سەرەکی » راپۆرت » جولیان ئەسانگ-یان له‌ حه‌شارگه‌كه‌ی‌ ده‌رهێنا

جولیان ئەسانگ-یان له‌ حه‌شارگه‌كه‌ی‌ ده‌رهێنا

یانیس فارۆفاكیس

له‌ نێوان ساڵه‌كانی‌ 2015 تا 2018 چه‌ند جارێك سه‌ردانی‌ جولیان ئاسانگ دامه‌زرێنه‌ری‌ ویكیلیكسم كردووه‌، هه‌رجارێك ده‌چووم بۆ بینینی‌، له‌ هه‌مان ژووری‌ بچووكدا ده‌مبینی‌، له‌باڵیۆزخانه‌ی‌ ئیكوادۆر له‌ له‌نده‌ن، هه‌موو جارێكیش دوای‌ چاوپێكه‌وتن كه‌ ئه‌و ژووره‌م جێده‌هێشت زۆر خۆشحاڵ ده‌بووم. حه‌زی‌ من بۆ بینینی‌ به‌هۆی‌ ناوی‌ ویكیلیكسه‌وه‌ بوو، زۆر رێزم له‌و ناوه‌ ده‌گرت، چونكه‌ له‌ هه‌رزه‌كاریدا رۆمانه‌كه‌ی‌ جۆرج ئۆروێڵ-م خوێنده‌وه‌ به‌ ناوی‌ 1984، ئه‌و كات زۆر په‌ست ده‌بووم له‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌تێك هه‌بێت به‌ هه‌موو ته‌كنۆلۆژیایه‌كه‌وه‌ چاودێری‌ هاووڵاتیان بكات، بیرم له‌كاریگه‌رییه‌كانی‌ ئه‌گه‌ری‌ بوونی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ له‌و جۆره‌ ده‌كرده‌وه‌. به‌ڵام نووسینه‌كانی‌ ئاسانگ له‌ سه‌ره‌تادا باسیان له‌ به‌كارهێنانی‌ ته‌كنۆلۆژیا ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ وڵاتان له‌ ژێره‌وه‌ خه‌ریكی‌ هه‌رچییه‌ك بن بخرێته‌ به‌رده‌ستی‌ خه‌ڵك، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هیوام پێی‌ بوو.
كاتێك جولیانم بینی‌ ئه‌و هیوایه‌شم نه‌ما، له‌ ژوورێكدا دانیشتبووین چوارده‌ورمان پڕ بوو له‌كتێب‌و بڵاوكراوه‌ی‌ ئیكوادۆری‌، تا شه‌و دره‌نگ قسه‌مان ده‌كرد، ئامێرێكیش له‌ پشت ره‌فه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵواسرابوو زیكه‌زیكێكی‌ زۆر ناخۆشی‌ ده‌كرد ئه‌مه‌ گوایه‌ بۆ دروستكردنی‌ ژاوه‌ژاوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ئامێرانه‌ی‌ بۆ گوێگرتن له‌ ئێمه‌ دانراوه‌، ژووره‌كه‌ زۆر ناخۆش بوو، كامێراكانی‌ چاودێری‌ به‌ بنمیچه‌كه‌وه‌ به‌ ناشیرینی‌ قایم كرابوون، هه‌وای‌ ژووره‌كه‌ش گنخاو بوو، حه‌زم ده‌كرد به‌ زووترین كات راكه‌م بۆ ده‌ره‌وه‌ بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كه‌.
زۆر كه‌س له‌ ره‌خنه‌گرانی‌ جولیان ئاسانگ له‌و باوه‌ڕه‌دان خۆی‌ ئه‌و زیندانه‌ی‌ هه‌ڵبژاردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌ینێرن بۆ سوید، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بینێرن بۆ سوید به‌ تۆمه‌تی‌ ده‌ستدرێژی‌ سێكسی‌ بۆ سه‌ر ژنان دادگایی ده‌كرێت. به‌ ئاسانگم وت: ئه‌گه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته‌ ئاراسته‌ی‌ من بكرایه‌ ده‌چووم رووبه‌ڕوو ئه‌و ژنانه‌م ده‌بینی‌‌و به‌ رێزه‌وه‌ گوێم لێ ده‌گرتن. له‌ وه‌ڵامدا جولیان ئاسانگ وتی‌ منیش هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ بیرم كردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئامانجی‌ ئه‌وان ئه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ بمبه‌ن بۆ سوید‌و له‌وێش پێش ئه‌وه‌ی‌ فریای‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ هیچ تۆمه‌تێك بكه‌وم یه‌كسه‌ر راده‌ستی‌ ئه‌مریكام بكه‌نه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی‌ سیخوڕیی.
ئاسانگ بۆ ئه‌وه‌ی‌ باوه‌ڕی‌ پێبكه‌م، نوسخه‌یه‌كی‌ داواكارییه‌كی‌ خۆی‌ پیشاندام، كه‌ پارێزه‌ره‌كه‌ی‌ پێشنیاز ده‌كات ئاسانگ خۆی‌ راده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سوید بكات به‌و مه‌رجه‌ی‌ ئه‌وان راده‌ستی‌ ئه‌مریكای‌ نه‌كه‌ن، به‌ڵام سوید هه‌رگیز وه‌ڵامی‌ ئه‌و پێشنیازه‌ی‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌. له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا كه‌ له‌و ژووره‌ بچووكه‌دا بوو، زۆر كه‌س گاڵته‌یان به‌ ئاسانگ ده‌كرد‌و ده‌یانوت هه‌ر له‌خۆیه‌وه‌ خۆی‌ شاردۆته‌وه‌، راده‌ستی‌ ئه‌مریكای‌ ناكه‌ن‌و ترسه‌كه‌شی‌ بێبنه‌مایه‌‌و له‌جێی‌ خۆیدا نییه‌.
ئێستا جولیان ئاسانگ له‌ زیندانی‌ بلمارش له‌ ئینگلته‌را زیندانه‌، ئه‌و زیندانه‌ش ناوبانگێكی‌ خراپی‌ هه‌یه‌، رێگه‌ نادرێ سه‌ردانی‌ بكرێت‌و چاوه‌ڕێیه‌ راده‌ستی‌ ئه‌مریكای‌ بكه‌نه‌وه‌. ره‌نگه‌ زۆر كه‌سیش له‌ جیهاندا پێی‌ بڵێن با بڕوات بۆ دۆزه‌خ، به‌ تایبه‌تی‌ كه‌ نامه‌ دزراوه‌كانی‌ ئه‌كاونته‌كه‌ی‌ هیلاری‌ كلنتنی‌ بڵاو كرده‌وه‌‌و بووه‌ هۆی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ دۆناڵد تره‌مپ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 2016ی‌ ئه‌مریكادا، خه‌ڵك ئه‌و پرسیاره‌ لایان دروست بووه‌ كه‌ سایتی‌ ویكیلیكس بۆچی‌ هیچ شتێكی‌ خراپی‌ له‌ باره‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپه‌وه‌ بڵاو نه‌كرده‌وه‌، یان له‌ باره‌ی‌ ڤلادیمێر پوتنی‌ سه‌رۆكی‌ روسیاوه‌، كه‌واته‌ ئه‌م ماسته‌ موویه‌كی‌ تێدایه‌.
ئه‌و كاته‌ هیوام به‌ ئاسانگ نه‌ما كه‌ پشتیوانی‌ له‌ بریكزێت كرد‌و نه‌فامانه‌ هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر ره‌خنه‌گره‌كانی‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌ فێمینیسته‌كان بوون، هه‌روه‌ها وتاری‌ ده‌نووسی‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ تره‌مپ، له‌وه‌ش خراپتر په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كانی‌ بوو له‌گه‌ڵ یاریده‌ده‌ره‌كانی‌ تره‌مپ، رووبه‌ڕوو چه‌ند جارێك پێم وتووه‌ كه‌ هیوام پێی‌ نه‌ماوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیزاین‌و پێكهاته‌ی‌ سایته‌كه‌ی‌ ئاسانگ به‌ جۆرێكه‌ كاتێك كه‌سێك زانیاری‌ له‌ باره‌ی‌ گه‌نده‌ڵییه‌كه‌وه‌ ده‌نێرێت، ته‌نانه‌ت جولیان خۆیشی‌ بۆی‌ نییه‌ ئه‌و كه‌سه‌ بناسێت، كه‌ ده‌شبینین زۆربه‌ی‌ زانیارییه‌كان وڵاتانی‌ خۆرئاوا شه‌رمه‌زار ده‌كات، ئه‌وه‌ش كارێكی‌ مه‌زنه‌.
ویكلیكس‌و خاوه‌نی‌ سایته‌كه‌ی‌ كه‌ جولیان ئاسانگه‌ هه‌ندێك ده‌ڵێن پشتوانی‌ له‌ تره‌مپ كردووه‌‌و سوید به‌ ده‌ستدرێژی‌ سێكسی‌ تۆمه‌تباری‌ ده‌كات‌و له‌ولاوه‌ كه‌سانی‌ وه‌ك چێڵسی‌ مانینگ ده‌خرێته‌ زیندانه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئاماده‌ نییه‌ دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ ئاسانگ هانی‌ داوه‌ ئه‌و زانیاریانه‌ بدزێت كه‌ باس له‌ خراپه‌كارییه‌كانی‌ ئه‌مریكا ده‌كات له‌ عیراق‌و ئه‌فغانستان، هاوكات دیارترین قسه‌ له‌سه‌ری‌، لێدوانه‌كه‌ی‌ مایك پۆمپیۆیه‌ كه‌ ده‌ڵێ: سایتی‌ ویكیلیكس ده‌زگایه‌كی‌ سیخوڕیی دوژمنكارانه‌یه‌‌و سه‌ر به‌ده‌وڵه‌ت نییه‌.
رۆژی‌ 11ی‌ ئه‌م مانگه‌ پۆلیسی‌ بریتانیا جولیان ئاسانگیان له‌ ژووره‌كه‌ی‌ ده‌رهێنا كه‌ له‌باڵیۆزخانه‌ی‌ ئیكوادۆر بوو، ده‌ستگیریان كرد‌و ره‌وانه‌ی‌ زیندانیان كرد، بڕیاره‌ دواتر له‌ دادگای‌ وێستمێنسته‌ر دادگایی بكرێت. ده‌ستگیركردنی‌ ئاسانگ دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ حكومه‌تی‌ ئیكوادۆر مافی‌ پاراستنی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵگرت، كه‌ له‌ ساڵی‌ 2012وه‌ ئه‌و مافه‌ی‌ له‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئیكوادۆردا له‌ له‌نده‌ن پێدراوه‌.
له‌ ساڵی‌ 2012دا كه‌ جولیان ئاسانگ په‌نای‌ برده‌ به‌ر باڵیۆزخانه‌ی‌ ئیكوادۆر له‌ له‌نده‌ن، حكومه‌تی‌ ئه‌و كاتی‌ ئیكوادۆر په‌نای‌ دا‌و راده‌ستی‌ بریتانیای‌ نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵام له‌ دوای‌ گۆڕانكارییه‌كانی‌ ئیكوادۆر‌و هاتنی‌ لینین مۆرینۆ وه‌ك سه‌رۆكی‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵوێستی‌ ئیكوادۆر به‌رامبه‌ر به‌ جولیان ئاسانگ گۆڕا. مۆرینۆ له‌ تویته‌ره‌كه‌ی‌ خۆیدا لێدوانێكی‌ ڤیدیۆیی بڵاو كرده‌وه‌‌و تیایدا باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ ئاسانگ به‌م دواییانه‌ ره‌فتاری‌ زۆر ناشیرین بووه‌‌و له‌وه‌ زیاتر لێی‌ قبووڵ ناكرێت. مۆرینۆ وتی‌: ئاسانگ دزه‌ی‌ كردۆته‌ ناو مۆبایلی‌ خۆی‌‌و هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌‌و وێنه‌ی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌‌و كچه‌كه‌ی‌ بڵاو كردۆته‌وه‌.

*پرۆجێكت سه‌ندیكه‌یت

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

نا بۆ چاندنی‌ رق‌و كینه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ عیراقیدا

د. عامر ساڵح و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید سه‌ره‌تا پێویسته‌ بوترێ، ...