سەرەکی » مانشێت » له‌ بیره‌وه‌رییه‌ به‌ ئازاره‌كه‌ی كوێستانی و هاوڕێكانیدا

له‌ بیره‌وه‌رییه‌ به‌ ئازاره‌كه‌ی كوێستانی و هاوڕێكانیدا

ئاوات كۆكه‌یی*

له‌بیره‌وه‌ریی كوێستانیدا، دڵه‌كان هه‌ر ژان ده‌كه‌ن و چاوه‌كانیش له‌ رشتنی فرمێسك ناكه‌ون، كوێستانی كۆتره‌سپییه‌ جوانه‌مه‌رگه‌كه‌ی ئاشتییه‌، بڕۆن چاو له‌ مێژوو بكه‌ن، بڕۆن بۆنی لووله‌ی تفه‌نگه‌كه‌ی كوێستانی بكه‌ن، بزانن بۆنی بارووتی برا كوژیی لێدێت؟ بێگومان نه‌خێر.
ئه‌و كوێستانییه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ پاڵه‌وانی داستانه‌كان بوو، دوژمنی پڕ چه‌ك و زه‌به‌لاحی وه‌ك له‌شكری به‌عسی ده‌به‌زاند، ئه‌وا له‌و رۆژه‌ی كه‌ به‌ناهه‌ق شه‌هید كرا، ئه‌گه‌ر په‌رۆشی ئاشتی و ئاستی به‌رزی لێپرسراوێتی و خۆ به‌خاوه‌نزانینی ئه‌م نیشتمانه‌ نه‌بوایه‌، ئه‌وا هێنده‌ ئاسان نه‌ ده‌چووه‌ بن لوله‌ی تفه‌نگی ناو ئه‌و ده‌ستانه‌ی كه‌ هه‌رگیر فیشه‌كێكیان به‌ دوژمنه‌وه‌ نه‌ناوه‌.
ئه‌م بیره‌وه‌رییه‌ زۆر به‌ ئازاره‌، ئازاری له‌ ده‌ستدانی كوێستانیی ئاشتیخواز و هاوڕێكانی، به‌داخه‌وه‌.

شه‌هید حه‌سه‌ن كوێستانی
شه‌هیدی سه‌ركرده‌ حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا ناسراو به‌ حه‌سه‌ن كوێستانی، له‌دایكبووی ساڵی 1950ی شارۆچكه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی پارێزگای هه‌ولێر، تا قۆناغی ئاماده‌یی خوێندووه‌.
ساڵی 1972دا په‌یوه‌ندییكردووه‌ به‌ ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌، ساڵی 1977 دوای هێرشی به‌عس بۆ ڕێكخستنه‌كان له‌ هه‌ولێر و په‌رته‌وازه‌بوونی ئه‌ندامان، كۆمیته‌ی راپه‌ڕین دامه‌زراو لێپرسراوه‌تییه‌كه‌ی به‌ شه‌هید كوێستانی سپێردرا، ئه‌م كۆمیته‌یه‌ گڕو تینێكی زۆری به‌ڕێكخستنه‌كان به‌خشی و له‌ره‌واندزو چۆمانیش چالاكیی رێكخراوه‌یی نواند.
كوێستانیی سه‌ركرده‌ ساڵی 1979 په‌یوه‌ندیی به‌هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردو بووه‌ لێپرسراوی كۆمیته‌ی ئازادی، ساڵی پاشتر بووه‌ رابه‌ری سیاسیی هه‌رێمی 7ی باڵه‌ك، ساڵی 1981 كرایه‌ فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی 12ی سۆران ودواتریش بووه‌ یه‌كه‌م فه‌مانده‌ی تیپی 12ی سۆران، ساڵی 1983 بووه‌ لێپرسراوی عه‌سكه‌ریی مه‌ڵبه‌ندی 3.
ساڵی 1984 له‌كۆنفره‌نسی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان به‌ئه‌ندامی یه‌ده‌گی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردراو دوای كۆنفره‌نسه‌كه‌ كرایه‌ ئه‌ندامی ده‌زگای رێكخستنی كۆمه‌ڵه‌. ساڵی 1985 بووه‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران و دواتریش لێپرسراوه‌تیی مه‌ڵبه‌ندی 3ی پێ سپێردرا.
له‌مانگی ئابی 1988دا بۆ ماوه‌ی 40 رۆژ رابه‌رایه‌تیی مه‌فره‌زه‌ پارتیزانه‌كانی كرد له‌ ناوچه‌ سوتماك كراوه‌كان. مانگی تشرینی یه‌كه‌م كرایه‌وه‌ به‌لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی 3.
له‌مانگی ئه‌یلولی 1990 بووه‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تیی ی.ن.ك، له‌ راپه‌ڕینی ساڵی 1991دا رۆڵێكی به‌رچاوی له‌ڕزگاركردنی شه‌قڵاوه‌و پیرمام و ئۆردوگاكانی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێرو شاری هه‌ولێردا گێڕا، له‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشه‌كانی سوپای عیراق دوای راپه‌ڕین، رۆڵێكی دیاری نواند، به‌تایبه‌تی له‌هه‌ردوو شه‌ڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی نیسانی ساڵی 1991ی كۆڕێ.
ساڵی‌ 1992 به‌ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌ڵبژێردراو هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ بووه‌ لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ 4ی‌ بادینان، هه‌ر له‌وێ گۆڤاری ( سه‌رهلدان)ی ده‌ركرد) كه‌ یه‌كێ‌ له‌چاكترین گۆڤاره‌ رۆشنبیرییه‌كانی‌ ده‌ڤه‌ری‌ بادینان بوو.
رۆژی 17/5/ 1994 له‌ بۆسه‌یه‌كدا خۆی و شه‌ش پێشمه‌رگه‌ به‌ناوی یوسف برایم گه‌ڵاڵی و خدر ره‌سوڵ مینه‌ و محه‌مه‌د عه‌لی مسته‌فا و خدر حه‌مه‌د ئه‌مین خدر و مینه‌ ئه‌حمه‌د ئیسماعیل و مه‌حمود ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا، شه‌هیدكران.

شه‌هید یوسف گه‌ڵاڵه‌یی
شه‌هید یوسف ئیبراهیم گه‌ڵاڵه‌یی، ساڵی‌1957 له‌شارۆچكه‌ی‌ گه‌ڵاڵه‌ له‌دایكبووه‌، ساڵی‌ 1977 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌وه‌و رۆژی 22/7/1979 بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌رێمی‌ 7، له‌به‌هاری‌ هه‌مان ساڵ‌ له‌نه‌به‌ردییه‌كه‌ی‌ مامه‌ رووته‌ به‌سه‌ختی‌ بریندار بووه‌، ساڵی‌ 1981 بووه‌به‌ لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ تایبه‌تی‌ شه‌هید كوێستانی‌ له‌تیپی‌ 12ی سۆران، ساڵی‌ 1985 بۆته‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت له‌باره‌گای‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ سێ‌ لای‌ شه‌هید كوێستانی‌.
له‌وماوه‌یه‌دا به‌شداری‌ ده‌یان چالاكی‌‌و داستانی‌ گه‌وره‌ی‌ كردووه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ (مامه‌ رووت، گه‌ڵاڵه‌، كاروخ، قه‌ندیل، دۆڵی‌ ئاكۆیان، خۆشناوه‌تی‌، بێتواته‌، سه‌ركردایه‌تی‌، ده‌شتی‌ هه‌ریر ..هتد)‌و سێ‌ جاریش بریندار كراوه‌.
له‌ڕاپه‌ڕینی‌ 1991دا تا ڕزگاركردنی‌ كه‌ركوك له‌ته‌ك شه‌هید كوێستانی‌ بووه‌، هه‌مانساڵ بووه‌ به‌فه‌رمانده‌ی‌ به‌تالیۆنی‌ 46ی‌ گه‌ڵاڵه‌، دواتر بۆته‌ یاریده‌ده‌ری‌ فه‌رمانده‌ی فه‌وج له‌ لیوای‌ 33.
له‌گه‌ڵ كوێستانیی ئامۆزای شه‌هید كرا.

شه‌هید سه‌ید خدر
شه‌هید خدر ره‌سوڵ مینه‌ ناسراو به‌سه‌ید خدر، ساڵی‌ 1965 له‌گوندی‌ (زینو)ی‌ قه‌زای‌ چۆمان له‌دایكبووه‌و ساڵی‌ 1979 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانی‌ كوردستانه‌وه‌، ساڵی‌ 1987 بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ له‌تیپی‌ 19ی كۆڕه‌ك، به‌شداری‌ ده‌یان نه‌به‌رد‌و شه‌ڕی‌ كردووه‌‌و ڕۆڵی‌ كاریگه‌ری‌ تێدا بینیوه‌ و به‌شداری‌ له‌ڕاپه‌ڕیندا كردووه‌ تاڕزگاركردنی‌ كه‌ركوك.
له‌شكستی راپه‌ڕین و هێرشی‌ سوپای به‌عسدا، رۆڵی‌ دیاری‌ هه‌بوو له‌به‌ر په‌رچدانه‌وه‌یاندا، به‌تایبه‌تی‌ له‌شه‌ڕی‌ گه‌وره‌ی‌ كۆڕێ‌ كه‌زۆر ئازایانه‌ هه‌ڵی‌ كوتاوه‌ته‌ سه‌ر ده‌بابه‌كانی‌ داگیركه‌ر.
شه‌هید، كادرێكی‌ ژیرو هۆشیارو لێهاتوو بوو، ئه‌كته‌رێكی‌ به‌توانای‌ بواری‌ شانۆش بوو.
دوای‌ دامه‌زراندنی‌ داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بووه‌ته‌ مفه‌وه‌زی‌ ئاسایشی‌ چۆمان.
له‌گه‌ڵ كوێستانی شه‌هید كرا.

شه‌هید محه‌مه‌د
شه‌هید محه‌مه‌د عه‌لی‌ مسته‌فا، ساڵی‌ 1972 له‌گوندی‌ (ده‌ربه‌ندی‌ رایات)ی‌ قه‌زای‌ چۆمان له‌دایكبووه‌ و ساڵی‌ 1988 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ ی‌.ن.ك و ئازایانه‌ كاره‌كانی‌ رێكخستنی‌ ئه‌نجام داوه‌.
له‌ڕاپه‌ڕینی‌ 1991 رۆڵی باڵای‌ له‌شانه‌ چه‌كداره‌كان‌و راماڵینی‌ داموده‌زگای‌ به‌عسییاندا بینی، دوای‌ دامه‌زراندنی‌ هێزه‌كان بووه‌ به‌فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت له‌تیپی‌ 25ی‌ زینه‌تیری‌ سه‌ر به‌به‌تالیۆنی‌ 48ی‌ هه‌ڵگورد.
له‌گه‌ڵ كوێستانی شه‌هید كرا.

شه‌هید خدر
شه‌هید خدر حه‌مه‌د ئه‌مین خدر، ساڵی‌ 1968 له‌گوندی‌ (ده‌ربه‌ندی‌ رایات)ی قه‌زای‌ چۆمان له‌دایكبووه‌و ساڵی‌ 1986 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ ی‌.ن.ك، ساڵی1991 بۆته‌ پێشمه‌رگه‌و له‌ڕاپه‌ڕیندا رۆڵی كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌و تاڕزگاركردنی‌ كه‌ركوك به‌شداربووه‌.
دواتر بۆته‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت له‌ به‌تالیۆنی‌ 28ی‌ شیوه‌زوور.
له‌گه‌ڵ كوێستانی شه‌هید كرا.

شه‌هید مینه‌
شه‌هید مینه‌ ئه‌حمه‌د ئیسماعیل، ساڵی‌ 1973 له‌گوندی (سوره‌بان)ی‌ شارۆچكه‌ی‌ قه‌سرێ‌ له‌دایكبووه‌، ساڵی‌ 1987 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ ی‌.ن.ك، له‌راپه‌ڕینیی 1991 رۆڵی‌ كاریگه‌ری‌ نواندووه‌و له‌پاككردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كانی‌: شه‌قڵاوه‌ هه‌ولێر، كه‌ركوك. دواتر له‌سه‌رداوای خۆی گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆلای شه‌هید كوێستانی و له‌وێ ئه‌ركه‌كانی پێشمه‌رگایه‌تی به‌جێهێناوه‌، شه‌هید مینه‌ ڕه‌وشتبه‌رزو جێگه‌ی‌ رێز‌و خۆشه‌ویستی‌ هاوڕێیانی‌ بووه‌.
له‌گه‌ڵ كوێستانی شه‌هید كرا.

شه‌هید خوله‌
شه‌هید مه‌حمود ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا ناسراو به‌خوله‌، ساڵی‌ 1967 له‌ شارۆچكه‌ی گه‌ڵاڵه‌ له‌دایكبووه‌، له‌ته‌مه‌نی‌ شه‌ش ساڵییه‌وه‌ خراوه‌ته‌ به‌ر خوێندن ‌و ساڵی‌ 1982 بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ لای‌ شه‌هید حه‌سه‌ن كوێستانی‌ برای‌، به‌شداری‌ ده‌یان چالاكی‌‌و نه‌به‌ردی‌ كردووه‌، ساڵی‌ 1983 كه‌(حاجی‌) براشی‌ شه‌هید بوو، ئه‌و به‌گوڕترو به‌جۆشتر كه‌وته‌ خۆ‌و له‌پاڵ‌ كاری‌ پێشمه‌رگانه‌، سه‌ركه‌وتووانه‌ كاری‌ رێكخراوه‌یی‌ ئه‌نجامده‌داهه‌میشه‌ ده‌سته‌ی هێرشبووه‌و ئازابووه‌ له‌شه‌ڕه‌كاندا.
له‌راپه‌ڕین له‌ته‌ك شه‌هید كوێستانی‌ به‌شداری‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌، له‌رزگاركردنی شه‌قڵاوه‌ تاڕزگاركردنی‌ كه‌ركوك.
دوای‌ راپه‌ڕین چه‌ندین كاری‌ رێكخراوه‌یی‌‌و پیشه‌یی‌‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ پێسپێردراوه‌، له‌گه‌ڵ‌ دامه‌زراندنی‌ سوپای‌ یه‌كگرتووی‌ كوردستان بۆته‌ ئه‌فسه‌ر هه‌واڵگری‌ لیوای‌ 33.
له‌گه‌ڵ كوێستانیی برای شه‌هید كرا.

*سود له‌ ئه‌رشیفی كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لە ساڵیادی كۆچی دوایی سەركردە عادل مراد-دا

قادر عەزیز لە (18)ی ئەم مانگەدا ساڵێك بەسەر كۆچی دوایی ...