سەرەکی » دۆسێ » دەركەوتنەكەی ئەبو بەكر بەغدادی هەرادەنێتەوە

خوێندنەوەی جیاوازیی بۆ دەكرێت

دەركەوتنەكەی ئەبو بەكر بەغدادی هەرادەنێتەوە

ویلایەتە یەكگرتووەكان، كەشتییەكی فڕۆكەهەڵگر رەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات لەپێناو گەیاندنی «پەیامێكی روون و ئاشكرا» بە ئێران.
جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە 6ی ئایاری 2019 رایگەیاندبوو»رەوانەكردنی ئەو كەشتییە، وەڵامدانەوەی ژمارەیەك دەستەواژە و هۆشداریی هەڵكشاوە كە مایەی نیگەرانیین».
رەوانەكردنی ئەو كەشتییە جەنگییە بۆ كەنداو، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتانە بوون كە ئاماژەیان بە هێرشێكی چاوەڕوانكراوی ئەمریكا دەكرد، وەك لەلایەن ئاژانسی رۆیتەرەوە لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكایی كە ناوەكەی ئاشكرانەكردبوو، بڵاوكرایەوە.
بە گوتەی بۆلتۆن، واشنتۆن «بەوپەڕی هێز و توانا و توڕەییەوە»، وەڵامی هەر هێرشێك دەداتەوە.
بۆڵتۆن لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە»ویلایەتە یەكگرتووەكان كەشتی فڕۆكەهەڵگری (ئەبراهام لینیكۆڵن)، و موشەك هاوێژەكان رەوانەی فەرماندەیی ناوەندی دەكات، ئەمەش وەك رەوانەكردنی پەیامێكی روون و ئاشكرا بۆ رژێمی ئێرانی، تا بزانێت هەر هێرشێك بكرێتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، یان سەر هاوپەیمانەكانی، بەوپەڕی هێز و توانا و بەشێوەیەكی توند وەڵام دەدرێتەوە».
وەك بۆڵتۆن لە بەیاننامەكەدا باسی دەكات»ویلایەتە یەكگرتووەكان، هەوڵ بۆ بەرپاكردنی جەنگ نادات لەگەڵ رژێمی ئێرانی. بەڵام بە تەواوەتی ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێك، جا لەلایەن بریكارەوە بێت، یان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانی، یان هێزەكانی نیزامی سوپاوە».
كەشتییە جەنگییەكە لە ئەوروپا بوو لە مەشقەكانی لەگەڵ هاوپەیمانانی ویلایەتە یەكگرتووەكان كە لە كۆتایی مانگی نیسانی رابردوو دەستیان پێكرد.
ئەمە یەكەم جار نییە كە واشنتۆن كەشتی (ئەبراهام لینكۆڵن) بۆ كەنداو رەوانە دەكات، بەڵام رەوانەكردنی لەمجارەدا لە نێوەندی زیادبوونی تەنگژەكاندایە لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ تاراندا پاشەكشەی كرد كە وڵاتەكەی و وڵاتانی تری ئەوروپا لەگەڵ ئێراندا لە 2015 ئیمزایان كرد.
بەپێی رێكەوتنەكە، ئێران رازیی بوو چالاكییە گرنگە ئەتۆمییەكانی كەمبكاتەوە، و رێگە بە پشكنەرە نێودەوڵەتییەكان بدات بگەڕێنەوە وڵاتەكەی، ئەمەش لەبەرانبەر سوككردنی ئەو سزایانەی بەسەر وڵاتەكەیدا سەپێنرابوون.
كۆشكی سپی لە مانگی نیسانی رابردوو رایگەیاندبوو، كۆتایی بە ماوەی بەخشینی ئەو پێنج وڵاتە دەهێنێت لە سزا سەپێنراوەكان بەسەر كڕینی نەوتی ئێرانی كە لە چین، و هیندستان، و ژاپۆن، و كۆریای باشوور، و توركیا پێكهاتوون.
هەروەها ویلایەتە یەكگرتووەكان لە هەمان كاتدا، سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی رەشەوە، و بە گروپێكی تیرۆریستی بیانی وەسفیكرد.
سزاكان بوونە مایەی داڕمانی ئابوری ئێران، و دابەزینی بەهای دراوەكەی بۆ نزمترین ئاست، رێژەی هەڵاوسانیش چوار هێندە زیادی كرد، ئەمەش بووە مایەی دووركەوتنەوە و هەڵاتنی وەبەرهێنە بیانییەكان، و دروستبوونی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە شەقامەكان.

داخستنی نۆكەندی هورمز
لەم ماوەیەی دواییداخالید جارەڵڵا، وەزیری دەرەوەی كوەیت ڕایگەیاندبوو، وڵاتەكەی بە «نیگەرانییەوە» دەڕوانێتە هەڕەشەكانی ئێران سەبارەت بە داخشتنی نۆكەندی هورمز.
لە 29ی نیسانی 2019، ئاژانسی دەنگوباسی كوەیت (كۆنا) لە زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیەوە بڵاویكردبۆوە»كوەیت بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە هەڕەشەكانی ئێران سەبارەت بە داخستنی نۆكەندی هورمز»، داواشی كرد عەقڵ و دانایی و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەكەدا بكێشێت.
ئەم لێدوانانە دوای هەڕەشەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بوو سەبارەت بە داخستنی نۆكەندی هورمز كە رێڕەوێكی دەریایی گرنگە لە ناوچەكەدا.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی كوەیت»وڵاتەكەی بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەو هەڕەشانە و بەردەوام خواستیان لە بەدوورگرتنی ناوچەكەیانە لەو جۆرە تەنگژانە»، ئەمەش لەكاتێكدایە كە نزیكەی لەسەدا 40ی هەناردەی نەوت بۆ جیهان لەڕێی نۆكەندی هورمزەوە تێدەپەڕێت.
واشنتۆن گوشارەكانی لەسەر ئێران زیادكرد و لەمجارەدا هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی كردە ئامانج.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، بەدووریی زانیبوو رووبەڕبوونەوەی سەربازی لەنێوان وڵاتەكەی و ویلایەتە یەكگرتووەكان رووبدات بەهۆی ئەو تەنگژەی لەم ماوەیەی دواییدا لەنێوان هەردوو وڵاتدا دروستبوون.
زریف كەسە نزیكەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكای بە هەوڵدان بۆ نانەوەی ئاژاوە و پشێوی لەپێناو بەرپابوونی رووبەڕبوونەوەی سەربازی لەنێوان تاران و واشنتۆن، تۆمەتبار كردبوو.
لە زنجیرەیەك چاوپێكەوتندا كە زەریف لەگەڵ میدیا ئەمریكاییەكان ئەنجامیدا لە میانی سەردانەكەی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان، ڕایگەیاندبوو»تیمی (بی) كە هەندێك لە كەسێتییەكان لەخۆدەگرن لەنێوانیاندا جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، هەوڵ بۆ دروستكردنی تەنگژە و ئاڵۆزی دەدەن».
زەریف لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی كە لە 28ی نیسانی 2019 لەگەڵیدا سازكرا رایگەیاندبوو»پێمانوانییە سەرۆك ترەمپ خواستی لە رووبەڕوونەوەی (سەربازی) بێت، بەڵام دەزانیین كە كەسانێك هەن بەرەو ئەو ئاراستەیە پاڵی دەنێن».
بە گوتەی زریف»پێمانوانییە رووبەڕبوونەوەی سەربازی روودەدات، بڕوامان وایە ئەو كەسانە زیرەكییەكی وەهایان هەیە كە رێگە بە بەرپابوونی رووبەڕبوونەوەی سەربازی نەدەن».

رێگرتن لە فرۆشتنی نەوتی ئێرانی
لەم ماوەیەی دواییدا، واشنتۆن ماوەی بەدەركردنی هەندێك وڵاتی لە سزاكانی ئەمریكای سەر ئێران، هەڵوەشاندەوە كە رێگەیان پێدرابوو نەوتی ئێرانی بكڕن، و بڕیاریدا لەم مانگەوە ماوەكەیان بۆ درێژنەكاتەوە. لەنێوان ئەو وڵاتانەشدا هەندێكی تێدایە كە هاوپەیمانی نزیكی ویلایەتە یەكگرتووەكانن، و لەئێستادا رووبەڕووی سزا دەبنەوە گەر بەردەوامبن لەسەر كڕینی نەوتی ئێرانی.
لەئێستادا ئەمریكا بە تەواوەتی ڕێگەی لە هەناردەكردنی نەوتی ئێران دەگرێت و مۆڵەتدان بەو وڵاتانەی پێشتر رێگەی هاوردەكردنی نەوتی ئێرانیان پێدرابوو نوێ‌ ناكاتەوە، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەش دەڵێت، واشنتۆن وەڵامی هەر دەستدرێژییەك دەداتەوە كە لەلایەن قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، یان هەر میلیشیایەكی شیعەوە بكرێتەسەریان.
مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە دوای بڕیارەكەی ترەمپ بۆ نوێنەكردنەوەی لێبورن لە وڵاتان لە سزا سەپێنراوەكانی سەر ئێران، لە 22ی نیسانی 2019 ڕایگەیاندبوو”هەر جموجۆڵێك لەلایەن قاسم سلێمانی، یان میلیشیا شیعەكانەوە ئەنجام بدرێت، واشنتۆن وەڵام دەداتەوە”، ئاماژەی بە پاشەكشەكردنی زۆری تواناكی ئێرانیش كردبوو” بۆ نانەوەی پشێوی لە جیهاندا”.
بە گوتەی پۆمپیۆ”12 داواكاریمان بۆ ئێران داناوە، گەر پابەند نەبێت پێوەیان، بەردەوام دەبین لەسەر هەڵمەتەكەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانمان لە كەنداو، چونكە نەوت یەكەم سەرچاوەی داهاتی بیانییە بۆ ئێران”.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت”بەهۆی بڕیاری نوێنەكردنەوەی لێوردن لە ژمارەیەك وڵات سەبارەت بەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراون، لانی كەم وڵاتەكە لە 10 ملیار دۆلار بێ‌ بەش كرا، لەو ڕووەشەوە هاوپەیمانەكانمان هاندەدەین، پشت بە جێگرەوەی تر ببەستن بۆ نەوتی ئێرانی”.
لە هەمان كاتدا سەرچاوەیەك لە وەزارەتی نەوتی ئێران ڕایگەیاندبوو، تاران ئامادەیە بۆ هەر بڕیارێكی ئەمریكایی سەبارت بە كۆتایی هێنان بەو مۆڵەتەی بەخشیبووی بە كڕیارانی نەوتی ئێرانی، هەندێك لە میدیاكانی ئێرانیش ئاماژەیان بە دووبارەكردنەوەی هەڕەشەكانی سوپای پاسداران كردبوو بۆ داخستنی نۆكەندی ستراتیژی هورمز.
ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی، لە زاری سەرچاوەیەك لە وەزارەتی نەوتی وڵاتەكەوە بڵاویكردبۆوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان سەركەوتوو نابێت لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ئێران.
بەپێی بەیاننامەیەكی كۆشكی سپی كە لەلایەن (رۆیتەرز)ەوە بڵاوكررابۆوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، بڕیاریداوە مۆڵەتی ڕێگەدان بە هەندێك لە هاوردەكارانی نەوتی ئێرانی درێژنەكاتەوە.
لەلایەكی ترەوە، فەرماندەی دەریایی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو، نۆكەندی هورمز دادەخەن گەر ڕێگەی بەكارهێنانی لە تاران بگیرێت.
ئاژانسی دەنگوباسی (فارس) لە زاری جەنەراڵ عەلی ڕەزا تەنكسیرییەوە بڵاویكردبۆوە”بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، نۆكەندی هورمز ڕێڕوێكی دەریایی نێودەوڵەتییە، گەر ڕێگە نەدرێت بەكاریی بهێنین، ئەوان دایدەخەین”.
بە گوتەی تەنكسیری”لە حاڵەتی هەر هەڕەشەیەكدا، گومانی تێدا نییە پارێزگاریی لە سنوری دەریایی خۆمان دەكەین و بەرگری لێدەكەین”.
ئاژانسی (تەسنیم) لە زاری سەرچاوەكەیەوە بڵایكردبۆوە”گەر لێبوردنەكان بەردەوام بن یان ڕابگیرێن، هەناردەكردنەكانی ئێران لە هیچ بارێكدا ناگەنە سفر، تا ئەو كاتەی ئێران بۆخۆی بڕیار لەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوت دەدات، ئەمەش لەئێستادا لەئارادا نییە”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئێران بڕیارەكەی ئەمریكای بۆ كۆتاییھێنان بە بەخشینی وڵاتان لە سزاكان بەبێ بەھا وەسف كردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو» ئەو سزایانەی واشنتۆن بەسەر تارانیدا سەپاندوون، نایاسایین و وڵاتەكەیان ھیچ نرخێكیان بۆ دانانێت».
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بۆ نەھێشتنی كاریگەرییە نەرێنەییەكانی سزاكانی ئەمریكا، ھەوڵی دروستكردنی پەیوەندیی دەدەن لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆییەكانی ئێران و وڵاتانی ئەوروپایی و دراوسێ، ئەنجامی ھەموو پرس و ڕاوێژە ناوخۆیی و دەرەكییەكانیش بۆ بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانی ئێران بەرزدەكەنەوە، تا بە زووترین كات وەڵامێكی گونجاوی واشنتۆن بدەنەوە.
لە 2ی ئایاری 2019، حەوت وڵات كە لە هیندستان و توركیا و ژاپۆن و كۆریای باشوور و تایوان و ئیتاڵیا و یۆنان پێكدێن، دەبێت هاوردەكردن و كڕینی نەوتی ئێرانی ڕابگرن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەشتی کوردستانی نوێ بۆ وڵاتی چین و ماچین

دووەم گەشتم بۆ وڵاتی چین ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەی 12 ساڵە ...