سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

بەشی دووەم
حزبە نوێیەكان لە هەرێمی كوردستان، وەك چۆن بە حوكمی ئاراستە سیاسییەكەیان خاوەنی هیچ ئایدۆلۆژیا و ناسنامەیەك نین، بەهەمان شێوەش ناتوانن رۆڵێكی ئەوتۆ لەناو گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمدا بگێڕن و ببنە جووڵانەوەیەكی دروستكەری گۆڕانكاری.
ئایدۆلۆژیا یاخود ناسنامە، هەمیشە لە ئاراستەی سیاسیی حزبەكاندا دوو لەو خاسیەتە گرنگانەن، كە دەتوانین لە رێیانەوە رۆڵ و چەقی كاركردنیان پێ بناسینەوە، هەروەك بەمە دەتوانین بەڕوونی ئاراستەی گوتاریشیان دیاریی بكەین.
جووڵانەوەی نەوەی نوێ، ناچێتە ناو ئەو حزبانەی كە بە حزبی نەریتی، بەمانای خاوەن ئایدۆلۆژیا و ناسنامە ناو دەبرێن، هەتا ئەگەر حزبە نەریتییەكان لەو رووەوە پرسیار لەسەر ناسنامە و ئاراستە سیاسییەكەیان هەبێت. وەك چۆن ناچێتە ئەو خانەیەی حزبە نەریتییەكان، ئەوا ناشتوانی بڵێی جووڵانەوەیەكی خاوەن ئایدۆلۆژیا و گوتارێكی سیاسیی روون و جێگیرن.
لەمەدا نموونەی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، تا ئاستێك نزیكە لە جووڵانەوەو بزووتنەوە پۆپۆلیستە توندڕەوەكان كە ئێستا بوونەتە هەڕەشەیەك بۆسەر سیستمی سیاسی لە وڵاتانی ئەوروپا. كە بەراورد بە فەرمانڕەوایی نەتەوەیی زیاتر گرنگی بە بەرگریكرن لە فەرمانڕەوایی هاووڵاتیان دەدەن و بەدوای زیندووكردنەوەی بەشێك لەو میراتەن كە لە نیولیبڕال لە دەیەی 1990 لە دەست چوو. ئەم جووڵانەوەیە هێشتا ساڵێك بەسەر دامەزراندنیدا تێنەپەڕیووە، غەرقی كێشە و قەیران و تەقینەوە بووە. باڵی یارو نەیاری ناو جووڵانەوەكە لەناو كۆی ئەو كێشانەی تێی كەوتوون، دەیانەوێت لەناو لایەنگرانیاندا یەكتر دادگایی بكەن و تای تەرازووكە بەلایەكدا بشكێننەوە.
ئەوان هەردوو لایەنیان خۆیان بە خاوەنی جووڵانەوەكە دەزانن. باڵی نەیار لەوەدا رەخنەی باڵی خاوەن جووڵانەوەكە دەكات گوایە حزب بۆ زیاتر بەهێزكردنی كۆمپانیاكەی بەكاردەهێنێت. لەمەدا باڵی نەیار پەنجەیان بۆ شتێكی گرنگ بردووە، پۆپۆلیستەكانی ئەوروپا بەتایبەت پۆپۆلیستەكانی باڵی چەپ و توندڕەو لەمەدا بە توندوندی رووبەڕووی جیهانگەرایی و كۆمپانیاو بازاڕی ئازاد دەبنەوە.
ئەم تەقینەوەیەی ناو جووڵانەوەی نەوەی نوێ، دەبوو دەرنگ یان زوو رووی بدابایە، ئەم دوو باڵە، دروستە تازە كێشە و قەیرانەكانیان بەو ئاشكراییە بەدیار كەوتووە، بەڵام لە خۆیدا هەڵگری ناكۆكییەكی قووڵە.
جووڵانەوەی نەوەی نوێ بەم گوتارە سیاسییەی لە سەری دەڕوات، جگە لە كاریگەرییە میدیاییەكەی، ناتوانێت لەناو گۆڕەپانی سیاسیدا هێزی بەو رادەیە كاریگەر بێت كە سیستمی سیاسی هەرێم بەرەو گۆڕانكاریی گەورە بەرێت.
خەڵك لە دروستبوون و پشتیوانیكردنی هەر حزبێكدا كۆمەڵێك خەون و ئامانجی هەیە كە بۆ جێبەجێكردنی ئەو خەونانە ناچارە تا ئەو شوێنە لەو پشتوانییە بەردەوام بێت كە مەودایەك لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن تێپەڕدەبێت.
ئەزموونی نەوەی نوێ لە رووی كەوتنە قەیرانەوە، هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵ و گۆڕان و هاوپەیمانی نییە، بەڵام ئەوەی لەیەكتر جیاجیان دەكاتەوە كامڵبوونی ئەو قۆناغەیە كە ئیتر هیچ بوارێك بۆ خۆگرتنەوە و ئەنجامدانی ریفۆرم و بەستنی كۆنگرەو ئاڵوگۆڕی دەموچاوەكان نامێنێتەوە.
دیسانەوە ئەوە دووبارە دەكەمەوە چی وادەكات حزبە نوێیەكانی هەرێمی كوردستان، بەم تەمەنە كورتەیانەوە رووبەڕووی ئەو هەموو قەیرانە قووڵە ببنەوە؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

بەشی یەكەم ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان حزبە سیاسییەكان بە قۆناغێكی ...