سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » چه‌ند وشه‌یه‌كی‌ وه‌فاداری بۆ مه‌حمودی‌ مه‌لا عززه‌ت

چه‌ند وشه‌یه‌كی‌ وه‌فاداری بۆ مه‌حمودی‌ مه‌لا عززه‌ت

كوردستان حه‌سه‌ن

چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ وه‌رزی‌ به‌هارێكدا جێت هێشتین و چیتر نه‌گه‌ڕایته‌وه‌ ، مه‌گه‌ر له‌ خه‌ونێكدا و بۆ هاتنی‌ مژده‌یه‌ك له‌ ژیانمدا هاتبێتیته‌ خه‌ونم یاخود له‌ خه‌ونێكدا دووباره‌ لاپه‌ڕه‌ مێژوییه‌كانت بۆ هێنابێتمه‌وه‌ تا هه‌ڵه‌چنی‌ بكه‌م ، به‌درێژایی‌ ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ی‌ كه‌ كۆچی‌ دواییت كردوه‌ هه‌موو ڕۆژ كه‌ به‌لای‌ مه‌زاره‌كه‌تدا گوزه‌رم كردبێ‌ به‌ ده‌ست و به‌ ده‌م و به‌دڵ‌ سڵاوم لێ‌ كردووی‌ ، ئه‌و سڵاوانه‌ی‌ كه‌ بێ‌ وه‌ڵام بوون و له‌ ئاهێكی‌ سارد زیاتر هیچ ئاسه‌وارێكیان جێ‌ نه‌هێشتووه‌ ، هه‌ندێ‌ ڕۆیشتن هه‌یه‌ كه‌ جه‌رگ ده‌بڕێت و شوێنه‌واری‌ نه‌ك له‌ دڵێك دا به‌ڵكو له‌ نیشتیمانیشدا جێ‌ ده‌هێڵێت ، له‌م سه‌رده‌م و ڕۆژه‌ی‌ ئمڕۆدا پێویستی‌ زۆرمان پێت بوو وه‌ك چۆن ڕۆیشتنی‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ گه‌وره‌ترین بۆشایی‌ له‌ نیشتیمان و له‌ ئێستا و ئاینده‌شدا بۆ جێهێشتین ، خۆزگه‌م ده‌خواست ئه‌م نه‌ورۆزه‌ پێكه‌وه‌ جه‌ژنمان بكردایه‌ ، چونكه‌ نه‌ورۆزێكی‌ زۆر تایبه‌تی‌ بوو له‌لام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئاگری‌ نه‌ورۆزم به‌ هه‌ڵكردنی‌ مۆمێك له‌سه‌ر مه‌زارگه‌كه‌ی‌ پێشه‌وا قازی‌ محمد كرده‌وه‌ ، ئه‌و پێشه‌وایه‌ی‌ كه‌ خۆی‌ كرده‌ قوربانی‌ گه‌له‌كه‌ی‌ ، له‌یادم ناچێته‌وه‌ ماوه‌ی‌ دوو ساڵ و نیو سه‌رقاڵی‌ ساغكردنه‌وه‌ و ڕێكخستنی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ جمهوری‌ كوردستان بووین هه‌تا به‌ سه‌ركه‌وتوترین شێوه‌ به‌چاپت گه‌یاند خۆزگه‌ لێره‌ ده‌بووی‌ هه‌تا ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگانه‌ی‌ كه‌ له‌لات بوو له‌سه‌ر ئه‌نفال بۆم تایپ بكردیتایه‌ و به‌بیر و هزره‌ قوڵ‌ و فراوانه‌كه‌ت پێشه‌كیت بۆ بنوسیایه‌ و به‌چاپت بگه‌یاندایه‌ ، به‌ڵام ئه‌فسوس له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو یاده‌كاندا هیچم له‌ده‌ست نایه‌ ته‌نها سه‌ری‌ ڕێز و نه‌وازش داده‌نه‌وێنم و به‌ ئازاره‌وه‌ هه‌موو ڕۆژێك لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ نوسراو و نامه‌یه‌كت ده‌خوێنمه‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان پڕن له‌ ئامۆژگاری‌ و پڕن له‌ به‌سه‌رهات و پڕن له‌ سۆزێكی‌ پڕله‌ میهره‌بانی‌ ، به‌ دڵ قه‌رزاری‌ تۆم مامۆستا مه‌حمود ، هه‌ربۆیه‌ له‌م یاده‌دا تاجه‌ گوڵینه‌ی‌ وه‌فاداریت پێشكه‌ش ده‌كه‌م و بۆهه‌تایه‌ شكۆ و ڕێزت له‌یاد ناكه‌م .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

فره‌ زیره‌كی و پێشه‌نگێتی گۆران له‌ شیعری كوردیدا

پ.د.زاهیر له‌تیف كه‌ریم به‌شی‌ سێیه‌م پێنجهه‌م / فره‌ زیره‌كی هه‌ستی ...