سەرەکی » مانشێت » (گرتنی تابیعە و رۆنیۆ و تەورداسە كارەباییەكە لە تەق تەق)

(گرتنی تابیعە و رۆنیۆ و تەورداسە كارەباییەكە لە تەق تەق)

رەهبەر سەید برایم

پاش سەركەوتنی گەلانی ئێران ساڵی 1979و بەرپابوونی شەڕی عیراق‌و ئێران لەساڵی (1980)وە دەرگای هیواو رووناكی چاپ كرایەوە. (ی.ن.ك) بەرنامەی نوێی داڕشت‌و بڕیاری دەركرد بۆ رێكخستن‌و هێزەكان چی لەتوانادایە دەستبەسەر دەزگای چاپەمەنی بندەستی رژێمی بەعسدا بگرن… ئەودەم مامۆستا نازم لێپرسراوی لقی (ی.ن.ك)ی هەولێر بوو، بارەگای لە(وەرتێ) بوو، ئەو بڕیارەی بە نووسراو پێڕاگەیاندین، (ئەودەم لێپرسراوی ناوچەی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان بووم واتە ناوچەی شۆڕشگێڕان بووین، كە كۆیە‌و قەڵاسێوكەو شوان‌و شێخ بزێنی دەگرتەوە) نەكەوتبوومە ناو پلەوپایەی عەسكەرییەوە، بەڵام بەشداریی چالاكیی پێشمەرگانەمان دەكرد. زانیاریمان هەبوو كە وا لەبینای ئامادەیی كشتوكاڵی تەق تەق، تابیعەو رۆنیۆی لێیە، نەخشەمان بۆ داناو بڕیارماندا دەستی بەسەردابگرین، پەیوەندیمان بەڕێكخستنەكانی خۆمان كرد، لەدەشتی كۆیە بووین، لەهاوینی ساڵی 1982 حەوت پێشمەرگە بووین، كە بە مەسافەو ئەسپایی لەدەم زێ، خۆمان گەیاندە ناو شارۆچكەی تەق تەق، بەچاوساغیی (كامل عەزیز سلێمان) ناوی نهێنی (شوانە تەق تەقی)بوو، سەر بەڕێكخستنەكەمان بوو، پێشمانكەوت، بەكۆڵانە تەسك‌و ناڕێكەكان دەگەڕاین لە بینای ئامادەیی كشتوكاڵ، پیاوخراپ‌و خائین؛ هەستیان بە ئێمە كرد (یاتاخی خەویان لەسەربانەوە هەڵدەدا حەوشەی ماڵەكەیان‌و خۆیان مات دەكرد)، بەڵام ئێمە بەگژداچوونی ئەوانمان مەبەست نەبوو، پلانی خۆمان هەبوو، بێ تەقە گەیشتینەناو حەوشەی بیناكە، بەڵام حەرەس دەرگای نەكردەوەو رۆی، كە (فایەق كاكەڕەش سەعدون) بوو، ناچار دەرگامان شكاند، بە هۆدەكان دەگەڕاین لە رۆنیۆ، چ كامێكمان رۆنیۆمان نەدیبوو، نەماندەزانی چۆن‌و كامەیە؟! دوایی دەزگایەكی ئاسن بەدەسك‌و رۆڵچەورو مەرەكەباوی لەناو پەڕەكاغەزان بەرچاومان كەوت، زانیمان رۆنیۆیە!…(هەنگمان لە دارا دۆزییەوە) (رۆنیۆكەو تابیعەو مەكینەیەكی داربڕینەوە بەبەنزین (مشار)ەكەو ئەمپری فایەرو هەندێ‌ دەمامكی دەرمان رشاندنمان هێنا، لەگەڵ قەڵەمپاندانی بەڕێوەبەر، كە بەڕێوبەرەكە (ئەمیر عەبدولستار جغارەفرۆش)بوو، رۆنیۆكە قورس بوو، چوار پێشمەرگە هەڵیگرت‌و تابیعەكە بۆ هەڵگرتن بەر من كەوت، لەگەڕانەوەمان. لەدەرچوون بووین لەبن گردی (حێمر) شەهید (سەعدی گەرمكی) شارەزابوو، وتی: وریابن دەنگەدەنگ مەكەن لە بن رەبیەین‌و نزیكین، منیش سەرم هەڵبڕی، لە دەستم خواربۆوە، خولخولەی تابیعەكە خشەی لێوەهات، رەبیەكە هەستی بە ئێمە كردو تەقەیەكی هەوایی كرد، گوایە هۆشیارەو ئاگادارن، ئیتر بە ئەسپایی‌و بێ چرپە بە سەلامەتی‌و سەركەوتوویی بەرەو (چەمی كوێخا رەشید) نزیك گوندی (چۆم هەیدەر) لەوێوە بۆ شوێنێكی ئەمین لەگوندی (كێلە زیندان) پشووماندا، میوانی حەسەن ئاغای كێلە زیندان بووین، زۆر دۆستمان بوو، یەك بەڕەی هەبوو لە تەك خۆی رایدەخست، دەیوت: بەس جەنابت‌و مودیر ناحیە لەسەر ئەو بەڕەیە دانیشتوون، بەڕەكەی پێ پڕبایەخ بوو، ئەو بەڕەی پێتەختی جەم بوو، ئاغا‌و خانەدان‌و نانبدە بوو! ..بێ زیان‌و سەركەوتووانە دەستكەوتەكانمان هێناو كارەكانمان ئەنجامدا، بێ تەقەو خوێنڕشتن‌و كوشتن، چالاكییەكی زۆر سەركەوتووبوو، پاش ماوەیەك (مام جەلال) نامەیەكی تایبەتی بۆ ناردم‌و لێی نووسیبوو (پیرۆزبایی‌و دەست خۆشانەتان لێ دەكەم، سەلماندتانەوە چەك‌و قەڵەم پێكەوە گرێدراون هەر وەك خەباتی شارو شاخ پێكەوە تەواوكەری یەكن، كادری سیاسی‌و عەسكەری لەیەك سەنگەرن! لە دواییدا نووسیبووی (دەستكەوتەكان بنێرن بۆ سەركردایەتی، تابیعەو رۆنیۆكە دەدەین بەدەزگای راگەیاندن «تەورداسە كارەباییەكە» خەتی لە بن دابوو، مەبەستی مەكینە داربڕە بەبەنزینەكە بوو واتە مشارە بەبەنزینەكە، بۆ مامی خۆت بێ، با سەرمای نەبێ، چونكە خڕی نێوزەنگ زۆر ساردەو سەختە بەزستان) (ئەوسا مشارە بەبەنزینەكە كەم‌و دەگمەن بوو)، هەر نەمان دیبوو، كرێكارێكی دارستان شارەزای بوو، كە سەربازی راكردووبوو لەگوندی (داوداوا)ی دەشتی كۆیە، بۆی باسكردین، كاری پێكردبوو، دەستكەوتەكان بە بار و وڵاخ بە چوار رۆژ گەیەنرانە سەركردایەتی، ئەودەم بنكەو بارەگای مام جەلال ‌و سەركردایەتیی (ی.ن.ك) لە (خڕی نێوزەنگ‌و زەڵێ‌و توژەڵە)بوو، پشت شاخی مامەندە لەسەر سنووری عیراق‌و ئێران، بەهەق شوێنێكی ساردو كوێستانی بوو، شوێنی رەنووی بەفرو چۆڵ و بێ ئاوەدانی بوو، تەنانەت دەگوترا (خڕی نێوزەنگ) شوێنی بنیادەم نییە، جێگای دەعبا‌و ورچ‌و لەو بابەتانەیە، پڕ دارو دەوەن‌و كانی‌و ئاوەزێ‌ بوو، زستانی سەخت بوو! دارو درەختی دەوروبەری خڕی نێوزەنگ-یان بەو مشارە بەبەنزینە قوت كردبوو، بەهەق رزگاریان بوو لەتەورداس، ئەوەی خۆش بوو لەناو خۆمان، پێمان سەیربوو مام جەلال دەیوت: (تەورداسە كارەباییەكە) ئامێری ئەمپری فایەرەكە رەوانەی بالیسان كرا، ئاهەنگی پێ گێڕدرا (لالۆڕەنجدەر) بەكاریهێنا! كەرتی رێكخستنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان لەكۆیە (شۆڕش حاجی) وان بوون زۆر نیگەرانبوون لەو چالاكییە، چونكە ئەوانیش بەنیازبوون ئەو چالاكییە بكەن، زانیبوویان‌و زانیارییان هەبوو تابیعەو رۆنیۆی لێیە (تەق تەق) دەنگدانەوەیەكی گرنگی هەبوو كادیری سیاسی ئەو چالاكییە سەركەوتووە بكات! جا پێیان نەكرا، یان پێڕانەگەیشتن! لامان روون نەبوو، بەس پێیان ناخۆشبوو، ئەو چالاكییە لە خۆشیی مام جەلال، بەتەورداسە كارەباییەكە بەناوبانگ بوو لەناوچەكەدا.

ئەو پێشمەرگانەی بەشدارییانكرد، یادیان بەخێرو شەهیدەكان نەمر بن:

-شەهید سەعدی گەرمكی: لە 15/4/1983 لەشەڕی ناوخۆدا لەگەڵ كاك شەماڵ و كاك سەربازو كامەران، شەهیدكران لەباداوان.
-شەهید ئەنوەری سوارە: لەشەڕێكی قارەمانانە بەبۆنەی یادی بۆردومانی قەڵادزە ئەنجامماندا لە 24/4/1985 لەچنارۆك گیرا، لەفیرقەی (4)ی چوارقوڕنە شەهیدكرا!
-شەهید مەلا هیوا ساتوو قەڵایی: (زێدان ئەبوبەكر سەعید) لە 28/1/1988 شەهیدكرا.
-سەردار فائق ئاغای حەوێزی لە 3/11/2009 كۆچی دوایی كرد لە سوید.
-فارس بەكر هاوار لە 13/5/2019 گیانیلەدەستدا!
-پشتیوان هەمزە رەسوڵ: لەتێكچڕژانێكدا لەڕووداوێكی گفتوگۆی ساڵی 1984 لەسلێمانی تەقەیان لێكردین، پێكەوە برینداربووین، ئەو لەسوید گیرسایەوە.
-رەهبەر سەید برایم (لێپرسراوی ناوچەی كۆیە) لە ساڵانی (1981-1983)

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رۆژنامەكانی ئیسرائیل باس لە بۆردومانكردنی عیراق دەكەن

ڕۆژنامەی (هائارتس)ی ئیسرائیلی، كۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی ئیسرائیل و نوێنەرانی عیراق ...