سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » كه‌ركوك له‌به‌رده‌م په‌لامارێكی‌ ترداپەڕە 2

راستییەکەی

كه‌ركوك له‌به‌رده‌م په‌لامارێكی‌ تردا

كه‌ركوك ئه‌و شاره‌ی‌ له‌گه‌ڵ دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق، ئینگلیز وه‌ك سه‌ر‌چاوه‌ی‌ دابینكردنی‌ وزه‌ و داهاتی‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ خستییه‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ تازه‌یه‌وه‌.نه‌ته‌وه‌ په‌رسته‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ش هه‌ر زوو دركیان به‌ گرنگی‌ سه‌رزه‌وی‌ و ژێرزه‌وی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك كرد، بۆیه‌ به‌رده‌وام عه‌ره‌بی‌ كۆچه‌ریان هێنا و تێیدا نیشته‌جێیان كرد. دوای‌ كوده‌تای‌ 14ی‌ ته‌مموزی‌ 1958 و دامه‌زراندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كۆماری‌، شاڵاوی‌ ته‌عریب زیاتر بوو، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ده‌ركردن و راگواستنی‌ كورد له‌ خوارووی‌ كه‌ركوك ده‌ستی‌ پێكرد. دوای‌ رووخانی‌ رژێمی‌ به‌عس له‌ ساڵی‌ 2003 دا، ئه‌م ناوچانه‌ زیاتر كورد تێیاندا باڵاده‌ست بۆوه‌، له‌ رووی‌ چاره‌سه‌ریشه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق مادده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستووری‌ كرده‌ چوارچێوه‌ی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ یاسایی‌ ئه‌م بابه‌ته‌، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م مادده‌یه‌ به‌ خاوخلیسكی‌ ده‌ڕۆیشت. دوای‌ هاتنی‌ تیرۆریستانی‌ داعش بۆ به‌شی‌ زۆری‌ خاكی‌ سوننه‌نشینی‌ عیراق، كورد له‌ رووی‌ سه‌ربازییەوە باشتر خۆی‌ له‌م ناوچانه‌ قایم كرد، ئه‌وه‌ی‌ وایكرد كورد هه‌نگاوی‌ باش نه‌نێت: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كورد چونكه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر بوو له‌ ناوچه‌كانی‌ خۆیان دابڕابوون، ئیتر به‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆر كه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ گوند و كێڵگه‌كانی‌ خۆیان. دووه‌میان له‌ رووی‌ قانوونییه‌وه‌ كاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ زه‌وی‌ و زاره‌كان ئه‌نجام نه‌درا، به‌ڵام ئه‌مانه‌ زیاتر شتی‌ لاوه‌كی‌ بوون. ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م ره‌وشه‌ خراپه‌ی‌ هێنایه‌ كایه‌وه‌، بەشێکی بەهۆی ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ 25/9/2017 بوو. ئه‌م ریفراندۆمه‌ دوور له‌ بنه‌مای‌ ده‌ستووری‌ و قانوونی‌ نێوده‌وڵه‌تی پتەو‌ ئه‌نجامدرا، بۆ هەندێک خۆنمایشكردنێکی‌ حزبی‌ و كه‌سی‌ بوو له‌به‌رده‌م رای‌ گشتیدا، دواتر ئەوانە زۆر به‌ ئاسانی‌ بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عیراقی‌ رێكه‌وتنه‌وه‌ و كه‌وتنه‌ پڕوپاگه‌نده‌ی‌ بێبنه‌ما.
ئەمەش له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌م جوڵه‌ كرچ و كاڵانه‌ی‌ هەندێک لە سه‌ركردەکان به‌ ناوی‌ ریفراندۆمەوە، له‌ پشته‌وه‌ پیلانێكی‌ تر هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو حكومه‌تی‌ عیراقی‌ ناوچه‌ی‌ حه‌ویجه‌ و ده‌وروبه‌ری‌ كه‌ له‌ ده‌ستی‌ تیرۆریستانی‌ داعش دابوو، هێشته‌وه‌ تاكو داعش له‌ ته‌واوی‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ نه‌ینه‌وا و رومادی‌ له‌ ناوبردران ئه‌وجا سوپای‌ عیراق هاته‌ سه‌ر ناوچه‌ی‌ حه‌ویجه‌.له‌ به‌رامبه‌ردا تیرۆریستانی‌ داعش زۆر به‌ ئاسانی‌ ناوچه‌كه‌یان چۆڵ كرد و زۆرینه‌ی‌ چه‌كداره‌كانی‌ داعش به‌ ئاسانی‌ خۆیان گۆڕی‌ و بوونه‌وه‌ چه‌كداری‌ عیراقی‌. ئه‌مه‌ش پێده‌چێ‌ پیلانێكی‌ هه‌رێمایه‌تی‌ بووبێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ ته‌عریب له‌ كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری‌ نه‌شكێ‌ و لاواز نه‌بێت تاكو په‌لاماری‌ كورد بدات.
ئێستا كورد ده‌بێ‌ له‌سه‌ر سێ‌ ئاست جوڵه‌ بكات. خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ سووربێ‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌. دووه‌م، نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا له‌ ئاستی‌ قانونی‌ و ده‌ستووری‌ كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ر بكه‌ن. سێیه‌م، كورد ده‌بێ‌ فشاری‌ هێزیش له‌ هه‌ندێ‌ شوێن بكات بۆ ترساندنی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێ‌ ته‌عریب دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌.

print

 157 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*