سەرەکی » هەواڵ » قوباد تاڵەبانی: چارەسەری كێشەی كەركوك لەسەر بنەمای پێكەوەژیان ‌و چارەسەرەكانی سەرۆك مام جەلال

وەزیری دەرەوەی توركیا لەگەڵ لێپرسراوە باڵاکانی بەغدا و هەرێم-دا کۆبۆوە

قوباد تاڵەبانی: چارەسەری كێشەی كەركوك لەسەر بنەمای پێكەوەژیان ‌و چارەسەرەكانی سەرۆك مام جەلال

دوێنێ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر پێشوازییكرد لە مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا و لەبارەی كۆبوونەوەكەشەوە رایگەیاند: پێداگریمان لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەی كەركوك كردەوە لەسەر بنەمای پێكەوەژیان ‌و لەبەر رۆشنایی چارەسەرەكانی سەرۆك مام جەلال.
ئێوارەی رۆژی 28/4، مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا، لە بەغداوە گەیشتە هەرێمی كوردستان و دوێنێش لە هەولێر بەجیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و لێپرسراوانی هەرێمی كوردستاندا كۆبۆوە.
سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیادا، خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا دەربڕی و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ توركیا بە گرنگ و ستراتیژیی ناوبرد.
لە كۆبوونەوەی نێوان جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و وەزیری دەرەوەی توركیاشدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێم ‌و توركیا، كرایەوە و وەزیری دەرەوەی توركیا هیوای خواست بەزوویی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەستبەكاربێت، خواستیشی بۆ سەردانی شاری سلێمانی، دەربڕی.
هەر لەبارەی پرسەكانی ناوچەكەوە، قوباد تاڵەبانی، گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەی كەركوك لەسەر بنەمای پێكەوەژیان، ئاشتەوایی نەتەوە و پێكهاتەكانی شارەكە، خستەڕوو و بەپێویستیزانی چارەسەری بەپەلە و گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە. هەروەها پاڵپشتیی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەرەكانی ئاشتی لە توركیا دووپاتكردەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، د.خەسرەو گوڵ محەمەد، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، د.یوسف گۆران، عوسمان شوانی ‌و لە وەفدی میوانیش باڵیۆزی توركیا لە بەغدا و ژمارەیەك بەرپرس ‌و دیپلۆماتكار، ئامادەبوون.
شایانی باسە، وەزیری دەرەوەی توركیا لە دوو رۆژی رابردوودا لە بەغدا زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی عیراقدا كرد و دوای كۆبوونەوەشی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عیراقدا، رایگەیاند: بڕیارە سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی عیراق بكات.

print

 119 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*