سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » كورد له‌ بیابانی‌ سه‌ماوه‌

راستییەکەی

كورد له‌ بیابانی‌ سه‌ماوه‌

بیابانی‌ سەماوه‌ به‌شێكه‌ له‌ بیابانی‌ گه‌وره‌ی‌ وڵاتی‌ عیراق و سعودیه‌ و كوێت. سەماوه‌ بچووكترین پارێزگای‌ عیراقه‌ به‌ناوی‌ موسه‌ننا. خه‌ڵكی‌ ئه‌م پارێزگایه‌ زۆرینه‌ی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بن.ئه‌وان تاوانی‌ ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ كاتێ رژێمی‌ به‌عس له‌ ساڵی‌ 1988 شاڵاوی‌ به‌دناوی‌ ئه‌نفالی‌ ده‌ستپێكرد بۆ جینۆسایدكردنی‌ كورد. ئه‌و بیابانی‌ سه‌ماوه‌ی‌ كرده‌ گۆڕستانی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ره‌ش و رووته‌ی‌ كه‌ به‌ زه‌بری‌ هێز هه‌موویانی راپێچ كرده‌ ئه‌و بیابانه‌ و به‌زیندوویی‌ زینده‌به‌چاڵی‌ كردن، تاك و ته‌رایه‌ك خه‌ڵك له‌وێ هه‌وڵی‌ خۆده‌ربازكردنی‌ دا، ئه‌وانه‌ی‌ ده‌رچوون هه‌ر خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ هاوكارییان كردوون، تاكو ئێستاش زانیاریی‌ ئه‌وه‌ نییه‌ کە ئایا كه‌سی‌ تر هه‌وڵی‌ خۆده‌ربازكردنی‌ داوه‌، به‌ڵام خه‌ڵكێك هاوكاری‌ نه‌كردبێ و ته‌سلیم به‌ رژێمی‌ كردبێته‌وه‌؟
رژێمی‌ سه‌دام ئه‌وێ رۆژێ‌ ئه‌و كوردانەی‌ برده‌ بیابانه‌كانی‌ عه‌رعه‌ر و سه‌ماوه‌ و زینده‌به‌چاڵی كردن، بۆئه‌وه‌ی‌ كورد قڕ بكات تاكو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ به‌هێزتربێت و ته‌مه‌نی‌ درێژبێت. به‌ڵام دوای‌ پڕۆسه‌ی‌ به‌دناوی‌ ئه‌نفال، ئه‌وه‌نده‌ی‌ نه‌برد دووچاری‌ تێكشكانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سه‌ربازی‌ و دیپلۆماسی‌ و سیاسی‌ و ئابووری‌ و جوگرافی‌ بوو. دواتر له‌ ساڵی‌ 2003 به‌یه‌كجاری‌ له‌ناوبردرا، ئه‌و كوردانه‌ی‌ له‌ بیابانی‌ سه‌ماوه‌ قڕكران له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌خۆشی‌ خۆیان بووایه‌ هه‌رگیز رۆژێك له‌ رۆژان نه‌ده‌چوونه‌ ئه‌م شوێنه‌ بۆ هیچ كارێك، به‌ڵام دڕنده‌كانی‌ به‌عس راپێچی‌ ئه‌م بیابانه‌یان كردن و له‌وێ‌ زینده‌به‌چاڵیان كردن. هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر گۆڕێكی‌ بەكۆمه‌ڵی‌ ئه‌نفال دۆزرایه‌وه‌ كه‌ هه‌موویان له‌ ساڵی‌ 1988 له‌سه‌ر ده‌ستی‌ پیاوه‌كانی‌ به‌عس زینده‌به‌چاڵ كراون. رۆژی‌ 14ی مانگ له‌ یادی‌ رۆژی‌ ره‌شی‌ ئه‌نفالدا د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراوان چووه‌ پارێزگای‌ سه‌ماوه‌ و چووه‌ ئه‌و بیابانه‌ی‌ كه‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی‌ لێدۆزراوه‌ته‌وه‌. هه‌ر له‌وێ به‌ كوردی‌ وتارێكی‌ پێشكه‌شكرد و سه‌ركۆنه‌ی‌ ئه‌م تاوانه‌ی‌ كرد.
ئه‌وه‌ی‌ مه‌به‌سته‌ ئەوەیە کە سه‌رۆك كۆماریش ئاساییه‌ بچێته‌ پارێزگای‌ سه‌ماوه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ بچێته‌ ئه‌و بیابانه‌. كه‌واته‌ كورد به‌ دووجار چۆته‌ ئه‌م بیابانه‌، ئه‌و كوردانه‌ی‌ به‌عس بردنی‌ بۆ پارێزگاری‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ و له‌وێ زینده‌به‌چاڵی‌ كردن، به‌ڵام نه‌یتوانی‌ تاسه‌ر بمێنێ‌. ئه‌و كوردانه‌ی‌ ئه‌مڕۆش چوونه‌ سه‌ماوه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ کۆشکی سه‌رۆکایەتیی کۆمارەوە رۆیشتوون، به‌ڵام وه‌كو ئه‌و بیرناكه‌نه‌وه‌ و وه‌كو ئه‌ویش حوكم ناكه‌ن. سه‌دام حسێن و رژێمه‌كه‌ی‌ ئێستا له‌ زبڵدانی‌ مێژوودان، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆر ده‌كوژێ مه‌رج نییه‌ زۆر پته‌و بێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی‌ زیاتر خزمه‌ت ده‌كات، زیاتر له‌ خۆی‌ رازی‌ ده‌كات و زیاتر ده‌ژی‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كه‌ركوك له‌به‌رده‌م په‌لامارێكی‌ تردا

كه‌ركوك ئه‌و شاره‌ی‌ له‌گه‌ڵ دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق، ئینگلیز وه‌ك سه‌ر‌چاوه‌ی‌ ...