سەرەکی » ئاراستە » له‌ یادی 40 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانیدا

له‌ یادی 40 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانیدا

ئاوات كۆكه‌یی

شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی
شه‌هیدی سه‌ركرده‌ فه‌یسه‌ڵ ره‌شید حه‌مید ناسراو به‌سیروان تاڵه‌بانی، له‌ دایكبووی 1946ی كه‌ركوكه‌، له‌ سه‌ره‌تای لاوێتیدا په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌.
له‌ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستاندا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ردا ده‌ستی به‌كاری رێكخراوه‌یی كردووه‌، له‌ فراوانبوونی رێكخستنه‌كاندا ئه‌ركی لێپرسراوێتی (كۆمیته‌ی ئاگر)ی له‌شاری كه‌ركوك گرتۆته‌ ئه‌ستۆ، پاش ده‌ستگیركردنی هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌، ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیكردنی رێكخستنه‌كانی ناوشاری كه‌ركوك و به‌غدا و باشووری عیراقی پێسپێردرا، یه‌كێك بووه‌ له‌و چواركه‌سه‌ی وه‌ك یه‌كه‌م مه‌فره‌زه‌ی شۆڕشی نوێ له‌گه‌ڵ هاوڕێیان شه‌هید شه‌ماڵی باخ و شه‌هید ئه‌نوه‌ر مه‌جید سوڵتان و كاك حه‌مه‌سه‌عید له‌ ناوچه‌ی شارباژێر ده‌ستیان به‌خه‌باتی چه‌كداریی كرد.
پاش فراوانبوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ و درووستبوونی هه‌رێمه‌كان، كراوه‌ به‌ لێپرسراوی هه‌رێمی پێنجی قه‌ره‌داغ.
جگه‌ له‌كاری سیاسی، گرنگی زۆری به‌بواری رۆشنبیریی و په‌روه‌رده‌یی داوه‌، خۆشه‌ویستی خه‌ڵكانی ئه‌و ناوچانه‌ بووه‌ كه‌ كاری تێداكردووه‌.
شه‌هید سیروان یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان، كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌وتۆی هه‌بوو كه‌ له‌ئاستی ئه‌و رووداوه‌ گه‌وره‌یه‌دابێت كه‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشی نوێیه‌.
شه‌هید له‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێدا هه‌ر زوو ده‌ستی به‌خه‌باتی چه‌كداری كرد، سه‌ره‌تا له‌ قه‌ره‌داغ و دواتر له‌بازیان و گه‌رمیان و شاره‌زوور و له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی دیكه‌ درێژه‌ی به‌خه‌باتی سه‌ختی چه‌كداریی داوه‌، به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ ببووه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌وتۆ كه‌ خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌ به‌چاوی سه‌ركرده‌یه‌ك سه‌یری بكه‌ن.
ساڵی 1979 به‌هۆی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و گۆڕانكارییه‌كانه‌وه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ خۆڕێكخستنه‌وه‌ و ئاماده‌كاریی قۆناغه‌ نوێیه‌كه‌، له‌ گوندی شێنێ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نافراوان ساز ده‌كرێت، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیار ده‌درێت سیروان تاڵه‌بانی بكرێته‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی.
شه‌هید سیروان وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری خه‌باتی چه‌كداری و فه‌رمانده‌یه‌كی ئازا، ببووه‌ مایه‌ی سه‌غڵه‌تبوونی رژێم، بۆیه‌ چه‌ندین پیلانی بۆ دانرا و دواجار له‌كاتێكدا كه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سنووره‌كه‌ی خۆیان و بڕێكی باش چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییان بۆ هه‌رێمه‌كه‌یان په‌یداكردبوو، له‌ شه‌وی 29\30/4/1979 له‌ گوندی ( زێڕینجۆ)ی شاره‌زوور كه‌وتنه‌ بۆسه‌ی دووژمنه‌وه‌ و شه‌هیدكران.
هه‌روه‌ها جگه‌ له‌خۆی، چواربرای دیكه‌ی شه‌هیده‌ به‌ناوه‌كانی: عومه‌ر، خالید، غه‌ریب، ئه‌یوب.

شه‌هید حه‌سه‌ن خاوێیی
شه‌هیدی فه‌رمانده‌ حه‌سه‌ن حه‌مه‌ساڵح مه‌حموود ناسراو به‌ حه‌سه‌ن خاوێی، كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازاو كاریگه‌ر بوو، له‌ دایكبووی ساڵی‌ 1940 ه‌، له‌ شۆڕشی ئه‌یلول سه‌رلق بووه‌، ئازاو قاره‌مان بووه‌و به‌شداری ده‌یان نه‌به‌ردیی كردووه‌.
ساڵی‌ 1963 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ (پارتی‌ شۆڕشگێڕی‌ كورد)ه‌وه‌و درێژه‌ی به‌ خه‌بات داوه‌، ئاواره‌ی‌ ئێران بووه‌و پاشان ساڵی‌1965 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆكوردستان و له‌شه‌ڕی‌ كۆڕه‌ك به‌سه‌ختی‌ بریندار كراوه‌.
دوای نسكۆی 1975و پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ڕه‌نجده‌رانی‌ كوردستان درووستبووه‌، په‌یوه‌ندیكرد به‌و رێكخراوه‌وه‌و چالاكانه‌ ئه‌ركه‌كانی رێكخستنی راده‌په‌ڕاند، دوای ئاشكرابونیشی بوو به‌پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمی‌ 5ی‌ قه‌ره‌داغ بوو به‌پێشمه‌رگه‌، هاوڕێی نزیك و خۆشه‌ویستی سیروان تاڵه‌بانی‌ بوو، هه‌ر له‌و خۆشه‌ویستییه‌شه‌وه‌ كوڕێكی خۆی ناوناوه‌ (سیروان).
شه‌هید حه‌سه‌ن پله‌كانی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ بڕیوه‌و كراوه‌ به‌فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رتی‌ 2ی‌ بازیان له‌ هه‌رێمی‌ 5ی‌ قه‌ره‌داغ، دواتر بۆته‌ جێگری‌ فه‌رمانده‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌.
به‌شداری‌ و فه‌رمانده‌یی‌ سه‌رجه‌م نه‌به‌ردییه‌كانی‌ سنووری‌ هه‌رێمه‌كه‌ی كردووه‌و له‌چالاكی مه‌فره‌زه‌كانی ناوشاریش ڕۆڵی‌ به‌رچاوی‌ هه‌بووه‌.
به‌داخه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی له‌ شه‌وی 29\30/4/1979 له‌ له‌گوندی (زێڕینجۆ)ی شاره‌زوور شه‌هید كران.

شه‌هید حاجی چاوشین
شه‌هیدی نه‌مر سدیق ئیبراهیم عه‌بدوڵڵا ناسراو به‌ حاجی چاشین، پێشمه‌رگه‌یه‌كی گورجوگۆڵ و ئازای سه‌ره‌تای شۆڕشی نوێ بوو، پیاوێكی خۆشه‌ویست و رووخسارشیرین بوو، ساڵی 1951 له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی كوردپه‌روه‌ر و شۆڕشگێڕ له‌ دایكبووه‌، له‌سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه‌ تێكه‌ڵی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد بووه‌و له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان په‌یوه‌ندی به‌هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردووه‌، ئازایانه‌و قاره‌مانانه‌ ئه‌ركه‌ شۆڕشگێڕییه‌كانی جێبه‌جێكردووه‌.
به‌داخه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی له‌ شه‌وی 29\30/4/1979 له‌ له‌گوندی (زێڕینجۆ)ی شاره‌زوور شه‌هید كران.

شه‌هید نه‌جات كه‌ركوكی‌
شه‌هیدی نه‌مر نه‌جات كه‌ركوكی، ساڵی‌1962 له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ تێكۆشه‌ر له‌دایكبووه‌و له‌ ته‌مه‌نێكی‌ زۆرمدا بووه‌ به‌پێشمه‌گه‌ له‌هه‌رێمی‌ 5ی‌ قه‌ره‌داغ، به‌شداری‌ زۆربه‌ی‌ نه‌به‌ردی‌ و شه‌ڕه‌كانی‌ سنووری‌ هه‌رێمه‌كه‌ی‌ كردووه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ڕۆح سوك و چاو نه‌ترس بووه‌و چالاكانه‌ ئه‌ركه‌كانی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ جێبه‌جێكردووه‌.

شه‌هید محه‌مه‌د
شه‌هید محه‌مه‌دی نه‌مر ساڵی 1944 له‌دایكبووه‌، له‌سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێدا په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ له‌سنووری هه‌رێمی پێنجی قه‌ره‌داغ و ناوه‌ نهێنیه‌كه‌ی (شاخه‌وان) بووه‌، تاساڵی 1977 به‌رده‌وام بووه‌ له‌كاری رێكخراوه‌ییدا، پاشان بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌رێمی پێنج.

شه‌هید عه‌لی چه‌له‌بی
شه‌هیدی نه‌مر عه‌لی چه‌له‌بی، له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی كورد په‌روه‌رو دڵسۆز به‌كێشه‌ی ره‌وای میلله‌ته‌كه‌ی له‌دایكبووه‌، له‌سه‌ره‌تای لاوێتییدا په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌و وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی ناوشار چه‌ندین چالاكی ئه‌نجامداوه‌، پاشان بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌رێمی پێنجی قه‌ره‌داغ، له‌ژیانی خه‌باتی شاخیشدا كه‌سێكی ئازاو رۆح سوك بووه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا له‌ زێڕینجۆ شه‌هید كرا.

 

مامۆستا جه‌عفه‌ر

حه‌سه‌ن خاوێی
حه‌سه‌ن حه‌مه‌ساڵح مه‌حموود (1940_ 1979) له‌ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا به‌ (حه‌سه‌ن خاوێی‌) ناسراو بوو.
شه‌وی‌ 29/30-4-1979 له‌ زێڕیبخۆ وێڕای ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان به‌ردێكی تری ئه‌م نیشتمانیان سووركرد.
ئه‌و ته‌نیا سی و نۆ ساڵ ژیاو به‌شێكی زۆری ته‌مه‌نی به‌پێشمه‌رگایه‌تی و خه‌باتی نهێنی به‌سه‌ربرد، تاڕۆژی ئه‌مڕۆش جووتیاره‌كانی قه‌ره‌داغ ڕۆڵ و چالاكی حه‌سه‌ن خاوێییان هه‌ر له‌ بیره‌و به‌حه‌سره‌تن بۆ ئه‌و كه‌ڵه‌پیاوه‌، كه‌ له‌ به‌شێك له‌ شه‌ڕه‌كای ئه‌وده‌ڤه‌ره‌دا ده‌ورێكی گرنگی بینیوه‌.
كاتێك حه‌سه‌ن خاوێیی‌ ڕووده‌كاته‌ شاخ حه‌وت منداڵی ورد دوای خۆی جێده‌هێڵێت، هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌یان ده‌ ساڵ بووه‌، ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ی فیداكاری و خۆبه‌ختكردنی ئه‌م مرۆڤه‌یه‌ كه‌ بێگومان كه‌م كه‌س ده‌توانێت كۆشێك مناڵ له‌ناو له‌پی رۆژگارێكی سه‌خت و پڕنائومێدی دابنێت و خۆی چه‌ك بكاته‌ شان و ڕووله‌شاخ بكان.
چه‌ند شه‌وێك پێش گه‌ڕانه‌وه‌یان سیروان تاڵه‌بانی و حه‌سه‌ن خاوێی جارێكی دی سه‌ردانیان كردم وگوتیان: (ده‌زانین چادره‌كه‌ی ئێوه‌ زۆر بچووكه‌، به‌ڵام ئێمه‌ پێمان خۆشه‌ لای تۆ بمێنینه‌وه‌، له‌چه‌ن شوێنێك به‌گه‌رمی ده‌ عوه‌تیان كردین. ئێمه‌ گوتمان ده‌چین بۆ نۆكان و لای‌ مامۆستا جه‌عفه‌ر ده‌مێنینه‌وه‌).
سیروان گوتی‌: (ئه‌وه‌نده‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیمان په‌یدا كردووه‌، ناوچه‌كه‌ له‌ داگیركران ده‌كه‌ینه‌ ئاگر).
ئه‌وان ڕۆشتن له‌ بری‌ ده‌نگووباسی دڵخۆشكه‌ر، ڕۆژی 1/5 په‌ڵه‌ هه‌وری ڕه‌ش به‌ری ئاسمانی كوردستانی گرت و ده‌گوباسی كاره‌ساتی زێڕینجۆمان پێگه‌یشت.
له‌ بری هه‌واڵی سه‌ركه‌وتن و دوژمن شكاندن، ده‌سته‌یه‌ك سه‌ركرده‌و پێشمه‌رگه‌ی دڵسۆز و قاره‌مان ماڵئاواییان لێكردین.

حاجی‌ چاوشین
حاجی‌ چاوشین نازناوی (سدیق ئیبراهیم عه‌بدوڵڵا-1951- 1979) بوو.
له‌دووره‌وه‌ ده‌تبینی هه‌ر له‌رۆژنامه‌وانێكی فه‌ره‌نسی‌ یان ئه‌ڵمانی چوو. چاوشین مووزه‌رد، سوور وسپی وباریك و گورج و گۆڵ.
هه‌ر زۆر به‌په‌له‌ قه‌سه‌ی ده‌كرد، به‌په‌له‌ كاره‌كانی ئه‌نجام ده‌داو له‌ ڕۆشتن و هات و چۆدا، كه‌س به‌ تۆزی پێی ئه‌ودا نه‌ده‌گه‌یشت.
جارێ یه‌كه‌م له‌ (تاتیدۆ) ده‌ركه‌وت، هه‌گبه‌یه‌ك نامه‌ی رێكخستن و هه‌رێم و كه‌رت و مه‌فره‌زه‌ و پێشمه‌رگه‌كانی بۆ هێناین. ئێمه‌ش كۆمه‌ڵێك نامه‌ و ده‌نگوباس و بڵاوكراوه‌مان به‌ ئه‌ودا نارده‌وه‌، دووهه‌فته‌ی پێنه‌چوو له‌ (ده‌راوی‌ گورگان) ئێمه‌ی سه‌رله‌نوێ دۆزییه‌وه‌. ڕۆژی 1/9/1978 له‌ (وارمیوان) وێنه‌یه‌كمان پێكه‌وه‌ گرتووه‌، ده‌یگوت: به‌سێ رۆژ ده‌گه‌مه‌ به‌ری قه‌ره‌داغ و به‌سه‌ر شاره‌زوور و پێنجوێن و ئالاندا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌.
ئه‌و شاره‌زای به‌رد به‌ به‌ردی ڕێگاكان بوو، ماڵ به‌ ماڵی دێهاته‌كانیشی ده‌ناسی.
له‌ وارمیوان ده‌بوایه‌ بڵاوكراوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌رێت و نه‌یده‌توانی به‌شان، به‌و رێگایانه‌دا تێڕاچێته‌وه‌! ئازادی سه‌گرمه‌ ئامۆژگاری كرد، داوای هێسترێك بكات، هێستر په‌یداكرا، تێڕ و كورتان ده‌ستنه‌ده‌كه‌وتن.
حاجی پرسیاری له‌زۆربه‌ی ده‌سته‌كان كردبوو، كورتانی پێپه‌یدا نه‌كرابوو. به‌ره‌ به‌ره‌، له‌ناخه‌وه‌ ده‌كوڵاو سووور سوور ببوو. ده‌یگوت: (هه‌مووكورتانیان هه‌یه‌ و نامده‌نێ!) ناچار له‌چادره‌كه‌ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌، چاومان ده‌گێڕا، لای چادره‌كه‌ی حاجی كاك ئه‌حمه‌د، كورتانێك كه‌وتبوو، هاوڕێ جه‌بار گوتی : (ئه‌وه‌ كورتانێكه‌!) حاجی‌ چاوشین گوتی: ( ئه‌وه‌ كورتانی حاجی نه‌رگسه‌!) له‌په‌نای گابه‌ردێكدا كورتانێك دانرابوو، مامۆستا سه‌لام گوتی: (ئه‌وه‌كورتانێكی تره‌ له‌په‌نای ئه‌و به‌رده‌دا!) حاجی چاوشین گوتی: (ئه‌وه‌ كورتانی دكتۆر مه‌حمووده‌).
ئه‌وڕۆژه‌ هه‌موو سه‌ركردایه‌تی و كادره‌كان سه‌رقاڵی په‌یداكردنی كورتانێك بوون وتا په‌یداكرا قیر گوتی: (چه‌ق!).

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لە رێی كوردستانی «نوێ»وە بەهەمووان رادەگەیشت

دێدەوانی یەعقوب / كۆیە ڕەنگە ئەگەر هەر كەس كە وێنەی ...