوە بۆ 28-2 ئەو رۆژە من بە خزمەتی گەیشتم چەند كتێبێكی پێشكەش كردم یەكێکیان خەمڕەوێن بوو كە من دەمەوێت دوو سێ قسەیەكی لەسەر بكەم. خەم رەوێن كۆمەڵێك لە قسەخۆشەكانی مەلا محەمەدی باوكی د.عەبدوڵڵایە و كۆمەڵێك قسەی خۆش‌ و نەستەقی تێدایە، بەشێوەیەك لە شێوەكان دەتوانم بڵێم خەمڕەوێنن، بە رشتەی مرواری‌ عەلادین سجادی و چێشتی مجێوری هەژار دەچێت، بەڵام بە زمانێكی رەوانتر و كۆمەڵێك لەو شتانەی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بڤەیە و هەندێكجار روومان نایەت لەناو كۆڕی پیاوەكاندا باسی بكەین چ جای لەكۆڕی ژناندا، بەڵام ئەو زۆر بێ پەردە وەك هێمن ئاسایی دەڵێت: «بێ باكانە باسی لێكردووە».
ئەگەرچی من خۆم لەگەڵ ناوی خەمڕەوێندا نیم، چونكە خەمڕەوێن ئەوەندە ناوی شاعیرانەیە، زیاتر لەوەی پەخشان بێت، یان قسەیەكی نەستەق بێت.
هێمن دەڵێت:
«غەمڕەوێنی لێرە من ناكەم بەدی
چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم ساقی ئەدی»
من تۆزێك لەسەر ناوەكەی تێبینیم هەبوو، شتێكی تر كە دەمەوێت باسی بكەم مەلایی لە كۆندا تەنها مەلای شەریعەت و تەریقەت نەبوو، یادی بەخێر جاران حوجرەی ئێمە تەكێ و مزگەوت و خانەقا پێش ئەوەی ئیسلام بكرێت بە ئیسلامی سیاسی، ئیسلامەتی كۆمەڵایەتی زۆر جوان بوو، ئێمە لە رووی ئەدەب‌ و رۆشنبیرییەوە قەرزداری حوجرەین و مزگەوتین، پیاوە گەورەكانمان چ سیاسییەكانمان چ ئەدیب و شاعیرەكانمان هەڵقوڵاوی حوجرەكان بوون، لەرابردوو تەكێ و خانەقا هەموو نەوعێكی تێدابوو وەك هێمن دەڵێت: «لە خانەقا لە دزەوە تێیدابوو تا خواناس»، بۆیە دەڵێم مەلاكانی ئێمە جگە لەوەی مەلای ئاینی بوون، رۆشنبیری كۆمەڵایەتیش بوون.
بەشێكی تری قسەكانم دەگەڕێتەوە سەر بەرهەمەكانی تر، ساڵنامەو ئاوێنەی كوردەواری، ئاوێنە، خەمڕەوێن، ژیانی فەقێیاتی لە كوردستاندا، راپەڕینی هەولێر. ئێستاش من نامەوێت زیاتر كاتتان بگرم، كاك دكتۆر خۆی باسی كتێبەكانتان بۆ دەكات.
عەبدوڵڵا عەلیاوەیی:
بەناوی خوای گەورە، زۆر سوپاس بۆ تەواوی كامەندانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ و سوپاسی ئامادەبوونی بەڕێزیشتان دەكەم، لە راستیدا ئەم كتێبانە شەش بابەتن، پێنجیان هی رەحمەتی باوكمە و یەكێکیان هی خۆمە، بەڵام پێنجەكەیان پاكنووسیم كردووە، هەندێك ناوی تێدا هاتووە، رەنگە خەڵكی پێ بریندار ببێت، ئیتر ئەوە مێژووە، كۆمەڵگەی كوردەواری نەگەشتووەتە ئەوەی بەرۆحێكی ریازییەوە بابەتەکان وەربگرێت.
پێش ئەوە حەزدەكەم باسێكی باوكم بكەم، باوكم ناوی مەلا محەمەدی عەلیاوەیییە، لەساڵی 1919 لە گوندی عەلیاوەی رۆژهەڵاتی قوشتەپە لەهەولێر لەدایك بووە، ئەو ناوە لە زۆر ناوچەی كوردستان هەیە. بەڵام لە خێزانێكی هەژار و مامناوەند و ئاینی بووە.
سەرەتا قورئانی خوێندووە بەهۆی كاركردنەوە لە خوێندنی قورئان دەریان هێناوە. پاش ئەوە ژیانێكی ناخۆشی بردووەتەسەر لەیادەوەریی خۆیدا كە نووسیویەتییەوەو 760 لاپەڕەیە، هەموو وردەكاریی ژیانی خۆی نووسیووە كە چۆن كاری كردووە، هەروەها باسی ئەوە دەكات کە كاتێك كە «جوزئی عەمە»ی خوێندووە توانیویەتی قورئان بخوێنێت، تا 16 ساڵی كاریكردووە، رۆژێك برا گەورەكەی لەسەر دروێنە لێی دەدات‌ و ئیتر لەگەڵ هاوڕێیەكی دەڕوات بۆ گوندی شیوەپیران.
باوكم بەبێ پیڵاوو بە جلی دڕاوەوە دەچێت‌ و دەڵێت: «بۆچی هاتوویت؟، دەڵێت: «بۆ خوێندن هاتووم»، دوای چەند رۆژێك مەلا كەریمی برادەری دەیگەڕێنێتەوە بۆ گوندەكەی خۆیان و تێهەڵدان دەخوات لەوەی چەند رۆژە لەكوێ بووە؟ ئیتر باوكم لە گوندەكەی خۆیان ژنێك دەبینێت و پێی دەڵێت: من هەر شتێكم دەستكەوت و بۆم هێنایت، بۆمی هەڵبگرە، بەڵێن بێت بووم بەمەلا ئینشاڵڵا خێری تۆشی تێدا دەبێت. ئیتر ماوە ماوە شتێك دەدزێ و دەیباتە لای ژنەكە، پاش چەند رۆژێك جلەكان لای ژنەكە دەبات‌ و دەچێتە شیوەپیران، حەوت مانگ دەمێنێتەوە، ماڵەوەیان وادەزانن مردووە، ئاخۆ چی بەسەر هاتووە، پاش ئەو حەوت مانگە مەلا كەریم دەڵێت با بگەڕێینەوە من كەفیلیت دەكەم كە ماڵی باوكت هیچت پێ ناڵێن.
ئیتر لە دێگەڵەوە دێنەوە دەڵێت: «لەناو لۆریەكە بووین لای چایخانەیەك لاماندابوو، پارەمان پێ نەبوو، كابرای چایخانە هات وتی ئەوە بۆ نایەنە خوارەوە؟ وتمان پارەمان پێ نییە، هەروەها دەگێڕێتەوەو دەڵێت كابرا وتی وەرنە خوارەوە سەرو چایەكی داینێ . پاشان لە ساڵی هەشتاكاندا دەیگێڕایەوەو دەیوت: ئێستەش تامی چاكان لە دەممدایە.
كاتێك دێتەوە، لەگوندەكەی ئێمە شێخمان هەبوو، شێخێكی ئەتروشی میوان دەبێت لەماڵی شێخی گوندەكەمان، شێخ حەمەدەمین دەڵێت: قوربان كوڕێكم هەیە ناوی جەمیل-ە تاقی بكەرەوە بزانە چۆنە، ئەویش تاقی دەكاتەوە، شێخ جمیل هیچ نازانێت، باپیریشم داوا لە شێخ دەكات كوڕەكەی تاقی بكاتەوە، باوكم خۆی دەیگێڕێتەوەو دەڵێـت: لەسەر چۆك بۆی دانیشتم و دیاربوو شێخ زۆر شارەزا نەبوو، دەڵێت ئەو پرسیارانەی كە لێی كردم، هەموویم زانی، تا وایلێهات سێ چارەك مشتومڕم لەگەڵدا كرد. پاشان دەڵێت بە باپیرمی وت وازی لێبێنە با خوێندنەكەی تەواوبكات و دەبێت بە مەلایەكی چاك.
هەروەها دەگێڕێتەوە کە لەوێوە ئیتر ناو بانگی دەركردووەو ئینجا ماڵی باوكم ئاوڕیان لێدامەوە. ئیتر دەست بەخوێندن دەكات و دەچێتە ئێران و خۆشناوەتی و ئاكرێ و زاخۆ و 16 ساڵی تەواو دەخوێنێت و ئیجازەی مەلایەتی لە گوندی رەواندوز لای مەلا عەبدولكەریم خەیلانی زادە وەردەگرێت کە مەلایەكی شارەزابووە لەریسالەی حساب‌ و جەبر و هەندەسە هاوتایان كەمبووە تا ساڵی 1949 ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت و دەبێتە مەلا.
پاشان باوکم دەڵێت: هاتنەوەم زۆر كەم بووە، دیارە زۆر خەمی خواردووە و دەڵێت كە دەڕۆشتمەوە بۆ گوندەکەمان، دایكم هێلكەی دەدا بەو كەسانەی کە مزگێنیی منیان دەدایە و دەڵێت: «كە دەڕۆشتمەوە تا ون دەبووم، دایكم هەر سەیری دەكردم» کە دایکم لە ساڵی 1943 وەفاتی كرد و نەمتوانی خزمەتی بكەم. زۆر جار باس دەكات بە كولەمەرگی ژیاوە، من كە كوڕیم ژیانی دەخوێنمەوە گریاوم كە بێ پیڵاو بووم، نانە رەقەم خواردووە، بەڵام لەخوێندن هاوتام نەبوو، ئیتر خومدایە خوێندن‌ و هەر 12 عیلمی مەلایەتیم تەواوكرد.
پاشان لەساڵی 1950 تا ساڵی 1959 مەلا بووە. لەو ساڵەدا عەبدولكەریم قاسم خولێكی كردەوە بۆ پیاوانی ئاینی كە ببن بە مامۆستا لە خوێندنگەكانی عیراق و ئەویش بەشداریی ئەو خولەی كردووەو بووە بە مامۆستاو لە ساڵی 1960 دامەزراوە و تاساڵی 1981 ماوەتەوەو وانەكانی رێزمانی كوردی و قەواعیدی عەرەبی وتۆتەوە. لەو سەردەمانەش كە مامۆستا بووە هەر فەقێی هەبووە، من خۆم فەقێی ئێرانیم لەماڵی خۆمان بینیووە و چەندین جار پێمان دەوت: باوكە ماڵەوە جێی ئیسراحەتە، بەڵام هەر بەردەوام بوو تا ساڵی 1983 هەر فەقێی هەبوو. دوو مزگەوت هەبوو كە یارمەتیان دەدا، یەكێکیان مزگەوتی سەید غەریب بوو، ئەوی تریشیان مزگەوتی حاجی مورادە لە سێتاقان ناوی مامۆستاكان دەهێنێ كە هاوكارییان كردووە.
لەساڵی 1985 لە تەمەنی 66 ساڵیدا بەنەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد.
باوكم هەمیشە خەریكی نووسین بوو، من منداڵ بووم رۆژنامەیان بۆ دەهات، 13نووسینی هەیە كە زۆربەیان كوردییە یەك كتێبی بە عەرەبی هەیە «فتاوی العلیاوایی فی مسائل الشریعة السماویة»، بەداخەوە ئەو كتێبە نەماوە، دابەشمكردووە، بەتایبەتی دژی وەهابیەكان بووە كە جگەرە بە حەرام دادەنێن.
ئەو نووسینانەی كە نووسیویەتی بەداخەوە كەس بەدەنگمانەوە نەهاتووە، دەستنووسە، نووسینەكانی زۆربەی كوردییە، من داوام لێكرد شتەكان بنووسێتەوە.
یەكەم كتێبی باوكم كە چاپم كردووە ژیاننامەی فەقێیایەتیە لە كوردستاندا. هەتا ئێستا شتی وا كەم نووسراوە، ئەوەشی كە نووسرابێت وتارێکی محەمەدی مامۆستا مەلاكەریمە و عەزیزی مەلای رەش نووسیویەتی، بەم دوایەش لە ئێران نووسینێكم بینی لەسەر ژیاننامەی فەقێیایەتی نووسراوە، ئەم ژیاننامەی فەقێیایەتی شتێكی زۆر كورت‌و پوختە هەر كەس پێشەكییەكەی بخوێنێتەوە، مامۆستایەك بێت دەتوانیت ناونیشانی چەندین دكتۆرای تێدا هەڵبژێرێت. ئێمە دەڵێن پێشەكی كتێب لە كتێب گرنگترە، پاشان باسی جۆرەكانی فەقێ دەكات، سوختە هەیە، موستعید هەیە، موتەعلیق یاخود ناسكە موستەعید هەیە، موستەعیدی ئاخر مادە هەیە، كە مەلا دەخوێنێ نزیكەی 23 عیلم دەخوێنێ، عیلمی قەواعید و ریازیات و حساب جەبرو فەلەكیات و زۆرێكی تر. بۆیە ئەو مەلایەی كە پێی دەڵێن 12 عیلم، دەبێت هەموو عیلمەكانی خوێندبێت. باسی جۆرەكانی مەلا دەكات، ئەو وا ناویان دەبات و دەڵێت مەلای هەرە چاك هەیە ئەو مەلاییەی 12 عیلم، مەرج نییە ئیجازە بدات، كۆلكە مەلا هەیە.
لە كۆتاییەكەیدا باسی كۆلكە مەلاو گۆلكە مەلا دەكات و دەڵێت گۆلكە مەلا هەر ئەوەیە شتێكی خوێندووە، بەڵام كۆلكە مەلا خوێندویەتی، ئیجازەی مەلایەتی وەرنەگرتووە، لەناوەڕاستدا تەواوی نەكردووە، باوكی مردووە، یان كەم دەرامەت بووە. هەروەها باسی ئیجازەدانی مەلا دەكات لە هەولێر و خۆشناوەتی، هەر ئیجازەیەك بدرایە، دەبووایە باوكم لەوێ بووایە. ئەو ئیجازانە لە رۆژی دووشەممەوە دەستی پێ دەكرد تا رۆژی جومعە دەوڵەمەند و ئاغاكان دەهاتن، وای لێدەهات هەمووان سوودیان لێ دەبینی، دەبووە بەزم و خۆشی و یارییان دەكرد.
كتێبی دووەم: غەمڕەوێن نەك خەمڕەوێن! بۆ غەمڕەوێنە و خەمڕەوێن نییە، لەهەولێر هەردووكیانی پێ دەڵێن.
كتیبێكی تر هەیە هی كوێخا حەوێز شاخە پیسكەیی، كتیبێكی بچووكە یەك بەرگە و ئەو غەمڕەوێنە من ناوم لێنا 20 دەفتەری 100 لاپەڕەییە، هەردوولای نووسراوەتەوە، هەمووی 90% راستییە، زۆربەی خۆی پاڵەوان بووە، لەوكاتە هەشت بەرگی لێ دەردەچوو دەبووە موشكیلە بۆ من، هەندێك لە ناوەکانم گۆڕیووە، دووبەرگم لێ چاپكردووە، هەندێكیان منداڵیان ماوە یان ئاغان، لەبەرئەوەی موشكیلە دروست نەبێت، زیاتر لەهجەی هەولێریی تێدایە، هەندێك وشەی تێدا شەرحم بۆ كردووە بۆئەوەی هەمووان تێبگەن لێی.
غەمڕەوێن تائێستا دووبەرگم لێ چاپكردووە و دابەشمانكردووە.
كتێبی سێیەم: ئاوێنە، ئەو ئاوێنەیە دیوانێكی شیعرە، بەڵام وەزن و قافێی وەها نییە وەك پەند وایە، باسی هەموو چینێكی ساڵانی 1948 دەكات، باسی شورتەیە، سەعاتە، مەلای خراپ و باشە، مەئمورە، نائیبە، باسی پارێزەری تێدایە وەك كاك خالید شوانی وتی ئەگەر ئەوە بڵاوبكەیتەوە پارێزەران شكاتت لێ بكەن، وازت لێ ناهێنن.
هەندێكتان بۆ دەخوێنمەوە:
بەناوی خودای پادشاهی ئەكبەر
نەجاتمان بدات لە ئاگرو صهقەر
لەوەقتی تەئلیف، فەقێ بوو بەندە
بۆ ئێوەی دانا،ئەو هەموو پەندە
لەشەقڵاوە بووم، وڵاتی خۆشناو- بەهەشتی زەمین، پر میوەو زۆر ئاو
زۆر لە هەوەس بووم، زۆر لە ئازادی
(1948) بوو ساڵی میلادی
وەك ئاوێنەیە بۆ پیاوی فاسق
خۆی تێدا دەبینی پیاوی منافق
مەسەلەی مەشهور لە گشت كەس دیارە- تۆ دار هەڵاوی سەی … دیارە
لە دنیای فانی من گەلێ گەڕام ئەوصافی عالەم مەعلووم بوو لەلام
لە چاك ‌و خراپ صەغیر كەبیر لە گەورەو گچكە ئەمیر تا فەقیر
لەبەر خۆشی دڵ كردم بە ئەشعار- تا كەیفی پێ بێ پیاوی زەوقدار.
پاشان بەردەوام دەبێت لە ساڵی 1948 ئەوەی نووسیووە:
ئەفعالی مەخلوقی ئەم زەمانە چۆنە ئەگەر زانایەكی كۆمەڵایەتی بێن دیراسەی بكەن بۆیان روون دەبێتەوە، شتێكی كە باوكم لە ساڵی 1930 تا ساڵی 1980 نرخی شتەكانی نوسیووە بۆ نموونە لە ساڵی 1930 هێلكە، گەنم، جۆ، بە چەند بووە نووسیویەتی بۆ بەراورد كردن لەگەڵ ساڵەكانی تر، بۆیە دەتوانین دیراسەی ئابووریشی لەسەر بكەین.
لە شعرێكی تریدا دەڵێت:
بزانین ئێستا بەشەر چلۆنە
ئەوسافیان چییە ئەحوالیان چۆنە
راستی زۆر كەمە ئا لەم زەمانە- ئێستا زەمانی فلوس و نانە
ماڵی پێ چاترە لە دایك و بابی- تفوو لەم كەسەی ئەحواڵی وابێ
درۆی پێ فەرزە بۆ قۆڵ شكاندن-
واجبە حیزی لە بۆ نان خواردن
رەئیسەكانمان عەبدالی نانن- وەكو چۆلەكە عەبدالی دانەن
یەكێك رەشید بی پێی دەڵێن كەرە- گەر یەكێك حیز بی دەڵێن هونەرە
یەكێك سەخی بی دەڵێن نەزانە چ عەقڵی نییە وەكو دیوانە
دوو كەس گەینە یەك یەكدی دەلێسن- كە پشتیان تێك كرد دوشمنی پیسن.
لەلای ئاغەی دێ زمان لێكدانە- خوشەی حەمە رەش ژنەكەی زۆر جوانە
شیعرێكی تری هەیە بەسەر بەشودانی ژن لە دیهاتەكان كە بەشیربای دراوە دەڵێت:
بابكەین بەحسی بەشودانی ژن- بەماڵی حەرام بۆ دۆست و دوژمن
بابكەین بەحسی ژن مارە بڕین-
بە پارە كڕین نەك مارە بڕین
دەروێش باوەكر مێردی هەمینە- ئایشۆكەی كیژی زۆر نازەنینە
سەری روومەتی دەنكی هەنارە- بەربەنەی ملی قەتار قەتارە
هەرچی بخواتن لە گەردنی دیار- نەقشی خودایەو پادشاهی جەببار
باوەكری باوكی ریشی بۆز بووە- هەمینی داكی لە پێشان قۆز بووە
لەبەر تەماعی بە مێردی نادا-
هەتا پیر نەبێ نایكا دڵ شادا
لەبیست تێپە ڕی، بیست و پێنج نابێ- فكری دێتە سەر، گەمبۆڵی بابی
ئایش بە مێرد دەم، ئیمساڵ نەهاتە- نەك برسیمان بی،دنیا زۆر قاتە
حەسەن و سو، دێنە داخوازی – یاخدری زیندە ،بەراز بێ‌ ڕازی
پیرە گەمبۆڵەی،سەگی جەهەننەم- دەڵێ لە سێ‌ سەد، كە متری نادەم
نایدەم بە خزم، خزم خۆڕییە – لەبرسان دەمرن، هەمووی تۆڕییە
مام رەمۆ دێتن، دەیكاداخوازی – بەسێ‌ سەد دینار، باب دەكا ڕازی
رەمۆ چ رەمۆ هەردەم بادارە – عومری حەفتایە، وەكو كەمتیارە
لەبەر گونكی، قۆڕەی گونی دێ- هوردە ئاهەنگیش، وا لەبنی دێ‌
چشی پێ ناخورێ، لەبەربێ ددانی- بەعەصا دەڕوا ،چونكی ناتوانێ‌
قەت نە ی دیتیە، ئایشۆكە ی فەقیر-چاوی پێ دەكەوی، پێی دەڵێ‌ باپیر
ئایش دەڵێتن ،نابم بە ژنی- ئەم ئەرنەهوتە ،ناچمە بنی
دایكی پێی دەڵێ ، كیژم ئایشە- رەمۆ زۆر تێرە ،پیاوەكی باشە
لەبەر نەخۆشی ڕیشی سپییە- نەخۆ منداڵە، چ عەیبی نییە
دایە من نایكەم، خینم بچۆڕێ‌ – ریش قەیدی نییە ،گون بۆ دە قۆڕێ‌
مادام منداڵە عەصای بۆچییە؟- توخوا سەیری كە ن، بۆددانی نییە
باوەكر هەستا، وەك پیرە بەراز- دەستی داخەنجەر ،ماری بێ‌ ئینجاز
تێی ڕادەخوڕی ،دەبڵێ ئایشە- دە(قریر) بدە كۆنە فاحشە
قەریرێ‌ نەدەی، دەتكوژم بەخۆم- ئیمساڵ نەهاتە ،من چی بخۆم
بە پرچ راكێشان ،بەشین و گرین- دەڵێ ڕازیمە، من بە كەری شین
مارەی دەكاتن ، مەلای ڕافزی – بەقەولی خەنجەر، فەتوای تۆبزی
بۆخاتری حەقی، چاوی دەپۆشی – بۆ كچ دروستە ،خۆشی و ناخۆشی
كێ‌ دەڵێ قەتلە ،چی مەلا بكوژی – بۆچی خێر نییە، خینی بمژی
بە چ مەزهەبەك ،ئەمە دروستە- تۆمارەت بڕی ،شینە مامۆستا ؟
با باسی ژن هێنانی رەمۆشتان بۆ بكەم كە ئەویش پارچە شیعرێكە.
رەمۆ ژن دێنی، بەزم و هەرایە- بوویتە ڕەشبەڵەك ،دۆڵ و زوڕنایە
لە فیققەی زوڕنا،لە تەققەی دەهۆڵ – كەس پێ ڕاناگا ،ببا كەچە سۆڵ
لە زڕەی دوگمە ،لە شەوقی گوارە- بە جۆش هاتینە ،پیر و یختیارە
لە تققەی بازن ،كیژ هەڵدەپەڕی – كەر دەڕواتەوە ،هەم ڕادەپەڕی
بۆنی قەنەفڵ ،هەم بۆنی گوڵاو- دڵ بێ‌ هۆش دەبێ ئاڵۆزدەبێ‌ چاو
بەشەو بە ڕۆژ ،قوون لێكخشانە- دەست لەسەر ملە ،شان لەسەر شانە
ئەم ژنی جاحێڵ ،كەمێردی پیربێ- دڵی دەگۆڕێ‌ ، وەلەو فەقیر بێ
ئایش گوازراوە ،بۆمام رەمەزان – شەوێ‌ لە(هۆدە ) بۆی دێتە مەیدان
گونی:هەمبانە،ئالەت،وەك كالیار – چۆن بەزاوابێ ،مام رەمۆی یەختیار
ئایشۆكەی فەقیر، فكری نامینێ‌- چاوان دەگێڕێ‌ ،شەرمی نامینێ
ماڵی مام رەمۆ ،بوویتە چاخانە- كوڕو كاڵ دەچنێ‌، هەروەك و خانە
لەبەر ئایشە خان، ئیشی بۆدەكەن- مام رەمۆش دەڵێ :جیرانی چاكن
تارەمۆدەمرێ ،ئەمە حاڵیتی – هەردەمە جاحێڵ، پڕلە ماڵیتی
ئینجابێینەوە ،سەر بەحسی بابی – دەروێش باوەكر ،دەوڵە مەند دەبێ
حەجی پێ دەكا، مەڕی پێدەكڕی – دەبێتە فلاح، پیرە سەگی گوڕی
هەر لەو كۆمەڵە شیعرە باسی فیتەریش دەكات‌و دەڵێت:
فیتەری سەیارە
زۆرشارەزانیم، لەبەحسی فیتەر- بیستوومە خراپن،بەجەمع یەكسەر
بەندە ناتوانێ‌، بەحسیان درێژكات- چونكی واعدە، كەبوختان نەكات
یاڕەبی خوایە، هەرچی خراپە- ئیصڵاحی بكەی بۆخاتری كابە
ئیتر باسی زۆر شت دەكات كە لە كتێبەكەدا هەیە باسی نمونەی نێرەكەری حەمەدە شین دەكات و دەڵێت:
كابرایەك هەبوو لەدەوری دەوران- ناوی حەمەدە شین مەشهوری جیهان
كەرێكی هەبووە بەڵام نێرەكەر- قەڵەو و ملهور زدی دێ لە (كەر)
بیست و چوار سەعات ئیشی زەرین بوو- لەناڕەحەتی و لە هەڵ پەڕین بوو
ئەوە كتێبی ئاوێنە.
دێمە سەر كتێبی فتاوی العلیاوای في مسائل الشریعة الاسلامیة ئەوە نزیكەی هەزار نموونەی شەرعی تیایە باسی میرات و تەلاق و ئەنواع و ئەشكاڵ شتی تێدایە بەڵام ناوبەناو شتی كوردی تیدایەو لێم دەرنەكردووە و دەستكاریم نەكردووە بۆئەوەی بڵێن ئەو مەلایە كورد بووە ئەو شتانەی نووسیووە.
سەرنجتان بۆ شتێك رادەكێشم باسی تەڵاق دەكات، چونكە لە كوردەواریی باسی تەلاق زۆر دەكرێت.
دەڵێت بۆ بیركردنەوە، كوردی قوڕبەسەر لە دونیا ئیسراحەتی نەبووە بەدەست تورك‌ و عەرەب و عەجەم لە كوشتن و بڕین و ماڵ سوتان و دەربەدەر كردن مامۆستاكانی كورد تەڵاقەكەشیان والێكردووە دەكەوێ ناكەوێ زۆر شتی تر بەو هۆیەوە چەندین ژن و مێردیان لەیەك كرد، ئەمەش هەمووی لەسەر تەڵاقی كوردەوارییە ئەگینا عەرەبێك باسی تەڵاقی نەكردووە، تەڵاق هەر بۆ كوردە، مەلاكانی ئێمە كەوتوونەتە دوای ئەم مەسەلانە ئەگینا خوا قبوڵ ناكات عەرەبەكان لە بەر كیسە بەتاڵی بێ هەستن و باسیان نەكردووە. بۆیە زۆر شتی تر هەیە لەسەر تەڵاق بوترێت.
ئەوەی زیاتر دەمەوێت باسی بكەم، كتێبی ساڵنامەو ئاوێنەی كوردەواری، ئەو كتێبە وەك باسمكرد ئەگەر مەلایەك دوانزە عیلمەكەی نەخوێندبێت، ناتوانێت خۆی لەو شتانە بدات، ئەگەر پێشەكییەكەی بخوێنیتەوە زۆر باش لێی تێدەگەیت لەساڵی 1943 وە دەستی بە نووسینی ئەو كتێبە كردووە دەڵێت نووسینەكانم لەسەر پارچە كاغەز و پشتی كتێب بوو تا ساڵی 1950 كە دوایی كۆمكردنەوە و لێی گەڕام تاساڵی 1958 كە عیراق بوو بە کۆماری و خوێندنی كوردی برەوی پێدرا تا ساڵی 1970 لێی گەڕامەوە و دەڵێت: «باوكم وتویەتی لەتەمەنی خۆم نیەتی چاپكردنی ساڵنامەم نییە، چونكە ناوەكەم وشەی مەلای لەگەڵدایە وشەی مەلاو ریشی سپی دوژمنی گەلێ جێگەو كەسە، منیش ئەوانەم تیدا مەوجودە، ریشی سپی كاری یەزدانە و دووەكەی تریش تازە بۆم فڕی نادرێ جا ماوەتەوە دوعاكەی شۆڕە ژن كە فەرمویەتی ماوەتەوە خواو مەرحەمەتی شیعرەكەی مەلای گەورەی كۆیە.
لەم كتێبە شیعرێك لە پێشەكییەكەی دەڵێت:
ئەمەش وێنەمە وا خستمە بەرچاو
لەگەڵ شۆرەتم و نیشانە و ناو
محەمەد ناوم شورەت عەلیاوی رەگەزم كوردە و تیرەم سنجاوی
دوعا خوازیم كرد لە كۆڕی گەنجا
ئێستاكە عومرم لە هەوراز پەنجا
ئیمڕۆ یان سبەی باردەكەم ئەمن
ئێوەش یەك بەیەك گشت دێن لەدوای من
ئەم دونیای فانی كەس نەیبردە سەر
كەس وەفاش نادات تامیرو بەگ دەر
هەرچی بمێنی بۆ تۆ لە دواوە
هەر كردەوەیە و شۆرەتەو ناوە
هەرچی كە هەت بێت نووسین و رەفتار
لە كۆڕی مەجلیس هەر ئەوە لە زار
جا یا رەحمەتی وەیا لەعنەتی
زۆر حەیفە كە خۆت بكەیە لەعنەتی
ئەم كەسە كەسە كە خزمەتكارە
بۆ خزمەتی گەل هەردەم لەكارە
ئەوی ئەم كەسەی كردەوەی وابێ نانی تۆ بخواو بۆت نارەها بێ
دەگاتە سزای سبەی یا ئەمرۆ
سودی بۆ نادات دایەو باوكەڕۆ
بدە لە دوژمن لە كاتی لەڕی
هەر كە قەڵەو بوو رۆی و راپەڕی
ئیش و كاروبار مەدە دەست خۆڕی خۆڕی خەریكە هەر بخواو بڕی
خزمەتی گەل و نیشتمان بكە لەدەست خوێن مژان رزگاری بكە
ئەو كتێبە باسی زەوی و چۆنێتی دروستبوونی تیایە حەرەكەی ئەستیرەكانی تیایە باسی قارەكان مانگەكانی كوردی عەرەبی جولەكە تورك باسێكی دوور و درێژ لەسەر نەورۆز و زەردەشت و حساباتی كوردەواری و ئەو ئاژەڵانەی لە كوردستان هەن، گرتنی بەفر بارینی زۆر و ژیاننامەی ناوداران زۆر شتی تیایە ئەوە بەرگی یەكەم.
بەرگی دووەمیش، وەك وتم بە چل ساڵ خەریك بووە، ئەم بەرگی دووەمە پێنچ رۆژمێر لەخۆ دەگرێت، خشتەیەکی كردووە باسی ئەوە دەكات نوێژی بەیانیان كە دەبێت نیوەڕۆ عەسران كاتەكانی تر لەهەمان كاتدا زۆر شتی تیا ساغ كردۆتەوە، شیعریشی تیایە پەندو ئامۆژگاریی زۆری تێدایە نزیكەی شەش سەد لاپەڕەیە.
كۆتا كتیبم راپەڕینی هەولێر لە بەهاری 1991 زایینی وەك خۆی، بیرۆكەی ئەم كتێبە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتەی كە خوێندكاری ماستەر بووم، ئەوكاتە بە خەیاڵمدا هاتو پاش ماوەەك بیرۆكەی راپەڕین هاتە كایەوە و وەك خۆی نوسیوومەتەوە و هیچ تەعلیقێكم لەسەری نییە هەموو كەس فكرەی سیاسی خۆی هەیە بەڵام من هەوڵمداوە فكرەی سیاسی خۆمم تێكەڵ نەكردووە بیخوێنەوە دەزانن چۆنە لەو كتێبە باسی رزگاركردنی هەولێرم كردووە كۆڵان بە كۆڵان ئەمنەكە شوێنەكان باسی رۆڵی ئێزگەی گەلی كوردستانم كردووە كە چ رۆڵێكی هەبووە هەندێك كەس وادەزانن پێشمەرگە رۆڵی نەبووە، بەڵام ئێمە دەزانین تا پێشمەرگە نەهات و ئێزگە بروسكەكانی نەخوێندەوە راپەڕین دروست نەبوو، باسی هەموو لایەنەكانم كردووە من کتێبخانەیەکم هەبوو لە هەولێر كاك فریاد دەهاتە لام وەك مقەڕ وابوو، هەموو هەواڵێكمان لابوو، من خوێندنەوەم بۆ نەكردووە، دەزانم بۆ تاڵانی سووتان روویدا، ناوەكانیشم لایە کە كێ دزی كردووە لە ئەمنەكە، من دوو شتی زۆر سەیرم بینی لەگەڵ شەهید خەسرەو شێرە هەمیشە پێكەوە بووین، چووینە دائیرەی ئەمنەكە ئەوراقێكی زۆرمان دەستكەوت و هێنامان، دووانیان زۆر سەرنجی راكێشام، یەكێکیان هی ئامۆزایەكی خۆم شەهید كاروان لەسێدارە درابوو نەماندەزانی، ئەوی تریشیان هی دوو بنەماڵە بوو لە هەولیر، رۆژانی راپەڕین کێشەو ململانێیەکی گەورەیان كەوتە نێوانەوە، چونكە كۆمەڵێك گیرابوو ئەوانیان تاوانبار دەكرد، ئیتر من كەسێكم بانگكردم وتم من ئەو دۆسێیەم لایە هی ئەو کێشەیەیە و وتی: وەڵڵا تۆ خێرێكی گەورەت كردووە، ئەوەتا ئەو دوو بنەماڵەیە بەرامبەر بەیەک وەستاونەتەوە، ئیتر دۆسێکەم پێیاندا و بەداخەوە دواتر کاغەزەکانیان چاپ كرد، ئاماژەیان بەناوی من نەدا كە لە منیان وەرگرتووەو زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەك.
جەواد حەیدەری:
كاك عەبدوڵڵا ناو گۆڕین ئایا لە دەسەڵاتی تۆدایە؟ چونكە هەندێك شت هەیە هێ تۆ نییە؟ ئەوە مێژووە بە بڕوای جەنابت ئەوە دروستە ئایا ئەو دەقە دەمێنێتەوە ئەوە ئامانەتە لە دەستی جەنابتە؟
عەبدوڵڵا عەلیاوەیی:
لە راستیدا ناوەكان پارێزراوە، من كاتی خۆی لە زانكۆ تووشی كێشەیەك بووم، رۆژێك وانەم دەوتەوە، ناردیان بە شوێنمدا وتیان وەرە كاریان پێتە، كاتیك چووم چوار ئاغا دانیشتبوون، پێیان وتم تۆ لەوانە وتنەوە هێرشت كردۆتە سەر ئاغا، من دەرسی «مجتمع بدائی»م وتبۆوە، باوەڕتان هەبێت هاتبوون دەیانویست لێكۆڵینەوە لەگەڵ من بكەن، وتم ئێوە بە چ حەقێك هاتوون، ئیتر من ئەوە بەخەیاڵمدا هات و ئێستا كەسوكاریان لە ژیاندا ماون و دەسەڵاتدارن، من ناوەكانم گۆڕیووە بۆئەوەی تووشی كێشە نەبم، ناو گۆڕینیش بەراستی ئاوێنە و غەمڕەوێن تەنها نووسین بوو، بۆیە خۆم ناوم لێنا.
كاوە حاجی عەزیز:
باوكی بەڕێزت زانایەكی گەورەبوو ئایا لە هیچ كتێبێكدا ناوی هاتووە وە ئایا ئەو ئەوراقانەی لە هەولێر دەستت كەوت چی لێهات.
عەبدوڵڵا عەلیاوەیی:
ئەوكاتەی ئێمە لە هەولێر بووین سلێمانی نەگیرابوو خیزانەكەم نارد بۆ لای ماڵی خەزوورم بە ئەوراقەكانەوە ئەویش تا هاتە ئێرە ماڵی خەزورم ماڵیان باركردبوو ئیتر دوایان كەوتم لە پێنجوێن بینیمنەوە وتم كوا ئەوراقەكان وتین هەمویمان دڕاندووە ئیتر هەمومان گەراین و هەموو ئەوراقە دڕاوەكانم كۆكردەوە و بە مانگێك چاكم كردەوە.
رەهبەر سەید برایم:
زۆر سوپاس كاك جەواد باسی كرد چێشتی مجەور نوكتەو قسەی خۆش نییە، رەنگە مامۆستا زۆری لەسەر نووسیبێت. دووەم دكتۆر وتی عەلیاوە دوو عەلیاوە لە كۆیە هەیە، سێیەم باسی هەموو جێگایەكی كرد باوكی فەقێ بووە، بەڵام باسی ئەوەی نەكرد باوكی فەقێ بووە لای مەلا مەعسوم باوكی د.فوئاد، هەتا د. فوئاد دەیوت باوكی دەمانچەشی پێبووە.
عەبدوڵڵا عەلیاوەیی:
سەبارەت بە قسەكانی كاك رەهبەر راست دەكات باوكم دووجار لە كۆیە خوێندویەتی یەكیان لای مەلا سادقی دایە خەجێ ئەوی تریشیان مەلا مەعصوم هەورامی بەڕاستی مامەڵەی مەلا مەعصوم وەك كوڕێك وابووە، لە كۆیە باوكم حادیسەیەكی لە دەست قەوماوە باوكم دەمانچەی دەبێت برادەرێكی خۆی دێت دەیبات بۆ شایی دوایی كە دەیهێنێتەوە فیشەكی لەپێش بووە باوكیشم نەیزانیووە لە دەستی دەردەچێت و لە خۆی و ئەویش ئەدات ناوی خالید بووە ئیتر دەترسێ و لەماڵی مامۆستا دەمێنێتەوە تا چەند رۆژێك و دوای دێتەوە.
ئەحمەد حسێن:
دەستخۆشی لە دكتۆر دەكەم بۆ زیندوكردنەوەی ئەو بەرهەمانە شتێك سەرنجی منی راكێشا باسی ئەو دەورە دینیەت كرد ئێمە لە گۆڤاری سلێمانیدا ئەو سجلەمان دەست كەوت ئێستا لە ئامادەیی سلێمانییە ئەوە دەهێنی كە كتێبێكی لەسەر دەربچێت 112 مەلایە ئێمە تەقریبەن 34 مەلامان لێ بڵاوكردۆتەوە پێمخۆشە دكتۆر ئەو سجەلە وەربگرێت و كارێكی لەسەر بكرێت، چونكە وێنەو ناوی مەلاكانی هەموو تێدایە.
سەڵاح شێخ شەرەف:
سوپاس بۆ هەموو لایەك بەڕاستی ئەوە زۆر هەڵدەگرێت، بە ڕاستی ئێمە خوێندەواران و بەتایبەت نەوەی نوێی دوای ئێمە، مەلاو مەلایەتی بە تەوژمی دینی باش نایخوێنینەوە، ئەوە قۆناغێكی زۆر گرنگ بوو تاكە جێگای خوێندەواری مەلا و مزگەوت و موفتی بوو، بەڕاستی نەوەی ئێستا زۆر لێی بێ ئاگان.
دووەم بابەتی كۆمەڵایەتی و ژیان و بەڕێوەچوونی خەڵك و ئەو ناوچانە كە باس دەكات دیسان نەوەی ئێستا نازانن ئەوسا ئێمە پیاوی ریش سپی قسەی بۆ دەكردین، لەبەرئەوە ئەو كتێبەی مامۆستا زۆر باشە، سەبارەت بە مەجلیسی مەلایان، بەڕاستی مەجلیسێكی تەڕو پاراوو خۆش بوو، ئەمەش نووسینەوەی زۆر گرنگە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گوتاری کوردیی بۆ شرۆڤەی جینۆساید بە زمانی بکەرەکانی

لەم دووتوێیە دا نووسین چ وەک شرۆڤە لە میدیاکان یان ...