سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » كابینه‌ی‌ نۆ و كابینه‌ی‌ نوێ

كابینه‌ی‌ نۆ و كابینه‌ی‌ نوێ

كابینه‌ی‌ نۆیه‌م، به‌ ڕیزبه‌ندی و دوایه‌كهاتن، یان ئه‌گه‌ر ته‌نها وه‌ك ژماره‌ وه‌ربگیرێت، به‌ڵێ ژماره‌یه‌كه‌ و دوای‌ هه‌شت كابینه‌ی ڕابردووی‌ حكومه‌ت ده‌بێت ئه‌م كابینه‌یه‌ی ئێستا كه‌ لایه‌نه‌كان له‌ هه‌وڵی پێكهێنانیدان؛ ناوبنرێت به‌ كابینه‌ی‌ نۆ. به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ : ئایا كابینه‌ی‌ نۆ، كابینه‌ی‌ نوێیشه‌ ؟!
له‌باره‌ی‌ ته‌عبیری «نوێ»وه‌، پێمانوایه‌ كه‌، هیچ شتێك نوێ نییه‌ ئه‌گه‌ر ته‌واوی‌ خەوشەکانی! ڕابردوو تێنه‌په‌ڕێنێت، ئیدی له‌ هه‌ر بوار و بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك به‌كاربهێنرێت.
ئه‌م كابینه‌ی نۆیه‌مه‌ كه‌ به‌بێ ئاگایی، زۆرجار گوێمان لێده‌بێت پێی ده‌گوترێت «كابینه‌ی‌ نوێی حكومه‌ت». ئه‌م گوزاره‌یه‌ ته‌نها تێگه‌شتنێكی ته‌قلیدییه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕۆیشت و تێپه‌ڕی‌ ده‌بێته‌ كۆن و ئه‌وه‌یشی دێت ده‌بێته‌ نوێ و تازه‌.
له‌م نوسینه‌دا ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بڵێین «كابینه‌ی‌ نوێ» چه‌مكێك نییه‌ په‌یوه‌ندی به‌زه‌مه‌ن و كاته‌وه‌ هه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ی‌ چه‌مكێكه‌ پڕه‌ له‌ ئاماژه‌ی نوێبوون و دیوێكی فیكری‌ و عه‌قڵانی‌ هه‌یه‌. هه‌موو كابینه‌كانی‌ پێشووی‌ حكومه‌ت زه‌مه‌نێكی جیاواز و ڕۆژگارێكی جیاوازیان به‌خۆیانه‌وه‌ بینی و تێپه‌ڕبوون، به‌ڵام عه‌قڵی سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ته‌واوی‌ كابینه‌كان به‌ یه‌ك عه‌قڵ و به‌ یه‌ك لۆژیكی حیزبیانه‌ی‌ سیاسیانه‌ به‌ڕێوه‌براون و له‌ ڕووی عه‌قڵی ئیداری‌ و به‌ڕێوه‌به‌رییه‌وه‌ هیچ یه‌كێك له‌م هه‌شت كابینه‌ی‌ ڕابردووه‌ له‌ یه‌كتر جیاواز نه‌بوون.
كابینه‌ی‌ نۆیش كه‌ به‌ خودی كاندیدی پێكهێنه‌ره‌كه‌یشییه‌وه‌ گۆڕاوه‌ و جیاوازه‌ له‌ كابینه‌كانی‌ پێشوو، هیچ گرنگ نییه‌ له‌ چی زه‌مه‌ن و سه‌رده‌مێكداین و له‌ چی كاتێكدا پێكده‌هێنرێت، ئه‌گه‌ر عه‌قڵی پێكهێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ر و وه‌زیره‌كانی‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ نوێ نه‌بێت و دیدی نوێیان نه‌بێت بۆ خزمه‌تكردنی‌ وڵات و هاوڵاتیان و كشتوكاڵ و بژێوی خه‌ڵك و دروستكردنی‌ ژیانێكی نوێی شایسته‌ بۆ هاوڵاتیان و پێشخستنی ته‌واوی‌ كایه‌ جیاوازه‌كان.
كابینه‌ی‌ نوێ !، كابینه‌یه‌كی نوێ نییه‌ ئه‌گه‌ر دانه‌بڕێت له‌ ئه‌و عه‌قڵه‌ سیاسییه‌ حیزبییه‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌شت كابینه‌ی‌ پێشوودا بینیومان و ئیداره‌ی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌یان دا و هه‌ندێكجار تۆڵه‌ و سزای‌ ناوچه‌یه‌كی تێدابووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ناوچه‌یه‌كیتردا. ئه‌م كابینه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هزر و بیری له‌سه‌ر ته‌واوی‌ ناوچه‌كانی‌ كوردستان وه‌كو یه‌ك نه‌بێت و ته‌كانێكی گه‌وره‌ به‌ ژیانی هاوڵاتیان نه‌دات و هیوایه‌كی گه‌وره‌ بۆ نائومێدی میلله‌ت نه‌هێنێته‌وه‌ و له‌م حاڵه‌ته‌ ده‌روونییه‌ نه‌خوازراوه‌ ڕزگاریان نه‌كات، ئه‌وا «كابینه‌ی‌ نوێ» هه‌مان وشه‌ سواوه‌ دووباره‌ ته‌قلیدییه‌كه‌یه‌ كه‌ له‌دوای‌ كابینه‌ی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ چووه‌ته‌سه‌ر زمان و پێی ڕاهاتووین.
به‌كوردی و به‌ كورتی، هیچ شتێكی ئه‌م كابینه‌ نوێ نیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هه‌موو پێوه‌رێك له‌ هه‌شت كابینه‌ی‌ ڕابردوو جودا نه‌بێت و فۆرمێكی نوێی حكومه‌تداری‌ و ئیداره‌دانی‌ پێنه‌بێت و نه‌بێته‌ باوكێكی دڵسۆز بۆ میلله‌ته‌كه‌ی‌ خۆی‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پرسی نەتەوەیی

لە عێراقی شیعە و سوننە دا (عێراق بەبێ کورد) ناکۆکی ...